سه‌باره‌ت به‌دۆخی شه‌نگال سه‌رۆكی په‌رله‌مان ئاماده‌كاری ده‌كات بۆ كۆبونه‌وه‌ی نائاسایی په‌رله‌مانی كوردستان

  • سێ شەممە, 05 ئاب 2014

پێشنیوه‌رۆی ئه‌مرۆ 4/8/2014  د. یوسف محمد سادق  سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان  كۆبونه‌وه‌یه‌كی به‌په‌له‌ی له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی هه‌ندێك له‌ فراكسیۆنه‌كان و لیژنه‌ی پێشمه‌رگه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌نجامدا بۆ تاوتوێكردنی دۆخی شه‌نگال و زوممار و ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری، له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا سه‌رۆكی په‌رله‌مان لیژنه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی راسپارد تا له‌ نزیكترین كاتدا به‌دواداچون و لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ پێداویستی ئاواره‌كانی  كوردانی ئێزیدی بكه‌ن ، هه‌روه‌ها له‌ پێداویستی و كه‌موكوڕیه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌ش بكۆڵنه‌وه‌. هه‌ر له‌كۆبونه‌وه‌كه‌دا سه‌رۆكی په‌رله‌مان ئه‌وه‌ی ئاشكرا كرد كه‌ له‌نزیكترین ده‌رفه‌تدا بۆ تاوتوێكردنی ئه‌م بارودۆخه‌ تازه‌یه‌ی له‌ناوچه‌كانی شه‌نگال و زومارو ده‌روبه‌ری هاتۆته‌ پیش،  كۆبونه‌وه‌ی نائاسایی په‌رله‌مان سازبدرێت و په‌رله‌مان پشوی خۆی ده‌شكێنێت له‌ پێناو باسكردنی ئه‌م رووداوانه‌ .

    سه‌باره‌ت به‌هه‌مان  بابه‌ت هه‌ر ئه‌مڕۆ به‌ڕێز سه‌رۆكی په‌رله‌مان له‌ دوو په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی جیادا په‌یوه‌ندی كرد به‌ به‌ڕێزان  د.فواد مه‌عسوم سه‌رۆك كۆماری عێراق و  د.سه‌لیم جبوری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوینه‌رانی عێراق، له‌ هه‌ردوو په‌یوه‌ندیه‌كه‌دا  سه‌رۆكی په‌رله‌مان داوای له‌ سه‌رۆك كۆمار و سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق كرد به‌ زوترین كات به‌ به‌رپرسیاریه‌تی خۆیان هه‌ڵبستن و هاوكاری مرۆیی بگه‌یه‌ننه‌ ئاواره‌كانی ده‌ڤه‌ری شه‌نگال ، ئه‌وانیش به‌ڵێنی هاوكاریان دا و باسی ئه‌و هه‌وڵانه‌شیان كرد كه‌ تاكو ئێستا بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ داویانه‌.

 

 

 

 

Read کد خبر: 687

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی