بەڕێز فەلاح مستەفا بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوە پێشوازى کرد لە بەڕێز برونۆ ساکۆمانى باڵیۆزى کەنەدا کرد بە یاوەرى بەڕێز مایکڵ کەلان بەڕێوەبەرى گشتى بۆ کاروبارى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست لە وەزارەتى پەرەپێدانى نێودەوڵەتى و شاندێکى باڵیۆزخانە.لە دیدارەکەدا کە بەڕێز کاروان جەمال جێگرى بەرپرسى فەرمانگەى پەیوەندیەکانى دەرەوە ئامادەبوون.
بەڕێز برونۆ ساکۆمانى رایگەیاند حکومەتى کەندا سوپاسى حکومەتى هەرێمى کوردستان دەکات بۆ شەڕ لە دژى تیرۆر و دەست خۆشى لە پێشمەرگە دەکات و پێشوزاى کردن لەو ژمارە زۆرەى ئاوارەکان و دەست خۆشیتان لێ دەکەین پشتگیرى تەواوتان دەکەین. هاوکات گووتى مەبەستى سەردانەکەمان بۆ ئەوەیە تا لە نزیکەوە گوێ بیستى حکومەتى هەرێم بین سەبارەت بە پێداویستیە هەنوویەکان لە رووى هاوکارى مرۆیى و سەربازى بۆ هەرێمى کوردستان. هەروەها هەڵسەنگاندنى باروودۆخە بۆ ئەوەى بزانین چۆن کەنەدا دەتوانێت بە زووترین کات هاوکارییەکانى بگەینێتە هەرێمى کوردستان.
هەروەها بەڕێز برونۆ رایگەیاند کە کەنەدا پشتگیرى لە بریارى ئەمریکا دەکات بۆ ئەنجامدانى هێرشى ئاسمانى بۆ سەر چەکدارانى داعش. هەروەها ناوبراو رایگەیاند لە نزیکترین راپۆرتى خۆیان بۆ حکومەتى کەنەدا دەنێرن و هەر ئەمڕۆ حکومەتى کەندا هاوکارییە مرۆیى سەربازیەکانى بۆ هەرێمى کوردستان و عێراق رادەگەینێت و گووتى کەنەدا بڕیاریداوە شەریکێکى درێژخایەنى عێراق و هەرێمى کوردستان ببێت و ئامادەیى تەواویشى هەیە بۆ هاوکارى و هەماهەنگى تەواو لە بەرژەوەندى هەردوولادا.
لە لایەکى ترەوە بەڕێزیان رایگەیاند کە بەردەوام کاردەکەن بۆ ئەوەى ئەو پاڵەپەستۆیەى لەسەر حکومەتى هەرێم هەیە کەم بکەنەوە لە رووى مرۆییەوە و حکومەتى کەنەدا بڕیاریداوە 16 ملیۆن دۆلار کۆمەک پێشکەش بە ئاوارەکانى سوریا بکات و لەو بڕە 9 ملیۆن دۆلار بۆ ئاوارەکانى سوریا لە هەرێمى کوردستان تەرخان کراوە لە رێگاى رێکخراوە نێودەوڵەتیەکان.
لەبەرامبەردا بەڕێز فەلاح مستەفا بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوە سوپاسى شاندى ناوبراوى کرد و بەناوى حکومەتى هەرێم دەست خۆشى لەو هەوڵوێستە و هاوکارى و پشتگیرى کەنەدا کرد بۆ هێزەکانى پیشمەرگە و ئاوارەکان و بۆ گەلى کورد بەگشتى. هاوکات گووتى هێزەکانى پێشمەرگە شەڕى تیرۆر لە جیاتى گشت کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى دەکەن و ئەوە شەڕى هەموو وڵاتانە تەنها هى گەلى کورد نیە بۆیە پێویستە وڵاتانى پشتگیرى و هاوکارى راستەوخۆى حکومەتى هەرێم بکەن.
لەلایەکى ترەوە بەڕێزیان رایگەیاند کە حکومەتى هەرێم پابەندە بە شەڕ لە دژى تیرۆر و لەو هەوڵەشەى بەردەوام دەبێت و سەرکەوتنیش هەر بۆ هێزى پێشمەرگەیە و بەڵام گووتى پێویستمان بە هاوکارى و هەماهەنگى و پشتگیرى وڵاتان هەیە. دەستى خۆشى لە حکومەتى کەنەدا کرد و گووتى حکومەتى هەرێم بە شەریکێکى درێژخایە دەڕوانێتە پەیوەندیەکانى لەگەڵ کەنەدا.