جێگری سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لەڕێی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەكات

  • سێ شەممە, 12 ئاب 2014

ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە ١٢ـی ٨ـی ٢٠١٤، بەڕێز جۆ بایدن جێگری سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لەڕێی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كرد.


لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا جێگری سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا جارێکی تر پشتگیریی حکوومەتی ئەمەریکای بۆ هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستان، هەتا ئەوکاتەی بەهاوکاریی هەموولایەک هێزی تیرۆریستان تێک دەشکێندرێن. هەروەها دەستخۆشی لە هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان کرد کە توانیویانە سەرکەوتنی بەرچاو بەدەست بهێنن.

لە بەرانبەردا سەرۆک بارزانی سوپاسی خۆی بۆ سەرۆک ئۆباما و بەڕێز بایدن و گەلی ئەمەریکا دەربڕی بۆ ئەو پشتگیرییەی کە پێشکەشی گەلی کوردستانیان کردووە و بەڵێنی دا هەرێمی کوردستان لەم شەڕەی کە تووشی بووە بەرگریی لە خاک و خەڵک و هەموو بەهاکانی لێبوردەیی و پێکەوەژیان و ئازادی دەکات.

سەرۆک بارزانی ئەوەشی بۆ جێگری سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا خستەڕوو کە پشتگیری و هاوکاریی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا هیممەت و هێزی زیاتری دایە گەلی کوردستان.

هەر لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا بارودۆخی سیاسیی عێراق و ڕەوشی ئەمنی و سەربازیی بەغدا خرایە بەرباس و هەردوولا پشتگیریی خۆیان بۆ ئەو پرۆسە دەستوورییە دووپات کردەوە کە لەلایەن سەرۆک کۆماری عێراقەوە بۆ ڕاسپاردنی کاندیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەست پێکراوە.

جێگری سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا هیوای خواست هاوپەیمانیی کوردستان لەگەڵ هێزە سیاسییەکانی تری عێراق دەست بکەن بە گفتوگۆ بۆ دامەزراندنی حکوومەتێکی گشتگیر و هاوبەشیی ڕاستەقینە کە هەموو لایەنەکان تیایدا بەشدار بن و عێراق لەم قەیرانەی ئێستا دەرباز بکرێت.

لە بەرانبەردا سەرۆک بارزانی جەختی لەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان یارمەتی پرۆسەی سیاسیی عێراق دەدات بۆ ئەوەی حکوومەتێکی شەراکەتی نیشتیمانی پێک بهێندرێت کە دوور بێت لە ئەزموونە شکستخواردووەکەی پێشوو.

 

 

 

 

Read کد خبر: 716

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی