وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لەڕێی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە سەرۆك بارزانی كرد

  • دوو شەممە, 11 ئاب 2014

ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە11ـی 8ـی 2014 لەڕێی تەلەفۆنەوە فرانك واڵتێر شتانمایێر وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا پەیوەندی بە بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كرد.


لەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا سوپاسی سەرۆك بارزانیی و هێزی پێشمەرگە و سەركردایەتیی سیاسیی كوردستانی كرد بۆ ڕووبەڕووبوونەوەیان لەدژی تیرۆریستان و یارمەتیدانی ئاوارەكان و پاراستنی خەڵكی سڤیل و پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی عێراق و كوردستان.
هەر لەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا پاڵپشتیی وڵاتەكەی بۆ گەلی كوردستان دووپات كردەوە و ڕایگەیاند كە وڵاتەكەی ئامادەیە لە شەڕی دژی تیرۆردا لەتەك گەلی كوردستان بوەستێت و ئەوەیشی بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند كە حكوومەتی ئەڵمانیا دیراسەی چۆنییەتی هاوكاریكردنی حكوومەت و خەڵكی كوردستان دەكات.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی سوپاسی وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا كرد و ڕایگەیاند كە خۆشحاڵین بەوەی لە كاتی تەنگانەدا دۆستەكانمان پشتیوانی و هاوكاریی خۆیان بۆ گەلی كوردستان دووپات دەكەنەوە. هەروەها سەرۆك بارزانی سوپاسی هەموو ئەو لایەن و وڵاتانەی كرد كە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر یارمەتیی كوردستان دەدەن. سەرۆك بارزانی ئەوەیشی خستەڕوو كە كوردستان تەنیا شەڕی ڕێكخراوێكی تیرۆریستی ناكات بەڵكو شەڕی دەوڵەتێكی تیرۆریستی دەكات. سەرۆك بارزانی ئەوەیشی بە وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا گوت كە گەلی كوردستان سەربەرزانە بەرگری لەخۆی و ئاییندەی خۆی دەكات و لە سەركەوتنی خۆمان دڵنیاین و لەشەڕی تیرۆر و بەرگریكردن لە خۆی بەردەوام دەبێت. هەر لەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ڕایگەیاند كە بۆ یارمەتیدانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ وڵاتانی ئەوڕووپایی و هەرێمی كوردستان لە پەیوەندیی بەردەوامدا دەبن.

 

 

 

 

Read کد خبر: 717

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی