نێچیرڤان بارزانى داوا ده‌كات كۆنفرانسێكى نێوده‌وڵه‌تى بۆ وڵاته‌ كۆمه‌كبه‌خشه‌كان ساز بكرێت

  • سێ شەممە, 19 ئاب 2014

دواى نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 18ى ئابى 2014، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له‌ به‌ڕێز "دۆنی گۆیێر" باڵیۆزى فه‌ره‌نسا له‌ عیراق كرد كه‌ به‌بۆنه‌ى كۆتاییهاتنى ئه‌ركه‌كه‌ى و بۆ ماڵئاواییكردن سه‌ردانى به‌ڕێزیانى كرد. به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران سوپاس و پێزانینى خۆى پێشكه‌ش به‌ باڵیۆزى فه‌ره‌نسا كرد كه‌ له‌ ماوه‌ى كاركردنیدا ڕۆڵێكى دیارى له‌ بره‌ودان به په‌یوه‌ندییه‌كانى كوردستان و فه‌ره‌نسادا گێڕاوه‌ و هیواى خواست له‌ كار و ئه‌ركى داهاتوویدا سه‌ركه‌وتوو بێت.


لاى خۆیه‌وه‌ باڵیۆزى فه‌ره‌نسا خۆشحاڵیى خۆى به‌ پێشكه‌وتنه‌كانى هه‌رێمى كوردستان له‌ هه‌موو ڕووه‌كانى ئاسایش و ئارامى و ئابوورى و كۆمه‌ڵاتییه‌وه‌ ده‌ربڕى و هاوسۆزیى خۆى و وڵاته‌كه‌ى له‌گه‌ڵ ڕه‌وشى ئێستاى هه‌رێمى كوردستان نیشان دا و دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ فه‌ره‌نسا بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى تیرۆر پشتگیرى له‌ هه‌رێمى كوردستان ده‌كات.

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى به‌ په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فۆنییه‌كانى نێوان هه‌ردوو به‌ڕێزان سه‌رۆك هۆلاند و سه‌رۆك بارزانى دا و خۆشحاڵیى خۆى به‌ سه‌ردانى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى فه‌ره‌نسا بۆ هه‌ولێر ده‌ربڕى و ڕایگه‌یاند فه‌ره‌نسا به‌ ته‌واوى پشتگیریى ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌ ده‌كات كه‌ له‌ لایه‌ن كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تیه‌وه‌ بۆ هاوكارى و پشتگیریى هه‌رێمى كوردستان له‌ دژى تیرۆرستانى داعش هاتۆته‌ كایه‌وه و تیشكى خسته‌ سه‌ر ڕۆڵى فه‌ره‌نسا له‌ هاندانى كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى به‌ تایبه‌تى ئه‌ورووپا بۆ پشتگیریى هه‌رێمى كوردستان و به‌هاناوه‌چوونى ئه‌و په‌نابه‌ر و ئاوارانه‌ى ڕوویان له‌ ناوچه‌ ئارامه‌كانى كوردستان كردووه‌.

به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانیش پوخته‌یه‌كى ده‌رباره‌ى پێشڕه‌ویكردنى پێشمه‌رگه‌ له‌ هه‌موو به‌ره‌كاندا له‌ دژى داعش خسته‌ ڕوو، هه‌روه‌ها  سوپاس و پێزانینى حكوومه‌ت و خه‌ڵكى كوردستانى پێشكه‌ش به‌ فه‌ره‌نسا كرد بۆ ئه‌و ڕۆڵه‌ گه‌وره‌یه‌ى له‌ دابینكردنى پشگیریى نێوده‌وڵه‌تیدا بۆ كوردستان بینیویه‌تى. دووپاتیشى كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان پێویستى به‌ هاوكاریى زۆر زیاترى نێوده‌وڵه‌تى هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ى وه‌ك پێویست به‌ هاناى ئه‌و سه‌دان هه‌زار ئاوارانه‌وه‌ بچێت كه‌ له‌ ترسى داعش ماڵ و حاڵى خۆیان جێ هێشتووه‌‌، چونكه‌ باره‌كه‌ زۆر له‌وه‌ قورستره‌ كه‌ به‌ ته‌نیا له‌ تواناى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستاندا بێت.

به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى هه‌روه‌ها داواى كرد كۆنفرانسێكى نێوده‌وڵه‌تى بۆ ئه‌و وڵات و لایه‌ن و ڕێكخراو و داموده‌زگا نێوده‌وڵه‌تییه‌ كۆمه‌كبه‌خشانه‌ ساز بكرێت كه‌ كۆمه‌ك و هاوكاریى مرۆیى پێشكه‌ش به‌ هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى بتوانێت وه‌ك پێویست به‌ هاناى ئه‌و ژماره‌ زۆرى په‌نابه‌ران و ئاواره‌كانه‌وه‌ بچێت كه‌ ئێستا له‌ زۆربه‌ى شاره‌ گه‌وره‌كانى هه‌رێمى كوردستاندا گیرساونه‌ته‌وه‌ و پێویستییان به‌وپه‌ڕى كۆمه‌ك و هاوكاریى مرۆیى هه‌یه‌ و ئه‌گه‌ر هه‌ڵمه‌تێكى نێوده‌وڵه‌تى بۆ به‌هانه‌وه‌چوونیان نه‌كرێت، ڕووبه‌ڕووى كاره‌ساتێكى مرۆیى ده‌بنه‌وه‌.

 

 

 

 

Read کد خبر: 754

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی