ئەمڕۆ سێشەممە 26ـی 8ـی 2014 لە شاری هەولێر بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە بۆڕگ برێند وەزیری دەرەوەی نەرویج و شاندێكی یاوەری كرد.
لە كۆبوونەوەیەكدا كە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەت هەرێم و فواد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم و مستەفا سەید قادر وەزیری پێشمەرگە و عەلی سندی وەزیری پلاندانان و فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكان و ڕێكەوت حەمە ڕەشید وەزیری تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەی بوون، دوایین پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەكان و هەروەها هەڕەشە و پەلاماری تیرۆریستان بۆ كوردستان و سەركەوتتنەكانی هێزی پێشمەرگە و بارودۆخی ئاوارەكان خرایە بەر باس و گفتوگۆ.
هەر لەم دیدارەدا سەرۆك بارزانی بە گەرمی بەخێرهاتنی وەزیری دەرەوەی نەرویج و شاندی یاوەری كرد و هاتن و سەردانی شاندی نەرویجی بە هێمایەك بۆ پاڵپشتی و هاوسۆزیی حكوومەت و گەلی نەرویج بۆ گەلی كوردستان لە قەڵەم دا. سەرۆك بارزانی ئەوەیشی باس كرد كە پاڵپشتی و بەدەنگەوەهاتنی دۆستانی گەلی كورد لەبەر ئەوەیە كە گەلی كوردستان پابەندی بەها و پڕەنسیپی مرۆڤدۆستانە و پێكەوەژیان و فرەلایەنییە و ئەو بەهایانەش دەپارێزێت و ئەم پاڵپشتییەیش نیشان دەدات كە گەلی كوردستان ڕێگەیەكی دروستی هەڵبژاردووە. سەرۆك بارزانی لە درێژەی قسەكانیدا ئەوەی دووپات كردەوە كە گەلی كوردستان خاوەنی فەرهەنگی پێكەوەژیانە و دەبێ ئەو فەرهەنگەیش قووڵتر بكەین. سەبارەت بە ڕەوشی ئاوارەكان سەرۆك بارزانی هێمای بەوەدا كە بە هەموو توانایەكەوە یارمەتییان دەدەین بەڵام ژمارەی پەنابەران لە ئاستی تواناكانی حكوومەتی هەرێم تێپەڕیوە بۆیە پێویستە وڵاتانی دۆست و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە حەواندنەوەی ئاوارەكان یارمەتیمان بدەن بۆ ئەوەی پاش ڕزگاركردنی ناوچەكانیان لە دەستی تیرۆریستان بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان بگەڕێنەوە.
لەبەرانبەردا وەزیری دەرەوەی نەرویج سوپاسی ئەو پێشوازییە گەرمەی كرد كە لە خۆی و شاندە یاوەرەكەی كراوە و دەستخۆشیشی لە سەرۆك بارزانی و سەركردایەتیی كوردستان كرد بۆ ئەو پێشكەوتنەی لە هەرێمی كوردستان هاتووەتە ئاراوە و ڕایگەیاند هاتنی ئێمە شێوازێكە بۆ نیشاندانی هاوسۆزی و پاڵپشتیی گەلی نەرویج لەگەڵ گەلی كوردستان كە بەڕووی تیرۆریستان وەستاوەتەوە. وەزیری دەرەوەی نەرویج هێمایشی بەوەدا كە ئێستا تیرۆریستان بوونەتە ئەمری واقع و هەڕەشەی جدیین بۆ سەر ئاساییشی ناوچەكە و جیهان و بۆ بەرەنگاربوونەوەیان پێویستە هەوڵێكی جیهانی و هەمەلایەنە بخرێتەگەڕ. وەزیری دەرەوەی نەرویج ئەوەی دووپات كردەوە كە گەلی كوردستان لەڕووی یارمەتیی سەربازی و مرۆیی دەتوانن پشت بە گەلی نەرویج ببەستن و حكوومەتی نەرویجیش بۆ خێراتركردنی هاوكارییە مرۆڤییەكەی بڕیاری داوە جگە لە بیست ملیۆن دۆلار كە پێشتر بڕیاری لەسەر دابوو دە ملیۆن دۆلاری دیكەیش تەرخان بكات بۆ یارمەتیدانی مرۆیی كوردستان.
هەر لەم دانیشتنەدا هەڕەشەكانی تیرۆر و چۆنییەتی گەشەسەندنی لە عێراق و سووریا قسەی لەسەر كرا و پڕۆسەی سیاسیی عێراق و پێكهێنانی حكوومەتی تازەی عێراق و پەیوەندییەكانی نێوان وڵاتی نەرویج و هەرێمی كوردستانیش تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بوو.
شایانی گوتنە كە لەدوای تەواوبوونی كۆبوونەوەكە پڕێسكۆنفرانسێك بۆ سەرۆك بارزانی و وەزیری نەرویج ڕێكخرا و تێیدا ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەیان بۆ دەزگاكانی ڕاگەیاندن خستەڕوو.