قوباد تاڵەبانى: نابێت داعش هیچ پێگەیەکى لە عیراقدا بمێنێت

  • چوار شەممە, 27 ئاب 2014

بەمەبەستى کاراکردنى هاوکارى و هەماهەنگییەکان، ئەمرۆ جێگرى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان، قوباد تاڵەبانى لە شارى هەولێر، پێشوازى لە وەفدێکى باڵاى بەریتانیا کرد.

 

بۆ زیاتر بەرەوپێشچوونى هاوکارى و یارمەتییە مرۆییەکانى بەریتانیا و چۆنێتى کاراکردن و بەتەنگەوەهاتنەکانى هەرێمى کوردستان و ئاوارەو پەناهەندەکان کە بەهۆى شەرو پەلامارەکانى دەوڵەتى تیرۆریستى (داعش) دروست بوون، قوباد تاڵەبانى پێشوازى لە وەفدێکى باڵاى بەریتانیا کرد کە پێکهاتبوو لە جەستین گرینیک وەزیرى پەرەپێدانى نێودەوڵەتى و تۆبایس ئێک وود وەزیرى کاروبارى رۆژهەلاتى ناوەراست.

 

لە دانیشتنێکدا باس لە کێشەو ئاستەنگییە پەروەردەیى و تەندروستى و مرۆییەکان کرا، کە رووبەرووى هەرێمى کوردستان و ئاوارەو پەناهەندەکان بوونەتەوە. وەفدى میوان رایگەیاند بەریتانیا هاوکارییە مرۆییەکان زیاد دەکات و راستەوخۆ لەگەل رێکخراوە حکومى و ناحکومییەکانى هەرێمى کوردستان هەماهەنگى دەکات. هەروەها هەوڵ دەدەن لەگەل نەتەوە یەکگرتووەکان کارەکان چالاکتر بکەن. 

 

پاشان جێگرى سەرۆک وەزیران  ووتى:  ئێمە وەک حکومەتى هەرێمى کوردستان سەربارى گرفتە داراییەکان بەڵام توانیومانە فریاى ئاوارەو پەنابەرەکان بکەوین کە ئێستا لەهەرێمى کوردستاندان. هەروەها ووتى نابێت داعش هیچ پێگەیەکى لە عیراقدا بمێنێت و داواى کرد هەماهەنگى زیاتر لەنێوان هەرێمى کوردستان و بەغدا هەبێت، هەم لە رووبەرووبوونەوەى تیرۆریستان و هەم لە گەیاندنى هاوکارییە مرۆییەکان بۆ هەرێمى کوردستان، کە دەکرێت بەغدا زیاتر رۆلى خۆی ببینێت.

 

لەم دانیشتنەدا کەریم سنجارى وەزیرى ناوخۆ و د.على سندى وەزیرى پلاندانان و د. رێکەوت حمە رەشید وەزیرى تەندروستى و  فەلاح مستەفا بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوەو بەیان سامى عبدالرحمن نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە بەریتانیا، تیاییدا ئامادەبوون.

 

 

 

 

Read کد خبر: 776

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی