ڕۆژی چوارشەممە ١٠ـی ئەیلوولی ٢٠١٤ بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی هێزەکانی پێشمەرگەی لە بەرەی ڕۆژهەڵاتی دیجلە کرد، لەو سەردانەدا کە بەمەبەستی لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە ڕەوشی پێشمەرگەکان لە سەنگەرەکانی بەرەوڕووبوونەوە و هەڵسەنگاندنی ڕەوشی مەیدانیی بەرەی ڕۆژهەڵاتی دیجلە بوو، سەرۆک بارزانی سوپاسی خۆڕاگریی پێشمەرگەی کرد و دەستخۆشیی هەڵمەت و سەرکەوتنەکان و ئازادکردنی ناوچەیەکی فراوانی ئەو میحوەرەی لێ کردن.
لە درێژەی بەسەرکردنەوەی بەرەکانی ڕووبەڕووبوونەوەش، ئەمڕۆ پێنجشەممە ١١ـی ئەیلوولی ٢٠١٤، بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی سەنگەرەکانی پێشمەرگەی لە میحوەری ڕۆژئاوای دیجلە کرد. لەو سەردانەدا سەرۆک بارزانی دەستخۆشیی لە پێشمەرگە قارەمانەکان کرد بۆ ئەو سەرکەوتنە مەزنەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لەو ناوچەیە وەدەستیان هێنا و چەند ناوچەیەکی ستراتیژییان لە تیرۆریستان پاک کردەوە. سەرۆک بارزانی سوپاسی خۆڕاگریی پێشمەرگەی کرد و وەک زامنی ئازادیی کوردستان و پارێزەری گەل و وڵات دەستخۆشی لێ کردن.
لە هەردوو بەسەرکردنەوەکەشدا بۆ میحوەرەکانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای دیجلە سەرۆک بارزانی گوێی لە سەرنج و تێبینیی فەرماندە و پێشمەرگەکان گرت و ڕێنمایی و بەرچاوڕوونیی پێویستیشی لەبارەی ڕەوشی سیاسی و مەیدانیی بەرەی دژ بە تیرۆریستان خستەڕوو.