بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە و باڵیۆزی فەڕەنسا لە عیراق دەربارەی دوایین پەرەسەندنەكان گفتوگۆیان كرد

  • دوو شەممە, 20 ت یەکەم 2014

فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت پێشوازی لە مارك بارێتی باڵیۆزی كۆماری فەڕەنسا لە عێراق و ئالان گێپخارت كونسوڵی گشتی ئەو ووڵاتە لە هەولێر كرد.

لە دیدارێكدا كە كاروان جەمال جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوە ئامادەی بوو، گفتوگۆ كرا دەربارەی دوایین پەرەسەندنە سیاسیەكان و بواری ئاسایش و بارودۆخی ئاوارەكان لە هەرێمی كوردستان و عێراق و لە ناوچەكە، هەروەها لە بەشێكی دیكەشدا باس لە پەیوەندیەكانی نێوان هەولێر و بەغدا كرا.

لەسەرەتای دیدارەكەدا فەلاح مستەفا وێڕای دەربڕینی سوپاسگوزاری بۆ هاوكاری و پاڵپشتی هەرێمی كوردستان لە بواری مرۆیی و سەربازی لە لایەن كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و لەناویشیاندا كۆماری فەڕەنسا، باسەكانی لە چوار لایەنی سەرەكیدا چڕ كردەوە.

لەبارەی پەیوەندیەكانی هەولێرو بەغداو بڕیاری سەركردایەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەشداری كابینەی تازەی حكومەتی عێراق روونی كردەوە كە حكومەتی هەرێم بە ئومێدەوە لەم بەشداری كردنە دەڕوانێ‌ وەك هەوڵێك بۆ گێڕانەوی متمانەی نێوان پێكهاتەو لایەنەكان لە عێراق و بۆ چارەسەركردنی پرسەكانی پێشمەرگەو نەوت و گازو پرسی مادەی 140ی دەستورو بودجەو موچەی خەڵكی كوردستان، بەگرنگی زانی كە سوود وەرگرتن لە هەڵەكانی كابینەی پێشتری حكومەتی عێراق وەربگیرێت سەبارەت بە بڕیارو مامەڵە كردنی بۆ هێشتنەوەی ئەم پرسانە بە هەڵواسراوی كە لە سوودو بەرژەوەندی هەردوولادا نیە. هەروەها باس لە پێویستی هاوبەشی لە بڕیارو پێدانی مافەكان بە پێكهاتە جیاجیاكان لە عێراق كرا.

هەر لە دیدارەكەدا فەلاح مستەفا ستایشی هەڵوێستی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستانی كرد بۆ ئەوەی كە هاوكاری حكومەت بوون بە خۆڕاگریان بەرامبەر بە قەیران و سەپاندنی گەمارۆی دارایی لە لایەن بەغدا لە سەر هەرێم و بڕینی بودجەو موچەی خەڵكی كوردستان. ئەمەش وێڕای هاوكاری كردنی ئەو ئاوارەو لێقەوماوانەی كە روویان لە هەرێم كردووە.

سەبارەت بە شەڕ لەگەڵ تیرۆرستانی داعش، بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە گووتی شانازی بەوە دەكەین كە لەجیاتی كۆمەڵەگای نێودەوڵەتی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان لەڕیزی پێشەوەی بەرەكانی شەڕدان دژی تیرۆرستانی داعش. بۆ ئەم مەبەستەش جەخی لەسەر گرنگی بەردەوامبوونی هێرشە ئاسمانیەكان لە لایەن فڕۆكەكانی ووڵاتانی هاوپەیمان بۆ سەر پێگەو مۆڵگەكانی ئەو گرووپە تیرۆرستیە كردەوە، هاوكات داوای هاوكاری و پاڵپشتی زیاتری كرد بۆ هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان لەڕووی دابینكردنی چەكی پێشكەوتوو و چەكی قورس بۆ رووبەڕووبوونەوەو تێكشكاندنی ئەو گرووپە تیرۆرستیە نێودەوڵەتیە. هەروەها پێشكەش كردنی راوێژو مەشق و راهێنانی سەربازی بە هێزەكانی پێشمەرگە وەك لایەنێكی دیكەی ئەو هاوكاریانەو گرنگی بەردەوامبوونیان باسی لێوەكرا.

پرسی مرۆیی و بارودۆخی ئاوەرەكانی ناوخۆو پەناهەندەكانی سوریا لە هەرێمی كوردستان بەشێكی دیكەی باسەكانی دیدارەكە بوون. لەم رووەشەوە باس لە هەوڵەكانی حكومەتی هەرێم بۆ باشتركردنی بارودۆخی ئەو ئاوارانە كرا، بە تایبەتی لەڕووی دابینكردنی شوێنی حەوانەوەو دەستەبەركردنی خواردن و لایەنی تەندروستی و پەروەردە. بەڵام بەهۆی بوونی قەیرانی دارایی لە هەرێم لە دەرئەنجامی سەپاندنی گەمارۆی داریی لەسەر هەرێم لە لایەن حكومەتی فیدڕاڵ لە بەغدا تیشك خرایەسەر سنوورداری تواناكنی حكومەتی هەرێم بۆ مامەڵەكردنی پێویست لەگەڵ پرسی ئاوارەكان، لەم رووەشەوە وێڕای جەخت كردنەوە لەسەر زیادكردنی هاوكاری نێودەوڵەتی بەتایبەتی كە لەوەرزی سەرماو زستان نزیك بووینەتەوە، باس لە ئەجامدانی كۆنفڕانسی هاوكاری مرۆیی نێودەوڵەتی سەبارەت بە رەوشی ئاوارەكان و چارەسەركردنی كێشەكانیان و دووبارە بونیاد نانەوەی ناوچەكانیان كرا. ئەمەش وێڕای هەوڵدان بۆ باش كردنی بارودۆخی دەروونی ئاوارەكان كە لە دەرەئەنجامی ئاوارەبوونیان و ئەو كارەساتەی بەهۆی گرووپی تیرۆرستی داعشەوە بەسەریاندا هاتووە. هەروەها سەبارەت بە پرسی بەجینۆساید ناساندنی ئەو تاوانەی كە تیرۆرستانی داعش بەرامبەر هاووڵاتیانی كورد ئەنجامی داون، باس لە هەوڵەكانی حكومەتی هەرێم و دامەزراندنی لیژنەیەكی باڵای تایبەتمەند بۆ ئەم كارە لە لایەن ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم كرا.

لای خۆیەوەی بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە سەردانی سەرۆكی فەڕەنسا بۆ هەولێر بە گرنگ پڕ واتا وەسف كرد بۆ پاڵپشتی خەڵك و حكومەتی هەرێمی كوردستان و گووتیشی ئەو هەنگاوە جێگەی تەقدیری ئێمەیە.

باڵیۆزی فەڕەنسا لە بەغدا باسی لە تێروانینی ووڵاتەكەی بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ پێشهاتەكان و بەردەوامی هاوكاریە مرۆییەكان و هەماهەنگی سەربازی نێوان هەردوولا بۆ رووبەڕووبوونەوەو تێكشكاندنی تیرۆرستانی داعش كرد. هەروەها تیشكی خستەسەر بڕو جۆری ئەو هاوكاریانەی كە لەماوەی رابردوو ووڵاتەكەی لەڕووی مرۆییەوە بۆ یارمەتیدانی ئاوارەكان پێشكەشی كردوون و جەختیشی لە بەردەوامی كارو هەوڵەكان بۆ ئەم مەبەستە كردەوە.

 

 

 

 

 

 

 

Read کد خبر: 867

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی