سەرۆك بارزانی پێشوازی لە عادل عەبدولمەهدی دەكات

  • پێنج شەممە, 13 ت دووەم 2014

ئەمڕۆ پێنجشەممە 13ـی 11ـی 2014 لە سەلاحەدین، بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە بەڕێز عادل عەبدولمەهدی وەزیری نەوتی عێراق كرد.

له‌ دیدارەكەدا، سەرەتا وەزیری نەوتی عێراق خۆشحاڵیی خۆی بۆ ڕەخسانی دەرفەتی ئەو دیدارە دەربڕی و دەستخۆشی لە هێزی پێشمەرگەی کوردستان کرد بۆ ئەو سەرکەوتنە گەورانەی لە بەرەکانی شەڕ دژی تیرۆریستان وەدەستیان هێناوە و هیوای خواست بە زووترین کات تیرۆریستان لە هەموو عێراق تێکبشکێندرێن و ئارامی بۆ وڵات بگەڕێتەوە.

لە بەرانبەردا سەرۆک بارزانی پیرۆزبایی لە بەڕێز عادل عەبدولمەهدی کرد بەبۆنەی وەرگرتنی پۆستی وەزیری نەوتی عێراقی فیدراڵ و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست. سەبارەت بە بەرەکانی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ تیرۆریستانیش سەرۆک بارزانی تەئکیدی کردەوە کە تیرۆریستان لە بەرانبەر پێشمەرگەی کوردستان خۆیان پێ ڕاناگیرێ و هیچ بستێک لەخاکی کوردستان لەژێر دەستیاندا نامێنێتەوە و ئازاد دەکرێن، هیواشی خواست بە زووترین کات بە هەماهەنگی و هاوکاریی هەموولایەک تیرۆریستان لە هەموو شوێنێک تێکبشکێندرێن و بۆ ئەوەش پێویستە هەنگاوی کردەیی بۆ سەرخستنی پرۆسەی سیاسیی بگیرێتەبەر، چونکە ئەوە تێکشکاندنی تیرۆریستانی داعش ئاسانتر دەکات.

هەر لە دیدارەکەدا وەزیری نەوتی عێراق ڕۆشنایی خستە سەر پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا لە بواری وزە و سیاسەتی نوێی عێراقی لە بواری نەوت بۆ سەرۆک بارزانی ڕوون کردەوە و بە وردی باسی ڕەوشی ئابووری و سیاسیی عێراقی کرد.

له‌م رووه‌وه‌ سەرۆک بارزانی هیوای خواست بەرنامەی کاری وەزیری نەوتی عێراق هەنگاوێک بێت بۆ چارەسەری کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا لەبواری وزەدا. هەردوولایش ته‌ئكیدیان له‌ سه‌ر گرنگیی چالاككردنی دیالۆگی بنیاتنه‌ری نێوان لایه‌نه‌كان كرده‌وه‌ به‌ مه‌به‌ستی دۆزینه‌وه‌ی رێگه‌ چاره‌ی ریشه‌یی بۆ سه‌رجه‌م كێشه‌كان به‌ پشت به‌ستن به‌ ده‌ستوور و ئه‌نجامی رێككه‌وتنه‌كانی نێوان هێز و لایه‌نه‌ عیراقییه‌كان و شه‌راكه‌تی راسته‌قینه‌ له‌ بنیاتنانی وڵات و سه‌رخستنی پرۆسه‌ی سیاسی و دیموكراتی له‌ ته‌واوی عێراقدا.

 

 

 

 

Read کد خبر: 921

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی