سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندێكی باڵای حكوومەتی هەنگاریا دەكات

  • چوار شەممە, 12 ت دووەم 2014

ئەمڕۆ چوارشەممە 12ـی 11ـی 2014 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندێكی باڵای حكوومەتی هەنگاریا كرد كە پێكهاتبوون لە ستێڤان میكۆلا وەزیری دەولەت بۆ كاروباری دەرەوە و تاماس ڤارگا وەزیری دەولەت بۆ كاروباری بەرگری و تیبۆر ساتماری باڵیۆزی هەنگاریا لە عێراقی فیدڕاڵ و ژمارەیەك ڕاوێژكاری سیاسی و ئابووریی حكوومەتی هەنگاریا.


لە دیدارەكەدا شاندی میوان سوپاسی سەرۆك بارزانیان كرد بۆ ڕەخساندنی ئەم دیدارە و گەشبینیی خۆیشیان نیشاندا بەرانبەر بە داهاتووی هەرێمی كوردستان و پێشكەوتنەكانی هەرێمی كوردستانیان لە بواری ئابووری و بنیاتنان بەرز نرخاند. هەروەها وێڕای ئاماژەدان بە ڕۆحی خۆڕاگریی گەلی كورد باسی ئەوەیان كرد كە گەلی كوردستان و گەلی هەنگاریا لە خۆڕاگری و ڕووبەڕووبوونەوەی داگیركاراندا مێژوویەكی هاوشێوەیان هەیە. شاندی میوان نیگەرانیی خۆیشیان لە بارودۆخی ئاوارەكان و پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی عێراق ڕاگەیاند و دەستخۆشیی هەرێمی كوردستانیان كرد كە بوونەتە پەناگەی ئاوارەكان و پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی عێراق دەپارێزن.

شاندی میوان سڵاوی سەرۆك وەزیرانی وڵاتەكەیان بە سەرۆك بارزانی گەیاند و ئاماژەیان بەوەدا كە سەردانی پێشووی سەرۆك بارزانی بۆ هەنگاریا و دیداریان لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی هەنگاریا بناخەیەكی پتەوی بۆ پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و هەنگاریا دامەزراند. شاندی باڵای حكوومەتی هەنگاریا جەختیشی لەوە كردەوە كە هاوكاریكردنی هێزەكانی پێشمەرگە و كردنەوەی كونسوڵخانە لە شاری هەولێر و كار و چالاكییەكانی كۆمپانییەكانی هەنگاریا لە هەرێمی كوردستان نیشانەی ئەوەیە كە هەرێمی كوردستان بۆ هەنگاریا جێگەی بایەخێكی زۆرە و هیوای ئەوەیشیان خواست كە یادداشتێكی لێكتێگەییشتن لەنێوان هەردوولا مۆر بكرێت.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و سوپاسی سەرۆك وەزیرانی هەنگاریای كرد و هەروەها سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ ئەو هاوكارییە سەربازییانە ڕاگەیاند كە لە لایەن هەنگاریاوە پێشكەشی هێزی پێشمەرگەی كوردستان كراوە.

سەبارەت بە شەڕی تیرۆریستان و بارودۆخی مەیدانی سەرۆك بارزانی ئەوەی بۆ شاندی میوان باس كرد كە گەلی كوردستان هەر لە كۆبانێ هەتا خانەقین ڕووبەڕووی ڕێكخراوێكی تیرۆریستیی ترسناك بووەتەوە كە ئیمكانیات و چەكی دوو دەوڵەتی كەوتووەتە دەست. بەڵام هێزی پێشمەرگە هەر زوو هاوكێشەكەی لە بەرژەوەندیی كوردستان گۆڕی و ڕێگەی لە پێشڕەویی تیرۆریستان گرت و كەوتە هەڵوێستی هێرشبردن و ئێستا پێشمەرگە لە قۆناغە كۆتاییەكانی هێرشبردن و تێكشكاندنی تیرۆریستانی داعش و دەركردنیانە لە خاكی كوردستان. لە درێژەی قسەكانیدا سەرۆك بارزانی ئەوەی دووپاتكردەوە كە تیرۆریستان هەڕەشەیەكی جیهانین بۆ هەموو گەل و وڵاتێك بۆیە لەناوبردنیان هەوڵێكی هەموو لایەكی پێویستە. هەروەها نابێ هیچ پەناگەیەك لە هیچ شوێنێك بۆ تیرۆریستان بمێنێت و لەڕووی سیاسی و ئابووری و فكریشەوە پێویستە ڕووبەڕووی تیرۆریستان ببینەوە.

هەر لەم كۆبوونەوەیەدا ئاستی چالاكیی كۆمپانییەكانی هەنگاریا و پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا تاوتوێ كرا و سەرۆك بارزانی ئامادەیی هەرێمی كوردستانی نیشاندا بۆ فراوانتركردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەنگاریا و هەرێمی كوردستان.

جێگەی ئاماژەیە لەم كۆبوونەوەیەدا فواد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم و مستەفا سەید قادر وەزیری پێشمەرگە و فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێم ئامادە بوون.

 

 

 

 

 

 

Read کد خبر: 923

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی