ئەمڕۆ چوارشەممە 3ـی 12ـی 2014 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە ئانتێ كۆترۆمانۆڤیچ وەزیری بەرگریی كرواتیا و شاندێكی یاوەری كرد.
لە دیدارەكەدا وەزیری بەرگریی كرواتیا خۆشحاڵیی خۆی بۆ دیدار لەگەڵ سەرۆك بارزانی و سەردانی بۆ كوردستان نیشاندا و خەباتی گەلی كوردستانی لە پێناو ئازادی بەرز نرخاند و ئاماژەی بەوەدا كە مێژووی گەلی كوردستان و گەلی كرواتیا لە خەبات و قوربانیدان لەپێناو خاك و ئازادی هاوشێوەی یەكترە. كرواتیایش وەك هەرێمی كوردستان لە یەك كاتدا لەشەڕدا بوو و ژمارەیەكی زۆری ئاوارەی دەحەواندەوە و لە هەمانكاتیشدا كاری بۆ گەشەپێدان و بنیاتنان دەكرد. هەروەها ئەوە هاوشێوەبوونەیشی وەك بنەمایەكی پتەو بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی هەردوولا لە قەڵەم دا.
لەبارەی هەڕەشەی تیرۆریستانی داعش وەزیری بەرگریی كرواتیا ئەوەی خستەڕوو كە ئەم هەڕەشەیە تەنیا بۆ سەر كوردستان نییە بەڵكو بۆ هەموو وڵاتانە و سوپاسی گەلی كوردستان و هێزی پێشمەرگەیشی كرد كە دلێرانە شەڕی تیرۆریستانی داعش دەكەن. وەزیری بەرگریی كرواتیا ئامادەیی وڵاتەكەیشی بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند كە لە بواری سەربازی و مەشقپێكردن، هاوكاریی هێزەكانی پێشمەرگەی بكات.
لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی بەخێرهاتنی وەزیری بەرگریی كرواتیا و شاندی یاوەری كرد و سوپاسی هەڵوێستی وڵاتی كرواتیاشی كرد لە پاڵپشتیكردنی هەرێمی كوردستان و جەختی لە ئامادەیی هەرێمی كوردستان كردەوە بۆ فراوانكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا.
هەر لەم دیدارەدا سەرۆك بارزانی لە گوتەیەكدا كورتەیەكی لە مێژووی خەبات و كۆلنەدان و قوربانیدانی گەلی كوردستان بۆ شاندی میوان باس كرد و ئەوەی خستەڕوو سەرباری هەموو نەهامەتی و سەختییەكان گەلی كوردستان خۆی بەدەستەوە نەدا و سەریش كەوت و لە پاراستنی خۆی و گەشەسەندندا بەردەوام دەبێت. سەرۆك بارزانی پەیوەست بە هەڕەشەی تیرۆریستان هێمای بەوەدا كە شەڕی تیرۆر تەنیا بە لایەنێك ناكرێت بەڵكو هەڕەشەیەكە بۆ هەموو لایەك و ڕووبەڕووبوونەوەی پێویستی بە هەوڵێكی هاوبەشی هەموو لایەك هەیە. پاش پەلاماری تیرۆریستان بۆ كوردستان پێشمەرگە بە ئیمكانیاتی كەم و چەكی كۆن توانی قارەمانانە هێرشی داعش ڕابگرێت و تووشی شكستی بكات.
قسەكردن لەبارەی پێداویستییەكانی هێزی پێشمەرگە و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا تەوەرێكی دیكەی ئەم دانیشتنە بوو و، هەردوولا ڕێككەوتنی ئەم دواییەی نێوان حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی عێراقیان بە هەنگاوێكی ئەرێنی وەسفكرد.
جێگەی ئاماژەیە لەم كۆبوونەوەیەدا مستەفا سەید قادر وەزیری پێشمەرگە و د. فواد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم و ئەنوەر حاجی عوسمان بریكاری وەزارەتی پێشمەرگە و جەعفەر شێخ مستەفا و فەریق شێروان عەبدولڕەحمان و فەریق جەبار یاوەر ئەندامانی فەرماندەیی گشتیی هێزەكانی پاراستنی هەرێم و فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی حكوومەت ئامادە بوون.