كۆبوونەوەی دەوری نێوان فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت و نوێنەرایەتی ووڵاتانی بیانی لە هەرێم بەڕێوەچوو

  • دوو شەممە, 08 ک یەکەم 2014

ئەمڕۆ يەكشەممە ڕێكەوتي 7/12/2014 كۆبوونەوەي دەوري نێوان فەرمانگەي پەيوەنديەكاني دەرەوەي حكومەت و نوێنەرايەتي ووڵاتاني بياني لە هەرێمي كوردستان بە ئامادەبووني بەڕێزان د. فواد حسين سەرۆكي ديواني سەرۆكايەتي هەرێم و فەلاح مستەفا بەرپرسي پەيوەنديەكاني دەرەوە و سەفين دزەيي ووتەبێژي حكومەتي هەرێم ئەنجامدرا.

لە سەرەتاي كۆبوونەوەكەدا بەرپرسي پەيوەنديەكاني دەرەوە بە ناوي حكومەتي هەرێمي كوردستان سوپاسي تەواوي نوێنەرايەتيەكاني ووڵاتاني بياني لە هەرێمي كوردستان كرد بۆ بەردەوامي كارەكانيان لە هەرێمي كوردستان و هاوكاري و پشتگيريان لە خەڵكي هەرێمي كوردستان و پەرەپێداني پەيوەنديەكان لە بواري سياسي و ئابوري و كەلتوري و بازرگاني و وەبەرهێنان. هەروەها پيرۆزبايي دەست بەكاربووني لە ژمارەيەك لە كونسوڵي گشتي و نێردەي ووڵاتـاني بياني كرد كە لە ماوەي ڕابردوودا لە هەرێمي كوردستان دەست بەكاربوونە.

دواتر باسي لە دووايين ڕێكەوتنامەي نێوان هەرێمي كوردستان و بەغدا كرد كە دەستپێكي قۆناغێكي تازە بۆ چارەسەركردني كێشە هەلپسێرداوەكاني نێوان بەغدا و هەولێر و دەرەنجامي ڕێكەوتنامەكەش لە بەرژوەندي خەڵكي هەرێمي كوردستان و عێراقە بۆ زياتر ئارامي و ئاوەدانكردنەوە و بينات نانەوەي ووڵات.


هەڕەشە و هێرشەكاني داعش و هاتني ئاوارە و پەنابەران بۆ هەرێمي كوردستان تەوەرێكي تري كۆبوونەوەكە بوو كە تيايدا جەخت كرايەوە لەسەر مەترسي هەڕەشەكاني داعش و بەرەنگاربوونەوە هێزەكاني پێشمەرگە كە توانيوويانە شەپۆڵي مەترسيەكاني داعش بوەستێنن و ناوچەيەكي بەرفراوان ئازادبكەن، بۆيە سوپاسي ئەو ووڵاتانە كرا كە لە ڕووي دابين كردني چەك و مەشق هاوكاري هێزەكاني پێشمەرگەيان كردووە هاوكات داواي بەردەوامي ئەو هاوكاري سەربازي كرا بەتايبەتي بەهۆي بەردەوامي شەڕو هەڕەشەكاني داعش.

سەبارەت بە بارودۆخي مرۆيي ئێستا هەرێمي كوردستان ميوانداري نزيكەي يەك مليۆن و شەش سەد هەزار ئاوارەي ناوخۆي و پەنابەري سوري دەكات و حكومەتي هەرێم ئەو پەڕي تواناي خۆي خستۆتە گەڕ بۆ دابين كردني پێداويستيەكانيان بەتايبەتي كە ئێستا بەرەو وەرزي زستان نزيك دەبينەوە، ووڵاتە كۆمەك بەخشەكان هاوكاري مرۆييان پێشكەش كردووە بەڵام زۆري ئەو ژمارەيە پێويستي بە هەوڵي زياتر هەيە بۆيە داواكرا كە نوێنەرايەتي ووڵاتاني بياني هەوڵ بدەن سەرەڕاي هاوكاري حكومەتەكانيان، ڕێكخراوە نێودەوڵەتيە ناحكوميەكان هان بدەن بە هاناي ئەو ئاوارە و پەنابەرانەوە بێن و حكومەتي هەرێم ئامادەيە تەواوي كار ئاساني و هاوكاري پێشكەش بكات بۆ جێبەجێ‌ كردني چالاكيەكانيان لە كوردستان.

بەڕێز د. فواد حسين سەرۆكي ديواني سەرۆكايەتي هەرێم باسي لە بارودۆخي هەرێمي كوردستان و ناوچەكە كرد بە تايبەتي ڕۆڵي هێزەكاني پێشمەرگە لە ئازادكردني ناوچەكان و دابين كردني ئارامي و سەقامگيري و  ئاسايش و شەڕكردن دژي ڕێكخراوي تيرۆريستي داعش بە نوێنەرايەتي هەموو جيهاني ئازاد.


بەڕێز سفين دزەيي پوختەيەكي دەربارەي گفتوگۆكاني نێوان هەرێمي كوردستان و حكومەتي فيدراڵ لە بەغدا خستەڕوو كە هەرێمي كوردستان بەشێوەيەكي بەردەوام هەوڵي داوە كە تەواوي پرسە هەڵپسێردراوەكان لە ڕێگاي گفتوگۆ چارەسەربكرێت و گووتي تێگەيشتني تەواومان هەيە كە هەموو پرسەكان لە يەك ڕۆژدا چارەسەر ناكرێت بەڵام بووني گفتوگۆي بەردەوام و كاركردن بەيەكەوە تاكە ڕێگايە كە لە بەرژوەندي هەرێمي كوردستان و عێراقدايە.

بەڕێز فايز ئەلخوري كونسوڵي گشتي شانشيني ئوردني و عەميدي سيلكي ديبلۆماسي بە ناوي ديپلۆماتكاران سوپاسي فەرمانگەي پەيوەنديەكاني دەرەوەي كرد بۆ ڕێكخستني ئەو كۆوونەوە و ئاماژەيكرد كە تەواوي نوێنەرايەتي ووڵاتاني بياني لە هەرێمي كوردستان كاردەكەن بۆ پەرەپێداني پەيوەنديەكانيان لەگەڵ هەرێمي كوردستان لە چوارچێوەي عێراقدا و بەيەكەوە كاركردن بۆ بەرەنگاربوونەوەي ئەو ڕووبەربوونەوانە.

لە كۆتايي كۆبوونەوەكەدا ژمارەيەك پرسيار لەلايەن ئامادەبووانەوە ئاراستەكران و لەلايەن نوێنەراني هەرێمي كوردستان بەشێوەيەكي وورد وەڵامدرانەوە.

نوێنەراني ووڵاتاني شانيشني ئوردن، فەڵەستين، كۆماري ئيسلامي ئيران، ئيماراتي عەرەبي يەكگرتوو، وويلايەتە يەكگرتووەكاني ئەمريكا، كۆماري توركيا، پۆلەندا، بەريتانيا، كۆماري چيني ميللي، كۆماري ئەلمانياي فيدراڵ، كۆماري ڕووسياي فيدراڵ، كۆماري هەنگاريا، كۆماري ميسري عەرەبي، كۆماري ئيتاليا، كۆماري ڕۆمانيا، هۆڵەندا، كۆماري چيك، كۆماري فەڕەنسا، كۆماري بولگاريا، ژاپۆن، نێردەيي نەتەوەيەكگرتووەكان لە هەرێمي كوردستان ئامادەي كۆبوونەوەكە بوون.

 

 

 

 

 

 

 

Read کد خبر: 996

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی