ئەمڕۆ سێشەممە 9ـی 12ـی 2014 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە مەراسیمێكی تایبەت و بە ئامادەبوونی مستەفا سەید قادر وەزیری پێشمەرگە و ئەنوەر حاجی عوسمان بریكاری وەزیری پێشمەرگە و ژمارەیەك لە بەرپرسانی وەزارەتی پێشمەرگە، بە مەبەستی بەخێرهێنانەوەیان پێشوازی لەو پێشمەرگانە كرد كە پاش بەجێگەیاندنی ئەركەكانیان لە كۆبانێ گەڕاونەتەوە هەرێمی كوردستان.
لە دیدارەكەدا سەرۆك بارزانی گوتەیەكی پێشكەش كرد و تێیدا بە گەرمی بەخێرهاتنی ئەو پێشمەرگە قارەمانانەی كرد كە دوای بەجێگەیاندنی ئەرك و ڕاسپاردە سەربازییەكان بە سەركەوتوویی بۆ هەرێمی كوردستان گەڕاونەتەوە. سەرۆك بارزانی ئەركی پێشمەرگەی لە كۆبانێ بە پیرۆز و بەرز وەسف كرد و گوتی: " ئێوە سەروەرییەكی گەورەتان بۆ خۆتان و خانەوادە و وڵاتەكەتان تۆمار كردووە، شەرەفی یارمەتیدانی خوشك و براكانمان لە پارچەیەكی دیكەی كوردستان بەر ئێوە كەوتووە و ئەوە سەروەرییەكی زۆر مەزنە". سەرۆك بارزانی ئەوەیشی بە پێشمەرگەكان گوت كە جێگەتان لە دڵی میللەتی كوردە و سەری ئێمەتان بەرز كرد و دەستتان خۆش بێت. سەرۆك بارزانی ئەوەیشی دووپات كردەوە كە ئەو پێشمەرگانەی دەچنە كۆبانێ و بەرگری لە خوشك و براكانیان دەكەن نوێنەری هەموو پێشمەرگە و هەموو كوردستانییەكی دڵسۆزن و ڕایشیگەیاند كە چوونی پێشمەرگە بۆ كۆبانێ دوژمنی تووشی نائومێدی كرد و دەستكەوت و سەركەوتنی مەزن لە كۆبانێ بەدیهات.
سەرۆك بارزانی لە درێژەی قسەكانیدا ڕۆڵی پێشمەرگەی لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان بەرز نرخاند و ئاماژەی بەوەدا كە تەنیا پێشمەرگەیە توانیویەتی هێرشی تیرۆریستان ڕابگرێت و تێكیانبشكێنێت و ئەوەیش شەرەفێكی گەورەیە كە بە دەست و بازووی پێشمەرگە ئەو سەركەوتنانە تۆمار كراون. سەرۆك بارزانی لە قسەكانیدا جەختیشی لەوە كردەوە كە لە هەموو حاڵەتێكدا نابێ ئێرادەی گەلەكەمان بشكێت و ئیرادەی گەلی كوردستانیش خۆی لە ئیرادەی پێشمەرگە دەبینێتەوە و سەركەوتنی پێشمەرگە بە مانای سەركەوتنی ئێرادەی گەلی كوردستانە.
سەرۆك بارزانی لە قسەكانیدا باسی لە هەڕەشەكان و سەرەتای دروستبوونی داعش كرد و ئەوەی خستەڕوو كە دوژمن تەوەقوعی ئەوەی نەدەكرد پێشمەرگە و گەلی كوردستان خۆیان بگرن و هەروەها جیهانیش یارمەتیی گەلی كوردستان بدات بۆیە پەلاماری كوردستانیدا. سەرۆك بارزانی جەختیشی لەوە كردەوە كە خۆڕاگریی پێشمەرگە پێگە و ناوبانگێكی بەرزی بۆ گەلی كوردستان بەدیهێناوە و ئەو پێگەیە بە هیچ سامانێك دروست نابێ تەنیا بە خۆڕاگری و قوربانیدان نەبێ.
سەرۆك بارزانی لەدرێژەی قسەكانیدا باسی ئەوەیشی كرد كە لە یارمەتیدانی خوشك و براكانمان لە كۆبانێ بەردەوام دەبین و گوتی: " ئەركێكی نەتەوەیی و نیشتیمانییە ئەگەر ڕێگە هەبێت ، خوشك و برایانمان لە كۆبانێ پێویستیان بە یارمەتی هەبێت ئێمە یارمەتیان دەدەین.
لە كۆتایی قسەكانیدا سەرۆك بارزانی سڵاوی بۆ گیانی پاكی ئەو شەهیدە قارەمانانە نارد كە لە شەڕی دژی تیرۆریستاندا گیانی خۆیان بەخت كردووە و هیوای خواست خودای مەزن بە بەهەشتی خۆی شادیان بكات.