سەرلەبەیانی ئەمڕۆ پێنج شه‌ممه‌ 6/3/2014 كۆسرەت ڕەسوڵ عەلی جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەئامادەبونی بەهرۆز محەمەد صاڵح پارێزگاری سلێمانی پێشوازی كرد لە د.صادق سوڵتانی پارێزگاری بابل و وەفدێكی هاوڕێی.

لە دیدارێكدا جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەوەفدی میوانی ڕاگەیاند: بەپێویستی دەزانم پەیوەندی نێوان پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان و سەرجەم پارێزگاكانی تری عێراق بەردەوامبن بۆ ئەوەی سود لە ئەزمونی یەكتر وەربگرن لە ڕووی چۆنێتی بەڕێوەبردنەوە بۆ خزمەتی زیاتری هاوڵاتیان و بەرەو پێش بردنی خزمەتگوزاری سەردەمیانە.

لە درێژەی وتەكانیدا كۆسرەت ڕەسوڵ تیشكی خستە سەر تەواوی هەل و مەرج و پێشهات و گۆڕانكاریەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان و ناوچەكە بەگشتی و ووتی: هیوادارم گرژی و ئاڵۆزییەكان كۆتاییان پێ‌ بهێنرێت وگفتوگۆكان بەردەوامبن بۆ گەیشتن بەڕێگە چارەیەك، كە ببێتە مایەی خۆشحاڵی هەموو لایەك.

هەر لە دیدارەكەدا جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان باسی لە گرنگی و مێژووی پارێزگای بابل كرد و وتیشی: ئومێدەوارم پەیوەندی نێوان پارێزگای بابل لەگەڵ هەرسێ‌ پارێزگاكەی تری هەرێمی كوردستان بەگشتی و بەتایبەت پارێزگای سلێمانی باشتر بكرێت.

لەتەوەرێكی تری دیدارەكەدا پارێزگاری بابل گەشبینی پیشاندا لەبەرامبەر سەردانەكەی بۆ شاری سلێمانی و خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بۆ ئەو پێشكەوتنە لەبەرچاوەی شارەكە بەخۆیەوە بینیویەتی و ووتیشی: سلێمانی ناوچەیەكی ستراتیژی گرنگە و ئومێد دەكەم پەیوەندییەكانمان پەرەی زیاتری پێ‌ بدرێت لەگەڵ پارێزگای سلێمانی.

لە كۆتایی دیدارەكەدا هەردوولا كۆك بوون لەسەر ئەوەی ناكۆكیەكان كۆتاییان پێ‌ بهێنرێت و دیالۆگ و دانیشتنەكان بەردەوام بن تائەو كاتەی دەرەنجامی باشیان دەبێت، چونكە هێشتنەوەی كێشەكان بێ‌ چارەسەر خزمەتی بەرژەوەندییەكان ناكات.

شەممە, 08 ئازار 2014

 

 

 

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی