جەماوەری كۆڵنەدەری كوردستان

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 26ـی 2ـی 2015 بە سەرپەرشتیی جەنابی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و ئامادەبوونی بەڕێز سەرۆكی حكوومەت و جێگرەكەی، كۆبوونەوەی باڵای حزبە كوردستانییەكان لە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان ساز درا.

دوای ئەوەی جەنابی سەرۆكی هەرێم باسی بەشداریكردنی لە كۆنفڕانسی ئاساییشی میونیخی ئەڵمانیا كرد و گرنگیی بڕیارە پەسەندكراوەكانی كۆنفڕانسەكەی لە دژی داعش و چاوپێكەوتنەكانی لە پەراوێزی كۆبوونەوەكاندا لەگەڵ گەورەبەرپرسانی وڵاتاندا ڕوونكردەوە، جەختیشی لەوە كرد كە، ئەزموونی سیاسیی هەرێمی كوردستان و خۆڕاگریی و سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە شنگال هەتا خانەقین و تا دەگاتە سەركەوتنە بەردەواكانی كۆبانێ، بۆتە مایەی كاریگەریی زیاتری پێگەی كورد لەناو وڵاتان و لەسەر ڕای گشتیی ڕۆژئاوایش، و هەموو ئەم سەركەوتن و گۆڕانكاریی و لە ئەنجامی قارەمانێتیی پێشمەرگە و شەهیدانی سوورخەڵاتی كوردستانە، كۆبوونەوەكە لەسەر دۆخی عێراق و كوردستان و حكوومەتی هەرێم و تەنگژەی دارایی هەڵوەستەی كرد.

بۆ ئەوەی ئامادەبووان وردتر و بە ئامار لە كێشەكان ئاگادار بن، بەڕێز وەزیری سامانە سروشتییەكان بە داتاشۆ ڕاپۆرتێكی تێروتەسەلی لەبارەی ڕێككەوتنی نێوان حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی بەغدا و وردەكارییەكانی هەناردەكردنی نەوت پێشكەش كرد.

لەسەر كۆی ڕووداوەكان و تەنگژەكان و سیاسەتی هەرێم و ئەركی حزبە كوردستانییەكان لەم باروۆخە هەستیار و چارەنووسسازەدا، كۆبوونەوەكە ئەم بڕیارانەی خوارەوەی پەسەند كرد:

یەكەم: بە پێزانینی بێڕادە، كۆبوونەوەكە گیانی قارەمانێتیی پێشمەرگەی لە بەرەكاندا بەرز نرخاند و خۆڕاگریی و قارەمانێتیانی بە مایەی شانازی كورد و كوردستان و دیموكراتخوازان لە ناوچەكە و لە جیهانیشدا زانی. هەروەها كۆبوونەوەكە كێلی نەمری شەهیدانی كوردستانی گوڵبارانی وەفا كردو سەرجەم سەركەوتنەكانیش بە خوێنی گەشی ئەوان مۆری مێژوویی لێ دراوە. هەر بەم گیانی خۆڕاگرییەی پێشمەرگە و قوربانیی شەهیدان و پشتیوانیی بێ دریخی گەلەكەمان، لە سەرانسەری كوردستان و تاراوگەدا دوا سەركەوتن بە دەست دێت و دەستەبەری بەدیهێنانی باقی ئامانجەكانی گەلەكەمانیش دەكرێت.

دووەم: جەخت لەسەر یەكڕیزیی هێزە سیاسییەكانی كوردستان لە عێراق و ناوچەكە و كوردستاندا كرایەوە هەتا لەم هاوكێشە سیاسی و سەربازییەی كوردستان و ناوچەكە، پێكەوە سەركەوتنە سیاسی و ئیداری و سەربازییەكان بەرەو سەركەوتنی یەكجارەكی بەرین.

سێیەم: بۆ ئەوەی یەكڕیزیی سیاسیی هێزە سیاسییەكانی كوردستان زیاتر لە ئێستا بگەیێندرێتە قۆناغی باڵای متمانەی سیاسی، كۆبوونەوەكە ڕایسپارد كە وا بە زووترین كات بە پێی شاییستەیی هەڵبژاردن، لایەنە بەشدارەكانی حكوومەتی بنكەفراوانی كابینەی هەشتەم (گۆڕان و یەكگرتوو و كۆمەڵ) پشكی خۆیان لە حكوومەتی ناوەند و هەرێم و پارێزگاكانیش بۆ دابین بكرێ.

چوارەم: گەلی كوردستان و حكوومەتی هەرێم بە مافی بەێ ئەملا و ئەولای خۆی دەزانێ بە پێی ماددەی 112 و 115ـی دەستووری عێراق، سیاسەتی هەڵگۆزین و هەناردەكردنی نەوت لەناو پڕۆسەی یاسایی و ڕێسایی خۆیدا بە پابەندبوونی هەردوولا بە یاسای بودجەی عێراقی فیدڕاڵ بۆ ساڵی 2015، بۆ دەستەبەری ئابووریی هەرێم، پەیڕەو بكات، هەر ئەوەیش كێشەی بنەڕەتیی بودجە و مووچەی خەڵكی كوردستان چارەسەر دەكات. ڕێككەوتنە مۆركراوەكانیش لەگەڵ حكوومەتی بەغدا لە لایەن حكوومەتی هەرێم بڕگە بە بڕگە جێبەجێ دەكرێ، هەر وەكو پێویستیشە لە لایەن حكوومەتی بەغدایشەوە جێبەجێ بكرێ. گیروگرفتی تەكنیكیش تێكرا قابیلی دیالۆگ و چارەسەركردنن. لەم پێناوەدا بەرنامەی سیاسی و زانستیی پەسەند كرا، هەتا كۆسپ و تەگەرەكانی بەردەم ڕێككەوتنەكان بە دڵنیاییەوە وەلاببردرێن.

پێنجەم: كۆبوونەوە داوای لە پارلەمانی عێراق و حكوومەتی عێراق و هاوپەیمانیی شیعە و لایەنەكانی سووننە دەكات لە هیچ بارودۆخێكدا كێشەی سیاسی و گرفتی تەكنیكی نەكرێنە كۆسپ لەبەردەم مووچەی خەڵكی كوردستان و هەروەها پشتیوانیكردنی پێشمەرگە و دابینكردنی مووچەیان هەر وەكو سوپای عێراق و باقی هێزە چەكدارەكانی عێراق.

شەشەم: سەرۆكایەتیی هەرێم و حكوومەت و پارلەمانی كوردستان بەرنامەیەكی فراوانتری دیپلۆماسی و نێونەتەوەییان هەبێ بۆ دەستەبەركردنی پشتیوانیی زیاتری سیاسیی وڵاتان و ناوەندە جیهانییەكان هەروەها بۆ دابینكردنی پشتیوانی هێزی پێشمەرگە لەڕووی چەكی قورس و لۆجستییەوە.
حەفتەم: كۆبوونەوەكە پشتیوانیی خۆی بۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستان دووپاتكردەوە و ئومێدەواریشە حكوومەتیش بەردەوام بێ لە هەوڵ و كۆشیشەكانی بۆ چارەسەركردنی كێشەی بودجە و مووچە.

لە كۆتاییشدا كۆبوونەوەكە سوپاسی زۆری تەواوی ئەو وڵاتە ئیقلیمی و هاوپەیمانییە جیهانییە كرد كە لەم جەنگەدا دژی تاریكپەرستانی داعشە سەلەفییەكان زوو هاتنە دەست و دەستبەجێیش بە هانای كوردستان و عێراقەوە هاتن.

كۆبوونەوەكە ئومێدەواریشە پێكەوە و بە زووترین كات بە پێی نەخشەیەكی تۆكمە و توانایەكی زیاتر سەركەوتنی ستراتیژی بەسەر داعشەكاندا بەدی بهێنن. ئەم سەركەوتنانەیش ببنە مایەی ئەوەی تەواوی كێشە سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتییەكانی عێراق و كوردستان و ناوچەكە بە جێبەجێكردنی مادەی 140ـیشەوە چارەسەری ڕیشەیی بكرێت.

ئیتر بۆ پێشەوە بەرەو سەركەوتنی یەكجارەكی

هەزاران سڵاو لە ڕۆحی پاكتان ئەی شەهیدە نەمرەكان

پارتی دیموكراتی كوردستان

یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان

بزووتنەوەی گۆڕان

یەكگرتووی ئیسلامی

كۆمەڵی ئیسلامی

26ـی 2ـی 2015

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 14/2/2015 به‌ڕێز مسعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان كۆتایی به‌ سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ ئه‌ورووپا هێنا و له‌ڕێی فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی هه‌ولێر گه‌یشته‌وه‌ پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان.


جێگەی ئاماژەپێكردنە سه‌رۆك بارزانی لەسەر‌ بانگهێشتێكی فەرمی بۆ به‌شداریكردن له‌ كۆنفرانسی ئاساییشی جیهانی له‌ میونیخ سه‌ردانی ئه‌ورووپای كرد و لە پەراوێزی كۆنفڕانسەكەیش چاوی بە ژمارەیەك بەرپرسی و سیاسەتەمەداری وڵاتانی جیهان كەوت و دوای ته‌واوبوونی كۆنفرانسه‌كه‌یش سه‌ردانی وڵاتی فه‌ڕه‌نسای كرد و له‌گه‌ڵ سه‌رۆك و گه‌وره‌ به‌رپرسانی فه‌ڕه‌نسا كۆبۆوه‌. هەروەها وڵاتی نەمسا دوایین وێستگەی سەردانەكەی سەرۆك بارزانی بوو و لەوێ لەگەڵ سه‌رۆكی نه‌مسا كۆبۆوه‌.

 

 

 

 

ئەمڕۆ شەممە 7ـی 2ـی 2015 لە پەراوێزی كۆنفڕانسی ئاساییشی جیهانی لە شاری میونیخ بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و شاندی یاوەری بە جیا لەگەڵ خاتوو فیدریكا موگیرینی بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەكێتیی ئەوروپا و بورگ برێند وەزیری دەرەوەی نەرویج و خاتوو ئۆرسۆلا فۆن دێر لاین وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا و ئێدوارد ناڵبەندیان وەزیری دەرەوەی ئەرمینیا و تەممام سەلام سەرۆك وەزیرانی لوبنان كۆبوویەوە.

لەم كۆبوونەوانەدا هەڕەشەی تیرۆریستان بۆ سەر ئاساییشی ناوچەكە و جیهان و بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش و سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان تاوتوێ كرا.

شایانی باسە لەم كۆبوونەوانەدا مستەفا سەید قادر وەزیری پێشمەرگە و د. فواد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم و فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی حكوومەتی هەرێن و دڵشاد بارزانی نوێنەری حكوومەتی هەرێم لە ئەڵمانیا یاوەری سەرۆك بارزانی بوون.

ڕۆژی هەینی 6ـی 2ـی 2015 و لە یەكەمین ڕۆژی كۆنفڕانسی ئاساییشی جیهانی لە شاری میونیخی ئەڵمانیا بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و شاندی یاوەری كە پێكهاتبوون لە مستەفا سەید قادر وەزیری پێشمەرگە و د. فواد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم و فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێم و دڵشاد بارزانی نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ئەڵمانیا، بەشدارییان لە ڕێوڕەسمی كردنەوە و بەڕێوەچوونی كۆنفڕانسەكە كرد.

لە یەكەمین ڕۆژی دەستپێكردنی چالاكییەكانی كۆنفڕانسی ئاساییشی جیهانی میونیخ و لە میانی كۆنفڕانسەكە سەرۆك بارزانی و شاندی یاوەری لەگەڵ خاتوو مادڵین ئۆڵبڕایت وەزیری پێشووی كاروباری دەرەوەی ئەمەریكا كۆبوونەوە و لە كۆبوونەوەكەدا بارودۆخی سیاسیی عێراق و كوردستان و شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش گفتوگۆی لەبارەیەوە كرا.

هەروەها لە پەراوێزی یەكەمین ڕۆژی كۆنفڕانسی ئاساییشی جیهانی لە شاری میونیخ سەرۆك بارزانی و شاندی یاوەری بە جیا لەگەڵ سێباستیان كورز وەزیری دەرەوەی نەمسا و ڤێزنا پۆسیچ وەزیری دەرەوەی كرواتیا كۆبوونەوە و لە هەردوو كۆبوونەوەكەدا شەڕی داعش و هەڕەشەی تیرۆریستان بۆ سەر ئاساییشی كوردستان و عێراق و ناوچەكە و جیهان و هەروەها پەیوەندیی دوو قوڵی نێوان هەرێمی كوردستان و نەمسا و كرواتیا تاوتوێ كرا.

لە بەشێكی دیكەی چالاكییەكانی یەكەم ڕۆژی كۆنفڕانسی میونیخ و لە پەراوێزی كۆنفڕانسەكەدا سەرۆك بارزانی و شاندی یاوەری بە ئامادەبوونی ژمارەیەك ئەندام پارلەمان و كەسایەتیی سیاسی و ئەمنیی ئەوروپا و ئەمەریكا بەشداری مێزگردێكی تایبەت بوون و تێیدا بارودۆخی مەیدانی و سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و چۆنییەتی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش خرایە بەر باس و گفتوگۆ.

ڕۆژی شەممە 7ـی 2ـی 2015 و لە دووەم ڕۆژی كۆنفڕانسەكەدا سەرۆك بارزانی و شاندی یاوەری لەگەڵ حەیدر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆبوونەوە. لەم كۆبوونەوەیەدا بە وردی بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا تاوتوێ كرا و هەردوولا پابەندبوونی خۆیان بە ڕێككەوتنەكەی نێوان هەرێم و بەغدا دووپات كردەوە و بڕیاریش درا كە پەیوەندی و یەكتربین و هەماهەنگیی هەردوولا بەردەوام بێت. لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەی نێوان سەرۆك بارزانی و سەرۆك وەزیرانی عێراق بارودۆخی پارێزگای نەینەوا و پڕۆسەی ئازادكردنی موسڵ و شوێنەكانی دیكە لە دەست تیرۆریستانی داعش قسەی لەبارەیەوە كرا.

هەر لە هەمان ڕۆژ سەرۆك بارزانی و شاندی یاوەری لەگەڵ خاتوو ئەنگێلا مێركل ڕاوێژكاری ئەڵمانیا كۆبوونەوە. لەم دیدارەدا سەرۆك بارزانی سوپاسی ئەڵمانیای كرد كە پاڵپشتیی هەرێمی كوردستان بووە و هاوكارییە سەربازییەكانی ئەڵمانیایشی بە كاریگەر وەسف كرد. لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا سەرۆك بارزانی باسی لە هەڕەشە و مەترسییەكانی تیرۆریستان بۆ سەر ئاساییشی ناوچەكە و ئەوروپا و جیهان كرد. هەر لەم دیدارەدا ڕاوێژكاری ئەڵمانیا سوپاسی ڕۆڵی پێشمەرگەی كرد و پێزانینی بۆ ئازایەتی و گیانفیدایی پێشمەرگە لە بەرانبەر تیرۆریستان هەبوو و جەختیشی لە بەردەوامیی پشتگیریی وڵاتەكەی بۆ هەرێمی كوردستان كردەوە. پەیوەندییەكانی هەرێم و بەغدا و پێویستیی بەردەوامی هەماهەنگی و دیالۆگی نیوان هەرێم و بەغدا تەوەرێكی دیكەی ئەم كۆبوونەوەیە بوون.

هەروەها ڕۆژی شەممە 7ـی 2ـی 2015 لە پەراوێزی كۆنفڕانسی ئاساییشی جیهانی لە شاری میونیخ بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و شاندی یاوەری بە جیا لەگەڵ خاتوو فێدریكا مۆگێرینی بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەكێتیی ئەوروپا و بورگ برێند وەزیری دەرەوەی نەرویج و ئێدوارد ناڵبەندیان وەزیری دەرەوەی ئەرمینیا و تەممام سەلام سەرۆك وەزیرانی لوبنان و خاتوو ئۆرسۆلا فۆن دێر لاین وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا كۆبوونەوە. لە كۆبوونەوەكەی سەرۆك بارزانی و شاندی یاوەری لەگەڵ وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا پێداویستییە سەربازییەكانی هێزی پێشمەرگە و هەروەها مەشق و ڕاهێنانی پێشمەرگە لە لایەن ئەڵمانیا و بەردەوامیی پێدانی چەك لە لایەن وڵاتی ئەڵمانیا تاوتوێ كرا.

ڕۆژی یەكشەممە 8ـی 2ـی 2015 لە شاری میونیخ و لە ڕۆژی سێیەمی كۆنفڕانسی ئاساییشی جیهانی لە شاری میونیخ سەرۆك بارزانی و شاندی یاوەری بە جیا لەگەڵ سێناتۆر جۆن مەكین و دوانزدە سێناتۆری دیكەی ئەمەریكایی لە هەردوو پارتی دیموكرات و كۆماریخواز كۆبوونەوە. لەم دیدارانەدا تێكڕای سێناتۆرەكانی ئەمەریكایی پشتگیریی تەواوی خۆیان بۆ كوردستان و هێزی پێشمەرگە دووپاتكردەوە و باسیان لەوە كرد كە پێویستە هاوكاریی سەربازیی زیاتر پێشكەشی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بكرێت.

هەر هەمان ڕۆژ بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و شاندی یاوەری لە پەراوێزی كۆنفڕانسی ئاساییشی جیهانی لە شاری میونیخ لەگەڵ جۆ بایدن جێگری سەرۆكی ئەمەریكا كۆبوونەوە. لەم دیدارەدا كە لە كەشێكی گەرم و دۆستانە ئەنجام درا جێگری سەرۆكی ئەمەریكا ستاییشی ڕۆڵی سەرۆك بارزانی و هێزی پێشمەرگەی كوردستانی كرد لە تێكشكاندنی تیرۆریستان و سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگەی لە دژی تیرۆریستان بەرز نرخاند.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی سوپاسی گەلی ئەمەریكا و سەرۆك و جێگری سەرۆك و كۆنگریس و دامەزراوەكانی ئەمەریكای كرد كە لە پشتگیریكردنی هەرێمی كوردستان هەڵوێستێكی زۆر باشیان هەبووە و سوپاسی سوپای ئەمەریكایشی كرد كە لەڕێی وەشاندنی گورزی ئاسمانی بۆ سەر تیرۆریستان یارمەتیی هێزی پێشمەرگەیان داوە.

لەم كۆبوونەوەیەدا بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق و ناوچەكە و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا خرایە بەر باس و جەخت لەسەر ڕێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا و پابەندبوون بەم ڕێككەوتنە كرایەوە و بەرەوپێشچوون و هەماهەنگیی نێوان هەولێر و بەغدا بە بابەتێكی كاریگەر لەقەڵەمدرا لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان و ئازادكردنی هەموو ئەو ناوچانەی لەژێر دەستی تیرۆریستاندا ماون.

پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەمەریكا تەوەرێكی دیكەی ئەم كۆبوونەوەیە بوو و تێیدا جێگری سەرۆكی ئەمەریكا پشتگیریی وڵاتەكەی بۆ هەرێمی كوردستان دووپاتكردەوە و سەرۆك بارزانییش باسی لە كۆمەڵێك پێداویستی و داواكاریی كرد كە پەیوەست بوون بە هێزی پێشمەرگەی كوردستان.

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی