پارێزگای هەولێر رایگەیاند، تا ئێستا هیچ حاڵەتێكی نەخۆشی كۆلێرا لە هەرێمی كوردستان تۆمار نەكراوە و چەندین رێوشوێنی تایبەت بۆ رێگەگرتن لەبڵاو بوونەوەی ئەم پەتایە بە هاوكاری لایەنی پەیوەندیدار گیراوەتەبەر.
بەسەرپەرشتی نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر وسەرۆكی لیژنەی باڵای پاراستنی ژینگە لە پارێزگای هەولێر وبەئامادەبوونی بەرپرس ونوێنەرانی دەزگا پەیوەندیدارەكان لەتەلاری پارێزگای هەولێر كۆبوونەوەیەك لەبارەی وەستان لەبەرامبەر ئەم پەتایە گرێدرا بەتایبەتی دوای گەیشتنی ئەم پەتایە بۆ كەركووك.
لەم كۆبوونەوەیەدا چەندین سەرنج وتێبینی لەمبارەیەوە لەلایەن ئامادەبووانەوە پێشكەشكرا و دووپات لەسەر خاوێن راگرتنی شوێنی گشتی و پاراستنی تەندروستی خیوەتگا و كامپەكانی پەنابەر و ئاوارەكان لە هەولێر و دەورووبەری .
پاشان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا عەلی رەشید سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر، تیشكی خستەسەر وردەكاریەكانی كۆبوونەوەكە و ئاماژەی بەوەدا ئەنجومەنی پارێزگا بەمەبەستی پاڵپشتیكردن لەهەنگاوەكانی پارێزگا لەبارەی روبەڕووبوونەوەی ئەم پەتایە گەورەیە كە بە شێوەیەكی خێرا لە چەندین پارێزگای عیراق بڵاو بووەوە و گەیشتە پارێزگای كەركووكیش بەشداری ئەم كۆبوونەوەیەی كرد و ئامادەی هەموو هاوكاریەكە لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار.
تاهیر عەبدولڵا جێگری پارێزگاری هەولێر رونیكردەوەن ئەم كۆبوونەوەیە لەسەر داوای بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر گرێدرا وتیایدا نوێنەرانی دەزگا پەیوەندیدارەكان لە شارەوانی و پەروەردە و پۆلیس بۆ وەرگرتنی چەند رێوشوێنێكی پێویست لەبارەی ئەم پەتایە، ئاماژەی بەوەش كرد بەپێی ئەو زانیاریانەی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێرەوە پێشكەشكراون تا ئێستا هیچ حاڵەتێكی ئەم نەخۆشیە لە هەرێمی كوردستان ولە شاری هەولێر تۆمار نەكراوە و بوونی نەبووە.
جێگری پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوەدا هاتوچۆ لەنێوان هەرێمی كوردستان وپارێزگاكانی دیكەی عیراق بەردەوامە بەتایبەتی بەغدا و تا ئێستاش رێوشوێنی ئەمنی هەن و بەردەوامن و ئەگەر پێویستیش بكات تیمی تەندروستی لەوێ ئامادە دەبن. خەڵكی هەولێریشی لەوە دڵنیا كردەوە كە كاری پاك و خاوێنی بەردەوام لەنێو شارەكەدا هەیە و كۆمپانیای تایبەت بەم بوارە بەئەركی خۆیان هەستاون و هەر كۆمپانیایەك كەمتەرخەم بێت سزای یاسایی خۆی وەردەگرێت وئاشكراشیكرد لە چەند رۆژی داهاتوودا هەڵمەتێكی خۆبەخشانە لەلایەن چەند گەنجێكی هەولێرەوە ئەنجام دەدرێت بۆ پاراستنی پاك و خاوێنی شار .
ئاشكراشیكرد، لەم كۆبوونەوەیەدا بڕیار درا یەكە ئیداریەكان لە قەزا و ناحیەكان هەریەكە و لیژنەیەكی بەدواداچوون بە هەماهەنگی لایەنی پەیوەندیدار بۆ هۆشیاركردنەوەی خەڵك و پێدانی رێنمایی پێویست بۆ رێگەگرتن لە بڵاو بوونەوەی ئەم نەخۆشیە بەتایبەتی بەڕێوەبەرایەتیەكانی دابەشكردنی ئاو چونكە سەرچاوەی سەرەكی بڵاوبوونەوەی ئەم نەخۆشیە ئاو و سەرچاوەكانی ئاوە، هاوكات دووپاتیشیكردەوە دەستەی گشتی گەشتوگوزار و لایەنی پەیوەست بە وەزارەتی پەروەردەوە كە رۆڵێكی گەورەیان لەمبارەیەوە دەبێت.
لەبارەی چاندن و ڕواندنی سەوزە لەو شوێنانەی كە ئاوی ئاوەڕۆ و زێرابی تیادا دەڕوات، تاهیر عەبدولڵا رایگەیاند، چەند ساڵێك لەمەوبەر ئەم كارە هەبوو بەڵام دواتر بیری ئیرتیوازی بۆ ئەم مەبەستە لێدرا و ئەم شێوە چاندنە بەتەواوی قەدەغەكرا، بەڵام نەیشاردەوە لە هەندێك شوێن سەرپێچی هەیە و بەدواداچوونی بۆ دەكرێت و رێگەی پێنادرێت لەبەر ئەوەی ئەم پرسە پەیوەندی بە ژیانی خەڵكەوە هەیە.
لەلای خۆشیەوە سامان بەرزنجی بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر دووپاتیكردەوە، نەخۆشخانە و بنكە تەندروستیەكانی هەرێمی كوردستان بۆ هەر ئەگەرێك ئامادەن بۆ رێگەگرتن لەهەر بڵاوبوونەوەیەك بۆ پەتای كۆلێرا و كار بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەی نموونەیی دەكەن بۆ ئەوەی ئەن نەخۆشیە بڵاو نەبێتەوە، و ئاماژەی بەوەشدا كۆبوونەوەی ئەنجومەنی باڵای پاراستنی ژینگە ساڵانەیە بەڵام ئەمساڵ سێ جار كۆبۆتەوە.
ئەوەشی خستەڕوو چەندین كۆبوونەوە لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی كراوە بەتایبەتی كە ئێستا خۆپاراستن لەم نەخۆشیە زۆر ئاسانە چونكە هێشتا حاڵەتەكە نەگەیشتۆتە هەرێمی كوردستان.
نەوزاد هادی، پارێزگاری هەولێر دووپاتیكردەوە پرسی پێشوازیكردن لە ئاوارەكانی شەڕی داعش پرسێكی دەستووری و یاساییە و حكومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوام لەگەڵ لایەنی نێودەوڵەتی كار لەسەر دابینكردنی هەموو پێداویستیەكانیان دەكات.
پارێزگاری هەولێر لە دیمانەیەكی تایبەت بە ماڵپەڕی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوەدا "وەرگرتنی ونیشتەجێكردنی ئەو ژمارە زۆرە ئاوارەیە لەهەولێر هەڵوێستێكی مرۆیی خەڵكی كوردستان و حكومەتی هەرێمی كوردستانە كە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش دەنگی داوەتەوە وئەو ئاوارانەش بەهۆی ئەم هەڵوێستە وبارودۆخی ئارام وئاسایشی سەقامگیری هەرێمی كوردستان ئەم شوێنەیان هەڵبژاردووە".
پارێزگار ئەوەشی خستەڕوو، "ئازادكردنی مووسڵ پرسێكی هەستیار وگرنگە چونكە ئێستا زیاتر لە دوو ملیۆن كەس لە مووسڵ دەژین وساڵێكە ئەم شارە لەژێر دەستی داعشدایە. ئازادكردنی ئەم شارە پێویستی بە هاوكاری نێودەوڵەتیش دەبێت نەوەكو تەنها بەشداری نێوخۆیی ودوای ئازادكردنیشی كارێکی زۆری پێویستە ئەنجامبدرێت و ناوچەی دەشتی نەینەوا وەكو یەكەمین هەنگاوی گەڕاندنەوەی ئاوارەكان دەستنیشانكراوە".
نەوزاد هادی رەتیكردەوە زۆری ژمارەی ئاوارەكان لە هەولێر كاریگەری بەسەر بارودۆخی ئەمنی ئەم شارەدا هەبووبێت ودووپاتیشیكردەوە "هەرچی رووداوێك لەهەولێر روویدابێت جا تیرۆریستی بێت یانیش تاوانكاری، لایەنی ئەمنی كاری لەسەر كردووە وكەیسەكانیش دراونەتە دادگا و ئاوارەكان هیچ پەیوەندیان بەو كارەوە نەبووە" .
هەروەها گوتی، "بەڵێ ئەم ئاوارانە بەم ژمارە زۆرەوە پێویستیان بە كار و خزمەتگوزاری زیاترە بەڵام بەهیچ شێوەیەك پەیوەندیان بە رووداوی ئەمنیەوە نیە ودەزگاكانی ئاسایشیش لەمبارەیەوە هیچ درێغیان نەكردووە. ئێستاش بارودۆخی هەولێر سەقامگیرە وهیچ گرفتێكی وا گەورە لەئارادا نیە".
گوتیشی "دەزگا ئەمنیەكان هەر زوو لەگەڵ هەر گومانێك ئەوانەی دوور و نزیك دەستیان لەهەر كردارێكی لەمجۆرەوە هەبێت دەستگیریان دەكەن و هێزەكانی پێشمەرگەش رۆڵی خۆیان لەمبارەیەوە بینیوە."
بە پێی ئامارەكان، تاوەكو ئێستا نزیكەی یەک ملیۆن وهەشتسەد هەزار ئاوارەی عەرەب لە مووسڵ و ئەنبار وبە پلەیەکی کەمتر کوردی کوردستانی سوریا، روویان لە هەرێمی كوردستان كردووە ولەچەندین كامپی جیاجیا لە شارەكانی هەرێمدا دەژین. هەروەها بەشێكی زۆریشیان لەنێو شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستاندا نیشتەجێن.
لەبارەی هەندێك لەو دەنگۆیانەی گوایە ئاوارەكانی مووسڵ ورومادی پسوولەكانی خۆراكیان بۆ هەولێر دەگوازرێتەوە، پارێزگاری هەولێر ئەم دەنگۆیانەی رەتكردەوە وئاماژەی بەوەشدا "ئەم كارە لەسەر ئاستی عیراقدا وەستاوە وهەرێمی كوردستانیش بەپێی یاسا ودەستوور مامەڵە لەگەڵ ئەم پرسە دەكات وخودی ئەم دەستوورە خۆمان دەنگمان پێی داوە وبەپێی ئەم دەستوورەش چوارچێوەی یاسایی هەرێمی كوردستان دیارە وبەرچاوە".
هەروەها گوتی" مانەوەی ئاوارەكان لە هەرێمی كوردستان شتێكی كاتیە و ئێستا وڵاتانی هاوپەیمان كار بۆ ئازادكردنی ئەو شوێنانە دەكەن كە لەبەردەستی داعش دایە، بۆیە دووپاتی دەكەمەوە هیچ مەترسیەك كە لەلایەن هەندێك لە كەناڵەكانی راگەیاندنەوە باسی لێوە دەكرێت لەسەر هەولێر نیە بەهۆی ئەم ئاوارانە. بەپێچەوانەوە داڵدەدانیان ناو و ناوبانگیەكی زۆری بۆ هەرێمی كوردستان دروستكردووە و وڵاتانی جیهان بە رێزەوە سەیری ئەم هەرێمە دەكەن. بۆ زانیاریش ئەم ئاوارانە تەنها عەرەب نین بەڵكو مەسیحی و ئێزدی وچەندین پێكهاتەی دیكەش لەهەرێمی كوردستاندا نیشتەجێن وئەوەیشی كە لەمبارەیەوە باسی لێوە دەكرێت گوایە مەترسی لەسەر هەرێم هەیە تەنها موزایەداتی سیاسین وهەست نەكردنە بە بەپرسیارێتی وهەوڵی نانەوەی شەڕ وفیتنەیە لەنێوان كورد وعەرەب وهەوڵێكن بۆ تێكدانی بارودۆخی شاری هەولێر بە بڵاوكردنەوەی پرۆپاگەندەی نادروست و ئەم ئاوارانەش تەنها لە هەولێر بوونیان نیە بەڵكو لە سلێمانی و لەدهۆكیش بوونیان هەیە".
هەر بۆ مەبەستی كەمكردنەوەی مەینەتی ئەم ئاوارانە و نیشتەجێكردنیان لە شوێنی شیاو، لە 9ی ئەیلول/ سەپتەمبەری رابردوو، كامپێكی تایبەت بەو ئاوارانەی لە دیبەگە نیشتەجێكراون، لەلایەن رێكخراوی مانگی سووری ئیماراتیەوە دروستكرا.
لەم بارەیەوە پارێزگار ئاماژەی بەوەدا "ئەو كامپە کە لە دیبەگە بۆ ئاوارەكان كرایەوە شوێنێكی كاتیە بۆ نیشتەجێبوونیان ولە هەزار یەكە پێكهاتووە و هەر یەكەیەكیش لە ژوورێك وحەمام وئاودەست و ژووری چێشتلێنان وحەوشەیەكی بچووك پێكهاتووە. ئەمەش جگە لە هەبوونی قوتابخانە و بنكەی تەندروستی و كۆگا وشوێنی یەكەی ئیداری. ئەم کامپە بۆ ئەو ئاوارانەیە كە لەسنووری قەزای مەخموور لەوێ ئاوارە بوونە كە كورد وعەرەبیشی تیادایە و ئەو عەرەبانەش كە لەوێ نیشتەجێن گوندەكانیان لەبەردەستی داعشدان بەتایبەتی لە ناوچەكانی سوڵتان عەبدوڵلا و دەورووبەری. ژمارەیەكی زۆری ئەو پیاوانەی لەو شوێنانەدا هاتوونەتە مەخموور لە ریزی پێشمەرگە لەدژی داعش لەسەنگەرن و شەهیدیشیان هەبووە".
هەروەها رونیكردەوە " ئەوان ماڵ و شوێن وموڵكی خۆیان هەیە و یەكەی نیشتەجێبوون لە كامپ تاپۆ ناكرێت و حكومەتی هەرێمیش بەهاوكاری نەتەوە یەكگرتووەكان بودجەی تایبەتی بۆ ئاوارەكان داناوە ومانگی سووری ئیماراتیش بە سوپاسەوە ئەو كامپەی دروستكردووە ئەمە جگە لە كامپێكی نموونەیی لە بەحركە و چەندین پرۆژەی ئاو ودابەشكردنی خۆراك لە دهۆك".
دوایین هەواڵەکان
- نوێنەری حکومەتی هەرێم لە ئێران: سەردانەکەی پزیشکیان ئاماژەیە بۆ گرنگیدانی ئێران بە هەرێمی کوردستان
- ههرێمى كوردستان و ئێران جهخت له برهودان به پهيوهندييهكانيان دهكهنهوه
- سهرۆک نێچیرڤان بارزانی: سەردانی سەرۆک کۆماری ئێران مێژوویی بوو
- نازم دەباغ له وتووێژ لهگهڵ ئاژانسی ئیرنا: مەسعوود پزشکیان سەردانی هەولێر دەکات
- نازم دەباغ: کاتی سەردانی پزیشکیان بۆ عێراق دیار نییە
- «سەلام رشدی» لهگهڵ شاندی یهکێتی هاورده و ناردنکارانی لقی ههولێر کۆبۆوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى: ههميشه پشتيوانى و بهرگرى له مافهكانى ئێزدييان دهكهين
- سهرۆک نێچیرڤان بارزانی لهگهڵ باڵیۆزی یهکێتیی ئهورووپا کۆبووهوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى لهگهڵ باڵيۆزى نهمسا كۆبووهوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى سوپاسى جهنهرال ڤاول دهكات