پارێزگاری هەولێر: هیچ مەترسیەكی ئەمنی لەلایەن ئاوارەكانەوە بەسەر هەولێرەوە نیە و دەزگاكانی ئاسایش رۆڵی خۆیان بینیوە

  • دوو شەممە, 14 ئەیلول 2015

نەوزاد هادی، پارێزگاری هەولێر دووپاتیكردەوە پرسی پێشوازیكردن لە ئاوارەكانی شەڕی داعش پرسێكی دەستووری و یاساییە و حكومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوام لەگەڵ لایەنی نێودەوڵەتی كار لەسەر دابینكردنی هەموو پێداویستیەكانیان دەكات.

پارێزگاری هەولێر لە دیمانەیەكی تایبەت بە ماڵپەڕی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوەدا "وەرگرتنی ونیشتەجێكردنی ئەو ژمارە زۆرە ئاوارەیە لەهەولێر هەڵوێستێكی مرۆیی خەڵكی كوردستان و حكومەتی هەرێمی كوردستانە كە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش دەنگی داوەتەوە وئەو ئاوارانەش بەهۆی ئەم هەڵوێستە وبارودۆخی ئارام وئاسایشی سەقامگیری هەرێمی كوردستان ئەم شوێنەیان هەڵبژاردووە".

پارێزگار ئەوەشی خستەڕوو، "ئازادكردنی مووسڵ پرسێكی هەستیار وگرنگە چونكە ئێستا زیاتر لە دوو ملیۆن كەس لە مووسڵ دەژین وساڵێكە ئەم شارە لەژێر دەستی داعشدایە. ئازادكردنی ئەم شارە پێویستی بە هاوكاری نێودەوڵەتیش دەبێت نەوەكو تەنها بەشداری نێوخۆیی ودوای ئازادكردنیشی كارێکی زۆری پێویستە ئەنجامبدرێت و ناوچەی دەشتی نەینەوا وەكو یەكەمین هەنگاوی گەڕاندنەوەی ئاوارەكان دەستنیشانكراوە".

نەوزاد هادی رەتیكردەوە زۆری ژمارەی ئاوارەكان لە هەولێر كاریگەری بەسەر بارودۆخی ئەمنی ئەم شارەدا هەبووبێت ودووپاتیشیكردەوە "هەرچی رووداوێك لەهەولێر روویدابێت جا تیرۆریستی بێت یانیش تاوانكاری، لایەنی ئەمنی كاری لەسەر كردووە وكەیسەكانیش دراونەتە دادگا و ئاوارەكان هیچ پەیوەندیان بەو كارەوە نەبووە" .

هەروەها گوتی، "بەڵێ ئەم ئاوارانە بەم ژمارە زۆرەوە پێویستیان بە كار و خزمەتگوزاری زیاترە بەڵام بەهیچ شێوەیەك پەیوەندیان بە رووداوی ئەمنیەوە نیە ودەزگاكانی ئاسایشیش لەمبارەیەوە هیچ درێغیان نەكردووە.  ئێستاش بارودۆخی هەولێر سەقامگیرە وهیچ گرفتێكی وا گەورە لەئارادا نیە".

گوتیشی "دەزگا ئەمنیەكان هەر زوو لەگەڵ هەر گومانێك ئەوانەی دوور و نزیك دەستیان لەهەر كردارێكی لەمجۆرەوە هەبێت دەستگیریان دەكەن و هێزەكانی پێشمەرگەش رۆڵی خۆیان لەمبارەیەوە بینیوە."

بە پێی ئامارەكان، تاوەكو ئێستا نزیكەی یەک ملیۆن وهەشتسەد هەزار ئاوارەی عەرەب لە مووسڵ و ئەنبار وبە پلەیەکی کەمتر کوردی کوردستانی سوریا، روویان لە هەرێمی كوردستان كردووە ولەچەندین كامپی جیاجیا لە شارەكانی هەرێمدا دەژین. هەروەها بەشێكی زۆریشیان لەنێو شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستاندا نیشتەجێن.
لەبارەی هەندێك لەو دەنگۆیانەی گوایە ئاوارەكانی مووسڵ ورومادی پسوولەكانی خۆراكیان بۆ هەولێر دەگوازرێتەوە، پارێزگاری هەولێر ئەم دەنگۆیانەی رەتكردەوە وئاماژەی بەوەشدا "ئەم كارە لەسەر ئاستی عیراقدا وەستاوە وهەرێمی كوردستانیش بەپێی یاسا ودەستوور مامەڵە لەگەڵ ئەم پرسە دەكات وخودی ئەم دەستوورە خۆمان دەنگمان پێی داوە وبەپێی ئەم دەستوورەش چوارچێوەی یاسایی هەرێمی كوردستان دیارە وبەرچاوە".

هەروەها گوتی" مانەوەی ئاوارەكان لە هەرێمی كوردستان شتێكی كاتیە و ئێستا وڵاتانی هاوپەیمان كار بۆ ئازادكردنی ئەو شوێنانە دەكەن كە لەبەردەستی داعش دایە، بۆیە دووپاتی دەكەمەوە هیچ مەترسیەك كە لەلایەن هەندێك لە كەناڵەكانی راگەیاندنەوە باسی لێوە دەكرێت لەسەر هەولێر نیە بەهۆی ئەم ئاوارانە. بەپێچەوانەوە داڵدەدانیان ناو و ناوبانگیەكی زۆری بۆ هەرێمی كوردستان دروستكردووە و وڵاتانی جیهان بە رێزەوە سەیری ئەم هەرێمە دەكەن. بۆ زانیاریش ئەم ئاوارانە تەنها عەرەب نین بەڵكو مەسیحی و ئێزدی وچەندین پێكهاتەی دیكەش لەهەرێمی كوردستاندا نیشتەجێن وئەوەیشی كە لەمبارەیەوە باسی لێوە دەكرێت گوایە مەترسی لەسەر هەرێم هەیە تەنها موزایەداتی سیاسین وهەست نەكردنە بە بەپرسیارێتی وهەوڵی نانەوەی شەڕ وفیتنەیە لەنێوان كورد وعەرەب وهەوڵێكن بۆ تێكدانی بارودۆخی شاری هەولێر بە بڵاوكردنەوەی پرۆپاگەندەی نادروست و ئەم ئاوارانەش تەنها لە هەولێر بوونیان نیە بەڵكو لە سلێمانی و لەدهۆكیش بوونیان هەیە".

هەر بۆ مەبەستی كەمكردنەوەی مەینەتی ئەم ئاوارانە و نیشتەجێكردنیان لە شوێنی شیاو، لە 9ی ئەیلول/ سەپتەمبەری رابردوو، كامپێكی تایبەت بەو ئاوارانەی لە دیبەگە نیشتەجێكراون، لەلایەن رێكخراوی مانگی سووری ئیماراتیەوە دروستكرا.

لەم بارەیەوە پارێزگار ئاماژەی بەوەدا "ئەو كامپە کە لە دیبەگە بۆ ئاوارەكان كرایەوە شوێنێكی كاتیە بۆ نیشتەجێبوونیان ولە هەزار یەكە پێكهاتووە و هەر یەكەیەكیش لە ژوورێك وحەمام وئاودەست و ژووری چێشتلێنان وحەوشەیەكی بچووك پێكهاتووە. ئەمەش جگە لە هەبوونی قوتابخانە و بنكەی تەندروستی و كۆگا وشوێنی یەكەی ئیداری. ئەم کامپە بۆ ئەو ئاوارانەیە كە لەسنووری قەزای مەخموور لەوێ ئاوارە بوونە كە كورد وعەرەبیشی تیادایە و ئەو عەرەبانەش كە لەوێ نیشتەجێن گوندەكانیان لەبەردەستی داعشدان بەتایبەتی لە ناوچەكانی سوڵتان عەبدوڵلا و دەورووبەری. ژمارەیەكی زۆری ئەو پیاوانەی لەو شوێنانەدا هاتوونەتە مەخموور لە ریزی پێشمەرگە لەدژی داعش لەسەنگەرن و شەهیدیشیان هەبووە".

هەروەها رونیكردەوە " ئەوان ماڵ و شوێن وموڵكی خۆیان هەیە و یەكەی نیشتەجێبوون لە كامپ تاپۆ ناكرێت و حكومەتی هەرێمیش بەهاوكاری نەتەوە یەكگرتووەكان بودجەی تایبەتی بۆ ئاوارەكان داناوە ومانگی سووری ئیماراتیش بە سوپاسەوە ئەو كامپەی دروستكردووە ئەمە جگە لە كامپێكی نموونەیی لە بەحركە و چەندین پرۆژەی ئاو ودابەشكردنی خۆراك لە دهۆك".  

 

 

 

 

Read کد خبر: 1547

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی