ئەمڕۆ چوارشەممە 12ـی 11ـی 2014 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە بەڕێز د. یوسف محەمەد سەرۆكی پارلەمانی كوردستان كرد.
لە دیدارێكدا كە فواد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان ئامادەی بوو، بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش و سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان خرایە بەر باس و جەخت لەسەر پاڵپشتیكردنی هێزی پێشمەرگە كرایەوە. هەر لەم دیدارەدا هەنگاوەكانی كاركردن بۆ بەجینۆسایدناساندنی پەلاماردانی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر شنگال تاوتوێ كرا و بە پێویستیش زانرا كە ڕاگەیاندنە كوردییەكان بە هەست بەبەرپرسیارێتییەوە مامەڵە لەگەڵ بارودۆخی بەرەكانی شەڕ و پشتیوانیكردنی هێزی پێشمەرگە بكەن و بە هەستێكی نەتەوەیی و نیشتیمانییەوە كەیسی ژنە ڕفێندراوەكانی شنگال بخەنەڕوو.
لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەی نێوان سەرۆك بارزانی و سەرۆكی پارلەمانی كوردستان باس لە هەماهەنگیی زیاتری نێوان دامەزراوە سیادییەكانی هەرێم كرا و تیشكیش خرایە سەر ڕەشنووسی پڕۆژەی دەستووری هەرێمی كوردستان و چۆنییەتیی مامەڵەكردن لەگەڵ ئەم پڕۆژەیە لە قۆناغی ئێستا و داهاتوودا.
هەر لەم كۆبوونەوەیەدا بیروڕا لەبارەی كۆنگرەی نەتەوەیی و چۆنییەتی كاركردن لەبارەی سازدان و سەرخستنی كۆنگرەی نەتەوەیی ئاڵوگۆڕ كرا.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 3ـی 7ـی 2014 بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە مەبەستی پیرۆزباییكردنی خولی تازەی پارلەمان و هەروەها تاوتوێكردنی بارودۆخی سیاسیی عێراق و كوردستان و هەنگاوەكانی هەرێمی كوردستان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پێشهاتەكان و خۆسازكردنی هەرێمی كوردستان بۆ ڕیفراندۆم سەردانی پارلەمانی كوردستانی كرد و لە لایەن سەرۆكی پارلەمان و جێگری سەرۆكی پارلەمان و سكرتێری پارلەمانی كوردستان پێشوازی لێ كرا.
لە سەرەتای ئەم سەردانەدا سەرۆك بارزانی لەگەڵ دەستەی سەرۆكایەتیی پارلەمانی كوردستان كۆبۆوە و دەستەی سەرۆكایەتیی پارلەمان سەرۆك بارزانیی لەو ڕاپۆرت و ئامادەكارییانە ئاگادار كردەوە كە لە لایەن پارلەمانی كوردستان سەبارەت بە بارودۆخی هێزەكانی پێشمەرگە و بارودۆخی سیاسیی تازەی عێراق خراونەتەڕوو.
لە دوای ئەم كۆبوونەوەیە سەرۆك بارزانی بە ئامادەبوونی سەرۆك و جێگر و سكرتێری پارلەمانی كوردستان لەگەڵ سەرجەم سەرۆك فراكسیۆنەكانی نێو پارلەمانی كوردستان كۆبۆوە. لەم دانیشتنەدا سەبارەت بە بارودۆخی هێزەكانی پێشمەرگە و بارودۆخی سیاسیی و ئەمنیی عێراق و ڕووداوەكانی ئەم دواییەی موسڵ و هەروەها هەڵوێستی سیاسیی هەرێم سەبارەت بە بارودۆخی تازە و ڕیفراندۆم بۆ دیاریكردنی چارەنووسی گەلی كوردستان و هەروەها پێویستیی یەكڕیزیی لایەنەكان وتەیەكی پێشكەش كرد و دواتریش سەرۆكی فراكسیۆنەكانی پارلەمان سەرنج و تێبینی و پرسیارەكانی خۆیان لەبارەی قەیران و ئەگەر و پێشهاتەكان ئاراستەی سەرۆك بارزانی كرد.
پاش كۆتاییهاتنی كۆبوونەوەی سەرۆك بارزانی لەگەڵ سەرۆكی فراكسیۆنەكانی پارلەمانی كوردستان بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە هۆڵی پارلەمانی كوردستان ئامادە بوو و وتارێكی پێشكەش كرد.
لەم وتارەدا سەرۆك بارزانی پیرۆزبایی لە ئەندام و فڕاكسیۆنەكان و دەستەی سەرۆكایەتیی پارلەمان كرد بە بۆنەی خولی نوێی پارلەمانی كوردستان و ئەوەیشی ڕاگەیاند كە خەڵكی كوردستان چاوەڕوانییەكی زۆری لەم خولەی پارلەمان هەیە كە خولێكی كارا بێت و لە چاودێریكردن و دانانی یاساكان. سەرۆك بارزانی لەبارەی ڕۆڵی پارلەمانی كوردستان لە چارەنووسی وڵات هێمای بەوەدا كە پارلەمان مەرجەعی یەكلاییكەرەوەیە بۆ پرسە چارەنووسسازەكان. سەرۆك بارزانی لە وتەكەیدا باسی بارودۆخی سیاسیی عێراق و قەیرانی ئەم دواییەی كرد و ئاماژەی بەوەدا كە كوردستان دە ساڵ هەوڵیدا پڕۆسەی سیاسی و دیموكراسی و پێكەوەژیان لە عێراقدا سەربكەوێت بەڵام پێشێلكردنی دەستوور و هزری تاكڕۆیی و خۆسەپاندن و پەراوێزخستن نەیهێشت ئەم هەوڵانە سەر بگرن و عێراق گەییشتە ئەم ڕۆژەی كە ئێستا دەیبینن. سەرۆك بارزانی ئەوەیشی خستەڕوو كە كوردستان بەهیچ شێوەیەك هۆكاری ئەم دۆخەی ئێستای عێراق نییە و ئەوانەی كە دەستیان هەبووە دەبێ بەرپرسیارێتیی هەڵبگرن. لەبەشێكی دیكەی قسەكانیدا سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەوەدا كە ئێستا فرسەتێكی زۆر باش هاتووەتە ئاراوە كە كوردستان خۆی بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات و ئەو مافەش دەستوورییە و دەستووری عێراق ڕێگەی داوە كوردستان چارەنووسی خۆی دیاری بكات چونكە لە دەستووردا هاتووە پابەندبوون بەم دەستوورە یەكپارچەیی عێراق دەپارێزێت. سەرۆك بارزانی لە وتەكەشیدا داوای لە پارلەمانی كوردستان كرد كە پەلە بكەن لە پەسەندكردنی یاسایكۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی كوردستان و بە زووترین كات دەستەی باڵای كۆمیسیۆنی هەڵبژاردن دابمەزرێت و هەروەها پارلەمانی كوردستان خۆی بۆ ئەو ڕێوشوێنانە ئامادە بكات كە بۆ ڕیفراندۆمی دیاریكردنی چارەنووس پێویستە.
سەرۆك بارزانی سوپاسی یەكڕیزی و یەكهەڵوێستیی لایەنە سیاسییەكانیشی كرد و بە پاڵپشتییەی گەورەی هەژمار كرد بۆ داوا ڕەواكانی گەلی كورد. لە كۆتایی قسەكانیشیدا سەرۆك بارزانی سوپاسی هێزی پێشمەرگەی كوردستانی كرد كە لە بەرەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی نەیاران و تیرۆریستان دان و هیوای ئاییندەییەكی گەشی بۆ گەلی كوردستان خواست.
دوایین هەواڵەکان
- پهيامى سهرۆك نێچيرڤان بارزانى بۆ ساڵى نوێ
- پەیامی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی سەری ساڵی نوێی زایینی2025
- سهرۆكى ههرێمى كوردستان، پێشوازيى له كونسوڵی گشتيى نوێى ئێران كرد
- عەباس غەزالی: کۆچی مامۆستا مهنسوور یاقووتی وهک لهدهست چونی یاقووتێکی گرانبههایه
- سهرۆک نێچیرڤان بارزانی لهگهڵ وهزیری بهرگریی هۆڵهندا کۆبووهوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى پێشوازيى له ئيسماعيل بهشيكچى كرد
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى و وهزيرى بهرگريى ئيتاڵيا كۆبوونهوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى لهگهڵ فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانيی نێودەوڵەتی كۆبووهوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى پێشوازیی له باڵيۆزى نوێى چيك كرد
- سەرۆک نێچیرڤان بارزانی پێشوازیی لە سوپاسالاری بەریتانیا کرد