سەرۆكی هەرێمی كوردستان سەردانی پارلەمانی كوردستان دەكات

  • پێنج شەممە, 03 تەمموز 2014

ئەمڕۆ پێنجشەممە 3ـی 7ـی 2014 بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە مەبەستی پیرۆزباییكردنی خولی تازەی پارلەمان و هەروەها تاوتوێكردنی بارودۆخی سیاسیی عێراق و كوردستان و هەنگاوەكانی هەرێمی كوردستان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پێشهاتەكان و خۆسازكردنی هەرێمی كوردستان بۆ ڕیفراندۆم سەردانی پارلەمانی كوردستانی كرد و لە لایەن سەرۆكی پارلەمان و جێگری سەرۆكی پارلەمان و سكرتێری پارلەمانی كوردستان پێشوازی لێ كرا.

لە سەرەتای ئەم سەردانەدا سەرۆك بارزانی لەگەڵ دەستەی سەرۆكایەتیی پارلەمانی كوردستان كۆبۆوە و دەستەی سەرۆكایەتیی پارلەمان سەرۆك بارزانیی لەو ڕاپۆرت و ئامادەكارییانە ئاگادار كردەوە كە لە لایەن پارلەمانی كوردستان سەبارەت بە بارودۆخی هێزەكانی پێشمەرگە و بارودۆخی سیاسیی تازەی عێراق خراونەتەڕوو.

لە دوای ئەم كۆبوونەوەیە سەرۆك بارزانی بە ئامادەبوونی سەرۆك و جێگر و سكرتێری پارلەمانی كوردستان لەگەڵ سەرجەم سەرۆك فراكسیۆنەكانی نێو پارلەمانی كوردستان كۆبۆوە. لەم دانیشتنەدا سەبارەت بە بارودۆخی هێزەكانی پێشمەرگە و بارودۆخی سیاسیی و ئەمنیی عێراق و ڕووداوەكانی ئەم دواییەی موسڵ و هەروەها هەڵوێستی سیاسیی هەرێم سەبارەت بە بارودۆخی تازە و ڕیفراندۆم بۆ دیاریكردنی چارەنووسی گەلی كوردستان و هەروەها پێویستیی یەكڕیزیی لایەنەكان وتەیەكی پێشكەش كرد و دواتریش سەرۆكی فراكسیۆنەكانی پارلەمان  سەرنج و تێبینی و پرسیارەكانی خۆیان لەبارەی قەیران و ئەگەر و پێشهاتەكان ئاراستەی سەرۆك بارزانی كرد.

پاش كۆتاییهاتنی كۆبوونەوەی سەرۆك بارزانی لەگەڵ سەرۆكی فراكسیۆنەكانی پارلەمانی كوردستان بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە هۆڵی پارلەمانی كوردستان ئامادە بوو و وتارێكی پێشكەش كرد.

لەم وتارەدا سەرۆك بارزانی پیرۆزبایی لە ئەندام و فڕاكسیۆنەكان و دەستەی سەرۆكایەتیی پارلەمان كرد بە بۆنەی خولی نوێی پارلەمانی كوردستان و ئەوەیشی ڕاگەیاند كە خەڵكی كوردستان چاوەڕوانییەكی زۆری لەم خولەی پارلەمان هەیە كە خولێكی كارا بێت و لە چاودێریكردن و دانانی یاساكان. سەرۆك بارزانی لەبارەی ڕۆڵی پارلەمانی كوردستان لە چارەنووسی وڵات هێمای بەوەدا كە پارلەمان مەرجەعی یەكلاییكەرەوەیە بۆ پرسە چارەنووسسازەكان. سەرۆك بارزانی لە وتەكەیدا باسی بارودۆخی سیاسیی عێراق و قەیرانی ئەم دواییەی كرد و ئاماژەی بەوەدا كە كوردستان دە ساڵ هەوڵیدا پڕۆسەی سیاسی و دیموكراسی و پێكەوەژیان لە عێراقدا سەربكەوێت بەڵام پێشێلكردنی دەستوور و هزری تاكڕۆیی و خۆسەپاندن و پەراوێزخستن نەیهێشت ئەم هەوڵانە سەر بگرن و عێراق گەییشتە ئەم ڕۆژەی كە ئێستا دەیبینن. سەرۆك بارزانی ئەوەیشی خستەڕوو كە كوردستان بەهیچ شێوەیەك هۆكاری ئەم دۆخەی ئێستای عێراق نییە و ئەوانەی كە دەستیان هەبووە دەبێ بەرپرسیارێتیی هەڵبگرن. لەبەشێكی دیكەی قسەكانیدا سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەوەدا كە ئێستا فرسەتێكی زۆر باش هاتووەتە ئاراوە كە كوردستان خۆی بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات و ئەو مافەش دەستوورییە و دەستووری عێراق ڕێگەی داوە كوردستان چارەنووسی خۆی دیاری بكات چونكە لە دەستووردا هاتووە پابەندبوون بەم دەستوورە یەكپارچەیی عێراق دەپارێزێت. سەرۆك بارزانی لە وتەكەشیدا داوای لە پارلەمانی كوردستان كرد كە پەلە بكەن لە پەسەندكردنی یاسایكۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی كوردستان و  بە زووترین كات دەستەی باڵای كۆمیسیۆنی هەڵبژاردن دابمەزرێت و هەروەها پارلەمانی كوردستان خۆی بۆ ئەو ڕێوشوێنانە ئامادە بكات كە بۆ ڕیفراندۆمی دیاریكردنی چارەنووس پێویستە.

 

سەرۆك بارزانی سوپاسی یەكڕیزی و یەكهەڵوێستیی لایەنە سیاسییەكانیشی كرد و بە پاڵپشتییەی گەورەی هەژمار كرد بۆ داوا ڕەواكانی گەلی كورد. لە كۆتایی قسەكانیشیدا سەرۆك بارزانی سوپاسی هێزی پێشمەرگەی كوردستانی كرد كە لە بەرەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی نەیاران و تیرۆریستان دان و هیوای ئاییندەییەكی گەشی بۆ گەلی كوردستان خواست.

 

 

 

 

Read کد خبر: 616

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی