پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 9/6/2015 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە بەڕێز ستیڤن ئۆبراین جێگری سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری مافی مرۆڤ و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارێكدا بەڕێز ئۆبراین باسی لە سەردانەكەی بۆ بەغدا كرد كە لە نزیكەوە ئاگاداری ڕەوشی ئاوارەكانی دەستی تیرۆر لە دەوروبەری بەغدا بووە و بڕیارە لە هەرێمی كوردستانیش سەردانی كەمپی ئاوارە و پەنابەران بكات. پەیوەندییەكانی نێوان ئاژانسەكانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان و حكوومەتی هەرێمی كوردستانیشی بە ئەرێنی وەسف كرد و سوپاسی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی كرد بۆ ئەو هەموو هاوكاری و ئاسانكارییانەی پێشكەش بە ئاوارە و پەنابەرانی دەكات.

هەروەها باسی لە پلانی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ ساڵی 2015 سەبارەت بە هاوكاریكرنی ئاوارە و پەنابەران كرد كە بەپێی پلانەكە زیاتر لە ملیارێك و پێنجسەد هەزار دۆلار بۆ هاوكارییەكان كۆدەكەنەوە، بەڵام تا ئێستا ژمارەیەكی كەمی وڵاتان ئامادەییان دەربڕیوە تەنیا وڵاتی كوێت نەبێت كە لە كۆنفرانسی برۆكسل ئامادەییی دەربڕیوە بە 200 ملیۆن دۆلار هاوكاری پێشكەش بكات. ئەوەشی خستەڕوو كە لە پلانی ساڵی 2016 دا هەوڵ دەدەن لە ڕووی هاوكارییەكانەوە هەرێمی كوردستان لە دەڤەرەكانی دیكەی عێراق جیا بكەنەوە، چونكە هەرێم پێویستییەكی زیاتری بە هاوكارییەكانە.

لای خۆیەوە بەڕێز نێچیرڤان بارزانی باسی لەوە كرد كە بەهۆی هاتنی ڕێژەیەكی زۆری ئاوارە و پەنابەران لە سووریا و ناوخۆی عێراقەوە بۆ هەرێمی كوردستان، ڕێژەی دانیشتوان لە هەرێم 28% بەرز بووەتەوە و هاتنیشیان بەردەوامە، چونكە حكوومەتی هەرێمی كوردستان زیاتر لە هەموو وڵاتانی دەوروبەر خزمەتگوزاری پێشكەش بە ئاوارە و پەنابەران دەكات و حكوومەتی عێراقیش وەك پێویست هاوكاریی ئاوارە و پەنابەران ناكات، ئەمەش قورساییەكی زۆری خستووتە سەر شانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان.

جەختی لەسەر ئەوەش كردەوە كە هەرێمی كوردستان لە یەك كاتدا هاوكاری و خزمەتگوزاری پێشكەش بە ژمارەیەكی یەكجار زۆری ئاوارە و پەنابەران دەكات، لە شەڕی دژی تیرۆریش لە جیاتی هەموو جیهان بەرگری لە مرۆڤایەتی و مافەكانی مرۆڤ و پێكهاتە جیاوازەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان دەكات. هەروەها هیوای خواست كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەركەكانی بەرامبەر بە هەرێمی كوردستان جێبەجێ بكات بە تایبەت كە مەترسی ئەوە هەیە بەهۆی شەڕەكانی حەسەكە و ناوخۆی عێراقەوە ژمارەیەكی زیاتری ئاوارە و پەنابەران ڕوو لە هەرێمی كوردستان بكەن.

ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 28ـی 8ـی 2014 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە بەڕێز محەمەد حاجی مەحمود سکرتێری حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان كرد.

لە دیدارەکەدا ڕەوشی سیاسیی و سەربازیی ئێستای کوردستان و سەرکەوتنەکانی پێشمەرگە خرایە بەرباس.

هەڵسەنگاندنی دۆخی سیاسی و ئەمنی و پرۆسەی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق و ڕەوشی پەنابەران و لێقەوماوان تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بوو و بەبایەخەوە باس لەو پشتیوانییە نێودەوڵەتییە کرا کە لە ڕووی سیاسی و هاوکاریی سەربازیی و مرۆییەوە بۆ کوردستان هاتۆتەدی.

 

 

 

 

ئەمڕۆ پێنجشەممە 17ـی 7ـی 2014 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە ئانتۆنیۆ گۆتێڕز كۆمیسێری باڵای پەنابەرانی سەر بە ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و شاندێكی یاوەری كرد.


لە سەرەتای دیدارەكەدا كۆمیسێری باڵای پەنابەرانی سەر بە ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان سوپاس و خۆشحاڵیی خۆی نیشان دا بۆ ڕەخساندنی ئەم دیدارە و سوپاسی ڕۆڵی سەرۆك بارزانی و حكوومەت و خەڵكی هەرێمی كوردستانی كرد بۆ یارمەتیدان و پێشوازیكردن لەو ژمارە زۆرەی پەنابەری سووریایی و ناوخۆی عێراق كە بەهۆی شەڕ و نەبوونی سەقامگیری و ئاساییش ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە. هەر پەویوەست بەم باسە كۆمیسێری باڵای پەنابەرانی سەر بە ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان ڕایگەیاند كە پێویستە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئاگاداری هەوڵەكانی هەرێمی كوردستان بێت لە یارمەتیدانی خەڵكی ئاوارە و لێقەوماو و هێماشی بەوەدا كە هەرچەندە بەغدا بەهۆی بڕینی بودجەی هەرێم بەربەستێكی گەورەی بۆ هەرێم دروست كردووە و گوشارێكی زۆر لەسەر كوردستانە بەڵام ئەوەی هەرێمی كوردستان لە یارمەتیدان و حەواندنەوەی ئاوارەكان كردوویەتی جێگەی ڕێز و پێزانینێكی زۆرە و ئامادەیی خۆیشیانی ڕاگەیاند بۆ ئەوەی بە هەموو توانەیەك یارمەتیی حكوومەتی هەرێم بدەن و وڵاتانی جیهانیش لەم بەخشندەییەی هەرێمی كوردستان ئاگادار بكەنەوە و هانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش دەدەن كە یارمەتیی هەرێمی كوردستان بدەن. ئانتۆنیۆ گۆتێرز لە درێژەی قسەكانیدا ئاماژەی بەوەدا كە هەرێمی كوردستان پێگە و ناوبانگێكی زۆر باشی لە ناوەندە جیهانییەكان بەدەستهێناوە و یەكێكە لە سەقامگیرترین شوێنەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جێگەی ئومێدی ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكانە.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی بەگەرمی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و سوپاسی هەڵوێستی كۆمیسێری باڵای پەنابەرانی سەر بە ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانیشی كرد لەوەی كە بە باشی لە ڕۆڵی حكوومەت و خەڵكی هەرێمی كوردستان لە یارمەتیدانی ئاوارەكان گەییشتووە و ڕایگەیاند كە هەرێمی كوردستان لەهەموو دۆخێكدا ئامادەیە یارمەتیی خەڵكی ئاوارە بدات و لەو بابەتە دا ئەوەی بۆ هەرێمی كوردستان گرنگە یارمەتیدانی ئاوارەكانە بە بێ لەبەرچاوگرتنی ئینتیمای ئایینی و نەتەوەیی ئاوارەكان و ئەوەی بەلای خەڵكی كوردستانەوە جێگەی بایەخە بەها مرۆڤییەكان و كەرامەتی ئینسانە كە بەداخەوە بەهۆی سیاسەتی ناڕەوای دیكتاتۆرەكان پێشێل كراوە و بووەتە هۆی ئاوارەبوونی سەدانهەزار كەس لە سووریا و عێراقدا و شاندی میوانیشی لەوە دڵنیا كردەوە كە دەرگە و سنوور و دڵی خەڵكی كوردستان بەڕووی هەموو مرۆڤێكی ئاوارە و لێقەوماو كراوەیە.

باسكردنی ڕووداوەكانی موسڵ و هەڕەشەی تیرۆریستان و پڕۆسەی سیاسیی عێراق و بارودۆخی ئەمنیی عێراق تەوەرێكی دیكەی ئەم دانیشتنە بوو.

 

 

 

 

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 9ی تەممووزی 2014، نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە ولیەم لەیسی سوینگ بەڕێوەبەری گشتیی ڕێكخراوی نێودەوڵەتیی كۆچ IOM و شاندێكی یاوەری كرد.

 
لە دیدارێكدا بارودۆخی عیراق و ناوچەكە بە گشتی و ئاڵۆزبوونی باری ئەمنی لە پارێزگای مووسڵ و چەند ناوچەیەكی دیكەی عیراق‌، كە بووە هۆی ئاوارەبوونی سەدان هەزار هاووڵاتیی و گیرسانەوەیان لە هەرێمی كوردستان تاوتوێ كرا. هەروەها تیشك خرایە سەر هەوڵەكانی حكوومەتی هەرێم بۆ دابینكردنی پێداویستییە سەرەتاییەكان و باشتركردنی باری ژیان و گوزەرانیان.
 
بەڕێوەبەری IOM سوپاس و پێزانینی ڕێكخراوەكەیانی پێشكەش بە سەرۆكی حكوومەت و خەڵكی هەرێمی كوردستان كرد و ستایشی هەوڵەكانی حكوومەتی هەرێمی كرد كە بە هانای ئاوارەكان چوون و شوێنی حەوانەوەو ئاسایش و ئارامی و یارمەتیی پێویستیان بۆ دابین كردوون، كە ئەمە مایەی خۆشحاڵیە.
 
هەروەها باسی لەوە كرد كە پێشتریش هەرێمی كوردستان دەرگاكانی بۆ پەنابەرانی سووریا و ئاوارەی ناوچەكانی دیكەی عیراق كردبووەوە و مامەڵەی شایستەی لەگەڵدا كردوون و گوتی:ئێمە سەرقاڵی ئامادەكردنی راپۆرتێكی تیروتەسەلین سەبارەت بە ژیان و گوزەران و پێداویستی ئاوارەكان و لە داهاتوویەكی نزیك ئەم راپۆرتە لە جنێف پێشكەش بە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەكرێت. هەروا گووتی ئێمە رۆلی حكوومەتی هەرێم بەهەند هەڵدەگرین كە لەم بارودۆخە دژوارەدا توانی لەڕووی مرۆییەوە بەهانای لێقەوماوان بچێت. 
 
لای خۆیەوەسەرۆك وەزیران سوپاسی هەوڵەكانی ڕێكخراوی نێودەوڵەتیی كۆچی كردو ڕوونی كردەوە كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان و دەزگا پەیوەندارەكان و تەنانەت خەڵكی هەرێمی كوردستانیش ئەوەی لە توانایاندا بووە، یارمەتی و هاوكارییان پێشكەش بە پەنابەران و ئاوارەكان كردووە، بەڵام ئەمە بارێكی قورسە و هەرێمی كوردستان بە تەنیا ناتوانێت هەموو پێداویستییەكانیان دابین بكات، بە تایبەتی كە ڕۆژانە و بەردەوام ژمارەیان روو لە زیادبوون دەكات. 
 
نێچیرڤان بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە دەبێ حكوومەتی عیراق و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەرك و بەرپرسیاریەتیی خۆیان بەرامبەر بە ئاوارەو پەنابەران بگرنە ئەستۆ و یارمەتی و هاوكارییان پێشكەش بكەن. هەروا گووتی هەرچەندە ئابووری هەرێم بەهۆی نەناردنی بودجەو بڕینی موچەی فەرمانبەران لەلایەن حكومەتی بەغداوە توشی گرفت بووە، بەڵام ئێمە بە پێی توانا ئەم ئەركە مرۆییە جێبەجێ‌ دەكەین و كۆمەكی ئاوارەكان دەكەین. 
 
داواشیكرد رێكخراوی IOM ، حكوومەتی عیراق و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هان بدات و داوایان لێ بكات ئەركی خۆیان جێبەجێ بكەن و ئاوڕی جددیتر لە پەنابەران و ئاوارەكان بدەنەوەو میكانیزمێكی گونجاو بدۆزنەوە بۆ هەر ئەگەرو گۆڕانكایەك لەڕووی بەرزبوونەوەی زیاتری ژمارەی پەنابەران.

 

 

 

 

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی