ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 9ی تەممووزی 2014، نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە ولیەم لەیسی سوینگ بەڕێوەبەری گشتیی ڕێكخراوی نێودەوڵەتیی كۆچ IOM و شاندێكی یاوەری كرد.
لە دیدارێكدا بارودۆخی عیراق و ناوچەكە بە گشتی و ئاڵۆزبوونی باری ئەمنی لە پارێزگای مووسڵ و چەند ناوچەیەكی دیكەی عیراق، كە بووە هۆی ئاوارەبوونی سەدان هەزار هاووڵاتیی و گیرسانەوەیان لە هەرێمی كوردستان تاوتوێ كرا. هەروەها تیشك خرایە سەر هەوڵەكانی حكوومەتی هەرێم بۆ دابینكردنی پێداویستییە سەرەتاییەكان و باشتركردنی باری ژیان و گوزەرانیان.
بەڕێوەبەری IOM سوپاس و پێزانینی ڕێكخراوەكەیانی پێشكەش بە سەرۆكی حكوومەت و خەڵكی هەرێمی كوردستان كرد و ستایشی هەوڵەكانی حكوومەتی هەرێمی كرد كە بە هانای ئاوارەكان چوون و شوێنی حەوانەوەو ئاسایش و ئارامی و یارمەتیی پێویستیان بۆ دابین كردوون، كە ئەمە مایەی خۆشحاڵیە.
هەروەها باسی لەوە كرد كە پێشتریش هەرێمی كوردستان دەرگاكانی بۆ پەنابەرانی سووریا و ئاوارەی ناوچەكانی دیكەی عیراق كردبووەوە و مامەڵەی شایستەی لەگەڵدا كردوون و گوتی:ئێمە سەرقاڵی ئامادەكردنی راپۆرتێكی تیروتەسەلین سەبارەت بە ژیان و گوزەران و پێداویستی ئاوارەكان و لە داهاتوویەكی نزیك ئەم راپۆرتە لە جنێف پێشكەش بە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەكرێت. هەروا گووتی ئێمە رۆلی حكوومەتی هەرێم بەهەند هەڵدەگرین كە لەم بارودۆخە دژوارەدا توانی لەڕووی مرۆییەوە بەهانای لێقەوماوان بچێت.
لای خۆیەوەسەرۆك وەزیران سوپاسی هەوڵەكانی ڕێكخراوی نێودەوڵەتیی كۆچی كردو ڕوونی كردەوە كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان و دەزگا پەیوەندارەكان و تەنانەت خەڵكی هەرێمی كوردستانیش ئەوەی لە توانایاندا بووە، یارمەتی و هاوكارییان پێشكەش بە پەنابەران و ئاوارەكان كردووە، بەڵام ئەمە بارێكی قورسە و هەرێمی كوردستان بە تەنیا ناتوانێت هەموو پێداویستییەكانیان دابین بكات، بە تایبەتی كە ڕۆژانە و بەردەوام ژمارەیان روو لە زیادبوون دەكات.
نێچیرڤان بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە دەبێ حكوومەتی عیراق و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەرك و بەرپرسیاریەتیی خۆیان بەرامبەر بە ئاوارەو پەنابەران بگرنە ئەستۆ و یارمەتی و هاوكارییان پێشكەش بكەن. هەروا گووتی هەرچەندە ئابووری هەرێم بەهۆی نەناردنی بودجەو بڕینی موچەی فەرمانبەران لەلایەن حكومەتی بەغداوە توشی گرفت بووە، بەڵام ئێمە بە پێی توانا ئەم ئەركە مرۆییە جێبەجێ دەكەین و كۆمەكی ئاوارەكان دەكەین.
داواشیكرد رێكخراوی IOM ، حكوومەتی عیراق و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هان بدات و داوایان لێ بكات ئەركی خۆیان جێبەجێ بكەن و ئاوڕی جددیتر لە پەنابەران و ئاوارەكان بدەنەوەو میكانیزمێكی گونجاو بدۆزنەوە بۆ هەر ئەگەرو گۆڕانكایەك لەڕووی بەرزبوونەوەی زیاتری ژمارەی پەنابەران.