هەرێمی کوردستان
سەرۆک بارزانی پێشوازیی لە شاندێکی پارتی دیموکراتی کوردستان – سوریا کرد
ئەمڕۆ شەممە 19ـی 9ـی 2015 بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە سەلاحەدین پێشوازیی لە بەڕێز سعود موللا سکرتێری پارتی دیموکراتی کوردستان – سوریا و شاندێکی یاوەری کرد کە لەبەڕێزان عەبدولحەکیم بەشار و کامەران حاجۆ ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەعید عومەر ئەندامی سەرکردایەتی و نوێنەری پارتی دیموکراتی کوردستان – سوریا لە هەریمی کوردستان، پێکهاتبوو.
لە دیدارەکەدا باس لە ڕەوشی بزاڤی ڕزگاریخوازی کورد لە سوریا و پەیوەندییە هاوبەشەکان کرا و جەخت لەسەر پەرەپێدانی ئەو پەیوەندییانە و پابەندبوونی هەموو لایەنەکان بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی دێنە ڕێگەی کاری هاوبەش، کرایەوە.
هەر لە دیدارەکەدا بە نیگەرانییەوە باس لە کۆچی فراوانی خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان بەرەو هەندەران کرا و بە دیاردەیەکی خراپ لەقەڵەم درا و دۆزینەوەی چارەسەری بەپەلە بۆ کێشەکانی هاووڵاتیانی ڕۆژئاوای کوردستان بە پێویست زاندرا.
باسکردنی ڕەوشی ناوچەکە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بوو.
بەستنەوی زانکۆکان بە بازاڕی کارەوە برەوی پێدەدرێت
له كۆبونهوهیهكدا لەگەڵ ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کاراکردن و پەرەپێدانی پرۆگرامى راهێنانى تواناکان و سەنتەرەکانی هەلی کار لە زانکۆکان تاوتوێ کرد.
بەڕێز قوباد تاڵەبانی دەستخۆشی لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان کرد بۆ پاڵپشتی کردنیان لە برەودان و بە گەڕخستنی سەنتەرەکانی هەلی کار لە رێگای پرۆگرامی راهێنانی تواناکانەوە، کە دەبێتە پردێکی پەیوەندی لە نێوان زانکۆکان و بازاڕی کار و رەخساندنی هەلی کاری زیاتر لە کەرتی تایبەتدا.
پرۆگرامی راهێنانی تواناکان و رەخساندنی هەلی کار، لە ماوەی رابردوودا لە لایەن نوسینگەی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی کاری تێداکراوە، بەمەبەستی راهێنان و رەخساندنی هەلی کار بۆ خوێندکار و قوتابیانی کوردستان و ئامادەکردنیان بۆ کار کردن لە کەرتی تایبەت.
بەڕێز قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بۆ ئەوەکرد كه ئەو قەیرانانەی هەرێمی کوردستان پێیدا گوزەر دەکات دەرفەتێکە بۆ ئەوەی بە کۆی سیستمی حوکمڕانی لە کوردستان و بە تایبەت کەرتی خوێندنی باڵا و بازاڕی کاردا بچینەوە و ئەنجومەنى وەزیرانیش هاوکار و پشتیوان دەبێت بۆ هەر گۆڕانکاری و پێشکەوتنێك.
کۆبونەوەکە لە دیوانی وەزارەتی خوێندنی باڵا وبە بەشداری وەزیری خوندنی باڵا وتوێژینەوەی زانستی و سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و وتەبێژی حکومەتی هەرێم وسەرۆکی زانکۆ حکومییەکانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو. هەموولایەك پاڵپشتی خۆیان بۆ سەرخستنی پرۆژەکە دەربڕی.
سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندێكی پارلەمانی ئەوروپا دەكات
ڕۆژی شەممە 12ـی 9ـی 2015 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندێكی پەرلەمانی ئەوروپا بە سەرۆكایەتی چارڵز تەنۆك ئەندام پارلەمانی فراكسیۆنی پارێزگاران و ڕیفۆرمخۆازان كرد كە لە نوێنەرانی فڕاكسیۆنە گەورەكانی نێو پەرلەمانی ئەوروپا پێكهاتبوو.
لە دیدارەكەدا شاندی میوان پشتگیریی تەواوی خۆیان بۆ هەرێمی كوردستان و پڕۆسەی سیاسی و بووژانەوە و ئەو كرانەوە و پێشڤەچوونە نیشان دا كە لە هەرێمی كوردستان لە ئارا دایە. هەروەها پیرۆزبایی سەركەوتنەكانی پێشمەرگە و ستاییشی ڕۆڵی سەرۆك بارزانی و گیانفیدایی و قارەمانێتیی هێزی پێشمەرگەی كوردستانیان كرد لە شەڕی دژی تیرۆریستان و سەرەخۆشییان لە سەرۆك بارزانی و كەسوكاری ئەو پێشمەرگانە كرد كە لەشەڕی تیرۆردا گیانی خۆیان فیدا كردووە و شەهید بوونە. هەروەها وێڕای ئاماژەدان بە هاتنی لێشاوی پەنابەران بەرەو ئەوروپا سوپاسی خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستانیان كرد كە سەدانهەزار ئاوارەیان حەواندووەتەوە و بوونەتە پەناگەی خەڵكی لێقەوماو و پەنابەر. شاندی میوان پشتیوانی خۆیان بۆ پێشكەشكردنی هاوكاریی سەربازی و مرۆیی بۆ هەرێمی كوردستان دووپات كردەوە لەشەڕی دژی تیرۆریستان.
هەر لەم دیدارەدا شاندی پارلەمانی ئەوروپا داوایان لە سەرۆك بارزانی كرد كە ڕێنوێنی و بۆچوونی خۆی لەبارەی چارەكردنی كێشەی پەنابەران و شەڕی تیرۆریستان و چارەسەری گرفت و قەیرانە قووڵەكانی عێراق و ناوچەكە بخاتەڕوو.
لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی سوپاسی هەڵوێستی شاندی میوان و دۆستان و هاوپەیمانانی گەلی كوردستان كرد و لە گوتەیەكدا باسی لە هەڕەشەی تیرۆریستان بۆسەر ئاساییشی ناوچەكە و جیهان كرد و باسی لە قارەمانێتی پێشمەرگە كرد لە شكاندنی ئەفسانەی داعش و پاراستنی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی عێراق لە دەستی تیرۆریستان و ئەوەی دووپات كردەوە كە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر پێویستی بە هەوڵی عەمەلی و جددی هەموو لایەكە و بە پێویستیشی زانی كە نابێ تەنا مامەڵە لەگەڵ دەرئەنجامەكانی ئەم قەیرانە قووڵانە بكرێت كە بەرۆكی ناوچەكە و جیهانی گرتووەتەوە بەڵكو پێویستە هۆكارەكانی ئەو قەیرانانە بنبڕ بكرێن. جەختیشی لەوە كردەوە كە شەڕی تیرۆریستان تەنیا نابێ لایەنی سەربازی بگرێتەوە بەڵكو دەبێ لەڕووی فكری و ئابووری و كۆمەڵایەتیش شەڕی تیرۆر و توندڕۆیی بكرێت. سەبارەت بە هاتنی لێشاوی پەنابەران بەرەو ئەوروپا سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەوەدا كە چارەسەر نەكردنی كێشەكان و بارودۆخی سەختی ژیان و هەڕەشە بەردەوامەكان هانی خەڵكی ئاوارەی داوە ڕوو لە ئەوروپا بكەن. بە باشیشی زانی كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی یارمەتیی ئەو ئاوارانە بدات كە لە وڵاتانی لوبنان و ئۆردۆن و توركیا و كوردستان لە نێو كەمپەكاندا دەژیین و لەهەمانكاتیشدا شەڕی تیرۆر و قەیرانی سووریا بە خێرایی یەكلایی ببێتەوە بۆ ئەوەی ئومێد بۆ خەڵك بگەڕێتەوە و ڕێگەی كۆچ نەگرنە بەر. ئەوەیشی خستەڕوو كە هەرێمی كوردستان دەرگەی بۆ ئاوارە و لێقەوماوان كراوەیە بەڵام ژمارەی ئاوارەكان ئەوەندە زۆرە كە لە توانای كوردستان چووەتە دەر.
لەبارەی هەڵگیرسانەوەی شەڕی نێوان سوپای توركیا و پارتی كرێكارانی كوردستان سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەوەدا كە پێشتر هەنگاوی باش بۆ پڕۆسەی ئاشتی نرابوو و جێگەی داخە شەڕ دەستی پێكردووە كە زیان لە پڕۆسەكە دەدات و هەرێمی كوردستانیش بەردەوام دەبێت لە هەوڵەكانی بۆ ڕاوەستانی شەڕ و گەڕانەوەی لایەنەكان بۆ مێزی گفتوگۆ.
سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە كۆنسوڵی گشتیی نوێی ئەڵمانیا لە هەولێردەكات
ڕۆژی شەممە ١٢ـی٩ـی ٢٠١٥ لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە مارک ئایشهۆڕن كۆنسوڵی گشتیی نوێی ئەڵمانیا لە شاری هەولێر كرد.
لە دیدارەكەدا كۆنسوڵی نوێی ئەڵمانیا خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی و زۆر سوپاسی سەرۆک بارزانی کرد بۆ ئەو ڕەخساندنی دەرفەتی دیدارەکە و بە شانازییەکی گەورەی وەسف کرد. هەروەها خۆشحاڵیی خۆی بۆ وەرگرتنی ئەرکی نوێی وەک کونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا لە کوردستان ڕاگەیاند و ئامادەیی خۆی و وڵاتەکەیشی پێشان دا کە لە هەموو بوارەکاندا پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان پەرە پێبدەن.
کونسوڵی نوێی ئەڵمانیا ڕایگەیاند کە ئەوان دەخوازن نەک هەر لەبواری هاوکاریی سەربازی، بەڵکوو لە هەموو بوارەکانی دیکەدا و بەتایبەتییش پەرەپێدانی ئابووری، هاوکاریی هەرێمی کوردستان بکەن. ئەوەیشی ڕاگەیاند کە ئەڵمانیا دەزانێت کە باری هەرە قورسی شەڕی داعش لەسەر شانی پێشمەرگەیە، بۆیە زۆر مەبەستیانە زیاتر هاوکاریی پێشمەرگە بکەن. پیرۆزباییشی لە سەرۆک بارزانی و پێشمەرگەی کوردستان کرد بۆ ئەو سەرکەوتنەی ڕۆژی هەینی ڕابردوو لە میحوەری باشووری کەرکووک وەدەستیان هێناوە.
کونسوڵی ئەڵمانیا ڕاشیگەیاند کە سوپاسی پێشمەرگەی کوردستان دەکەین کە توانیویانە مەترسیی داعش کەم بکەنەوە و بیوەستێنن، لەمەودواش لەگەڵ دۆستانی دیکەمان لە ئەورووپا ئەرکێکی دیکەمان دەبێت کە هەوڵەکانمان یەک بخەین و هاوکار بین بۆ گەشەی ئابووری لە هەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان، کە لەم ناوچەیەدا نموونەیەکی گەشی سەقامگیرییە، هەروا سەقامگیر بێت و ئاسۆیەکی ڕوون و گەش لە پێشکەوتن و سەقامگیریی زیاتری ئابوورییش بەخۆیەوە ببینێت. جەختیشی کردەوە کە گەل و حکوومەتی ئەڵمانیا ئێستا و داهاتووش هەر پشتیوانی گەلی کوردستان دەبن و هیوای داهاتوویەکی گەش بۆ کوردستان دەخوازن.
لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی وێڕای بەخێرهێنانی کونسوڵی نوێی ئەڵمانیا، پیرۆزبایی وەرگرتنی ئەو ئەرکە نوێیەی لە بەڕێز مارک ئایشهۆڕن کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست.
سەرۆک بارزانی پەیوەندییەكانی نێوان گەلی كوردستان و گەلی ئەڵمانیای بە دۆستانە و نموونەیی وەسف كرد و ئامادەیی هەرێمی کوردستانیشی بۆ پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەڵمانیا پێشان دا. هەروەها سوپاسی گەل و حكوومەتی ئەڵمانیاشی كرد كە لە شەڕی دژی تیرۆریستاندا هاوكاریی كاریگەریان پێشكەشی هێزی پێشمەرگەی كوردستان كردووە. داوایشی كرد پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا فراوانتر بكرێت و دەستخۆشیی لەو هەوڵانە کرد کە بەمەبەستی پەرەپێدانی ئابووریی خستوویانەتە بەرنامەی کاری خۆیان.
سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندێكی ئەنجوومەنی پیرانی بەلجیكا دەكات
ڕۆژی دووشەممە 14ـی 9ـی 2015 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندێكی ئەنجوومەنی پیرانی بەلجیكا بە سەرۆكایەتیی سێناتۆر ئەڵان دیتێكس كرد.
لە دیدارەكەدا شاندی میوان ستاییشی خەبات و خۆڕاگری و قوربانیدانی گەلی كوردستان و هێزی پێشمەرگەیان كرد و ڕۆڵی سەرۆك بارزانیان لەو خەباتەدا بەرز نرخاند و هەروەها وێڕای ئاماژەدان بە تێكۆشان و خەباتگێڕییان، بارزانیی نەمریان بە قارەمانێكی مێژوویی وەسف كرد. شاندی میوان ئەوەیشی بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند كە گەلی بەلجیكا هاوسۆزییەكی تایبەتیان لەگەڵ گەلی كوردستاندا هەیە و جەختیشیان لەوە كردەوە كە كۆمەڵگەی دەولی دەبێ سوپاسگوزاری خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستان بێت كە هاوكاری پەنابەرانیان كردووە و سەرباری بوونی كێشە و قەیران، سەدان هەزار ئاوارە و لێقەوماویان وەخۆ گرتووە. هەروەها ئامادەیی خۆیشیان نیشاندا كە بە هەموو توانایەك لە هەوڵی ئەوەدا دەبن كە وڵاتەكەیان و یەكێتیی ئەوروپا هاوكاریی زیاتری سەربازی و مرۆیی پێشكەشی هەرێمی كوردستان بكەن.
لەبەشێكی دیكەی ئەم كۆبوونەوەیە شاندی میوان داوایان لە سەرۆك بارزانی كرد بۆچوون و سیاسەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی هەڕەشەی تیرۆریستان و بارودۆخی ناوچەكە و عێراق بخاتە ڕوو.
لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی سوپاسی هەڵوێستی وڵاتی بەلجیكا و وڵاتانی هاوپەیمانانی كرد بۆ هاوسۆزی و یارمەتیدانی گەلی كوردستان و پێشمەرگە و لە وتەیەكیدا باسی لە هەڕەشەی تیرۆریستان بۆ سەر ئاساییشی ناوچەكە و جیهان كرد و جەختی لەوە كردەوە كە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر بە كاری هەمەلایەنە و هاوكاریی وڵاتان دەكرێت و جگە لە شەڕی سەربازی پێویستە لەڕووی فكری و ئابووری و كۆمەڵایەتیشەوە شەڕی تیرۆریستان بكرێت. ئەوەیشی خستەڕوو كە گەلی كوردستان خاوەنی فەرهەنگی پێكەوەژیانە و جیاوازیی تاییفە و ئایین بەلایەوە گرنگ نییە و هەرگیزیش نابێتە بەشێك لەو ململانێ تاییفییەی لە ناوچەكەدا لە ئارا دایە و دەستی دۆستایەتی و ئاشتی بۆ هەموو پێكهاتە و تاییفەیەك درێژ دەكات. لەبارەی قۆناغی دوای شكستدانی تیرۆریستان و گەڕاندنەوەی ئاوارەكان سەرۆك بارزانی ئەوەی دووپات كردەوە كە پێویستە گەرەنتی وا هەبێت كە خەڵك بە دڵنیاییەوە بگەڕێنەوە و چیتر كارەساتەكان دووبارە نەبنەوە.
باسكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و هەروەها داهاتووی عێراق تەوەرێكی دیكەی ئەم دیدارە بوو.
سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی نوێی ئۆستڕالیا لە عێراق دەكات
ڕۆژی سێشمەممە 15ـی 9ـی 2015 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە كریستۆفەر لانگمەن باڵیۆزی نوێی ئۆستڕالیا لە عێراقی فیدڕاڵ كرد.
لە دیدارەكەدا باڵیۆزی نوێی ئۆستڕالیا لە عێراق خۆشحاڵی خۆی بۆ دیداری لەگەڵ سەرۆك بارزانی و هاتنی بۆ كوردستان نیشان دا و وێڕای ئاماژەدان بە بارودۆخی سیاسی و ئەمنی و ئابووریی عێراق ئەوەی خستەڕوو كە هەرێمی كوردستان ڕووبەڕووی تەحەدیاتی گەورە بووەتەوە بۆ هۆی شەڕی داعش و هاتی سەدانهەزار ئاوارە و باری ئابووری و ستاییشی ڕۆڵی قارەمانانەی پێشمەرگەی كرد لە شەڕی تیرۆریستان. باڵیۆزی نوێی ئۆستڕالیا لە عێراق هێمای بەوەدا كە داعش هەڕەشەیەكە بۆ هەموو لایەك و وڵاتەكەی بەردەوام دەبێت لە وەشاندنی گورزی سەربازی لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتی دەولی و داوایشی كرد بۆ شكستدانی داعش پێویستە بێ متمانەیی نێو پێكهاتەكان نەمێنێ و ئاشتەوایی نیشتیمانی لە عێراقدا بەرقەرار ببێت. هەروەها سوپاس خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كرد كە ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارەیان پەنا داوە و سەرسامیی خۆیشی بە جموجۆڵ و زیندوویەتی و پێشكەوتنی هەرێمی كوردستان ڕاگەیاند و بەردەوامیی سەقامگیریی كوردستانیشی بە گرنگ زانی.
لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی هیوای سەركەوتنی بۆ باڵیۆزی نوێی ئۆستڕالیا لە عێراق خواست لە ئەرك و كارەكانیدا و سوپاسی گەل و حكوومەتی ئۆستڕالیای كرد كە یارمەتیدەر و پشتیوانی گەلی كوردستان بوونە و لە گوتەیەكدا وێڕای ئاماژەدان بە وەحشیگەرییەكانی داعش لەدژی پێكهاتەكان و خەڵك جەختی لەوە كردەوە كە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو هەڕەشە جیهانییە پێویستە هەموو دەوڵەتان بە هەماهەنگییەكی تەواو شەڕی سەربازی و فكری و ئابووریی تیرۆریستان بكەن و بۆ ئەوەی هەڕەشەیەكی هاوشێوەی داعش دیسان سەر هەڵنەداتەوە، دەبێ چارەسەری هۆكارەكانی دەركەوتنی توندڕۆیی و تیرۆر بكرێت.
سەرۆك بارزانی لەبارەی سەركەوتنەكانی پێشمەرگە ئەوەی باس كرد كە پێشمەرگە بە قارەمانێتیی خۆی ئەفسانەی داعشی شكاند و بۆ پاراستنی مەسیحی و توركمان و ئێزیدییەكان خوێنی زۆری بەخشی.
لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئۆستڕالیا و ڕێگەكانی فراوانتركردنی ئەو پەیوەندیانە تاوتوێ كرا.
دوایین هەواڵەکان
- پهيامى سهرۆك نێچيرڤان بارزانى بۆ ساڵى نوێ
- پەیامی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی سەری ساڵی نوێی زایینی2025
- سهرۆكى ههرێمى كوردستان، پێشوازيى له كونسوڵی گشتيى نوێى ئێران كرد
- عەباس غەزالی: کۆچی مامۆستا مهنسوور یاقووتی وهک لهدهست چونی یاقووتێکی گرانبههایه
- سهرۆک نێچیرڤان بارزانی لهگهڵ وهزیری بهرگریی هۆڵهندا کۆبووهوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى پێشوازيى له ئيسماعيل بهشيكچى كرد
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى و وهزيرى بهرگريى ئيتاڵيا كۆبوونهوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى لهگهڵ فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانيی نێودەوڵەتی كۆبووهوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى پێشوازیی له باڵيۆزى نوێى چيك كرد
- سەرۆک نێچیرڤان بارزانی پێشوازیی لە سوپاسالاری بەریتانیا کرد