هەرێمی کوردستان

   هەرێمی کوردستان

سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراقی فیدڕاڵ دەكات

ڕۆژی سێشەممە 14ـی 7ـی 2015 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە ستیوارت جۆنز باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراقی فیدڕاڵ و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارەكەدا بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق و سووریا و هەروەها بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش لە ئەنبار و سەلاحەدین و نەینەوا خرایە بەر باس و گفتوگۆ و چۆنییەتی بەرزكردنەوەی هەماهەنگی نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزەكانی هاوپەیمانان و هێزە عێراقییەكان تاوتوێ كرا.

باسكردن لەبارەی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقی فیدڕاڵ و ڕێكەوتنەكانی نێوان هەولێر و بەغدا تەوەرێكی دیكەی دانیشتنەكە بوو.

 

سەرۆك بارزانی سەرەخۆشی لە شای سعوودیە دەكات

بە بۆنەی كۆچی دوایی ئەمیر سعوود فەیسەل وەزیری پێشووی دەرەوەی شانشینی سعوودیە بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بروسكەیەكی هاوخەمی بۆ شا سەلمان بن عەبدولعەزیز پاشای شانشینی عەرەبیی سعوودیە نارد و تێیدا سەرەخۆشیی لە پاشا و گەلی سعوودیە كرد.

 

 

 

 

پەیامی سەرۆك بارزانی لەبارەی ڕەوشی ناوخۆی هەرێمی كوردستان

بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان

جەماوەری سەربەرزی كوردستان

سەبارەت بە بارودۆخی سیاسیی هەرێمی كوردستان و پرسی سەرۆكایەتیی هەرێم بە ئێوەی خۆشەویست ڕادەگەیێنم كە، بەر لە دوو ساڵ، بە نامەیەك بۆ سەرۆكایەتیی پەرلەمان، داوام لێ كردن كە لەگەڵ حزبەكاندا مەسەلەی سەرۆكایەتیی هەرێم بە تەفاهوم یەكلایی بكەنەوە. پێش چەند مانگێكیش هەمدیسان لەگەڵ حزبەكان دانیشتم و داوام لێ كردن زوو چارەسەرێك بۆ ئەم پرسە بدۆزنەوە.

له‌ماوه‌ی ڕابردوودا هه‌موو كاره‌ سه‌ره‌كییه‌كانم له‌ ڕێگه‌ی ته‌وافوق و ڕاوه‌رگرتن ئه‌نجام داوه‌ و ڕێزیشم له‌ سازان و ڕێككه‌وتنی لایه‌نه‌كان له‌ناو خۆیاندا گرتووه‌ و یارمه‌تیم داون ئه‌و سازانه‌یان شێوه‌یه‌كی یاسایی وه‌ربگرێت. یاسای ژمارە 4ـی 2015ـی پەرلەمان بۆ ئامادەكردنی دەستوور، وێڕای ئەوەی كە تێبینیمان لەسەری هەبوو، لەبەر بەرژەوەندیی وڵات و پاراستنی یەكڕیزیی گەلەكەمان ئیمزام كرد. پێشتریش ڕەشنووسی پڕۆژەی دەستووری هەرێمی كوردستان كە بە كۆدەنگیی لایەنەكان و دەنگی 96 پەرلەمانتار پەسەند كرابوو، هەر لەپێناو سازان و ڕێكەوتنی هەموو لایەنە سیاسییەكان و پاراستنی یەكڕیزیی گەلەكەمان نەخرایە ریفراندۆم.

ئەوەی رۆژی 23/6/2015 لە پەرلەمان ڕوویدا، مەترسییە لەسەر بنه‌ما و پڕه‌نسیپی ته‌وافوق و سازان، ئەو بنەمایەی كە خودی سه‌رۆكایه‌تیی پەڕلەمان و كابینەی هەشتەم لەسەری دامەزراون. ئێستاش، لەبەر بەرژەوەندیی گەل و وڵاتەكەمان داوا لە حزبەكان دەكەم، دوور لە بەرژەوەندیی حزبیی تەسك و، بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندیی وڵات و، هەروەها ڕەچاوكردنی هەلومەرجی ناسك و هەستیاری ئێستا كە وڵاتمان پێیدا تێدەپەڕێت، بگەڕێنەوە بۆ پڕه‌نسیپی ته‌وافوق و سازان. چونكە تەنیا بە سازان، پرسە نیشتیمانی و سەرەكییەكان بە پرسی سەرۆكایەتیی هەرێمیشەوە قابیلی چارەسەرن.

كوردستان به‌ره‌و قۆناغێكی زۆر جیاواز و گرنگ ده‌ڕوات. ئه‌مڕۆ زیاتر له‌هه‌موو كات پێویستیمان به یه‌كڕیزیی و‌ رێككه‌وتن و سازانه‌. ئه‌وه‌ی له‌ڕووی یاساییه‌وه‌ پێویسته‌، من له‌لای خۆمه‌وه‌ كردوومه‌. ئه‌ركێكی نیشتمانی ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر هه‌موو لایه‌نه‌كان تا پێش 20/8 بگه‌نه‌ ئه‌نجامێك كه‌، ده‌توانن به‌ سازان ڕێكبكه‌ون. ئه‌گه‌ریش لایه‌نه‌كان به‌پێی پڕه‌نسیپی ته‌وافوق و سازان نه‌جووڵانه‌وه‌، ئه‌وكات منیش هه‌ڵوێستی خۆم ڕاده‌گه‌یێنم.

هاوكات، داوا له‌ په‌رله‌مانتاران و حكوومه‌ت و حزبه‌ سیاسییه‌كان ده‌كه‌م به‌ قووڵیی بیر له‌ چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانه‌ داراییەكان و شه‌ڕی داعش و پرسی ژیان و بژێویی خه‌ڵك، به‌تایبه‌تیی پێشمه‌رگه‌كان بكه‌نه‌وه‌ و بایه‌خی شایسته‌ی پێ بده‌ن.


مسعود بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
29ـی 6ـی 2015

سەرۆك بارزانی پیرۆزبایی جەژنی سەربەخۆیی ئەمەریكا لە سەرۆك و جێگری سەرۆكی ئەمەریكا دەكات

بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە دوو بروسكەی جیادا پیرۆزبایی ساڵیادی سەربەخۆیی ئەمەریكای لە بەڕێز باراك ئۆباما سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا و بەڕێز جۆ بایدن جێگری سەرۆكی ئەمەریكا كرد و تێیدا وێڕای پیرۆزبایی جەژنی سەربەخۆیی لە گەل و حكوومەتی ئەمەریكا جەختی لە قووڵتركردنی پەیوەندییەكانی نێوان گەلی كوردستان و گەلی ئەمەریكا كردەوە.

سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی ئیتالیا لە عێراقی فیدڕاڵ دەكات

ڕۆژی دووشەممە 6ـی 7ـی 2015 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە ماركۆ كارنێلۆس باڵیۆزی ئیتالیا لە عێراقی فیدڕاڵ كرد.

لە دیدارەكەدا باڵیۆزی ئیتالیا لە عێراقی فیدڕاڵ پێزانینی هەبوو بۆ ئەو پێشكەوتن و بووژانەوەیەی كە لە هەرێمی كوردستاندا هەیە و سوپاسی گەلی كوردستانیشی كرد كە ژمارەیەكی یەكجار زۆری پەنابەری لە خۆ گرتووە. هەروەها جەختیشی لە پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان ئیتالیا و هەرێمی كوردستان لە بواری سیاسی و ئابووری و شوێنەوار كردەوە. باڵیۆزی ئیتالیا لە عێراقی فیدڕاڵ سەرۆك بارزانیشی لە بڕیاری وڵاتەكەی ئاگادار كردەوە كە لە ماوەیەكی نزیكدا ئاستی نوێنەرایەتیی ئیتالیا بۆ كونسوڵخانەی گشتی بەرز دەكاتەوە. هەروەها پابەندبوونی وڵاتەكەیشی دووپاتكردەوە لە بەردەوامبوونی هاریكارییە سەربازییەكان و ڕاهێنانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و هاوكارییە مرۆییەكان بۆ هەرێمی كوردستان.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی هیوای سەركەوتنی بۆ باڵیۆزی ئیتالیا خواست لە ئەنجامدانی ئەرك و كارەكانی و هەروەها سوپاسی حكوومەت و گەلی ئیتالیای كرد كە هاوكارییان پێشكەشی هێزی پێشمەرگە كردووە و ئامادەیی تەواوی هەرێمی كوردستانیشی ڕاگەیاند بۆ فراوانتركردنی پەیوەندییەكان و كاری هاوبەشی هەردوولا لە بواری ئابووری و سیاسی و ئاسەواردا. هەروەها سەرۆك بارزانی دەستخۆشی لە حكوومەتی ئیتالیا كرد بۆ بڕیاری كردنەوەی كونسوڵخانەی گشتی لە شاری هەولێر.

باسكردنی بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق و چۆنییەتی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان و ژیان و گوزەرانی ئاوارەكان تەوەرێكی دیكەی ئەم كۆبوونەوەیە بوو.

سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە ڕاوێژكاری تایبەتی سەرۆك وەزیرانی پێشووی ژاپۆن دەكات

ڕۆژی سێشەممە 7ـی 7ـی 2015 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە یووكی ئۆكامۆتۆ سیاسەتمەداری ناودار و ڕاوێژكاری تایبەتی سەرۆك وەزیرانی پێشووی ژاپۆن و شاندێكی یاوەری كرد كە لە كازۆیا ناشیدا باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراقی فیدڕاڵ و ژمارەیەك ڕاوێژكاری باڵیۆزخانەی ژاپۆن پێك هاتبوو.

لە دیدارەكەدا ڕاوێژكاری تایبەتی سەرۆك وەزیرانی پێشووی ژاپۆن پیرۆزبایی لە سەرۆك بارزانی كرد بە بۆنەی ئەو پێشكەوتنەی لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوو لە هەرێمی كوردستاندا لە بواری جۆراوجۆر هاتووەتە ئاراوە. ئەوەیشی ڕاگەیاند كە وڵاتەكەی بایەخێكی زۆر بە كوردستان دەدات و ژاپۆن ئامادەیی تەواوی هەیە كە بەشدارییەكی كارای لە یارمەتیدانی كەرتی گشتی و تایبەتی كوردستاندا هەبێت. هەروەها ئەوەیشی خستەڕوو كە وڵاتی ژاپۆن بە نیگەرانییەوە سەیری بارودۆخی ئاساییشی ناوچەكە و هەڕەشەی تیرۆریستان دەكات و ڕۆڵی هێزی پێشمەرگەی كوردستانیشی لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان و پاراستنی پێكهاتەكان بە ئازایەنە و نیشتیمانپەروەرانە وەسف كرد. یووكی ئۆكاتۆمۆ سیاسەتمەداری ناوداری ژاپۆنی پێشمەرگەی بە تەنیا هێزی سەركەوتوو لە قەڵەمدا كە كاریگەرانە ڕووبەڕووی تیرۆر بووەتەوە و ڕۆڵی گێڕاوە لە پاراستنی ئاساییشی جیهان.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی بە گەرمی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و ئامادەیی هەرێمی كوردستانی ڕاگەیاند بۆ فراوانتركردنی پەیوەندییەكان لەگەڵ وڵاتی ژاپۆن لە بواری سیاسی و ئابووری و كەرتی كشتوكاڵ و ئەوەیشی خستەڕوو كە لە كوردستان دەرفەتی زۆر باش هەیە كە سوود لە توانا سرووشتییەكان وەربگیرێت و پەرە بە كەرتی كشتوكاڵ بدرێت. لە درێژەی قسەكانیدا سەرۆك بارزانی تیشكی خستە سەر شەڕی دژی داعش و جەختی لەوە كردەوە كە داعش ڕێكخراوێكی تیرۆریستیی جیهانییە و هەڕەشەیە بۆ سەر هەموو لایەك، بۆیە ڕووبەڕووبوونەوەی هەوڵێكی هەمە لایەنەی پێویستە.

پەڕەى 189 لەکۆى 347 پەڕەدا

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی