هەرێمی کوردستان
نێچیرڤان بارزانى: داعش مه‌ترسییه‌كى نێوده‌وڵه‌تییه
ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه، 27ى نۆڤه‌مبه‌رى 2014، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له به‌ڕێز لوبۆمیر زاورالیك وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى كۆمارى چیك و شاندێكى یاوه‌رى كرد كه له جێگرى وه‌زیرى به‌رگرى و ژماره‌یه‌ك له دیپلۆماتكاران و به‌رپرسانى چیكى پێكهاتبوو.
له دیدارێكدا به‌ڕێز زاورالیك خۆشحاڵیى خۆى به‌م سه‌ردانه ده‌ربڕى و هه‌رێمى كوردستانى به شوێنێكى ئارام و سه‌قامگیر و پێشكه‌وتوو، له ناوجه‌ر‌گه‌ى ناوچه‌یه‌كى ناسه‌قامگیر و پڕ له كێشه و توندوتیژى ناوزه‌د كرد و ده‌ستخۆشى له خه‌ڵك و حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان كرد كه توانیویانه له ناوچه‌یه‌كى وه‌هادا، ده‌سكه‌وتى گه‌وره له ئارامى و ئاوه‌دانكردنه‌وه و پێشكه‌وتن به ده‌ست بهێنن. هه‌روه‌ها دڵگرانى و نیگه‌رانیى خۆى بۆ بارودۆخى ئه‌م دواییه نیشان دا كه له ئه‌نجامى هێرشه‌كانى تیرۆرستانى داعشه‌وه، هاتۆته ئاراوه.
به‌ڕێز وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى كۆمارى چیك ئاماده‌ییى وڵاته‌كه‌یشى بۆ پشتگرى و هاوكاریكردنى هه‌رێمى كوردستان ده‌ربڕى تا بتوانێت باشتر به‌ره‌نگارى تیرۆر ببێته‌وه و دووپاتى كرده‌وه كه كۆمارى چیك ئاماده‌یه چ له ڕووى سه‌ربازى و پێشكه‌شكردنى مه‌شق و ڕاهێنانه‌وه، چ له ڕووى كۆمه‌ك و هاوكاریى مرۆییه‌وه، یارمه‌تیى هه‌رێمى كوردستان بدات، تا بتوانێت باشتر ڕووبه‌ڕووى تیرۆرستان ببێته‌وه و به‌سه‌ریاندا سه‌ركه‌وێت. دڵنیاییى خۆیشى دووپات كرده‌وه كه له داهاتوویه‌كى نزیكدا هه‌رێمى كوردستان ده‌گاته كه‌نارى ئارامى و له به‌ره‌وپێشه‌وه‌چوون و به‌ده‌ستهێنانى ده‌سكه‌وتى زیاتر، به‌رده‌وام ده‌بێت.
له بوارى ئابووریشه‌وه، به‌ڕێز وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى كۆمارى چیك جه‌ختى له‌وه كرده‌وه كه وڵاته‌كه‌ى ده‌توانێ هاوكار و هاوبه‌شى پێشكه‌و‌تنه‌كانى هه‌رێمى كوردستان بێت، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش له‌م سه‌ردانه‌یدا كۆمه‌ڵێك به‌رپرس و كۆمپانیاى كه‌رتى تایبه‌تى وڵاته‌كه‌ى یاوه‌رى ده‌كه‌ن، كه ده‌توانن له هه‌ردوو بوارى سه‌رمایه‌گوزارى و ڕاوێژكاریدا، هاوكارى و هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ حكوومه‌ت و كه‌رتى تایبه‌تى هه‌رێمى كوردستاندا بكه‌ن.
لاى خۆیه‌وه به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى وێڕاى به‌خێرهێنانى شانده‌كه، دووپاتى كرده‌وه كه كۆمارى چیك له سه‌ره‌تاوه بۆ پشتگیریى هه‌رێمى كوردستان چ له ڕووى هاوكارى، چ له ڕووى مه‌عنه‌وییه‌وه، ڕۆڵێكى به‌رچاوى هه‌بووه و بۆ ئه‌مه‌ش سوپاسى حكوومه‌تى چیك و خه‌ڵكى وڵاته‌كه‌ى كرد. داكۆكیشى له‌وه كرده‌وه كه هه‌رێمى كوردستان بایه‌خ و گرنگى به په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ كۆمارى چیك ده‌دات و خوازیارى بره‌ودان و پێشخستنى په‌یوه‌ندییه سیاسى و ئابوورییه‌كان و هاوكارى و هه‌ماهه‌نگیى سه‌ربازییه له‌گه‌ڵ كۆمارى چیكدا.
به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران هه‌روه‌ها دووپاتى كرده‌وه كه هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له هاتنى كه‌رتى تایبه‌تى چیكى ده‌كات و ئاماده‌یه هه‌موو هاوكارى و ئاسانكارییه‌ك پێشكه‌ش بكات تا زیاتر كارا بن، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش شاندى چیكى له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له وه‌زیرانى په‌یوه‌ندارى هه‌رێمى كوردستان كۆبوونه‌وه‌یه‌كیان ساز كرد. تیایدا چۆنیه‌تیى بره‌ودان به په‌یوه‌ندییه‌كان و كارى پێكه‌وییى نێوان هه‌ردوو كه‌رتى گشتى و تایبه‌تى هه‌رێمى كوردستان و كۆمارى چیك تاوتوێ كرا.
له به‌شێكى دیكه‌ى دیداره‌كه‌دا كه به‌ڕێزان جێگرى سه‌رۆك وه‌زیران و ژماره‌یه‌ك له وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان ئاماده‌ى بوون، به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران، باسى له ڕه‌وشى هه‌رێمى كوردستان و ده‌سكه‌وت و پێشكه‌وتنه‌كان كرد و تیشكى خسته سه‌ر جه‌نگى دژى تیرۆر و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تیرۆرستانى داعش. جه‌ختیشى له‌وه كرده‌وه كه ڕاسته هه‌رێمى كوردستان ئێستا له سنوورێكدا كه زیاتر له هه‌زار كیلۆمه‌تر درێژ ده‌بێته‌وه، له هێڵى پێشه‌وه‌ى شه‌ڕدایه له‌گه‌ڵ تیرۆر، به‌ڵام مه‌ترسییه‌كه به ته‌نیا له‌سه‌ر هه‌رێمى كوردستان و ناوچه‌كه نییه، به‌ڵكوو داعش مه‌ترسییه‌كى نێوده‌وڵه‌تییه و پێویسته هه‌موو لایه‌ك هاوكار و هه‌ماهه‌نگ بن بۆ نه‌هێشتنى ئه‌م مه‌ترسییه. ده‌رباره‌ى په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌ولێر و به‌غداش، دووپاتى كرده‌وه هه‌رێمى كوردستان خوازیارى ئه‌وه‌یه له ڕێگه‌ى دیالۆگه‌وه بگه‌نه چاره‌سه‌رێك بۆ هه‌موو كێشه‌كان كه له به‌رژه‌وه‌ندیى هه‌موو لایه‌كدا بێت.
"بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کەڵکەتەی هیندستان نمایشکرا
مەنسوور جیهانی ـ فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" لە دەرهێنانی سینەماکاری کورد "شەوکەت ئەمین کورکی" لە بەشی پێشبڕکێی بیستەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کەڵکەتە لە وڵاتی هیندستان نمایشکرا.
فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" Memories On Ston لە دەرهێنانی سینەماکاری کورد "شەوکەت ئەمین کورکی" و لە نووسینی هاوبەشی "مەممەد ئەکتاش" و "شەوکەت ئەمین کورکی" بە نوێنەرایەتیی لە هەرێمی کوردستان، کاتژمێر 30/7ی ئێوارێی ڕۆژیی دووشەمە 17 تەشرینی دووەم / نۆڤەمبەری 2014 لە بەشی پێشبڕکێی "نێتپەکی ئاسیا" لە میانەی بیستەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کەڵکەتە لە هۆڵی پۆرباسریی لە وڵاتی هیندستان لەگەڵ کۆمەڵێک فیلمی دیکە چووە سەر پەردەی سینەما.
سەرۆکایەتیی لێژنەی دادوەرانی بەشی پێشبڕکێی نێودەوڵەتیی تایبەت بە سینەماکارانی ئافرەتی ئەم فیستیڤاڵە لە ئەستۆی ئەستێرەی ناوداری سینەمای ئێران خاتوو "نیکی کەریمی"دا بوو، و هەر لەم فیستیڤاڵەدا بە بۆنەی تەمەنێک چالاکی هونەری و خزمەت بە هونەری سینەما ڕیزی تایبەتی لێ‌گیرا و لە بەشێکدا کۆمەڵێک لە فیلمەکانی وەکوو ئەکتەر و دەرهێنەر نمایشکران.
ئەم فیستیڤاڵە چەندین بەشی جۆراوجۆری لە خۆگرتبوو، لەوانە: بەشی "پێشبڕکێی نێودەوڵەتیی تایبەت بە سینەماکارانی ئافرەت"، بەشی پێشبڕکێی "ئاسۆی نوێی"، بەشی پێشبڕکێی "نێتپەکی ئاسیا"، بەشی "چاوخشاندنێک بە ڕابردوودا"، بەشی "سەد ساڵ تێپەڕبوون بەسەر سینەمادا"، بەشی "مامۆستای گەورەی سینەما جیهان ستەنلی کۆبریک" Stanley Kubrick، بەشی "تەرکیز لەسەر سینەمای وڵاتانی عەڕەبی"، بەشی "ئاسۆی نوێی ـ چاوخشاندنێک بە بەرهەمەکانی خاتوو نیکی کەریمی"، بەشی "نمایشی تایبەت"، بەشی "هەڵبژاردەی سینەمای هیندستان"، بەشی "تایبەت بە منداڵان"، بەشی "پانۆڕامای بەنگاڵ"، بەشی "ڕێزلێنانی تایبەت" و هەروەها بەشی "سینەمای کلاسیکی فەڕەنسا".
فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کەڵکەتە بە بەشداری بەرهەمی وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان، لەوانە: ئیسپانیا، سویسڕا، ئیتاڵیا، یۆنان، هیندستان، ئەفغانستان، کۆماری چیک، فەڕەنسا، ئەڵمانیا، هەرێمی کوردستان و چەندین وڵاتی دیکە لە ڕۆژانی 10 تا 17 تەشرینی دووەم / نۆڤەمبەری 2014 لە شاری کەڵکەتەی وڵاتی هیندستان بەڕێوەچوو.
فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" لە دوایین بەشداری نێونەتەوەیی خۆیدا بە ئامادەبوونی سینەماکاری کورد شەوکەت ئەمین کورکی، بەرهەمهێنەر و سیناریۆنووسی کورد "مەمەد ئەکتاش" و بەڕێوەبەری گشتیی ڕۆشنبیری و هونەری پارێزگای دهۆک "ئەیووب ڕەمەزان"، لە دوو سانسی جیاوازدا لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکیی هەشتەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئەبووزەبی لە وڵاتی ئیماڕات نمایشکرا و توانی خەڵاتی تەندیسی مرواریی ڕەش بۆ باشترین فیلمی جیهانی عەڕەبی ئەم فیستیڤاڵە بەدەستبێنێت.
سێیەمین پیشانگاى پیشەیى کوردستان دەستى بەکارەکانى کرد
بەبەشداربوونى 50 کۆمپانیاو رێکخراو و ژمارەیەکى زۆر لەکارخوازان، ئەمرۆ لە هەولێر سێیەمین پیشانگاى پیشەیى کوردستان دەستى بەکارەکانى کرد. لە دەستپێکدا،قوباد تاڵەبانی جێگرى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان، وتارى کردنەوەى پێشانگاى پێشکەش کرد کەتیایدا وێڕای دەستخۆشی لە گرێدانی ئەم پیشانگایە، پاڵپشتی حکومەتی بۆ هەر هەوڵێکی لەمجۆرە نیشاندا بۆ پێشخستنی تواناکانی لاوان لەکوردستان.
لەم پیشانگایەدا بۆ دروستکردنى پردى نێوان خوێندکاران و کۆمپانیاکانى کەرتى تایبەت، جێگرى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان پڕۆگرامى راهێنانى تواناکانى راگەیەناند.
پڕۆگرامى راهێنانى تواناکان لە قۆناغى یەکەمدا بەبەشدارى ژمارەیەک زانکۆ‌و کۆمپانییاى کەرتى تایبەت بەرێوەچوو، بۆئەوەى خوێندکاران بتوانن لەبوارەکانى خۆیاندا بەشێوازى کردەیى ئەزموونى کارکردن بەدەستبهێن و هەروەها ببێتە هەنگاوێک بۆ پڕکردنەوەى بەشێک لەپێداویستیەکانى بازارى کارى کوردستان.
ئەم پڕۆگرامە یەکێکە لە ئەولەویاتى حکومەتى هەرێمى کوردستان بۆ هاندان و پاڵپشتیکردنى دامەزراندن لەکەرتى تایبەت و پێشکەشکردنى کارئاسانى پێویست بۆ ئەو مەبەستە.
وا بڕیارە لە قۆناغەکانى داهاتودا پڕۆگرامى راهێنانى تواناکان فراوانتر بکرێت بەبەشداربوونى ژمارەیەکى بەرچاوى خوێندکاران و زانکۆ و کۆمپانیاکانى کەرتى تایبەت و ببێتە بەشێک لەبەرنامەى خوێندن لە زانکۆکان.
حکومەتی هەرێمی کوردستان بەمەبەستی گرنگی پێدانی زیاتر بە فێرخوازان و ڕاهێنان و ئامادەکردنیان بۆ بازاڕی کار پرۆگرامی ڕاهێنانی تواناکان Internship جیبەجێ دەکات کە بریتیە لە دروستکردنی پردی پەیوەندی نێوان فێرخوازان و کۆمپانیاکان بە چاودێری حکومەت هەروەها ڕاهێنانی فێرخوازان بۆ ئەوەی لە بوارەکانی خۆیان بەشێوازی کردەیی ئەزموونی کارکردن بەدەستبهێنن و بتوانن بەشێک لە پێداویستی بازاری کار لە کوردستان پڕ بکەنەوە .
لەقۆناغی یەکەمدا 28 قوتابی وخوێندکار لە هەر سێ زانکۆی سەڵاحەددین و سلێمانی وکوردستان بەشداریان کرد لە ڕاهێنانی تواناکان .
پیشانگاى پیشەیى کوردستان لەساڵى 2012دا دامەزراوەو ساڵى جارێک بەرێوە دەچێت و دەیان کۆمپانیاى کەرتى تایبەت و رێکخراو بەشدارى تێدا دەکەن بۆ دۆزینەوەى کارمەندى کارا و پڕکردنەوەى پۆستە بەتاڵەکانیان. ئەم پێشانگایە یەکەم پێشەنگاى هەلى کار‌و مەشق و راهێنانە کەخزمەت دەگەینێ بەگشت کوردستان و گەورەترینە لەعیراقدا وحکومەتى هەرێمى کوردستان یەکێکە لە پاڵپشتە سەرەکییەکانى ئەم پیشانگایەو ئەمساڵیش بەپڕۆگرامى راهێنانى تواناکان بەشدارى تێدا کرد.
نێچیرڤان بارزانى: كوردستان مافى خۆیه‌تى گه‌ره‌نتى هه‌بێت
ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 25ى نۆڤه‌مبه‌رى 2014، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له به‌ڕێز "گرێگۆرى گیسى" سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی چەپ لە په‌رلەمانی ئەڵمانیای فیدراڵ كرد كه دواى سه‌ردانێكى بۆ به‌غدا، گه‌یشته هه‌رێمى كوردستان.
له دیدارێكدا به‌ڕێز "گیسى" ده‌ستخۆشى له خه‌ڵك و حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان كرد كه له ناوچه‌یه‌كى ناسه‌قامگیر و نائارامدا، توانیویانه ده‌سكه‌وت و پێشكه‌وتنى زۆر به ده‌ست بێنن و ببنه مایه‌ى پێزانینى هه‌مووان. هه‌روه‌ها ستایشى ڕۆڵى خه‌ڵك و حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانى كرد له داڵده‌دانى ئاواره و په‌نابه‌ران كه له ئه‌ورووپا و ته‌واوى جیهان واى كردووه هه‌رێمى كوردستان وه‌ك پارێزه‌رى ته‌واوى پێكهاته ئایینى و نه‌ته‌وه‌ییه‌كان بناسرێت و ببێته مایه‌ى ڕێز و پێزانینى هه‌مووان.
په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوان هه‌رێمى كوردستان و ئه‌ڵمانیا به‌شێكى دیكه‌ى دیاره‌كه بوو كه تیایدا به‌ڕێز "گیسى" دووپاتى كرده‌وه ئه‌لمانیا خوازیارى پێشخستنى په‌یوه‌ندییه‌كانیه‌تى له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان و ئاماده‌ییى ئه‌ڵمانیاى بۆ هه‌موو جۆره هاوكارییه‌ك و به‌تایبه‌تى هاوكاریى هه‌نووكه‌یى مرۆیى ده‌ربڕى له كاتێكدا وه‌رزى زستان خه‌ریكه ده‌گات و ئاواره و په‌نابه‌ران پێویستیان به هاوكاریى زیاتر هه‌یه، بۆیه داواى كرد لیستێكى پێداویستییه‌كان ئاماده بكرێت تا پێشكه‌ش به حكوومه‌تى وڵاته‌كه‌ى بكات.
هه‌ر له دیداره‌كه‌دا باس له پرۆسه‌ى سیاسیى عیراق و به‌شداریى هه‌رێمى كوردستان له حكوومه‌تى عیراقدا كرا و ڕۆڵى هه‌ولێر له داڕشتنه‌وه‌ى پرۆسه‌ى سیاسى له عیراق به‌رز هه‌ڵسه‌نگێنرا. به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانیش جه‌ختى له‌وه كرده‌وه كه هه‌رێمى كوردستان خوازیاره هه‌موو كێشه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غدا له ڕێگه‌ى دیالۆگه‌وه چاره‌سه‌ر بكرێت، له هه‌مان كاتدا خه‌ڵكى كوردستان مافى خۆیه‌تى گه‌ره‌نتى هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ى كاره‌ساته‌كانى ڕابردووى به‌سه‌ر نه‌یه‌ته‌وه.
به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، هه‌روه‌ها داكۆكى له‌سه‌ر خواستى هه‌رێمى كوردستان بۆ بره‌ودان به په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ ئه‌ڵمانیا كرده‌وه و سوپاسى ئه‌ڵمانیاى كرد كه هه‌میشه له كاتى ته‌نگانه‌دا هاوكاریى كوردستانى كردووه و زۆر جار له كاتى پێویستیدا له ڕێگه‌ى ئێن جى ئۆكانییه‌وه كۆمه‌كى گه‌یاندووه‌ته هه‌رێمى كوردستان. دووپاتیشى كرده‌وه كه ئاواره و په‌نابه‌ران پێویستییان به كۆمه‌ك و هاوكاریى زیاتره، هه‌روه‌ها له ڕووى سه‌ربازیشه‌وه هه‌رێمى كوردستان چاوى له یارمه‌تیى باشتره تا بتوانێت شكست به تیرۆرستانى داعش بێنێت، كه بوونه‌ته مه‌ترسى له‌سه‌ر ئاشتى و دیموكراسى له ناوچه‌كه و له جیهانیشدا.
نێچیرڤان بارزانى: کار ده‌كه‌ین بۆ دروستکردنی ناتوندوتیژی دژی ژنان
ڕێوڕه‌سمى هه‌ڵمه‌تى ڕاگه‌ياندنى دوو هه‌فته چالاكى بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى توندوتيژى دژى ژنان
سه‌رله‌به‌یانیى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 25ى نۆڤه‌مبه‌رى 2014، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان، به‌شدارى له ڕێوڕه‌سمى هه‌ڵمه‌تى ڕاگه‌یاندنى دوو هه‌فته چالاكیى بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى توندوتیژى دژى ژنان كرد، كه له لایه‌ن ئه‌نجومه‌نى باڵاى كاروبارى خانمانه‌وه له هه‌ولێر ساز كرا.
لە ڕێوڕەسمەکەدا هه‌روه‌ها به‌ڕێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران و ژمارەیەک لە به‌ڕێزان وەزیرانی حکوومەت و سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای خانمان و چه‌ندین بەرپرسی حکوومی و نوێنەرانی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان به‌شدار بوون و له وته‌یه‌كدا كه به‌م بۆنه‌یه‌وه پێشكه‌شى كرد، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌ره‌تا سڵاو و ڕێز و خۆشەویستى ئاراستەی پێشمه‌رگه كرد کە هەر لە کۆبانێ تا دەگاتە جەلەولا و سەعدیە، ئەمڕۆ لە شەڕدان بۆ بەرگریکردن لە مافی خەڵکی کوردستان.
هه‌روه‌ها گوتى "سەری ڕێز و نەوازش بۆ پێشمەرگانە دادەنوێنین کە لەو ماوەیەدا لەپێناو بەرگریکردن لە وڵاتەکەماندا شەهید بوون. یادیان دەکەینەوە و داوای چاکبوونەوەی خێراش دەکەین بۆ ئەو بریندارانەی لەم شەڕەدا بریندار بوون. هیواخوازین زوو چاک ببنەوە و هیوادارین بە هاوکاریی هەموو لایەک بتوانین وڵاتەکەمان لەو بارودۆخەی ئێستا دەرباز بکەین."
ئاماژه‌ى به‌وه‌ش دا ئه‌مساڵ له بارودۆخێکی جیاوازتردا ئه‌م هه‌ڵمه‌ته ڕاده‌گه‌یه‌نرێت، که به‌هۆی هێرش و تاوانکارییه‌کانی تیرۆرستانه‌وه، ئافره‌تان به‌تایبه‌تی له‌و شوێنانه‌ی که‌وتوونه‌ته به‌ر په‌لاماری تیرۆر، له ڕه‌وشێکی سه‌خت و له بارێکی مرۆیی و ده‌روونیی قورسدان و بوونه‌ته قوربانیی توندوتیژییه‌کی له‌ڕاده به‌ده‌ر.
ڕوونیشى كرده‌وه كه دوای هێرشە دڕندەکانی داعش و ئەو بارە نائارامەی لە ناوچەکە دروست بوو، خەڵکێکی زۆر دەربەدەر و ئاوارە بوون. خەڵکێکی زۆر، ڕۆڵە و کەسوکاری ئازیزی خۆیان لە دەست دا. ژمارەیەک لە کچ و ژنان ڕفێندران و ڕاستە هەرێمی کوردستان توانی باوەش بۆ خوشک و برایانی ئاوارە، بە ئێزدی، مەسیحی، موسڵمان، شەبەک، کاکەیی، تورکمان، کورد و عەرەبەوه بکاتەوە، بەڵام بارودۆخێکی تایبەت هاتە ئارەوە، کە مامەڵەیەکی جیا و تایبەتی پێوست بووە.
باسى له‌وه‌ش كرد كه ئەمڕۆ ژمارەیەکی زۆری خەڵکی ئاوارە و په‌نابه‌ر، که نزیکه‌ی یەک ملیۆن و پێنجسه‌د هه‌زار كه‌س ده‌بن، لە هەرێمی کوردستانن. خه‌ڵک و حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش، به تواناکانی خۆی و بە هاوکاری و کۆمەکی نێودەوڵەتی، توانیویه‌تی تا ڕادەیەک که‌مپی نیشتەجێبوونیان بۆ دروست بكات و له زۆر له که‌مپه‌کاندا منداڵان گەڕاونەتەوە قوتابخانە و هەوڵ دراوه بارودۆخەکە ئاسایی بکرێته‌وه، بەڵام مەینەتی و ئازارەکان کۆتای‌یان نەهاتووە هه‌وڵه‌كان به‌رده‌وامن.
هه‌روه‌ها به بیرى هێنایه‌وه كه ژن، هەمیشە قوربانیی یەکەمی جەنگەکان بووە و داعش ئافرەتی وەک ستراتیژێکی جەنگ بە کار هێناوە و گەورەترین تاوانی جەنگی بەرامبەر بە ژنان کردووە. ئافرەتانی کوردستانیشى دڵنیا كرده‌وه کە حكوومه‌ت کۆڵ نادات لە خەبات دژی جەنگ و توندوتیژی، لەپێناوی دابینکردنی ماف و ئازادی بۆ ژن و پیاو بە یەکسانی. هەموو پێشێلکارییەکى بەرامبەر بە ئافرەت، چ لەناو ماڵ و چ لە بەرەکانی جەنگ بێت، به پێشێلکردنی مافی مرۆڤى له قه‌ڵه‌م دا و لە ڕێگای ڕاگەیاندنی ئەم هەڵمەته‌وه جەختى لەسەر باوەڕ و بڕوابوون به پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و گەشەپێدانی زیاتری پرۆسەی دیموکراسی لە کوردستان كرده‌وه.
به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران هه‌روه‌ها گوتى: "ئێمە که ئەمڕۆ لێره بۆ ڕاگه‌یاندنی ئه‌م هه‌ڵمه‌ته کۆبووینەته‌وە، لە ناخەوە هەست بە ئازار و مەینەتییەکانی ئەو ژنانە دەکەین، کە لە هێرشە دڕندەکانی داعشدا ڕفێندران و کرانە کۆیلە و مامەڵەیەکی نامرۆییی وایان لەگەڵ کراوە، کە دەچێتە بازنەی تاوانی جەنگ و جینۆسایدەوە. کەیسی ئەو خوشکە ئێزیدیانە هەر لە سەرەتاوە جێگەی ئه‌وپه‌ڕی گرنگی و بایەخی ئێمە بووه، بۆیە کۆمەڵێک ڕێکارمان دەست پێکردووە. ئامانجمان لەم کارانە، ڕزگارکردنی ئەو ئافرەتە خۆشەویستانە و هاوکاریکردنیانە، بۆ گەڕانەوە بۆ ناو ژیانی ئاساییی خۆیان لەنێو ماڵ وکۆمەڵگەکەیان."
هه‌روه‌ك چۆن باسى له‌وه كرد هه‌ر له‌م له‌م بۆنه‌یه‌دا، بیریان لای ئه‌و ژن و خوشکه مه‌سیحیانه‌شه، که له ناوچه‌کانی ده‌شتی نه‌ینه‌وا و مووسڵ و ده‌وروبه‌ری و له شوێنه‌کانی دیکه، ناچار کران ماڵ و حاڵ و زێدی خۆیان جێ بهێڵن و ئاواره‌ی ناوچه جیاکانی هه‌رێمی کوردستان ببن و گوتى: "هه‌ست به ژان و ئازاری ئاواره‌یی و ماندووییی ئه‌وانیش ده‌که‌ین."
هه‌روه‌ها ڕوونى كرده‌وه كه شۆک و ئازارێکی دیکه‌ی دژواری ئه‌م تاوانکاری و هێرشه تیرۆرستیانه، ئه‌و برینه قووڵه و ئه‌و که‌رتبوونه کۆمه‌ڵایه‌تییه گه‌وره‌یه بوو، که له که‌لتووری سه‌دان ساڵه‌ی ته‌بایی و پێکه‌وه‌ژیان و ئاشتیی کۆمه‌ڵایه‌تیی پێکهاته ئایینی و نه‌ته‌وه‌ییه‌کاندا، دروست بوو. ڕووخانی پرده‌کانی بڕوا و متمانه بوو له نێوان دوو دراوسێدا، که خاوه‌ن دوو بڕوا و دوو ئایینی جیا بوون و سه‌دان ساڵه پێکه‌وه ده‌ژین، به‌ڵام زۆر به‌داخه‌وه هه‌ر له یه‌که‌م تێکچوونی بارودۆخه‌که‌دا، له‌ناکاو کۆتایی به‌و پێکه‌وه‌ژیانه دێرینه هات و ئه‌وى له‌و ناوچانە بەسەریاندا هات دوور بوو لە هەموو کارێکی مرۆڤایەتی.
به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى له وته‌كه‌یدا هاته سه‌ر باسى ئافره‌تی کورد كه بە درێژاییی مێژوو ڕووبه‌ڕووی زۆر جۆری توندوتیژی و نەهامەتی بۆتەوە، بەڵام هەمیشە لەسەر پێ وەستاوە و نەکەوتووە. وه‌ك چۆن ئەمڕۆ ژنانی کورد بۆ نموونە لە کۆبانێ، ڕووبه‌ڕووی هێزەکانی داعش بوونەتەوە و لە هەرێمی کوردستانیش، ژن بە هەمان شێوە خەبات دەکات، بەڵام بەپێى جیاوازیی دۆخەکە، خەباتى ژنان له هه‌رێم شێوازی جیاوازی وەرگرتووە.
هه‌روه‌ها گوتى: "ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستان ئافره‌تان چالاکانە بەشداریی کاری سیاسی و پەرلەمانی و ڕێکخراوەیی و پیشەیی دەکەن. بە هەوڵ و توانای خۆیان و پشتگیریی حکوومه‌تیش، توانیویانە ڕێژەی کۆتا لە پەرلەمان بە 30% دابین بکەن. من کار دەکەم و هیوا دەخوازم کە ئەو کۆتایە، لە ناو کابینەی حکوومەتیش لە داهاتوودا رەنگبداتەوە."
ئاماژه‌ى به ڕۆڵى ژنان و هێز و توانایان كرد، كه هاوکار بوون لە دەستکاریکردنی یاسا عێراقییەکان و توانیویانە فرەژنی سنوردار بکەن، توندوتیژی بە بیانووی شەرەف وەکوو تاوان پێناسە بکەن، لە ڕێگەی یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزانییەوە، دادگای تایبەت بە توندوتیژی بخەنە گەڕ. هەموو ئه‌مانه‌یشى به دەستکەوتى خەباتی ئافرەتانی کوردستان له قه‌ڵه‌م دا و ئەم خەباتەى ئه‌وانى بەرز نرخاند. جه‌ختیشى له‌وه كرده‌وه كه وەک دەسەڵاتی جێبه‌جێکردن و کارگێڕى لە هەرێمی کوردستان، بەردەوام دەبن لە هەوڵ و کارەکان، بۆ زیاتر چەسپاندنی ماف و ئازادییەکان و پێشخستنی پرۆسەی دیموکراسی لە وڵات. ئه‌وشى گوت كه بۆ گەیشتن بەم ئاستە، دەبێ لەسەر هەموو ئاستێکی ناو خێزان و شوێنی کار و مەیدانەکانی جەنگ، بەرەنگاری توندوتیژی ببنەوە.
هه‌روه‌ها خۆشحاڵیى خۆى ده‌ربڕى کە به‌پێى بەدواداچوونى بۆ ئەم پرسانه، ئامارەکانی کوشتن و خۆسووتاندن له هه‌رێمی کوردستان کەمیان کردووە، ئەمەش لە هەرسێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان، چونكه ئافرەتان هۆشیارن بەرامبەر بە مافەکانیان و سەردانی بنکە و ئۆفیسه‌کانی پۆلیس و بەڕێوەبەرایەتییەکان دەکەن و سکاڵا لە دژی تۆمەتباران تۆمار دەکەن. دووپاتیشى كرده‌وه كه لە ڕێگای بۆردی چاودێری و ئەنجومەنی کاروباری خانمان و بەڕێوەبەرایەتییەکانەوە، کار دەکەن بۆ ئەوەی دادوەری دابین بکرێت و مافی ژن بە هیچ جۆرێک پێشێل نەکرێت.
ئه‌وه‌شى نه‌شارده‌وه كه بۆ گۆڕانی یاساکان لە هەرێمی کوردستان و لە جێبەجێکردنی یاساکاندا، ڕووبه‌ڕووی تەحەددا بوونه‌تەوە، بەڵام کاریان کردووە بۆ ئەوەی ئەو تەحەددایانە ببەزێنن، ئەمەش لە ڕێگای پرۆگرامی هۆشیاریی گشتی لەسەر ئاستی دادوەری و پۆلیس و لە قوتابخانە و زانکۆکانیش، كه‌چى هێشتا تەحەددایان له‌پێشه و ئەم پرۆسەیە پێویستى به هاوکاریی هەمەلایەن هەیە بۆ ئه‌وه‌ى بگەینە سەرکەوتن.
هه‌ر له‌مباره‌یه‌وه گوتى: "کارکردنی ئێمە بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی، خەباتە دژی هەموو هێزێکی توندڕەو و تاریک، چ لە بەرەکانی جەنگ بێت، چ لەناو ماڵ و هەموو سووچێکی ئەم کوردستانە بێت. دەمێکە ئەم خەباتەمان دەست پێکردووە، دەستکەوتیشمان هەبووە، بەڵام ئامانجی ئێمە ئەوەیە کە توندوتیژی بنبڕ بکەین، چونکه تا ئافرەت لە زوڵم و چەوساندنەوەدا بژیت، بە هیچ شێوەیەک کۆمەڵگە ئاسوودە نابێت."
لە کۆتاییدا هیوای سەرکەوتنى بۆ هەموو لایەک خواست و ڕایگه‌یاند: "با بیرمان نەچێت کە خەباتی ئێمە ڕۆژانەیە و دەبێ هەمیشە لە ئامادەباشیدا بین بۆ بەزاندن و نه‌هێشتنی پێشێلکاری و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندڕەوی و چەوساندنەوەی مرۆڤ. پێشێلکردنی مافی ژن، پێشێلکردنی مافی مرۆڤە و دەبێ لە وڵاتەکەماندا هەوڵی بنبڕکردنی بکرێت. بۆیه با هه‌موومان پێکه‌وه کار بکه‌ین بۆ دروستکردنی ناتوندوتیژی و بۆ به‌دیهێنانی کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی به‌تاڵ له توندوتیژی دژی ژنان."
سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی چەپ لە پارلەمانی ئەڵمانیا دەكات
ئەمڕۆ سێشەممە 25ـی 11ـی 2014 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە گریگۆ گیزی سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی چەپ لە پارلەمانی ئەڵمانیای فیدڕاڵ و شاندێكی یاوەری كرد.
لە دیدارەكەدا سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی چەپ لە پارلەمانی ئەڵمانیا سوپاسی سەرۆك بارزانیی كرد بۆ ڕەخساندنی ئەم دیدارە و سڵاوی ڕاوێژكار و وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیای بە سەرۆك بارزانی گەیاند. هەروەها وێڕای ئاماژەدان بە پێشكەوتنەكانی هەرێمی كوردستان لە هەموو بوارەكاندا ئەوەی خستەڕوو كە ئێستا لەسەر ئاستی جیهانیدا كورد ڕێز و پێگەیەكی زۆر باشی هەیە و كوردستان بۆ ماوەیەكی درێژ چەوسێندراوەتەوە بەڵام توانیویەتی كار بۆ ئازادی بكات و ڕێگەی خۆی سەركەوتووانە بكاتەوە. سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی چەپ لە پارلەمانی ئەڵمانیا ڕۆڵی سەرۆك بارزانی لەو پێشكەوتنە بەرز نرخاند و هەروەها دەستخۆشیشی لە هەرێمی كوردستان و هێزەكانی پێشمەرگە كرد كە توانیویانە ڕێگە لە تیرۆریستان بگرن و ئێزیدی و مەسیحی و پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی ناوچەكە بپارێزن. سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی چەپ لە پارلەمانی ئەڵمانیا هێمایشی بەو كارە مەزنەی هەرێمی كوردستاندا كە بووەتە پەناگەی سەدان هەزار ئاوارە و پاڵپشتیی وڵاتەكەیشی لە یارمەتیدانی مرۆیی بۆ كوردستان و هەروەها هاوكاریكردن و مەشقپێكردنی هێزەكانی پێشمەرگە دووپات كردەوە.
لە بەرانبەردا سەرۆك بارزانی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و سوپاسی ڕاوێژكار و وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیای كرد و هەروەها دەستخۆشیشی لە پاڵپشتی و هاوكارییەكانی ئەڵمانیای كرد بۆ گەلی كوردستان و پێشمەرگە و بە كاریگەری لە قەڵەم دا.
هەر لەم دیدارەدا سەرۆك بارزانی تیشكی خستە سەر بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی پێشمەرگە و تیرۆریستان و ئاماژەی بەوەدا كە پێشمەرگە توانێ ڕێگە لە پێشڕەویی تیرۆریستان بگرێت و تیرۆریستان لە زۆربەی ئەو ناوچانە وەدەربنێن كە داگیریان كردبوو. سەرۆك بارزانی ئەوەیشی دووپات كردەوە كە هەڕەشەی تیرۆریستان بۆ سەر ئاساییشی جیهان و گشت دەوڵەتان جدییە و بۆ ڕووبەڕووبوونەوەیشی پێویستە لە بواری فكری و ئابورییشەوە شەڕیان بكرێت و سەرچاوەی دارایی و داهاتیان وشك بكرێت. سەبارەت بە ئەو هاوكارییە سەربازییانەی لە لایەن وڵاتان پێشكەشی پێشمەرگە كراوە سەرۆك بارزانی ئەوەی خستەڕوو كە هێشتا ئەو هاوكارییانە لە ئاستی ئەو هەڕەشە و تەحدیاتە نییە كە لە لایەن تیرۆریستانی داعشەوە ڕووبەڕووی كوردستان بووەتەوە، كەچی لە بەرانبەریشدا تیرۆریستانی داعش ئیمكانیات و چەكی پێشكەوتووی دوو دەوڵەتیان كەوتووەتە دەست.
سەرۆك بارزانی پەیوەست بە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش جەختی لەوە كردەوە كە بۆ گەلی كوردستان جێگەی شانازییە پێشمەرگە قارەمانانە شەڕی تیرۆریستانی دڕندە دەكات و لە بەرانبەریان وەستاوە. لە بارەی بارودۆخی ئاوارەكانیش سەرۆك بارزانی ئەوەی بۆ شاندی میوان شی كردەوە كە بە هەموو توانایەك یارمەتیان دەدەین و دەیانپارێزین بەڵام ئاستی كارەساتەكە و ژمارەی ئاوارەكان یەكجار زۆرە و لە تواناكانی هەرێمی كوردستان تێپەڕیوە، بە تایبەت كە لە وەرزی زستاندا پێویستییەكان زیاتر دەبێ و ئاوارەكانیش تووشی بارودۆخێكی نالەبارتر دەبنەوە.
هەر لەم دانیشتنەدا قسە لەبارەی بارودۆخی ڕۆژئاوای كوردستان و چوونی پێشمەرگە بۆ كۆبانێ و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەڵمانیا كرا.
دوایین هەواڵەکان
- په‌يامى سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى بۆ ساڵى نوێ
- پەیامی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی سەری ساڵی نوێی زایینی2025
- سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازيى له كونسوڵی گشتيى نوێى ئێران كرد
- عەباس غەزالی: کۆچی مامۆستا مه‌نسوور یاقووتی وه‌ک له‌ده‌ست چونی یاقووتێکی گرانبه‌هایه
- سه‌رۆک نێچیرڤان بارزانی له‌گه‌ڵ وه‌زیری به‌رگریی هۆڵه‌ندا کۆبووه‌وه
- سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى پێشوازيى له ئيسماعيل بهشيكچى كرد
- سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى و وه‌زيرى به‌رگريى ئيتاڵيا كۆبوونه‌وه
- سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانيی نێودەوڵەتی كۆبووه‌وه
- سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى پێشوازیی له باڵيۆزى نوێى چيك كرد
- سەرۆک نێچیرڤان بارزانی پێشوازیی لە سوپاسالاری بەریتانیا کرد