هەرێمی کوردستان
سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە وەزیری دەرەوەی نەرویج دەكات
ئەمڕۆ سێشەممە 26ـی 8ـی 2014 لە شاری هەولێر بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە بۆڕگ برێند وەزیری دەرەوەی نەرویج و شاندێكی یاوەری كرد.
لە كۆبوونەوەیەكدا كە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەت هەرێم و فواد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم و مستەفا سەید قادر وەزیری پێشمەرگە و عەلی سندی وەزیری پلاندانان و فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكان و ڕێكەوت حەمە ڕەشید وەزیری تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەی بوون، دوایین پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەكان و هەروەها هەڕەشە و پەلاماری تیرۆریستان بۆ كوردستان و سەركەوتتنەكانی هێزی پێشمەرگە و بارودۆخی ئاوارەكان خرایە بەر باس و گفتوگۆ.
هەر لەم دیدارەدا سەرۆك بارزانی بە گەرمی بەخێرهاتنی وەزیری دەرەوەی نەرویج و شاندی یاوەری كرد و هاتن و سەردانی شاندی نەرویجی بە هێمایەك بۆ پاڵپشتی و هاوسۆزیی حكوومەت و گەلی نەرویج بۆ گەلی كوردستان لە قەڵەم دا. سەرۆك بارزانی ئەوەیشی باس كرد كە پاڵپشتی و بەدەنگەوەهاتنی دۆستانی گەلی كورد لەبەر ئەوەیە كە گەلی كوردستان پابەندی بەها و پڕەنسیپی مرۆڤدۆستانە و پێكەوەژیان و فرەلایەنییە و ئەو بەهایانەش دەپارێزێت و ئەم پاڵپشتییەیش نیشان دەدات كە گەلی كوردستان ڕێگەیەكی دروستی هەڵبژاردووە. سەرۆك بارزانی لە درێژەی قسەكانیدا ئەوەی دووپات كردەوە كە گەلی كوردستان خاوەنی فەرهەنگی پێكەوەژیانە و دەبێ ئەو فەرهەنگەیش قووڵتر بكەین. سەبارەت بە ڕەوشی ئاوارەكان سەرۆك بارزانی هێمای بەوەدا كە بە هەموو توانایەكەوە یارمەتییان دەدەین بەڵام ژمارەی پەنابەران لە ئاستی تواناكانی حكوومەتی هەرێم تێپەڕیوە بۆیە پێویستە وڵاتانی دۆست و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە حەواندنەوەی ئاوارەكان یارمەتیمان بدەن بۆ ئەوەی پاش ڕزگاركردنی ناوچەكانیان لە دەستی تیرۆریستان بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان بگەڕێنەوە.
لەبەرانبەردا وەزیری دەرەوەی نەرویج سوپاسی ئەو پێشوازییە گەرمەی كرد كە لە خۆی و شاندە یاوەرەكەی كراوە و دەستخۆشیشی لە سەرۆك بارزانی و سەركردایەتیی كوردستان كرد بۆ ئەو پێشكەوتنەی لە هەرێمی كوردستان هاتووەتە ئاراوە و ڕایگەیاند هاتنی ئێمە شێوازێكە بۆ نیشاندانی هاوسۆزی و پاڵپشتیی گەلی نەرویج لەگەڵ گەلی كوردستان كە بەڕووی تیرۆریستان وەستاوەتەوە. وەزیری دەرەوەی نەرویج هێمایشی بەوەدا كە ئێستا تیرۆریستان بوونەتە ئەمری واقع و هەڕەشەی جدیین بۆ سەر ئاساییشی ناوچەكە و جیهان و بۆ بەرەنگاربوونەوەیان پێویستە هەوڵێكی جیهانی و هەمەلایەنە بخرێتەگەڕ. وەزیری دەرەوەی نەرویج ئەوەی دووپات كردەوە كە گەلی كوردستان لەڕووی یارمەتیی سەربازی و مرۆیی دەتوانن پشت بە گەلی نەرویج ببەستن و حكوومەتی نەرویجیش بۆ خێراتركردنی هاوكارییە مرۆڤییەكەی بڕیاری داوە جگە لە بیست ملیۆن دۆلار كە پێشتر بڕیاری لەسەر دابوو دە ملیۆن دۆلاری دیكەیش تەرخان بكات بۆ یارمەتیدانی مرۆیی كوردستان.
هەر لەم دانیشتنەدا هەڕەشەكانی تیرۆر و چۆنییەتی گەشەسەندنی لە عێراق و سووریا قسەی لەسەر كرا و پڕۆسەی سیاسیی عێراق و پێكهێنانی حكوومەتی تازەی عێراق و پەیوەندییەكانی نێوان وڵاتی نەرویج و هەرێمی كوردستانیش تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بوو.
شایانی گوتنە كە لەدوای تەواوبوونی كۆبوونەوەكە پڕێسكۆنفرانسێك بۆ سەرۆك بارزانی و وەزیری نەرویج ڕێكخرا و تێیدا ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەیان بۆ دەزگاكانی ڕاگەیاندن خستەڕوو.
سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمەریكا دەكات
ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 27ـی 8ـی 2014 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە جەنەڕاڵ لوید ئۆستن فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمەریكا و شاندێكی سەربازیی یاوەری كرد.
لە دیدارێكدا كە ژمارەیەك لە بەرپرسە لەشكری و ئەمنیی و ئیدارییەكانی هەرێمی كوردستان ئامادەی بوون، سەرۆك بارزانی بەخێرهاتنی گەرمی جەنەڕاڵ لوید ئۆستنی كرد وەك دۆستێكی دێرین كە ماوەیەكی زۆر لە عێراقدا ماوەتەوە و سوپاسگوزاریی خۆیشی بۆ سەرۆك و گەلی ئەمەریكا و نیشاندا بەهۆی پاڵپشتی و یارمەتیدانی هەرێمی كوردستان و پێزانینشی بۆ ڕۆڵی جەنەڕاڵ لوید ئۆستن هەبوو لە پڕۆسە سەربازییەكانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستانی داعش.
لەم كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی ڕۆشنایی خستەسەر سەرهەڵدانی بارودۆخی ئەم دواییە و هەڕەشەی تیرۆریستان و كەوتنی موسڵ و هەروەها پەلاماری تیرۆریستان بۆ سەر كوردستان و ئاماژەیشی بە سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان كرد كە بە یارمەتیی دۆستانی گەلی كوردستان لە بەرەكانی جەنگ مسۆگەر كراون. لەبەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا سەرۆك بارزانی تیشكی خستە سەر بارودۆخی مرۆیی ئاوارەكان و هەروەها ژمارە و پێویستییەكانی ئەو خەڵكەی باس كرد كە لەدوای پەلاماری داعش ئاوارەی كوردستان بوونە و سوپاسی بەدەنگەوەهاتنی وڵاتانی دۆستی گەلی كوردستانیشی كرد لە پێشكەشكردنی یارمەتییە مرۆییەكان.
لای خۆیەوە جەنەڕاڵ لوید ئۆستن سوپاسی سەرۆك بارزانی كرد بۆ ڕەخساندنی ئەم دیدارە و دەستخۆشی لە سەركەوتنەكانی هێزەكانی پێشمەرگە كرد و ڕۆڵی پێشمەرگەی لە بەرەنگاربوونەوە و تێكشكاندنی تیرۆریستان بەرز نرخاند.
هەر لەم كۆبوونەوەیە هەردوولا لەسەر ئەوە هاوڕابوون كە داعش مەترسییەكی گەورەیە لەسەر ناوچەكە و جیهان و بەرەنگاربوونەوەیشی هەوڵێكی هەمەلایەنە و دەولی پێویستە. هەروەها هەردوولایش جەختیان لە هەماهەنگیی بەردەوامی هێزەكانی ئەمەریكا و پێشمەرگە لەشەڕی دژی تیرۆریستانی داعش كردووە.
سەبارەت بە پڕۆسەی سیاسیی عێراقیش ئەوە دووپات كرایەوە كە پێویستە حكوومەتێكی هەمەلایەن دابمەزرێت كە خزمەتی بەرژەوەندیی هەموو پێكهاتەكانی عێراق بكات.
بەیاننامەیەك لە كۆبوونەوەی سەركردایەتیی كوردستانییەوە
بەئامادەبوونی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، سەركردایەتیی كوردستانی، كۆبوونەوەیەكی بەست كە تەرخان كرابوو بۆ گوێگرتن لە شاندی كوردستانیی ڕاسپێردراو بۆ گفتوگۆ لەگەڵ هاوپەیمانیی نیشتیمانی و سەرۆكوەزیرانی ڕاسپێردراوی عێراق و لایەنە پەیوەندیدارەكان. شاندەكە، جەختی لەسەر پابەندبوون بەو ئاراستە بنەڕەتییانە كردەوە كە لە ڕاسپاردەكانی سەركردایەتی و پاكێجی ئامادەكراوی دانوستاندا هاتوون، هەروەها شاندەكە ئاماژەی بەوە دا كە پەرۆشی ئەوە بوون بایەخێكی زۆر بەسەركەوتنی دانوستاندنەكان لەگەڵ هاوپەیمانیی نیشتیمانی و بەڕێز عبادی بدەن، هەروەها پەرۆشی ئەوە بوون زەمینەیەكی ئیجابی لەگەڵ نوێنەرایەتییکردنی پێكهاتەی سووننە ساز بكەن.
لە نێو ڕاپۆرتی شاندەكەدا هێما بەوە دراوە كە لە گفتوگۆكاندا ئاماژەیان بەپێكەوەگرێدانی داواكارییەكان و كێشەكان داوە و مومكینیش نییە لێك داببڕێندرێن. ئیستیحقاقی سەرەكی كە پێویستە جەختی لەسەر بكرێتەوە، زیندووكردنەوەی ڕێڕەوە دەستوورییەكان و پابەندبوون بەجێبەجێ كردنیانەوە بێ بەشبەش كردنیان، هەروەها كاراكردنی پرۆسەی دیموكراسییەتی سیاسی و چەسپاندنی بەهاكانی هاووڵاتییبوون و هاوبەشی و ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی و نیشتیمانی و ئامادەسازیی هێزە میللییەكان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری داعشییەكان و تێكشكاندنیان.
كۆبوونەوەی سەركردایەتی لەگەڵ شاندی دانوستاندندا، گەیشتە ئەوەی كە لە پرۆسەی گۆڕنكاریدا گرینگ ئەوەیە ئەو ڕەگەز و بنەمایانەی تەنگژەكان وەلاوە بنرێن كە بوونە هۆكاری ئەم بارە ناهەموارانە و داڕووخانی ئاساییش، لەپاڵ ڕەگەزە كەڵەكەبووەكانی داڕزانی پرۆسەی سیاسی و پێشێلكردنی دەستوور و هەڵوەشانەوەی پرۆسەی سیاسی. خۆ ئەگەر سیماكانی بەرنامەی حكوومەت ڕوون نەبێتەوە و هەروەها گرێنتی باوەڕپێكراو بۆ پابەندبوون بەڕێككەوتنەكانەوە نەبێت، ئاستەنگ دەکەوێتە بەردەم ڕێككەوتنەكان و مەترسیی شكستهێنانی هەوڵە نیشتیمانییەكان بۆ ڕزگاركردنی وڵات باڵ بەسەر كاروبارەكاندا دەکێشێت و دواجار ئەو هەوڵە نیشتیمانییانە لەبار دەبرێن و حكوومەتی داهاتووش بارمتەی دەستی ئەو مەترسییانە دەبێت.
سەركردایەتیی كوردستان، لە كاتێكدا بەڕوونی پاڵپشتی خۆی و ئامادەبوونی بۆ بەشداریی لە سەركەوتنی پێكهێنانی حكوومەت بەپێی پێڕەوە دەستوورییەكان ڕادەگەیەنێت، هەروەها كاركردن لەگەڵ هاوبەشەكاندا لە نوێنەرانی پێكهاتە نیشتیمانییەكان لە پێناو ئەوەی قۆناغی داهاتوو بكرێتە سەكۆیەك بۆ هەستانەوەی عێراق و ڕزگاركردنی لەو تەنگژە و تەحەدایانەی کەوتوونەتە بەردەمی. كۆبوونەوەكە جەختیش دەكاتەوە، ئەو ئەركە پێویستی بەپابەندبوون بەبەرنامەیەكی حكوومەتیی بەرجەستەوە هەیە كە وەڵامدەرەوەی ئەو ئیستیحقاقانە بێت کە لایەنە عێراقییەكان و پێكهاتەكان و هێزە زیندووەكانی گوزارشتی لێ دەكەن و زۆر پێویستن بۆ سەركەوتنی حكوومەت و دەتوانێت كۆتایی بەم بارە قەیراناویە بێنێت كە هەڕەشەی مەترسیی زیاتری لەسەرە.
هێندەی پەیوەندی بەهەرێمی كوردستانەوە هەیە، سەركردایەتیی كوردستانی لەو باوەڕەدایە كە جێبەجێكردنی دەستوور و ڕێڕەوی دیموكراسی، لە هەر كاتێك زیاتر بۆ عێراقییەكان پێویستترە، تەئكیدیش دەكاتەوە كار گەیشتە گەمارۆی ئابووری و بڕینی مووچەی هاووڵاتیانی هەرێم و هەوڵدان بۆ لاوازكردنی توانا سەربازییەكانی پێشمەرگە و سەرفنەكردنی موستەحەقاتی، لەناوبردنی هۆکاری ئەو قەیرانانەی بەردەوام بۆ هەرێم دروست دەكرێن، ئەركی لەپێشینەن و ئەولەویەتیان هەیە بۆ بەشدارییەكی كارا لە پرۆسەی سیاسی و حكوومەتی داهاتوودا.
سەركردایەتی سیاسیی كوردستان شاندی دانوستانی ڕاسپارد، بەپێی ئەو پاكێجە ئامادەكراوەی دانوستاندن بجووڵێنەوە كە سەركردایەتی سیاسی پەسەندی كردووە، هەروەها تەئكیدكردنەوە لەسەر بەرنامەی حكوومەت لە چوارچێوە دیموكراسی و دەستوورییەكەیدا، بەو مەرجەی حكوومەت لەبەردەم پەرلەماندا پابەندبوونی خۆی بەداواكارییەكانی گەلی كوردستانەوە ڕابگەیەنێت و بیخاتە بەرنامەی كاری حكوومەتەوە.
كۆبوونەوەكە پێیوایە پێویستە:
-مووچەی كەڵەكەبووی فەرمانبەرانی هەرێم و موستەحەقاتەكانی دیكە دەمودەست سەرف بكرێن.
-سەرفكردنی پارەی پێویست بۆ دابینكردنی پێویستییەکانی ئاوارەكان و پێداویستییە ئینسانییەكانیان.
-پاڵپشتیكردنی ئەركە سەربازییەكانی پێشمەرگە لەدژی داعش و تیرۆر بەهەموو جۆر و شێوازەكانییەوە.
كۆبوونەوەكە سڵاو و سوپاسی ئاراستەی تێكڕای ئەو دەوڵەت و حكوومەتانە كرد كە پشتیوانیان لە گەلی كوردستان كردووە و دەكەن.
هەولێر – سەلاحەددین
25/8/2014
جێگری سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لەڕێی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە سەرۆك بارزانی كرد
ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە 24ـی 8ـی 2014 بەڕێز جۆ بایدن جێگری سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لەڕێی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كرد.
لەم پەیوەندییەدا جێگری سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا سوپاس و دەستخۆشیی خۆی بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند بۆ سەركەوتنەكان پێشمەرگە لە بەرەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی دژی تیرۆریستان و پشتیوانی و پاڵپشتیی وڵاتەكەیشی بۆ هێزەكانی پێشمەرگە لەشەڕی دژی تیرۆردا دووپات كردەوە.
سەبارەت بە پڕۆسەی سیاسیی عێراق جێگری سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا هیوای خواست كە پێكهێنانی حكوومەتی نوێ لەسەر بنەمای دروست و دابینكردنی متمانە و چارەسەركردنی هەموو كێشەكان بێت.
سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندێكی پارلەمانی ئەڵمانیا دەكات
ئەمڕۆ دووشەممە 25ـی 8ـی 2014 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندێكی پارلەمانی ئەڵمانیا كرد بە سەرۆكایەتیی ڤۆلكەر كاودر سەرۆكی گرووپی پارلەمانیی پارتەكانی یەكێتی دیموكراتی مەسیحی و یەكێتی سوشیاڵ مەسیحی لە پارلەمانی ئەڵمانیای فیدڕاڵ.
لە سەرەتای دیدارەكەدا سەرۆكی شاندی پارلەمانی ئەڵمانیا سوپاس خۆی و سڵاوی ڕاوێژكاری ئەڵمانیای بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند و سوپاسی گەل و حكوومەتی ئەڵمانیاشی بە سەرۆك بارزانی و گەلی كوردستان گەیاند بەهۆی ئەو هەوڵانەی بۆ پاراستنی ئێزیدی و مەسیحیی و پێكهاتەكانی دیكەی كوردستان و عێراق دراون و گوتی: " ئەڵمانیا سپاستان دەكات و گەلی ئەڵمانی وێنەیەكی زۆر ئیجابیی كوردستانی لا دروست بووە. ئێمە ئامادەین هاوكارتان بین و یارمەتیتان بدەین لە دابینكردنی كەلوپەلی سەربازی بۆ هێزەكانی پێشمەرگە و هاوكاریی مرۆیی بۆ ئاوارە و پەنابەران". سەرۆكی شاندی پارلەمانی ئەڵمانیا لەبارەی هەوڵەكانی حكوومەتی هەرێم زیاتر دوا و ئاماژەی بەوەدا كە بەو یارمەتی و پێشوازییەی پێشكەشی ئاوارەكانی كردووە حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێگە و ناوبانگێكی بەرزی لە جیهاندا پەیدا كردووە.
لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی زۆر بە گەرمی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و سوپاسی هاوسۆزی و بەدەنگەوەهاتنی ڕاوێژكار و گەلی ئەڵمانیا و هەموو ئەو وڵاتە دۆستانەی كرد كە پاڵپشتی هەرێمی كوردستانن و ڕایگەیاند كە ئەو پاڵپشتییە دڵگەرمی و هێزێكی زیاتر دەداتە گەلی كوردستان و گوتی: " ئێمە نامانەوێ ڕۆڵەكانتان بێن و لێرە شەڕی تیرۆریستان بكەن. متمانەمان بە پێشمەرگە و گەلی كوردستان هەیە كە دەتوانن تیرۆریستان تێكبشكێنن تەنیا پێویستیمان بە چەكی تازە هەیە بۆ ئەوەی شەڕی تیرۆر بكەین". سەرۆك بارزانی وێڕای ئاماژەدان بەو ئابلۆقەیەی لەسەر هێزەكانی پێشمەرگە لە 10 ساڵی ڕابردوو لە لایەن حكوومەتی عێراقیدا هەبووە ئەوەی خستەڕوو كە پێشمەرگە بە ئیمكانیاتی متوازعی خۆیەوە توانی بوێرانە ڕێگە لە پێشڕەوی تیرۆریستان بگرێت و پاشەكشەیان پێ بكات و زەبری كوشندەیان لێ بدات.
سەرۆك بارزانی لە درێژەی قسەكانیدا هێمای بە دڕندەیی و مەترسیی تیرۆریستان دا كە دژی هەموو ئایین و بیروبۆچوون و بەهایەكی مرۆڤایەتین و ئەو شوێنەی ئەوان لێی بن ژیان هیچ مانایەكی نامێنێت.
سەبارەت بە پڕۆسەی سیاسیی عێراقیش سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەوەدا كە ئامادەین یارمەتیی پڕۆسەی سیاسی بدەین بە مەرجێك گۆڕانكاری لە شێوەی حوكمڕانی و جۆری بیركردنەوە لە حكوومەتی تازەدا ڕوو بدات و هەڵەكانی پێشتر دووبارە نەبێتەوە. سەرۆك بارزانی ئەوەیشی بە پێویست زانی كە حكوومەتی عێراقی دەبێ هەست بە بەرپرسیارێتی بكات و قەرەبۆی زیانەكانی ئەو خەڵكە بكات كە بەهۆی هەڕەشەی تیرۆریستان ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێهێشتووە.
نێچیرڤان بارزانى سهرهخۆشى لهگهلى ئهمهریكا و خانهوادهى فۆلى دهكات
ئێمه تا ئێستایش غهمبار و تاساوین به بیستنى ههواڵى كوشتنى ڕۆژنامهنووسى بێتاوانى ئهمهریكى بهڕێز جهیمس فۆلى له لایهن ڕێكخراوى تیرۆریستیى داعشهوه. ئهمه كارێكى دڕندانه و بێڕێزى بوو بهرامبهر ژیانى مرۆڤ و ههست و سۆزى خانهواده و دۆستانى ئهو و تهواوى جیهان. كارێك بوو كه ڕهوشت و بهها و ئایدۆلۆژیاى ڕێكخراوى تیرۆریستیى داعشى دهرخست، تێگهیشتن له كردارێكى وا قێزهوهن؛ زۆر سهخته.
هاوشێوهى بهڕێز فۆلى؛ سهدان خهڵكى دیكهى بێتاوان له پێكهاتهى ئێزیدى و مهسیحى به ههمان شێوهى دڕندانه له لایهن ڕێكخراوى تیرۆریستى داعشهوه كوژران. هیچ وشهیهكى بههێز بۆ پێناسهكردنى ئهم كرداره نامرۆڤانهیه نیه، ئهو كردارهى ڕووى ڕهشى ئهم ڕێكخراوهى نیشان دا كه ئێمه ئهمڕۆ ڕووبهڕووى بووینهتهوه. هیچ گومانم نیه كه ئهم ڕێكخراوه لهم جهنگهدا لهناودهچێ و سهرشۆڕییان بۆ دهمینێتهوه.
پرسه و سهرهخۆشیى خۆم ئاراستهى خانهوادهى بهڕێز جهیمز فۆلى و تهواوى گهلى ئهمهریكا بۆ لهدهستدانى ئهم ڕۆڵه ئازایهیان دهكهم؛ كه دهیوست لایهنه ترسناكى شهڕ و ناكۆكی و مردنى مرۆڤ تۆمار بكات. بهڕێز جهیمز فۆلى ڕۆژنامهنووسێكى پرۆفیشناڵ و ڕێزڵگیراوبوو كه ژیانى خۆى خسته مهترسییهوه به بهكارهێنانى كامیراكهى تاكو ئازار و مهینهتیى خهڵكى سڤیلى سووریا نیشانى ههموو جیهانى بدات.
نێچیرڤان بارزانى
سهرۆك وهزیرانى ههرێمى كوردستان
21ى ئابى 2014
دوایین هەواڵەکان
- پهيامى سهرۆك نێچيرڤان بارزانى بۆ ساڵى نوێ
- پەیامی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی سەری ساڵی نوێی زایینی2025
- سهرۆكى ههرێمى كوردستان، پێشوازيى له كونسوڵی گشتيى نوێى ئێران كرد
- عەباس غەزالی: کۆچی مامۆستا مهنسوور یاقووتی وهک لهدهست چونی یاقووتێکی گرانبههایه
- سهرۆک نێچیرڤان بارزانی لهگهڵ وهزیری بهرگریی هۆڵهندا کۆبووهوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى پێشوازيى له ئيسماعيل بهشيكچى كرد
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى و وهزيرى بهرگريى ئيتاڵيا كۆبوونهوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى لهگهڵ فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانيی نێودەوڵەتی كۆبووهوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى پێشوازیی له باڵيۆزى نوێى چيك كرد
- سەرۆک نێچیرڤان بارزانی پێشوازیی لە سوپاسالاری بەریتانیا کرد