هەرێمی کوردستان
وتاری سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە رێوڕەسمی كردنەوەی پیشانگای مەدا
بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان
خوشك وبرایان
میوانانی ئازیز
رێگەم پێبدەن بەخێرهاتنێكی گەرمتان بكەم بۆ هەولێر پایتەختی هەرێمی كوردستان ، ئامادەبوونتان هیوا و متمانەمان پێدەبەخشێت و شانازیشی پێوە دەكەین ، و مایەی شانازیشمانە كە دەبینین هەموو ساڵێك پیشانگای كتیبَب لە هەولێر دەكرێتەوە و هەر ساڵێكیش پێشكەوتنی زیاتر و رێكخستنی بە خۆیەوە دەبینێت .
ئەمڕۆ كوردستان میوانداری كتێب و رۆشنبیری دەكات چونكە باوەڕی بەوە هەیە كە رۆشنبیری بنەمای ژیانێكی ئارامە و ئەو گەلەی خۆی بە رۆشنبیری پڕچەك دەكات دەتوانێت ئایندەی خۆی بونیاد بنێت و دەتوانێ سوود وەربگرێت و سوودیشی بۆ خەڵكی دیكەش هەبێت .
پیشانگای كتێب زۆر بە رێكی دەستیپێكرد و ئەمڕۆش وا میوانداری نۆیەمین پیشانگای دەكەین لە هەولێر و ئەمەش بەڵگەیەكی گەورەیە بەوەی گەلی كوردستان خۆشەویستی بۆ كتێب و رۆشنبیری هەیە بۆ كتێب و رۆشنبیری و ئامادەبوونی ئەم خەڵكە لەو پیشانگایەش بەڵگەیەكی دیكەیە بۆ رێزگرتنی خەڵكی كوردستان بۆ رۆشنبیری و رۆشنبیران و بۆ قەڵەم .
مایەی شانازیمانە كە بەو پەڕی متمانەوە دەڵێین ، ئازادیە گشتی و تایبەتیەكان بۆ هەر تاكێك پارێزراوە بە بەڵگەی كردنەوەی ئەم پیشانگایەی كە هەموو خانەكانی بڵاوكردنەوە تیایدا كتێبەكانی خۆی نمایش دەكات بە بێ ئەوەی هیچ لایەن و كەسێك سانسۆر بخاتە سەریان چونكە ئێمە متمانەمان بە خۆمان و بەو خانانەی بڵاوكردنەوانە هەیە كە رۆڵی لە گەشەپێدان و پێشخستنی رۆشنبیری لە كوردستان و لە عیراقدا دەبێت بە شێوەیەكی گشتی.
بەم بۆنەیەوە دەمەوێ ئەرك و ماندوبوونی خانەی مەدا و بە تایبەتی برای بەڕێز فەخری كەریم بەرز بنرخێنم كە هەردەم لەگەڵ خانەكانی بڵاوكردنەوەی جیهان و لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كاری بەردەوامدایە بۆ رێكخستنی ئەم پیشانگایە بە شێوەیەكی ساڵانە لە هەولێر .
دەمەوێ ئاماژەش بەوە بكەم كە هەولێر هەمیشە كراوەیە و ئامادەیە بۆ پیشوازیكردن لە هەموو پیشانگایەكی لەمجۆرە .
لە كۆتاییدا جارێكی دیكە سوپاستان دەكەم و هیوای مانەوەیەكی خۆش بۆ هەموو میوانان لە هەولێر دەخوازم .
و السلام علیكم و رحمە الله و بركاته .
پێشبێنی محەمەد خاتەمی سەبارەت بە جەلال تاڵەبانی
"نازم عومەر دەباغ" نوێنەری هەرێمی کوردستان لە ئێران، لە گۆڤاری مانگانەی "نەسیم بێداری" ژمارەی تایبەتی نەورۆز، وتارێکی بە ناونیشانی "پێشبێنی خاتەمی" نووسیوە کە دەقی ئەم بیرەوەرییە لە خوارەوە دەخوێننتەوە:
لەو چەند ساڵەی کە من لە ئێران بە شێوەی جیاواز و لە ڕۆڵە جۆراوجۆرەکاندا، چ وەکوو نوێنەری بەڕێز تاڵەبانی، چ نوێنەری یەکێتی نیشتمانی کوردستان و چ نوێنەری هەرێمی کوردستان، ڕووداوی زۆرم بۆ هاتۆتە پێشێی کە هەر کامیان بیرەوەرییەکە کە حەتمەن گێڕانەوەی تامووچێژی تایبەت بە خۆی هەیە. بەڵام یەکێک لە ڕووداوەکان کە لەم سەردەمەدا هاتەپێشێ و بۆ من سرنجڕاکێش بوو و تەنانەت تا ئەمڕۆش لە بیرمدا ماوەتەوە بۆ سەردەمی سەرۆک کۆماری بەڕێز سەید محەمەد خاتەمی دەگەڕێتەوە. لەو کاتەدا کۆبوونەوەیەک بەڕێوەچوو کە بەڕێز خاتەمی و بەڕێز تاڵەبانی تیایدا ئامادەبوون. لەم کۆبوونەوەیەدا منیش وەکوو نوێنەری یەکێتی نیشتمانی کوردستان، بەڕێز جەلال تاڵەبانیم هاوڕێیەتی دەکرد. هەڵبەت مێژووە ڕێکەکەیم لەبیر نییە، بەڵام لە مانگە سەرەتاییەکانی سەرۆک کۆماری بەڕێز خاتەمیدا بوو و لە لایەکی دیکەشەوە بەڕێز تاڵەبانی هێشتا نەببوونە سەرۆک کۆماری عێراق و وەکوو سەرۆکی حیزبی کوردستانی عێراق سەردانی ئێرانی کردبوو.
لەم کۆبوونەوەیەدا دوای وتووێژە فراوانەکان، بەڕێز خاتەمی گوتی من بۆ بەڕێز تاڵەبانی دۆعا دەکەم کە ئینشائەڵڵا ببنە سەرۆک کۆماری عێراق و لە دیداری داهاتوودا لەم پلە و پایەدا بەڕێزیان ببینم. لەم کاتەی ئێستادا نازانم کە بەڕێز خاتەمی ئەم مەسەلەیەی پێشبینی کردبوو، یا ویستی دڵی بوو و ئەم ویستە وەکەرەم کەوت‘؛ کە دوای ماوەیەک و پاش ئەوەی کە ڕووداوە جۆراوجۆرەکان لە عێراقدا هاتنە پێشێ، بەڕێز تاڵەبانی بوونە سەرۆک کۆماری عێراق. دوای کۆتایی هاتنی دوو خولی سەرۆک کۆماری بەڕێز خاتەمی، بەڕێز تاڵەبانی ئەمجارە وەکوو سەرۆک کۆمار سەردانی تارانی کرد و لە کۆشکی سەعدئاباد دیدارێکیان لەگەڵ بەڕێز خاتەمی کرد. لەم بەرنامەیەشدا، من ئامادەبوون و دوای وتووێژ و خواردنی نانی نێوەڕۆ، بەڕێز تاڵەبانی ڕوویکردە بەڕێز خاتەمی و گوتی: ئاغای خاتەمی، دۆعایەکی دیکە لە حەقی مندا بکە تا بزانین چی دەبێت.
بەڕێز خاتەمی گوتی: "دۆعایەک بەس بوو، هەر ئەوەی کە ئێوە بوونە سەرۆک کۆماری عێراق و بەو پلە و پایەوە سەردانی ئێرانتان کردووە کە ئێمە ئێوەمان زیارەت کرد، زۆر باشە".
گۆڤاری مانگانەی نەسیم بێداری، تایبەتی نەورۆز، ساڵی پێنجەم، ژمارە 45 و 46، نەورۆزی 1393ی هەتاوی، لاپەڕەی 63.
نازم دەباغ لە وتووێژ لەگەڵ ڕۆژنامەی دنیای ئیقتساد: لە چاوەڕوانی ئەوەداین کە ئابڵۆقە ئابوورییەکان بە تەواوی لەسەر ئێران لابچێت
دونیای ئیقتساد: حکوومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق و کۆماری ئیسلامی ئێران لە دێرزەمانەوە پەیوەندیی سیاسی، کەلتووری و کۆمەڵایەتی باشیان لەگەڵ یەکتری هەبووە کە ئەم پەیوەندییانە دوای ڕووخانی ڕژێمی سەدام حوسێن ڕووی لە زیادبوون کردووە. هەرێمی کوردستانی عێراق ئاسایشی زیاتری لە بەراورد لەگەڵ وڵاتی عێراق هەیە و ژمارەیەکی زۆر لە کۆمپانیا ئێرانییەکان لەم ناوچەیە سەرقاڵی چالاکی ئابوورین.ئێران دوو سەرکونسوولی بە ناوەکانی هەولێر و سلێمانی لەم ناوچەیە هەیە و بەلابردنی ئەو ئاستەنگ و گرفتانەی کە لەسەر ڕێگادان پێداگریدەکات، تاکوو پەیوەندیی نێوان دوو لایەن بەربڵاوتر بێت، پەرە بستێنێت و بەهێزتر لە هەمیشە ئەم پەیوەندییانە رێنوێنی بکات. نازم عومەر دەباغ نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران لەم وتووێژەدا ئاماژە بە کۆسپ و ئاستەنگەکانی ئەم ڕێگایەدا دەکات و رێگەچارە و پێشنیارە گرینگ و بەرچاوەکانی دەخاتوو ڕوو.
بەڕێز دەباغ، ئەرکی سەرەکی ئیوە لە وڵاتی ئێران چییە؟
من نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق لە ئێرانم. ئەرکی ئێمە هاوئاهەنگی پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ کوردستانی عێراقە. ئەم هاوئاهەنگییە لە هەموو بوارەکاندا، لەوانە: لایەنەکانی سیاسی، کەلتووری، ئابووری و ... لە نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی کوردستان و وڵاتی عێراقدایە.
کۆماری ئیسلامی ئێران بە نیسبەت وڵاتانی دیکە، نزیکایەتیی زیاتری لەگەڵ کوردستان و عێراق هەیە. ئەوە لە حاڵێکدایە کە وڵاتی تورکیا لە لایەنی ئابوورییەوە لە پێش ئێرانەوەیە. بەبڕوای ئێوە هۆی ئەم جیاوازییە چییە؟
بەبڕوای من نزیکایەتیی کەلتووری و ئایینی لە نێوان دوو وڵاتدا باشە و ئەم بابەتە پەیوەندییەکی بە ئاستی لایەنی ئابوورییەوە نییە. لە هەمان کاتیشدا، لە چالاکییە ئابوورییەکاندا جیاوازی لە نێوان تورکمان و فارس و عێراقیدا نییە. ئەم بابەتە پەیوەستە بە سیاسەتی وڵاتەکانەوە و پەیوەندیی بە ڕوانینی ئەوان بە ئابوورییە هەیە. بابەتی یەکەم پەیوەستە بە ئابڵۆقەی ئێران و سیاسەتەکان و پەیوەندییە ئابوورییەکانی ئەم وڵاتە لەگەڵ وڵاتانی دیکەوە و هەروەها گرفتەکانی بانکیی کە لە رێگرە سەرەکییەکان دێنە ئەژمار. بابەتی دووەم پەیوەستە بە سیاسەتەکانی وڵاتی ئێران لە پەیوەندیی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و لایەنی تەرکیزەکەی لەم پەیوەندییەدا کە جیاوازی لەگەڵ وڵاتانی دیکەی ناوچەکەدا هەیە. ئێران لە لایەنی ئەمنییەتییەوە بە مەسەلەکاندا دەڕوانێت، بە ڕادەیەک کە پارێزگارانی ئێرانی لە سنووری کوردستان بە جیاتی تەرکیزی زیاتر لە پێکهێنانی پیشە بۆ خەڵکی ناوچەکە، لەسەر پێکهێنانی ئەمنییەت لە ناوچەکەدا پێگری دەکەن، ئەوە لە کاتێکدایە کە تورکیا بە پێچەوانەی ئێرانە. تورکیا زیاتر ڕوانینی ئابووری هەیە و پێی وشوێنی بەهێزکردنی چالاکییەکانی ئابووری وڵاتەکەیەتی لە کوردستاندا. ئەوان ئەم بابەتە بۆ پێکهێنانی ئەمنییەت لە وڵاتی خۆیان بە پێویست دەزانن. هەڵبەت مەبەستم لە سیاسیەتی ئێران، سیاسەتی پارێزگاکانە، نە سیاسەتی کۆماری ئیسلامی ئێران بە نیسبەت کوردستان و وڵاتی عێراق.
لە داموودەزگاکانی ئابووری کۆماری ئیسلامی ئێراندا پێویستی بە بنکەی هاوبەشی ئابووری نێوان ئێران و عێراق بوونی هەیە کە دوای ڕووخانی سەدام دامەزرا و ئێمە وەکوو نوێنەری هەرێمی کوردستانی عێراق لە ئێران، پێی وشوێنی کارەکانی ڕۆژانە و پارێزگایی دەکەین. ئەوە لە حاڵێکدایە کە ئەرکەکانی ئێمە دەبێت مەسەلە گەورەکانی نێوان کوردستان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران لەخۆبگرێت. بۆ نموونە، کاتێک کە چالاکی ئەم نووسینگەیە دەستی پێکرد، لە ساڵی 2001ـ 2000، سەد میلیۆن دۆلار لە ساڵێکدا چالاکیمان نەبوو. بەڵام ئێستا چالاکییەکانی ئابووری لە 13 میلیارد دۆلار نزیک بۆتەوە. تەنیا جیاوازیی ئەوەیە کە چالاکییەکانی بازرگانی لە نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان لە پێناو ئیستانداردە نێودەوڵەتییەکاندا نییە، بەڵکوو زۆربەیان سیستەمی پیلەوەرییە. بۆ نموونە لەو ساڵانەی کە ئاماژەم پێکرد، لە سلێمانی ئەنجوومەنی کۆمپانیا ئێرانییەکانمان هەبوو کە لەم ناوچەیەدا نزیکەی 400 کۆمپانیای ئێرانی چالاکیان دەکرد. بە هۆی جۆراوجۆرەوە بەداخەوە کۆمپانیاکان بەجیاتی ئەوەی کە ژمارەیان زیاتر بکرێت، کەمبوونەوە و تا نزیکەی 20 کۆمپانیا دابەزی. بەڵام تورکەکان کە لە پێشوودا نزێکەی 80 کۆمپانیایان هەبوو، ئەمڕۆکە بە هۆی چەلاکی ئابووریی بەربڵاو و سیاسەتە تیجاری و بازرگانییەکانەوە، زیاتر لە 1200 کۆمپانیای چالاکی لە کوردستانی عێراق هەیە. نابێت ئەوە لەبیربکەین کە بە درێژایی مێژوو پەیوەندیی نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و کوردستان لەگەڵ خەڵکی عێراق بەگشتیی پەیوەندییەکی باش بووە و هاوکارییەکی زۆیان پێکەوە بووە کە دەبێت گەشەی پێبدەین. بابەتێکی دیکە، مەسەلەی هەڵسووکەوتی ئێرانییەکان لە سەر سنوورە. هەر وەکوو ئاماژەم پێکرد، ئەمڕۆکە هاوکاری نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران بوونی هەیە، بەڵام جیاوازییەکە لەوەدایە کە کەسێکی عێراقی یا کورد، لە فڕۆکەخانەی تورکیا ڤیزا وەردەگرێت و دەچێتە ناو تورکیاوە بەڵام لە ئێران سیستەم بە شێوازێکی دیکەیە.
مەبەستتان ئەوەیە کە ئەم دەرفەتە ناڕەخسێت کە کەسێک لە کوردستان و عێراق بەم شێوەیە بێتە ناو ئێرانەوە.
بەڵێی، ئەو ئیمکانە لە ئێران پێکنەهاتووە و خەڵکان دەبێت بڕۆن لە یەکێک لە کۆنسوولگەرییەکانی ئێران لە کوردستان ڤیزا وەربگرن. هەڵبەت مەرجەکان بە نیسبەتی پێشوو هاسانتر بۆتەوە، بەڵام پێشوازی لە سنووری تورکیا و ئێران جیاوازییەکی زۆری لەگەڵ یەکتری هەیە. ئێمە هیوادارین هاتووچۆ لە سنووری ئێران لە 24 کاتژمێردا بەردەوام بێت. بەڵام باروودۆخ لە هەرێمی کوردستانی عێراق و سنووری ئێران جیاوازی هەیە و بۆ هاتووچۆ گونجاوە. دەروازە سنوورییەکان لە 24 کاتژمێردا کاردەکەن، واتە لە دوو شیفتی 12 کاتژمێریدا. سێ دەروازەی سنووریش بۆ ڕۆژی مەبادا و دەرفەتێکیش بۆ چاوەڕوانی دابینکراوە. بەداخەوە سنووری ئێران تەنیا دوو دەروازەی هەیە و بە پێی ئەوەی کە ڕۆژانە لە نێوان 3 تا 6 هەزار کەس وەکوو موسافیر هاتووچۆ دەکەن، یەک کەناڵی هاتن و کەناڵێکیش بۆ ڕۆیشتن دەبێتە هۆی خاوبوونەوەی هاتووچۆ. مەسەلەکەی دیکە پشکنینە و ڕەوتی پشکنینی جانتای گەشتیارەکانە کە بە تەکنەلۆژیا نوێیەکان جێبەجێی ناکرێت. ئەگەر موسافیرەکان هاتووچۆکەیان بەپێی پێویست نەبێت سەفەر ناکەن. دەبێت بزانین نیسبەتی بازرگانان یا سەرمایەدارانی ئێمە لە بەراورد لەگەڵ گەشتیارەکان شایەد سەتا دەش نەبێت و هۆی ئەوەی کە کاری پیلەوەری بکەن، ئەو مەسەلەیەیە کە ئاماژەم پێکرد.
سرنجی ئەوە بدەن کە ئاسانکاری لە دانی ڤیزای مانەوە و ئەوەی کە کەسانێک بتوانن لەم وڵاتە نووسینگە بکەنەوە، ژمارەی بانکی و مۆڵەتی مانەوەی کاریان هەبێتیش خاڵێکی سەرەکییە کە دێتە ئەژمار. لەڕاستیدا ئەم باروودۆخە تا ئێستا بەو شێوەیەی کە دەبێت بواری بۆ نەڕەخساوە. لەو کاتەی ئێستادا تەنیا سیستەمی پیلەوەرییە یانی کڕین و فرۆشتن لە ڕێگای بازارچە سنووریەکانەوە جێبەجێی دەکرێت نە لە ڕێگای پێکهاتنی کۆمپانیا گەورەکان.
ئەمڕۆ باروودۆخی کۆمپانیا ئێرانییەکان لە عێراقیدا چۆنە؟
ساڵی پار ئاغای سەعیدلوو بۆ یەکەمین جار وەکوو جێگری سەرۆک کۆماری ئێران لە چوارچێوەی هەیئەتی دەوڵەت سەردانی هەرێمی کوردستانیان کرد و لەوێی سیمینار و کۆنفڕانسیان سازکرد و بۆ یەکەمین جار توانیمان ئەم مەسەلەیە بخەینە بەر باس. بەداخەوە کۆمپانیا ئێرانییەکان لە ڕابردوودا کەرەکانیان دەرئەنجامی پۆزێتیڤی لە حکوومەتی هەرێمدا نەبووە.
هەڵبەت دەبێت بڵێیم ئەگەر دوو کۆمپانیا بوونی هەبێت یەکیان ئێرانی و ئەویدیکەشیان تورک، ئێمە کۆمپانیا ئێرانییەکە هەڵدەبژێرین. چەندین کۆمپانیا لە کوردستان هاتوونەتە ناو کارەوە، لەوانە: کۆمپانیاکانی ئستاتووس، کیسۆن، عمراب و چەندین کۆمپانیای دیکە. ئەم کۆمپانیا ئێرانیانە ئەمساڵ نزیکەی یەک میلیارد دۆلار لە هەرێمی کوردستاندا کاریان کردووە.
بە لەبەرچاوگرتنی هەڵبژاردنی ئاغای ڕووحانی لە لایەن خەڵکی ئێرانەوە و هاتنە سەر کاری دەوڵەتیی مشوور و هێوا، داهاتوو چۆن دەبینن؟
من بە گشتیی گەشبینم. ئەو مەسەلانەی کە لە ڕابردوودا بووە تا ڕادەیەک چارەسەرکراوە. سیاسەتەکانی دەوڵەتی نوێی ئێران بۆتە هۆی ئەوەی کە خەڵکی هەرێمی کوردستان و عێراق داهاتووی چالاکییەکانی ئابووری بە گەشبینی زیاترەوە ببینن. یەکەم‘؛ ئابڵۆقەکان ڕاوەستێت و هیوادارین بە تەواویی لابردرێت و کەشووهەوای چالاکییە ئابوورییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران بە نیسبەت وڵاتانی دیکەوە زیاتر بکرێت.
ڕۆڵی بنکەی پەیوەندییەکانی ئێران و عێراق لە ئێران چۆن هەڵدەسەنگێینن؟
بە بڕوای من ڕۆڵی بنکەی پەیوەندییەکانی ئێران و عێراق پۆزێتیڤ هەڵدەسەنگێنم. هەم لە سەردەمی ئاغای دانایی فەر و هەمیش لە سەردەمی ئاغای کازمی قومی، توانیمان گەشە بە چالاکییەکانمان بدەین.
ئەگەر وتەیەکی تایبەتتان هەیە بفەرموون.
لە دوایین وتەمدا تەرکیز دەخەمە سەر بەهێزکردن و پەرەپێدانی پەیوەنییەکانی ئابووری نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی کوردستان. لەڕاستیدا ئێمە و کۆماری ئیسلامی ئێران دەبێت لە زیاترکردن و بەرەوپێشبردنی چالاکییەکانی سنووری، لە پێناو پێشوازیی خەڵکی و پێشوازیی بازرگانەکان هەوڵبدەین و باروودۆخەکە بگۆڕین. بە جۆرێک کە خەڵکی متمانەی زیاتریان بە هاتووچۆکان هەبێت و هەست بکەن بۆ ولاتی خۆیان گەڕاونەتەوە. هەر وەکوو ئاگادارن لە ساڵانی ڕابردوودا ژمارەیەک لە کوردەکانی هەرێم لە ئێران زەماوەندیان کردووە و پەیوەندیی خزمایەتییان لەگەڵ ئێرانییەکاندا هەیە کە ئەوە نیشاندەری وێکچوونە کەلتووریی و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییە بەهێزەکانە کە لە نێوان دوو وڵاتدا لە ئارادایە.
رۆژنامەی دونیای ئیقتساد، ژمارە 3150، دووشەمە 12ی ڕەشەمەی 1392
بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە پێشوازی لە شاندێكی پەیمانگی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ئەمریكی كرد
ئەمڕۆ فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت بە ئامادەبوونی خاتوو سهام جەبەلی یاریدەدەری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوە پێشوازی لە شاندێكی پەیمانگای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئەمریكا بە سەرۆكایەتی باڵیۆز د. وێندی چامبرلین سەرۆكی پەیمانگاكە كرد.
شاندی ناوبراو وێڕای دەڕبڕینی خۆشحاڵیان بۆ سەردانی هەرێم، تیشكیان خستەسەر دیدارو كۆبوونەوەیان لەگەڵ بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان و بە دیدارێكی بەرهەم هێنیان وەسف كرد. د. وێندی گوتی باسەكانی سەرۆكی هەرێم شیكردنەوەو وەڵام بوو بۆ زۆرێك لەو پرسیارانەی كە دەربارەی دوا پەرەسەندنەكانی كوردستان و عێراق و هەروەها دەربارەی تەواوی ناوچەكە دەكران. هاوكات باسی لە چالاكیەكانی كۆنفڕانسی ساڵانەی پەیمانگاكەیان كرد كە لەماوەی چەند رۆژی رابردوو لە هەولێر بەڕێوەچوو. بۆ ئەم مەبەستە سوپاسی خۆی پێشكەشی هەموو ئەو لایەن و دامەزراوانەكرد كە لە سەرخستنی ئەم كارەدا هاوكاریان بوون.
لای خۆیەوە بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە خۆشحاڵی بۆ سەردانی شاندەكە بۆ هەرێم دەربڕی. پاشان تیشكی خستەسەر هەڵبژاردنەكان كە بڕیارە لە 30ی نیسانی ئەم ساڵ لە هەرێم و عێراق بەڕێوە بچێت. هەروەها باسی لە گرینگی ناردنی زۆرترین چاودێری نێودەوڵەتی بۆ عێراق كرد بە مەبەستی باش بەڕێوەچوونی ئەم هەڵبژاردنانە. هاوكات وێڕای تیشك خستنەسەر دۆخی سەقامگیری ئاسایش و پێشكەوتنەكان لە هەرێم، هیوای خواست ئەم هەڵبژاردنانە پارمەتیدەر بێت بۆ دەستبەركردنی سەقامگیری و ئاسایش لە تەواوی عێراق و هەروەها ببێتە هۆكارێك بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەولێرو بەغدا.
فەلاح مستەفا زیاتر گووتی دەبوایە تائێستا بەپێی دەستور یاسای نەوت و غازو مادەی 140 لە دەستورو پێگەی پێشمەرگە یەكلایی بكرایەتەوە، بەڵام تائێٍستا بە چارەسەرنەكراوی ماوەتەوە ئەمانەش سەرەڕای بوونی كێشەمان لەگەڵ بەغدا سەبارەت بە هاوبەشی كاركردن لە دەسەڵاتدا. گووتیشی هەرچەندە هەرێمی كوردستان بەپێی دەستووری عێراق دامەزراووەو هەر لەسەر ئەم بنەمایە پیادەی مافەكانی دەكات، بەڵام حكومەتی فیدڕاڵی عێراق دەیەوێت وەك پارێزگایەك مامەڵەی لەگەڵدا بكات،
بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە ڕۆڵی چالاكانەی سەركردایەتی سیاسی كوردستان لە بونیادنانەوەی عێراق دوای پرۆسەی ئازادی لە ساڵی 2003 بۆ شاندی میوان روونكردەوەو گووتی ئێمە هەوڵ و قوربانی زۆرماندا بۆ دەستەبەری ئاسایش لە عێراق. بەڵام بەجۆرێك مامەڵە لەگەڵ ئەو قوربانی دانە كرا تا ئەو رادەیەی كێشەكان هەموویان چەقیان بەستووە. بۆیە حكومەتی هەرێم بەڕوونی رای گەیاندووە لە پەیڕەوكردنی مافە دەستووریەكانیدا بۆ دواوە ناگەڕێتەوەو بەردەوامیش جەخت لەسەر لێك تێگەیشتن و گفتوگۆ بۆ چارەسەركردنی كێشەكان دەكاتەوە.
سەبارەت بە سیاسەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ رێكخستنی پەیوەندیەكانی لەگەڵ كۆمەڵگای نێودەوڵەتی، فەلاح مستەفا بۆ شاندی میوانی روونكردەوە حكومەتی هەرێم كاردەكات بۆ دامەزراندنی پەیوەندی دۆستانە لەگەڵ تەواوی وڵاتانی جیهان و هەروەها لەگەڵ وڵاتانی دراوسێشدا هەر لەسەر ئەم بنەمایە دەست وەرناداتە كاروباری ناوخۆییەكان و رێز لە ئیرادەی گەلانی ئەو وڵاتانە دەگرێت.
لە بەشێكی دیكەی دیدارەكە تیشك خرایە سەر قەیرانی سووریاو باس لەكاریگەریەكانی ئەم قەیرانە لەڕووی مرۆییەوە لەسەر هەرێمی كوردستان كرا، بەتایبەتی لەڕووی هاتنی بەردەوامی ئاوارەكانی ئەو وڵاتە بۆ هەرێم. بەپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە وێرای سوپاسگوزاری بۆ ئەو هاوكاریانەی كە لە لایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەكگرتووەكان پێشكەش بەم ئاوارانە كراون، هاوكات هیوای خواست كە زیاتر هانی رێكخراوە نێودەوڵەتیەكان بدرێت بۆ یارمەتی دانی ئەم ئاوارانەو بۆ كەمكردنەوەی كێشەو گرفتەكانیان.
سێ شەممە, 01 نیسان 2014
شاندێكی وەزارەتی دەرەوەی هەنگاریا سەردانی فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوەیان كرد
ئەمڕۆ فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت پێشوازی كرد لە پیتەر وینتەرمانتێل جێگری وەزیری دەوڵەت بۆ كاروباری دەرەوە لە وەزارەتی دەرەوەی هەنگاریا كە بە یاوەری تیبۆر زاتماری باڵیۆزی هەنگاریا لە بەغدا و گیزا میهایی بەڕێوەبەری بەشی رۆژهەڵاتی ناوەراست و باكوری ئەفریقا لەوەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە سەردانی فەرمانگەیان كرد.
لە دیدارەكەدا كە كاروان جەمال جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوە و سوهام جەبەلی یاریدەدەری بەرپرسی فەرمانگە ئامادە بوون، پیتەر وینتەرمانتێل خۆشحاڵی خۆی نیشاندا كە یەكەم جارە سەردانی هەرێمی كوردستان دەكات و گووتیشی ئێمە خۆشحاڵین و شانازی دەكەین بەوەی كە هاوبەشین لە چیرۆكی سەركەوتنی هەرێمی كوردستان لە رووی بونیادنان و پێشكەوتنی ئابووری.
هەروەها تیشكی خستەسەر سەردانی بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەماوەی رابردوو بۆ هەنگاریاو بە سەردانێكی میژوویی سەركەوتوو و گرینگی وەسف كرد. هاوكات خواست و ئارەزووی وڵاتەكەی بۆ پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندیەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەربڕی و رایگەیاند لە ماوەیەكی نزیكدا كونسوڵگەری گشتی هەنگاریا لە هەولێر دەكەنەوە. هەروەها گووتی سەقامگیری و ئاسایشی هەرێم لە ئەوروپا دەنگدانەوەی باشی هەیە و كوردستان وەكو پەناگە و دورگەیەكی ئارام لە ناوچەیەكی ناسەقامگیر و پر كێشە دەناسرێت كە جێگای بایەخی ئێمەیە.
لای خۆیەوە فەلاح مستەفا وێڕای بەگەرمی بەخێرهێنانیان بۆ هەرێم هاوكات ستایشی وەزارەتی دەرەوە و باڵیۆزخانەی هەنگاریای لە بەغدا كرد بۆ بڕیاری كردنەوەی كونسوڵگەری گشتی وڵاتەكەیان لە هەرێم و گووتیشی حكومەتی هەرێم پێشوازی لە خواستی هەنگاریا دەكات و جەختیشی لە پەرەپێدانی پەیوەندیەكان لەگەڵ ئەو وڵاتە كردەوە.
گووتیشی ئێمە بە گرنگیەوە لە پەیوەندیەكانمان لەگەڵ هەنگاریا دەڕوانین و هاوكات دەمانەوێت پەیوەندیەكانمان فراوانتر بكرێن و درێژخایەن بن كە سوودی بۆ هەردوولا هەبێت. هەروەها گووتی بە دڵنیایەوە بواری زۆر هەیە بۆ هەماهەنگی و دەمانەوێت سوود لە ئەزموون و شارەزایی وڵاتی هەنگاریا وەربگرین لە بواری پەروەردە و شوێنەوار و بازرگانی و وەبەرهێنان و گەشتوگوزار.
پاشان هەردوولا گفتوگۆیان سەبارەت بە دۆخی سیاسی و ئابووری ئێستای هەرێمی كوردستان و عێراق كردو تیشك خرایەسەر پرس و كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا. هەروەها قەیرانی سوریاو كاریگەریەكانی لەڕووی مرۆییەوە لەسەر هەرێم و كێشەو گرفتی ئاوارەكانی سوریا بەشێكی دیكەی گفتوگۆكان بوون. هاوكات باس لە پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی نوێ حكومەتی هەرێم كرا.
لە كۆتایی دیدارەكەشدا هەردوولا جەختیان كردەوە لە داڕشتنی بەرنامەیەكی هاوبەش بۆ زیاتر بەرەوپێش بردن و فراوانكردنی هاوكاری و هەماهەنگی لە نێوان هەرێمی كوردستان و هەنگاریا.
سێ شەممە, 01 نیسان 2014
نێچیرڤان بارزانى پیرۆزبایى له ئهردۆغان دهكات
به بۆنهى سهركهوتنى ههڵبژاردنى شارهوانییهكانى توركیا و بهدهستهێنانى پلهى یهكهم له لایهن ئاك پارتییهوه، ئێوارهى ئهمڕۆ دووشهممه 31ى ئازارى 2014 نێچیرڤان بارزانى سهرۆك وهزیرانى ههرێمى كوردستان، له پهیوهندییهكى تهلهفۆنیدا لهگهڵ ڕهجهب تهییب ئهردۆغان ـ ى سهرۆك وهزیرانى توركیا، پیرۆزبایى سهركهوتنى له خۆى و گهلانى توركیا كرد و هیواى خواست كه به سهركهوتنى ئاك پارتى، توركیا ههنگاوى گهورهتر له گهشهسهندنى ئابوورى و سیاسى و دیموكراسیدا بنێت و پرۆسهى چارهسهركردنى ئاشتیانهى پرسى كورد له توركیا بگاته ئهنجام، تا چارهسهرێكى ههمیشهیى بۆ پرسى كورد لهگهڵ خۆیدا بهێنێت.
دوو شەممە, 31 ئازار 2014
دوایین هەواڵەکان
- پهيامى سهرۆك نێچيرڤان بارزانى بۆ ساڵى نوێ
- پەیامی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی سەری ساڵی نوێی زایینی2025
- سهرۆكى ههرێمى كوردستان، پێشوازيى له كونسوڵی گشتيى نوێى ئێران كرد
- عەباس غەزالی: کۆچی مامۆستا مهنسوور یاقووتی وهک لهدهست چونی یاقووتێکی گرانبههایه
- سهرۆک نێچیرڤان بارزانی لهگهڵ وهزیری بهرگریی هۆڵهندا کۆبووهوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى پێشوازيى له ئيسماعيل بهشيكچى كرد
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى و وهزيرى بهرگريى ئيتاڵيا كۆبوونهوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى لهگهڵ فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانيی نێودەوڵەتی كۆبووهوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى پێشوازیی له باڵيۆزى نوێى چيك كرد
- سەرۆک نێچیرڤان بارزانی پێشوازیی لە سوپاسالاری بەریتانیا کرد