هەرێمی کوردستان
بەهمەن قوبادی یارمەتییەکانی پێشکەش بە 50 ئاوایی کوردستانی ئێران کرد
"بەهمەن قوبادی" لە ڕێگای مافی فرۆشتنی دوو فیلمی سینەمایی خۆی بە هاوڕێیەتی لەگەڵ هاوڕێیەکی بە ناوی "وێداد چێلیک" یارمەتییان پێشکەش بە 50 ئاوایی کوردستانی ئێران کرد.
بە پێی ئەو زانیارانەی کە لە ئاواییەکانی کوردستانی ئێران بە دەستمان گەیشتووە، سینەماکاری ناوداری کورد "بەهمەن قوبادی" لە ڕێگای مافی فرۆشتنی دوو فیلمی سینەمایی خۆی بە ناوەکانی "کیشەڵەکانیش دەتوانن بفڕن" و "کەس ئاگای لە پشیلە ئێرانییەکان نییە؟" بە کەناڵی بەناوبانگی تەلەڤیزیۆنی "هۆلو" HULU TV لە وڵاتی ئەمەریکا بە هاوڕێیەتی لەگەڵ هاوڕێیەکی بە ناوی "وێداد چێلیک" Vedad Çelik یارمەتی بڕیی پارەی 750 میلیۆن تمەنی کە بریتی بوو لە کەلوپەلی خواردن بە بۆنەی هاتنی مانگی ڕەمەزانی پیرۆز و هەروەها پێداویستییەکانی تەندروستی بۆ بەرگریی کردن لە تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆڕۆنایان پێشکەش بە خەڵکی نزیکەی 45 تا 50 ئاوایی سەر بە شارەکانی سنە، کامیاران، بانە و پیرانشار لە کوردستانی ئێران کرد.
هەروەها ئاگاداربووین کە دوو مانگ پێش ئێستاش دوای بەڕێوەچوونی حەفتایەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی بەڕڵین لە وڵاتی ئەڵمانیا، بە پێشنیاریی "بەهمەن قوبادی" و هەروەها بە یارمەتی "وێداد چێلیک" لۆرییەکی پڕ لە پێداویستییەکانی بەرگریی کردن لە تووشبوون بە ڤایرۆسی کوشەندەی کۆڕۆنایان پێشکەش بە پەنابەرانی کوردیی سووریا لە وڵاتی یۆنان کردبوو.
پەیامی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی رۆژی جیهانیی کرێکاران
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) – مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان رۆژی یەكی ئایاری ٢٠٢٠، لە پەیامێكدا رۆژی جیھانیی كرێكارانی لە كرێكارانی كوردستان و جیھان پیرۆز كرد.
دەقی پەیامی سەرۆكی حكومەت:
بە بۆنەی رۆژی جیهانیی کرێکاران، پیرۆزبایی لە کرێکارانی کوردستان و جیهان دەکەم و ستایشی ئەرك و ماندووبوونی كرێكارانی كوردستان دەكەم کە هەمیشە بەرگەی دۆخی سەختی ئابوورییان گرتووە و لە خزمەتكردنی وڵاتەكەشیان بەردەوامن.
هەروەها سوپاسی پابەندبوونیان بە رێکارەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا دەکەین، بەو هیوایەی كە لە ئایندەیەکی نزیکدا ژیانی رۆژانە ئاسایی ببێتەوە.
لەم بۆنەیەدا، پشتگیریی خۆمان بۆ ماف و تێكۆشانی كرێكاران بۆ بەدیهاتنی دادپەروەری و باشترکردنی دۆخی گوزەرانیان دووپات دەکەینەوە.
٢٠٢٠/٥/١
پهيامى سهرۆكى ههرێمى كوردستان بۆ ڕۆژى جيهانيى كرێكاران
بە بۆنەی یادی یەكی ئایار، ڕۆژى جیهانیی كرێكارانەوە، گەرمترین پیرۆزبایی لە كرێكارانی كوردستان و سەندیكا و ڕێكخراوەكانیان، هەروەها پیرۆزبایی لە تێكڕای كرێكارانی عێراق و جیهان بهگشتى دەكەم.
كرێكارانی كوردستان بازووی ماندوونەناس و كاران و ڕۆڵێكی ديارى بنیادنەرانە لە ئاوەدانكردنەوەی وڵاتدا دهگێڕن كه هەمیشە بەرچاو و جێی ڕێز و پێزانینە. لەم یادە پیرۆزەدا، تهواوى پشتیوانيی خۆمان بۆ ماف و داوا یاسایی و سەندیكاییيە ڕەواكانیان، گوزەرانی شایستە و هەلومەرجی لەباری كاركردنی كرێكاران و بەدیهێنانی خۆشگوزەرانی بۆ ئەو چینە زەحمەتكێشە و تەواوی خەڵكی كوردستان، دووپات دەكەینەوە.
هيوادارين وڵاتەكەمان و جیهان هەرچی زووترە لە قەیران و كێشهكانى دهرهاويشتهى پهتاى كۆرۆنا دەرباز ببن كە بەداخەوە كاریگەریی خراپی لەسەر ڕەوشی ژیانی هەمووان و بەتایبەتى كرێكاران و ڕەنجدەران دروست كردوە، بەو ئومێدەی ساڵی داهاتوو لە دۆخێكی باشتردا ئەم یادە بكەینەوە.
ڕۆژى جيهانيى كرێكاران له ههموو لايهك پيرۆز بێت.
نێچیرڤان بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
1/5/2020
قوباد تاڵەبانی پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدای لەگەڵ باڵیۆزی ئەمەریكا تاوتوێ كرد
• قوباد تاڵەبانی: لەپێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق بەشێك دەبین لەچارەسەر لەپێناو بەرقەراربوونی سەقامگیری و چارەسەركردنی كێشەكان.
بەغدا، عێراق (GOV.KRD)- قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، لەبەغدا، پێشوازی لە ماتیۆ تولەر، باڵێوزی ئەمەریكا لە عێراق كرد و هەردوولا لەبارەی پێكهێنانی حكومەتی نوێی بەغدا و كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان حكومەتی ناوەندی و هەرێم گفتوگۆیان كرد.
لەمیانەی سەردانەكەیدا بۆ شاری بەغدا، قوباد تاڵەبانی سەرۆكی شاندی هەرێمی كوردستان رۆژی ٢٩ نیسانی ٢٠٢٠ لەبارەگای حەوانەی خۆی پێشوازی لە ماتیۆ تولەر باڵیۆزی ئەمەریكا لەعێراق كرد و هەردوولا لەبارەی بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا و كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان حكومەتی ناوەند و هەرێمی كوردستان و پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق گفتوگۆیان كرد.
لە كۆبوونەوەكەدا قوباد تاڵەبانی رونیكردەوە بەمەبەستی كۆتاییهێنان بە ناكۆكییەكانی نێوان هەردوو حكومەتی هەرێم و ناوەند لەبەر رۆشنایی دەستووری هەمیشەیی عێراق و لێكگەیشتنەكانی پێشتری نێوان هەردوولا سەردانی بەغدایان كردووە.
جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم، لەبارەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراقەوە بەسەرۆكایەتی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو، رایگەیاند كورد نابێتە لەمپەر و رێگر لەبەردەم پێكهێنانی حكومەتی عێراق و بەپێچەوانەوە بەشێك دەبن لەچارەسەر لەپێناو بەرقەراربوونی سەقامگیریی و ئۆقرەیی و رەخسانی دەرفەت بۆ چارەسەركردنی كێشە كەڵەكەبووەكانی عێراق و باشتركردنی پەیوەندییەكانی هەردوولا.
لەكۆبوونەوەكەدا، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران ئامادە بوون.
قوباد تاڵەبانی لەگەڵ یونامی و تەندروستی جیهانی رەوشی كۆرۆنایان تاوتوێ كرد
• قوباد تاڵەبانی سوپاسی هاوكاری نوێنەرایەتی نەتەوە یەكگرتووەكان و رێكخراوی تەندروستی جیهانی كرد بەرامبەر هاوكارییەكانیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا.
• قوباد تاڵەبانی پابەندیی هەرێمی كوردستانی بە رێنماییە زانستی و تەندروستییەكان دووپات كردەوە تا گەیشتن بەدڵنیایی و كەناری ئارام.
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ نوێنەرانی سكرتێری گشتی UN و نوێنەری رێكخراوی تەندروستی جیهانی WHO ڕەوشی تەندروستی هەرێمی كوردستان و دوا پێشهاتەكانی نەخۆشی كۆرۆنایان لە هەرێم و عێراق و جیهان تاوتوێ كرد.
لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ قوباد تاڵەبانی، رۆژی ٢٦ نیسانی ٢٠٢٠ هەر یەك لە؛ جنین بلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ عێراق و د. ئەدهەم ئیسماعیل، نوێنەری رێكخراوی تەندروستی جیهانی (WHO) رەزامەندی و ستایشی خۆیان نیشاندا بەرامبەر رێوشوێنەكانی بەرەنگاربوونەوەی پەتای كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان.
شاندی میوان ئەوەشیان بۆ جێگری سەرۆك وەزیران روونكردەوە کە ئەو دەنگۆیانەی لەبارەی جیاوازی جۆرەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا بڵاون لە عێراق و كوردستان و كیشوەری ئەوروپا، هیچ بنەمایەكی زانستی و بەڵگەداریان نییە. ئاماژەیان بەوەشدا جیاوازی بارودۆخی وڵاتان بەهۆی نەخۆشییەكەوە، تەنها پەیوەستە بە رێكارەكانی خۆپارێزی و خێرایی لە بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەكان لە رێگای رێوشوێنەكانی كەرەنتین و دابڕینی كۆمەڵایەتی و پەیڕەوكردنی رێنماییە تەندروستییەكان.
شاندەكە ئامادەیی هەموو هاوكارییەكیان بۆ هەرێمی كوردستان خستەڕوو لە بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەكانی كۆرۆنا. لە بەرامبەریشدا قوباد تاڵەبانی سوپاس و پێزانینی پێشكەش كردن بۆ هاوكارییەکانیان، هەروەها جەختیكردەوە لە سەرەتای گەیشتنی ڤایرۆسەكەوە بۆ كوردستان، پاراستنی گیانی هاوڵاتیان و تەندروستی خەڵك لە پێشەنگی گرنگیدانی حكومەتی هەرێم بووە، ئێستاش لەبەر رۆشنایی پێشهاتە زانستییەكان و بەپێی ستانداردە جیهانییەكان هەموو توانایەك دەخاتەگەڕ تا گەیشتن بەدڵنیایی و كەناری ئارام.
پەیامی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی رۆژی رۆژنامەگەریی کوردی و ساڵرۆژی دامەزراندنی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژی ٢١ نیسانی ٢٠٢٠ بە بۆنەی رۆژی رۆژنامەگەریی کوردی و ساڵرۆژی دامەزراندنی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان پەیامێكی بڵاوكردەوە.
تێكستی پەیامی سەرۆكی حكومەت:
بەبۆنەی (١٢٢) مین ساڵرۆژی رۆژنامەگەریی کوردی و دەرچوونی یەکەم ژمارەی رۆژنامەی (کوردستان)، گەرمترین پیرۆزبایی لە رۆژنامەنووسان و راگەیاندنکارانی کوردستان دەکەم. هەروەها (٢٢) مین ساڵڕۆژی دامەزراندنی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان لە رۆژنامەنووسانی هەرێمی کوردستان پیرۆز دەکەم و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم.
لەم دەرفەتەدا بە پێویستی دەزانم سوپاسی دەزگاکانی راگەیاندنی هەرێمی کوردستان بکەم کە لە جێبەجێکردنی رێکارەکانی خۆپارێزیی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا و بڵاوکردنەوەی رێنماییە تەندروستییەکان رۆڵێکی گرنگیان هەبوو.
رێز و پێزانین بۆ رووناکبیران و پێشەنگانی رۆژنامەگەریی کوردستان و ئەو رۆژنامەنووسانەی لە پێناو گەیاندنی دۆزی ڕەوای گەلی کوردستاندا خزمەتیان کرد و گیانی خۆیان بەخت کرد .
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
٢٠٢٠/٤/٢١
دوایین هەواڵەکان
- «سەلام رشدی» لهگهڵ «سەفین دزەیى» بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوە کۆبووه
- پهيامى سهرۆك نێچيرڤان بارزانى بۆ ساڵى نوێ
- پەیامی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی سەری ساڵی نوێی زایینی2025
- سهرۆكى ههرێمى كوردستان، پێشوازيى له كونسوڵی گشتيى نوێى ئێران كرد
- عەباس غەزالی: کۆچی مامۆستا مهنسوور یاقووتی وهک لهدهست چونی یاقووتێکی گرانبههایه
- سهرۆک نێچیرڤان بارزانی لهگهڵ وهزیری بهرگریی هۆڵهندا کۆبووهوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى پێشوازيى له ئيسماعيل بهشيكچى كرد
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى و وهزيرى بهرگريى ئيتاڵيا كۆبوونهوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى لهگهڵ فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانيی نێودەوڵەتی كۆبووهوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى پێشوازیی له باڵيۆزى نوێى چيك كرد