هەرێمی کوردستان

   هەرێمی کوردستان

سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق دەكات

ڕۆژی سێشەممە 9ـی 2ـی 2016 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە جۆن كۆبیس نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق دەكات.

لە دیدارەكەدا بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی ناوچەكە و عێراق و هەروەها قەیرانی ئابووری و دارایی عێراق و هەرێمی كوردستان خرایە بەر باس و جەخت لەسەر ئەنجامدانی چاكسازی و هەروەها پێویستی بەدەنگەوەهاتنی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و یارمەتیدانی هەرێمی كوردستان و عێراق كرایەوە.

نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق وێڕای ئاماژەدان بە بارودۆخی سەختی دارایی هەرێم و ئەركی قورسی خەرجییەكانی شەڕ و حەواندنەوەی ئاوارەكان، ڕۆشنایی خستە سەر قەیرانی دارایی كە عێراق و هەرێمی كوردستانی گرتووەتەوە و سەرۆك بارزانی لەو هەوڵ و چالاكیانە ئاگادار كردەوە كە بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارەی قەیرانەكە و یارمەتیدانی دارایی بەغدا و هەولێر لەگەڵ باڵیۆز و نوێنەری وڵاتانی ئەوروپایی و گرووپی 7 ئەنجامی داوە. نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق بۆچوونی ڕێكخراوەی نەتەوە یەكگرتووەكانی لەبارەی بارودۆخی ناوخۆی عێراق و چۆنیەتی چارەسەركردنی گرفتەكان بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند.

لە بەشێكی دیكەی ئەو دیدارەدا باس لەو مەترسی و تەحەدیاتانە كرا كە لە ئاییندەدا ئەگەری ڕوودانیان لە عێراق و ناوچەكەدا هەیە و سەرۆك بارزانی ئەوەی دووپاتكردەوە كە گەلی كوردستان سەرباری قوربانیدانێكی زۆر و مێژووییەكی دوورودرێژی خەبات بە هەموو توانایەك هەوڵی دا كە سەقامگیری و پێكەوەیی و دیموكراسی و فیدرالیەت لە عێراقدا بچەسپێت و سووریشە لەسەر داواكاری و مافەكانی خۆی و هیچ جۆرە گوشارێكی سیاسی و ئابووری و سەربازی و ئەمنی ناتوانێ وا بكات گەلی كوردستان دەستبەرداری ماف و ئاواتەكانی بێت.

هەر لەم كۆبوونەوەیەدا هەر دوولا بیروڕای خۆیان لەبارەی پڕۆسەی سیاسیی هەرێمی كوردستان ئاڵوگۆڕ كرد.

جێگەی ئاماژەپێكردنە لەم دیدارەدا سۆكۆل كۆندی نوێنەری ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە شاری هەولێر كە كۆتایی بە ئەرك و كارەكانی هاتووە، بە بۆنەی كۆتاییهاتنی ئەركەكانی لە هەولێر سوپاسی سەرۆك بارزانی و حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرد كە لە ماوەی كاركردنیدا ئاسانكاری و هاوكاریی زۆریان بۆ ڕێكخراوەكانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان كردووە و سەرۆك بارزانیش وێڕای دەستخۆشی لە ماندووبوونی نوێنەری ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە هەولێر، هیوای سەركەوتنی بۆ خواست لە ئەرك و كاری تازەیدا.

سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە سەرۆكی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی كورد لە سووریا دەكات

ڕۆژی پێنجشەممە 28ـی 1ـی 2016 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە ئیبراهیم برۆ سەرۆكی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی كورد لە سووریا كرد.

لە دیدارەكەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسی و ئەمنی و دوا پێشهاتە مەیدانییەكانی سووریا ئاڵوگۆڕ كرا. هەروەها تیشك خرایە سەر چالاكی سیاسی و گفتوگۆ و دانوساندنەكانی ئەنجوومەنی نیشتیمانی سووریا لەگەڵ هێزە و لایەنەكانی تری ئەو وڵاتە.

باسكردنی دوا گۆڕانكارییە سیاسییەكان و كۆنگرەی جێنێڤ و ئاییندەی سووریا چەند تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەی نێوان سەرۆك بارزانی و سەرۆكی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی كورد لە سووریا بوون.

 

سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی سویسڕا لە عێراق دەكات

ڕۆژی پێنجشەممە 28ـی 1ـی 2016 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە هانس پیتێر لێنز باڵیۆزی تازە دەستنیشانكراوی سویسڕا لە عێراق كرد.


لە دیدارەكەدا باڵیۆزی سویسڕا لە عێراق ڕێز و پێزانینی خۆی و وڵاتەكەی بۆ گەلی كوردستان و حكوومەتی هەرێم ڕاگەیاند كە لە بارودۆخێكی سەخت و دژواردا میوانداریی ژمارەیەكی زۆر گەوەری ئاوارە و لێقەوماویان كردووە كە ئەوە خۆی لە خۆیدا بارێكی قورسە و ڕایشیگەیاند كە وڵاتەكەی حەز دەكات لەڕێگەی ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و هەروەها كاری هاوبەشی لەگەڵ حكوومەتی هەرێم بەشداری بكات لە یارمەتیدانی ئاوارەكان. باڵیۆزی سویسڕا لە عێراق وێڕای دەربڕینی نیگەرانی خۆی لەمەڕ قەیران و تەحدیاتی دارایی هەرێم، پشتیوانیی وڵاتەكەیشی لە هەموو بارودۆخێك بۆ گەلی كوردستان دووپات كردەوە.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی سوپاسی هەڵوێستی گەل و حكوومەتی سویسڕای كرد و پەیوەست بە باسی ئاوارەكان هێمای بەوەدا كە گەلی كوردستان یارمەتیدانی خەڵكی لێقەوماوی بە ئەركی مرۆڤی و نیشتیمانیی خۆی زانیوە و سەرباری بوونی شەڕی داعش و تەحدیاتی ئابووری ئەوەی لەدەستیان هاتووە بۆ پەنابەر و ئاوارەكان كردوویانە و ئاماژەیشی بەوەدا كە هێشتا كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە بابەتی پەنابەر و ئاوارەكاندا وەك پێویست یارمەتیی هەرێمی كوردستانی نەداوە.

هەر لەم كۆبوونەوەیەدا بارودۆخی سیاسیی عێراق و ڕەوشی پەنابەر و ئاوارەكان و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و سویسڕا تاوتوێ كرا. 

 

 

 

 

نێچیرڤان بارزانی و جێگری سەرۆك وەزیرانی هۆڵەندا ڕەوشی هەرێمی كوردستان تاوتوێ دەكەن

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەكشەممە 10 - 1 - 2015 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە بەرێز لۆدڤایك ئاشەر جێگری سەرۆك وەزیرانی هۆڵەندا و شاندێكی یاوەری كرد كە لە بەڕێزان خاتوو ژەنین هێنس پلاشخارت وەزیری بەرگری و سوپاسالار و باڵیۆزی هۆڵەندا لە عێراق و ژمارەیەك ڕاوێژكاری سەربازی و دیپلۆماسی پێكهاتبوون.

لە دیدارێكدا كە بەڕێزان جێگری سەرۆك وەزیران و ژمارەیەك لە وەزیرانی حكوومەتی هەرێم ئامادەی بوون، جێگری سەرۆك وەزیرانی هۆڵەندا خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی هەرێمی كوردستان دەربڕی و سوپاسی خەڵك و حكوومەت و پێشمەرگەی كوردستانی كرد كە توانیویانە ڕووبەڕووی دڕندەترین ڕێكخراوی تیرۆرستیی جیهان ببنەوە و هەموو پێكهاتە و نەتەوەكان بێ جیاوازی لە ترسی تیرۆر بپارێزن و سەركەوتن بەسەر تیرۆردا تۆمار بكەن.

هەروەها سوپاسی خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستانی كرد كە سەرەڕای قەیرانی دارایی و ئابووری، پێشوازیان لە ژمارەیەكی یەكجار زۆر ئاوارە و پەنابەرانی دەستی تیرۆری كردووە و ئامادەییی وڵاتەكەیشی بۆ بەردەوامیی هاوكارییە سەربازی و مرۆییەكانی بۆ كوردستان دەربڕی. هەروەها دەستخۆشی لەو هەنگاوانەی چاكسازی كرد كە بەم دواییانە حكوومەت لە بواری ڕێكخستنەوەی داراییدا دەستی پێ كردووە و بۆ ئەم مەبەستەش ئامادەییی وڵاتەكەی بۆ هەر هاوكارییەك پیشان دا.

لای خۆیەوە بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی ئەو سەردانە و هاوكارییە سەربازی و مرۆییەكانی هۆڵەندای بۆ هەرێمی كوردستان كرد و تیشكی خستە سەر قەیرانی ئابووری و ڕایگەیاند بۆ چارەسەركردنی ئەم قەیرانە حكوومەت دەستی بە كۆمەڵێك ڕێكار كردووە و هیوای خواست وڵاتە دۆستەكان لەم ڕووەوە هاوكار بن.

 

هەروەها سوپاسی هۆڵەندا و هاوپەیمانی كرد بۆ ناردنی هاوكارییە مرۆییەكان و هیوای خواست كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هاوكاریی زیاتر بۆ ئاوارە و پەنابەران بنێرێت. بەڕێزیان جەختی لەوەش كردەوە كە هەرێمی كوردستان دەخوازێت كێشەكانی لەگەڵ بەغدا بە ڕێگەی دیالۆگ و گفتوگۆ چارەسەر بكات. ئەوەشی ئاشكرا كرد كە بۆ ڕزگاركردنی ئەو ناوچانەی تا ئێستا لەژێر دەستی تیرۆرستانی داعشدا ماونەتەوە، هەرێمی كوردستان هاوكار دەبێت

حكوومەت وۆركشۆپێكی هەمەلایەنەی دەربارەی قەیرانی دارایی ساز كرد

بە بەشداریی بەرێزان نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیران و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانى هه‌رێمى كوردستان، ئەمڕۆ شەممە 23 - 1 - 2015 حكوومەتی هەرێمی كوردستان وۆركشۆپێكی یەكڕۆژی بەمەبەستی ئامادەكردنی پلانێك بۆ چۆنیەتیی ڕووبەڕووبوونەوە و تێپەڕاندنی قەیرانی دارایی لە هەرێمی كوردستان، ڕێكخست.

لە وۆركشۆپەكەدا كە وەزیرە بەرێزەكان و ژمارەیەكی بەرچاوی بەڕێزان بەڕێوەبەرانی گشتیی پەیوەندار و ڕاوێژكاران و پسپۆڕانی دامودەزگاكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و سه‌رۆكى فراكسیۆنه‌كان و ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان و شارەزایانی بیانی و بەرپرسانی ژمارەیەك لە دەزگاكانی ڕاگەیاندن لە هەرێمی كوردستان ئامادە بوون، وۆركشۆپه‌كه‌ بەسەر پێنج ژووردا دابەش كرا كە بریتی بوون لە ژوورەكانی داتا، خەرجییەكان، چاكسازی، داهات و ڕاگەیاندن.

لە هەریەك لەم ژوورانەدا ژمارەیەك لە بەرپرسان و پسپۆڕانی بوارە جیاجیاكانی داتا، خەرجی، چاكسازی، داهات و ڕاگەیاندن بە دوور و درێژی دۆخی داراییی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستانیان تاوتوێ كرد و كۆمەڵێك ڕاسپارده‌ و پێشنیار و تێبینی و ڕێگەچارە بۆ چارەسەركردن و تێپەڕاندنی قەیرانی داراییى ئێستای هەرێمی كوردستان خرانە ڕوو كە هەموو تێبینی و ڕێگەچارەكان لەسەر بنەمای ڕێژەی داهات و خەرجییەكان بنیات نرا بوون، بەو واتایەی كە ئەو داهاتانەی لەم دۆخەدا لە فرۆشی نەوت و داهاتەكانی ناخۆی هەرێمی كوردستانەوە دەستی حكوومەت دەكەوێت، چۆن بۆ پێدانی مووچە و بەڕێوەبردنی دامودەزگاكانی حكوومەت خەرج بكرێت؟، هاوكات پلانێكى تۆكمه‌ى چاكسازیش بخرێته‌ بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه‌.

 

بەشداریی بەرپرسانی دەزگاكانی ڕاگەیاندن لەم وۆركشۆپەدا بۆ ئەوە بوو كە ئایا میدیا لە هەرێمی كوردستان چۆن دەتوانێت هاوكاریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە گەیاندنی زانیاریى دروست و دید و بۆچوون و پلانی حكوومەت بۆ چارەسەركردنی ئەم قەیرانە بكات و پلان و پەیامی حكوومەت لە ڕێگەی ڕاگەیاندنەوە بە هاوڵاتیان و ڕای گشتیی هەرێمی كوردستان بگه‌یه‌نرێت.

 

لە ژووری داتادا، هەموو ئەو داتایانەی پێویست بوون دەربارەی تەواوی داهات و خەرجییەكانی هەرێمی كوردستان و چۆنییەتیی خەرجكردنیان، بەردەست بوون. هەروەها لە ژووری چاكسازیش تەواوی ئەو ڕێگەچارە و ڕاسپارده‌ و پێشنیارانە گفتوگۆیان لەسەر كرا كە لەگەڵ گرتنەبەری ڕێكارەكان بۆ چارەسەركردن و تێپەڕاندنی ئەم قەیرانە، بۆ ئەنجامدانی پرۆسەیەكی چاكسازیش پێویستن بۆ ئەوەی لە ئەنجامدا هاوسەنگییەك لەنێوان داهات و خەرجییەكان لە هەرێمی كوردستاندا دروست ببێت.

سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمەریكا دەكات

ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە 21ـی 1ـی 2016 لە شاری هەولێر بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە جەنەڕاڵ ئۆستن فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمەریكا و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوو لە ستیوارت جۆنز باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق و ژمارەیەك لە فەرماندە و بەرپرس و ڕاوێژكارە باڵاكانی سوپای ئەمەریكا لە عێراق.

لە دیدارەكەدا بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان لە پارێزگاكانی نەینەوا و ئەنبار و شوێنەكانی تری عێراق و سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگە لە شنگال و كاریگەریی ئەو سەركەوتنانە لەسەر شەڕی دژی تیرۆریستان خرایە بەر باس و گفتوگۆ.

هەر لەم كۆبوونەوەیەدا ڕۆشنایی خرایە سەر سەردانی سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم و بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی حكوومەتی هەرێم كە لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆك بارزانی سەردانی ئەمەریكایان كردبوو و ئەنجامەكانی ئەو سەردانە بە سوودبەخش وەسف كرا و بە لەپێشچاوگرتنی قەیرانی ئابووری جەخت لە چڕكردنەوەی هەوڵەكان كرایەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانەكە و دۆزینەوەی ڕێگەچارەی گونجاو بۆ نەهێشتنی كێشەكان و دابینكردنی پێداویستییەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان. هەروەها ستاییشی خۆڕاگریی گەلی كوردستان و ئازایەتیی پێشمەرگە كرا و جەختیش لەوە كرایەوە كە پێویستە دۆستانی گەلی كوردستان یارمەتیی خەڵكی كوردستان بدەن لە تێپەڕاندنی قەیران و كێشەكاندا.

لە بەشێكی دیكەی ئەم كۆبوونەوەیەدا باس لە ئامادەكارییەكانی پڕۆسەی ئازادكردنی موسڵ و بایەخی ئازادكردنی موسڵ لە یەكلاییكردنەوەی شەڕی داعش كرا و هەروەها ئاستی هەماهەنگیی نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزی هاوپەیمانان و هێزە عێراقییەكان لە ڕوویەڕووبوونەوەی تیرۆریستان و كاریگەریی بوونی هەماهەنگیی ورد لە وەدەستهێنانی سەركەوتنەكان تاوتوێ كرا.

جێگەی ئاماژەپێكردنە لەم كۆبوونەوەیەدا نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەتی كوردستان و كەریم شنگالی وەزیری ناوخۆ و وەزیری پێشمەرگە بە وەكالەت و فواد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم و فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی حكوومەت و ئەنوەر حاجی عوسمان بریكاری وەزیری پێشمەرگە و فەریق جەبار یاوەر ئەندامی فەرماندەیی گشتیی هێزەكانی پاراستنی هەرێم ئامادە بوون.

 

پەڕەى 145 لەکۆى 347 پەڕەدا

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی