هەرێمی کوردستان
"نێچیرڤان بارزانی" چاوی له فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" کرد
مەنسوور جیھانی ـ "نێچیرڤان بارزانی" سەرۆک وەزیرانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە سێیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "دھۆک" چاوی له فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" لە دەرھێنانی "شەوکەت ئەمین کورکی" کرد.
سێیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "دھۆک"Duhokبە نمایشی فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد"Memories On Stonلە دەرھێنانی سینەماکاری کورد "شەوکەت ئەمین کورکی" و لە بەرھەمھێنانی "مەمەد ئەکتاش" فیلمی ھەڵبژاردەی وڵاتی عێراق بە ھەشتا و ھەشتەمین خولی ڕێوڕەسمی خەڵاتە سینەماییەکانی ئاکادیمیای ئۆسکار لە ساڵی ٢٠١٦ لە وڵاتی ئەمەریکا بە ئادەبوونی "نێچیرڤان بارزانی" سەرۆک وەزیرانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ڕێوڕەسمی دەسپێکی ئەم فیستیڤاڵە و لە بەشی پێشبڕکێی "سینەمای کوردیی" ئەم فیستیڤاڵە و لە ڕۆژی ڕێزلێنانی سینەماکاری ناوداری کورد "یەڵماز گونای" دەرھێنەری براوەی چڵە بەڕووی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "کان" لە وڵاتی فەڕەنسا لە ساڵ ١٩٨٢ لە ھۆڵی "کۆنگرە"ی زانکۆی شاری دھۆک لە ھەرێمی کوردستان دەستی پێکرد.
"نێچیرڤان بارزانی" سەرۆک وەزیرانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان جگە لە بەخێرھێنانی بەشدار و میوانانی فیستیڤاڵ بە گشتی و بە تایبەتی ئەوانەی لە ژمارەیەکی زۆری وڵاتانی جیھانەوە ھاتوون، دووپاتی کردەوە کە بەشداریان پشتگیرییەکی گەورەیە بۆ خەڵکی کوردستان کە لەبەرامبەر ھێزی تاریکپەرست وەستاوە و بەرگریی لە باوەڕ و پرنسیپەکانی مرۆڤایەتی و جیھانی شارستانی دەکات و ھیوای خواست لەکاتی گەڕانەوەیاندا ببنە دەنگ و باڵیۆز بۆ کوردستان.
ھەروەک بە پشتگیرییەکی گەورەی بۆ خەڵکی بادینان بە شێوەیەکی گشتی زانی کە بەوپەڕی مرۆڤدۆستییەوە پێشوازیان لە زیاتر لە ملیۆنێک و پێنجسەد ھەزار ئاوارە و پەنابەری دەستی تیرۆر لە ھەموو پێکھاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان کردووە و بە ھەموو شێوەیەک جێگەی حەوانەوەیان بۆ دابین کردووە.
ئەوەیشی خستەڕوو: گەلی کوردستان گەلێکی ژیان دۆست و مرۆڤ دۆستە و تەنیا لە کاتە زۆر سەختەکانیشدا ئەم سیمایەی خۆی پاراستووە. گەر ناچاربووبێت بە دەستێک چەک ھەڵگرێت بەمەبەستی خۆپاراستن، بەردەوام بە دەستەکەی دیکە داھێنانی کردووە و ھەوڵی داوە لە جیھانی ئەدەبیات و ھوونەر و وەرزش و ھەموو بوارەکانی دیکە پاشنەکەوێت و حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش بەردەوام لە ھەوڵی ئەوەدا بووە ئەم بوارانە پێشبکەوێت و ببێتە خاوەنی بەرھەمێک لە ئاستی بەرھەمە جیھانییەکان.
بارزانی ھەر لە گوتەکەیدا باسی لە گرنگی و کاریگەریی سینەما کرد کە بەھۆی بارودۆخی کوردستان شانسێکی وا بۆ ئەو ھونەرە لە کوردستان دروست نەبووە و لەبەر پێویستی بوارەکانی دیکەی ژیانی خەڵکی کوردستان، حکوومەت ناچاربووە وەک پێویست گرنگی بە ھونەری سینەما نەدات، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا ھەر لەگەڵ دامەزراندنی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و بەگوێرەی ئەو توانایەی کە ھەیە، حکوومەت ھەوڵی داوە گرنگی بەو ھونەرە گەورەیە بدات و پشتگیریی کارە سینەماییەکان بکات و ھونەرمەند و سینەماکارانی کوردستانیش شاھێدی ئەم قسەیەن ئەمە جگە لەوەی بەشداری ژمارەیەک لەو بەرھەمانە لە ڤیستیڤاڵە جیھانییەکاندا و بەدەستھێنانی خەڵاتی گەورە، بەڵگەیەکی دیکەی پشتگیریی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە بۆ کار و بەرھەمە سینەماییەکان.
سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەر لەسەر گرنگیی ڕۆڵی سینەما، ئاماژەی بەوە دا کە سینەما دەنگی زۆرێک لە گەلانی مافخوراوی جیھانی گەیاندوە و بەسەرھاتەکانی گەلی کوردستانیش ماددەی زۆر باش و بەھاداری ھونەری سینەمایین، گەر وەک گەلانی دیکەی جیھان گەلی کورد شانسی ھەبا و بارودۆخەکەی ھاوکار با، ئێستا بە سەدان و ھەزاران لە چیرۆکەکانی گەلی کورد وەک ڕاپەڕین و شۆڕشە دێرینەکانی کوردستان، ئەنفال و کیمیاباران، داستان و قارەمانێتییەکانی ھێزی پێشمەرگە، کۆچکردن و ئاوارەبوون، چیرۆکی خۆشەویشتی، چیرۆکی ھەر خوشکێکی ئێزدی کە لەلایەن تیرۆرستانەوە ڕفێتنراون و بەسەرھاتی ئالانی جوانەمەرگ، بابەتی گەلێک لە شاکارە سینەماییەکانی جیھان دەبوون.
گوتیشی: بەردەوامی ئەم ڤیستیڤاڵە لە دھۆک لە بارودۆخی ئەمڕۆی ھەرێمی کوردستان کە بە ژمارەیەک کێشە و قەیرانی سیاسی و ئابووری و دارایی تێدەپەڕێت و شەڕێکی گران بەسەر کوردستاندا سەپێنراوە، جێگەی خۆشحاڵییە و بەڵگەیەکی حاشا ھەڵنەگریشە کە گەلی کوردستان سەرەڕای ھەموو سەختییەکان، گەلێکی زیندووە و دەستبەرداری پێشکەوتن و خۆشەویستی بۆ ژیان نابێت.
"نێچیرڤان بارزانی" لە کۆتایی گوتەکەیدا ھیوای سەرکەوتنی بۆ سێیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "دھۆک" خواست و ھەروەک ھیوای خواست بارودۆخەکە باشتر ببێت بۆئەوەی چ وەک حکوومەت یان کەرتی تایبەت، زیاتر گرنگی بەو ھونەرە گەورەیە بدەن.
لە سێیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "دھۆک" کۆمەڵێک فیلم لە سینەماکارانی وڵاتانی ئەڵمانیا، فەڕەنسا، تورکیا، ئێران، ئیسپانیا، ئەمەریکا، پورتوگاڵ، ڕۆمانیا، ئەڕژەنتین، شیلی، کرۆواسیا، کێنیا، کەنەدا، کووبا، بێلارووس، بۆسنی و ھێرزێگۆڤین، ڕووسیا، بەریتانیا، نۆڕوێژ، پۆڵەندا، دانیمارک، ئەفریقیای باشوور، مووریتانی، کۆماریی دۆمێنیکەن، ئیتاڵیا، لوبنان و ھەروەھا ھەرێمی کوردستان بۆ ماوەی ٨ رۆژ نمایشکران. لە دەسپێکی نمایشی ھەر فیلمێکدا سەرەتا ستافی ئامادەبووی ئەم فیلمە لەبەرچاوی کامێڕاکانی دەزگاکانی ڕاگەیاندندا بەسەر مافوورەی سووری ئەم فیستیڤاڵەدا تێدەپەڕین و پاشان نمایشی ھەر فیلمێک کۆڕی ڕەخنە و ھەڵسەنگاندن لە لایەن کارناسی کۆڕەکە و ھەروەھا بینەرانەوە بەڕێوەدەچوو.
لە بەشی پێشبڕکێی "سینەمای کوردیی" سێیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "دھۆک"بێجگە لە فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" لە دەرھێنانی "شەوکەت ئەمین کورکی" چەندین فیلمی دیکە لە سینەماکاری کورد نمایشکران، ھەندێک لەو فیلمە کوردیانەی کە لەم بەشەی فیستیڤاڵەدا نمایشکران بریتین لە: "نامەیەک بۆ پاشا" لە دەرھێنانی "ھیشام زەمان"، فیلمی سینەمایی "سەمای ئەسپەکان" لە دەرھێنانی "سەردار خەلیل"، فیلمی سینەمایی "ماڵئاوا دیجیتاڵ" لە دەرھێنانی "ھیوا ئەمین نژاد" و چەندین فیلمی سینەمایی دیکە.
ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەشی پێشبڕکێی "سینەمای کوردیی" سێیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "دھۆک" بریتین لە: سەرۆکی لێژنەی ناوبژیوان "ئان دێمی گێرۆ" Anne Démy-Geroe مامۆستای زانکۆ، شارەزا لە بواری سینەما و بەرپرسی ھونەریی خەڵاتەکانی ئیسکرین "ئاسیا پەسیفیک" ASIA PACIFIC ناسراو بە "ئۆسکاری ئاسیا" APSA و چەندین فیستیڤاڵی سینەمایی دیکە لە وڵاتی ئۆستوڕاڵیا، "مارینا کابا ڕاڵ" Marina Caba Rall دەرھێنەر و ڕۆژنامەنووس لە ئیسپانیا، سینەماکاری ناوداری کورد "عەلی بەدرخان" دەرھێنەر لە وڵاتی میسر، "گیبلیا دووبرێ" Giulia Dobre ڕەخنەگری سینەما و مامۆستای زانکۆ لە وڵاتی ڕۆمانیا و ھەروەھا نووسەر و ڕۆمانووسی کورد "عەتا نەھایی" لە وڵاتی ئێران.
ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەشی پێشبڕکێی "سینەمای جیھان"ی ئەم فیستیڤاڵەش بریتین لە: سەرۆکی لێژنەی ناوبژیوان "وێرنێر رۆزیکا" Werner Ruzicka بەرپرسی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "دۆیسبۆرگ" Duisburg و مامۆستای زانکۆ لە ئەڵمانیا، "فرێدی ئۆلسۆن" Freddy Olson بەرھەمھێنەر و بەرنامەداڕێژی فیستیڤاڵەکان لە سوید، "عایشە پۆلات" Ayse Polat نووسەر و دەرھێنەر لە ئەڵمانیا، "جانی بوردایس" Jany Bourdais بەرپرسی ئەنستیتۆی فەڕەنسی لە ھەولێر لە فەڕەنسا و "سوپۆم سوھن" Soopum Sohn دەرھێنەر و مامۆستای زانکۆ لە ئەمەریکا.
ھەروەھا ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەشی پێشبڕکێی کورتە فیلمەکانی سێیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "دھۆک" بریتین لە: سەرۆکی لێژنەی ناوبژیوان "پیتێر ئوت" Peter Ott نووسەر و دەرھێنەر لە ئەڵمانیا، "پیتێر بۆی" Peter Boe بەرھەمھێنەر و دەرھێنەر لە نۆڕوێژ، "سەھیم عومەر خەلیفە" Sahim Omar Kalifa نووسەر و دەرھێنەر لە ھەرێمی کوردستان و بەلژیکا، "بنویسە بریڤان" Binevsa Berivan دەرھێنەر لە بەلژیکا و "دیمیتری گلۆبنیچی" Dmitriy Golubnichiy بەرھەمھێنەر لە ڕووسیا.
یەکێک لە خاڵە بەرچاوەکانی ئەم خولەی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "دھۆک"، نمایشی بەرھەمە بەرچاوەکانی ئەمساڵ و ساڵی پاری سینەمای جیھان بوون کە ھەڵگریی خەڵاتە گرینگەکانی سینەمابوون لەوانە: ئۆسکار، گۆلدێن گلۆب، بەڕلینالە، ڤێنیز و ... کە لە بەشی پێشبڕکێی "سینەمای جیھان" نمایشکران، لەوانە: فیلمە سینەماییەکانی "ئایدا" IDA لە پۆڵەندا، "لۆڤیاتان" Leviathan لە ڕووسیا، "مەدیتەرانە" Meditteranea لە ئیتاڵیا، ئەمەریکا و فەڕەنسا، "تیمبۆکتۆ" Timbuktu لە موریتانی، "ئفریم!" Aferim! لە ڕۆمانیا، "سیواس" لە تورکیا و چەندین بەرھەمی دیکە.
فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی دھۆک لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ھونەریی سینەمای دھۆک سەر بە وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و بە بەڕێوەبەریی ھونەریی "مەمەد ئەکتاش" و بە بەشداریی بەرھەمی وڵاتانی ئەڵمانیا، فەڕەنسا، تورکیا، ئێران، ئیسپانیا، ئەمەریکا، پورتوگاڵ، ڕۆمانیا، ئەڕژەنتین، شیلی، کرۆواسیا، کێنیا، کەنەدا، کووبا، بێلارووس، بۆسنی و ھێرزێگۆڤین، ڕووسیا، بەریتانیا، نۆڕوێژ، پۆڵەندا، دانیمارک، ئەفریقیای باشوور، مووریتانی، کۆماریی دۆمێنیکەن، ئیتاڵیا، لوبنان و ھەروەھا ھەرێمی کوردستان لە ھۆڵی کۆنگرێسی زانکۆی شاری دھۆک و ههروهها سێ هۆڵی سینهمایی ناوهندی "مازی مۆڵ" لە شاری دھۆکلە ھەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت.
بەمەبەستى هەڵسەنگاندن و پێداچوونەوە بە بەرنامەو کارەکانى ئەمساڵى فەرمانگەى پەیوەندیەکانى دەرەوە کۆبوونەوەیەکى فراوان بەڕێوەچوو
بە مەبەستى هەڵسەنگاندن و پێداچوونەوە بە بەرنامەو کارو هەنگاوەکانى ئەمساڵى فەرمانگەى پەیوەندیەکانى دەرەوە لەڕووى کارگێڕى و دیپلۆماسى و سیاسى و خۆئامادەکردن بۆ دانانى بەرنامەیەکى تۆکمە بۆ ساڵى داهاتوو، ئەمڕۆ چوارشەممە بە سەرپەرشتى بەڕێز فەلاح مستەفا بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوەى حکومەت و خاتوو سوهام جەبەلى یاریدەدەرى بەرپرسى فەرمانگە کۆبوونەوەیەکى فراوان بەڕێوەچوو.
لە کۆبوونەوەکەدا کە راوێژکارو بەڕێوەبەرە گشتیەکان و بەڕێوەبەرانى فەرمانگە ئامادەبوون، بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوەى حکومەت باسى لە ئامانجى کربوونەوەکە کرد و تەوەرەکانى کۆبوونەوەى خستەڕوو کە پەیوەست بوون بە کاروبارى فەرمانگەو رەوشى سیاسى و بەرەوپێش بردنى زیاترى پەیوەندیە دیلۆماسیەکان.
بەرێزیان گووتى بەهۆى نزیکبوونەوەمان لە کۆتایى ساڵ پێویستیمان بە هەڵسەنگاندنى کارەکان و دانانى بەرنامەیەکى تازەیە بۆ ئەوەى لە سەرەتاى ساڵى داهاتوو بە شێوەیەکى باشتر بتوانین پەرە بە پەیوەندیەکانمان بدەین لەچوارچێوەى سیاسەتى حکومەتى هەرێم بۆ فراوانکردنى بازنەى پەیوەندیەکان لەگەڵ کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى، چونکە هەرێمى کوردستان بەشێکى دانەبڕاوە لە کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى.
هەروا گووتى پەیوەندیە دیپلۆماسیەکانى هەرێم لەگەڵ دونیاى دەرەوە لە قۆناغێکى باشدایەو ٣٣ وڵات نوێنەرى لە هەرێمى کوردستان هەیەو ئێمەش ١٤ نوێنەرمان لە دەرەوە هەیە، لەڕووى یارمەتى و پشتگیرى سەربازى بۆ شەڕ دژى داعش و کۆمەک و هاوکارى کردنى ئاوارەکان کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى تا راددەیەکى باش پشتگیرى هەرێمى کوردستان دەکەن. بەڵام دەکرێ ئەم پەیوەندیانە زیاتر فراوان بکرێت لە پێناو سوودو بەرژەوەندى گەلى کوردستان لە هەموو بوارێکدا.
بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوەى حکومەت گووتى فەرمانگەى پەیوەندیەکانى دەرەوە هەمیشە دەروازەیەک بووە بۆ پەرەپێدانى پەیوەندیە دیپلۆماسى و سیاسى و کەلتووریەکانى هەرێمى کوردستان لەگەڵ دونیاى دەرەوە. هەمیشە هانى وڵاتانمان داوە بۆ ئەوەى نوێنەرایەتى خۆیان لە هەرێم بکەنەوە، لەگەڵ رێکخراوە نیودەوڵەتیەکان و نەتەوە یەکگرتووەکان بە بەردەوامى کارمان کردووە بۆ سەرخستنى بەرنامەکانیان لە هەرێمى کوردستان. لەم رووەوە گووتى هەندێ جار لەچوار چێوەى شاندى عیراقى و هەندێ جاریش راستەوخۆ بەشداریمان لە کۆڕ و کۆبوونەوەو کۆنفڕانسە نێودەوڵەتیەکان کردووەو توانیومانە پەیام و هەڵوێستى حکومەتى هەرێمى کوردستان بگەیەنینە کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى و نێوەندە نێودەوڵەتیەکان.
بەرێزیان گووتى هەرێمى کوردستان پیگەیەکى بەهێزى هەیەو توانیویەتى خۆى بسەلمێێت، هەرچەندە ئەمڕۆ دووچارى قەیرانى دارایى بووەو لەشەڕدایە دژى تیرۆرستانى داعش و نزیکەى ٢ ملیۆن ئاوارەو پەنابەریشى لەخۆ گرتووە، بەڵام کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى بە شانازیەوە پشتگیرى لێدەکەن و ستایشى قارەمانیەتى پێشمەرگەو سیاسەتى دروستى حکومەتى هەرێم دەکەن.
بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوە گووتى لەم کۆبوونەوەیەدا دەبێ بە ڕوونى باس لە دەستکەوت و پێشکەوتنە سیاسى و دیپلۆماسیەکانى فەرمانگەى پەیوەندیەکان بکرێت و تیشک بخرێتە سەر ئەو ئاستەنگ و لەمپەرانەى دێنە رێگەى ئیشکردنمان، بۆئەوەى میکانیزمى گونجاو بۆ سەرخستنى کارەکانمان بدۆزینەوە.
فەلاح مستەفا گووتى سوپاس و دەستخۆشى لە تەواوى کارمەندانى فەرمانگە دەکەم بۆ کارى بەردەوام و هەوڵەکانیان لە پێناو زیاتر جێبەجێ کردنى ئەو بەرنامەیەى کە فەرمانگەى پەیوەندیەکانى دەرەوە لە پیناوى دامەزراوە ئەویش پەیوەندى گرتن لەگەڵ دونیاى دەرەوەو خزمەت گەیاندن بە رەوەندى کوردستانى و پێشخستنى هەرێمى کوردستانە لە هەموو رووێکەوە.
ئینجا دەرگاى گفتوگۆ کرایەوە بۆ ئەوەى تەواوى ئامادەبووانى کۆبوونەوە سەرنج و تێبینى و بۆچوونى خۆیان لەسەر ئاکامى کارەکانى ئەمساڵ و کارنامەى ساڵى داهاتوو بخەنەڕوو.
بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوە سوپاسى ئامادەبووانى کردو گووتى سەرنج و تێبینى و بیروڕاکانتان بەهەند وەردەگیرێت لە پیناو زیاتر پێشخستنى کارەکانى فەرمانگەى پەیوەندیەکانى دەرەوەى حکومەت.
كۆنگرێسی ئەمەریكا كار بۆ بەجینۆسایدناساندنی نەهامەتییەكانی ئێزیدی و كرستیانەكان دەكات
ئێوارەی ڕۆژی شەممە 7/11/2015 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە شاندێكی كۆنگرێسی ئەمەریكا بە سەرۆكایەتیی كۆنگرێسمانان دانا رۆهربێچەر و ستیڤ كینگ، كرد.
لە دیدارێكدا شاندی میوان سوپاس و پێزانینی خۆیان بۆ خەڵك و حكوومەت و پێشمەرگەی كوردستان دەربڕی بۆ خۆڕاگرییان لە بەرامبەر تیرۆر و كێشەی بڕینی بودجە لە لایەن بەغداوە و پێشوازیكردن لە ژمارەیەكی زۆری ئاوارە و پەنابەرانی دەستی تیرۆر و هاوكارییكردنیان، لەمبارەیەشەوە سوپاسگوزاریی خەڵكی ئەمەریكایان بۆ هێزی پێشمەرگە و خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستان پیشان دا.
دووپاتیشیان كردەوە كە لای خۆیانەوە هەوڵ دەدەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە گشتی و بە تایبەتی ئەمەریكا لە پێشكەشكردنی هاوكاریی سەربازی بۆ هێزی پێشمەرگە بەردەوام بن. هەروەها ئاشكرایان كرد كە ئەوان ڕەشنووسی پڕۆژەیاسایەكیان پێشكەش بە كۆنگرێسی وڵاتەكەیان كردووە بۆ ئەوەی ئەو كارەساتە گەورەیەی بەسەر ئێزدییەكان و كرستیانەكان هاتووە، وەك جینۆساید بناسێنرێ.
لای خۆیەوە بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی هەڵوێستی شاندی میوان و وڵاتانی بەشدار لە هاوپەیمانیی دژی تیرۆرستانی داعش بە گشتی و ئەمەریكا بە تایبەتی كرد، كە لەگەڵ هێرش و هەڕەشەی داعش هاوكاریی هێزی پێشمەرگەیان كرد، بەڵام بۆ بنبڕكردنی یەكجاریی ئەم مەترسییە پێشمەرگە پێویستی بە ڕاهێنان و چەكی زیاتر و نوێتر هەیە و هیوای خواست هاوكاریی زیاتری هێزی پێشمەرگە و خەڵكی كوردستان بكرێت، چونكە تەنیا پێشمەرگەیە لەسەر ئەرزی واقع شكستی بە گشت پیلانەكانی تیرۆرستان هێناوە.
هەروەها دەستخۆشی لە ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای بەجینۆسایدناساندنی ئەو كارەساتانەی بەسەر ئێزدی و كرستیانەكان هاتوون، كرد و ئاماژەی بەوە دا ئەمە یەكێكە لە داخوازە هەرە سەرەكییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان. هەروەك جەختی لە بەردەوامیی پاراستن و هاوكاریكردنی هەموو ئەو ئاوارە و پەنابەرانە كردەوە كە لە ترسی تیرۆر ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە، بەڵام بە هۆی قەیرانی داراییەوە حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێویستی بە پشتگیری و هاوكاریی نێودەوڵەتی هەیە بۆ ئەوەی خزمەتی زیاتریان پێشكەش بكرێت.
تاوتوێكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتانی ناوچەكە و بە تایبەتی پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا، لایەنێكی دیكەی دیدارەكە بوو.
قوباد تاڵەبانی جەخت لەسەر كاراتركردنی كەرتی تایبەت و كەمكردنەوەی باری قورسی حكومەت دەكاتەوە
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، كاراكردنی كەرتی تایبەتی و گرنگیدان بە پسپۆڕی پێویست لەسەر ئاستی هەرێم لە قۆناغی ئێستادا بۆ ئایندەی هەرێمی كوردستان بە گرنگ زانی .
جێگری سەرۆكی حكومەت لەمیانەی بەشداریكردنی لە ڕێوڕەسمی دابەشكردنی بڕوانامە بەسەر بەشداربووانی خولی دووەمی بەرنامەی راهێنانی کار لە هەولێر، نیگەرانی خۆی لە نەبوونی پاڵپشتی تەواو بۆ كەرتی تایبەت نیشاندا. ههروهها ئاماژەی بەوەدا زۆربوونی ژمارەی مووچەخۆران بۆتە گرفتێكی دیكەی بەردەم سەرخستنی كارەكان لە دەزگا و دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستاندا.
تاڵەبانی ئاشكرایكرد "هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ خاوەنی یهك ملیۆن و 344 هەزار كارمەندی حكومیە لەگەڵ هەبوونی 683 هەزار فەرمانبەری بەردەوام و 25 هەزار فەرمانبەری گرێبەست و 22 هەزار خانەنشین ئەمە جگە لە 412 هەزار كەس كە مووچەیەكی دیكەی چاودێری وەردەگرن.
هاوكات جێگری سەرۆكی حكومەت سوپاسی هەموو ئەو كەس و لایەنانەی كرد كە رۆڵیان لە سەرخستنی ئەم خولە هەبوو وئاماژەی بەوەدا لە خولی یەكەمدا كە پار ئەنجامدرا، لە سێ زانكۆ 28 قوتابی و خوێندكار بەشداری كرد، بەڵام ئەمساڵ 2000 قوتابی ناوی خۆیان بۆ ئەم خولە تۆمار كردبوو لە ههشت زانكۆ بوو كە 127 یان لەلایەن 16 كۆمپانیاوە وەرگیران.
رونیشیكردەوە ئامانجی ئەم خولە پێدانی ئەزمونی پراكتیكیە بۆ ئایندەی كاری بەشداربوون هەروەها بۆ سوود وەرگرتنی بازاڕی كار لە تواناكانی زانكۆكان و بەهێزكردنی كەرتی تایبەت كە ئەمڕۆ لە هەموو كاتێكدا زیاتر ئابوری كوردستان پێویست بە هێزی كاری ئامادەیە بۆ گەشەپێدانی ئابووری هەرێم.
ههروهها بەئەركی حكومەتی زانی ئەم دەرفەتە بۆ قوتابیان برەخسێنێت و بە گرنگیشی زانی هەردوو كەرتی پەروەردە و خوێندنی باڵا لەم ڕووەوە بوژانەوە بەخۆیانەوە ببینن و زانكۆكان هەردەم لە پێشخستن دابن.
جێگری سەرۆكی حكومەت بە گرنگی زانی كەرتی كشتوكاڵ گەشەی پێبدرێت نەك تەنها بۆ بازاڕی كوردستان بەڵكو وڵاتانی دراوسێ و جیهانیش سوودی لێ وەربگرن.
لە هەمان كاتیشدا بە پێویستی زانی گرنگی بە بواری تەكنەلۆژیای زانیاری بدرێت بۆ ئەوەی ئاستی كۆمپانیاكان باشتر ببێت و ئاستی حكومەتیش گەشەی پێبدرێت لە كەرتە جیاجیاكانی حكومەتدا كە لەزۆر لەو بوار و كەرتانەدا پشت بە فەرمانبەری بیانی دەبەسترێت.
تاڵەبانی جەختی لەسەر ئەوەش كردەوە كە گۆڕینی ئەم فەرهەنگە بەیەك كەس و یەك وەزیر و یەك سەرۆكی
زانكۆ ناكرێت بەڵكو پێویستە هەموولایەك بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجە كاربكات و فەرهەنگێكی نوێ بۆ پشت بەخۆ بەستن بێتەدی.
هیواشی خواست بۆ ساڵانی ئایندە ژمارەی دەرچوان زیاتر بێت و دووپاتیشیكردەوە حكومەت رێخۆشكەر دەبێت بۆ هێنانەدی تەواوی ئامانجی گەنجان و ئەوانەی خوازیارن بە تواناكانی خۆیان خزمەت بە كوردستان بگەیەنن.
پاشان دكتۆر یوسف گۆران، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، لە وتەیەكدا تیشكی خستە سەر خولەكە و گرنگی بۆ بەرزركردنەوەی ئاستی قوتابی وخوێندكارانی هەرێمی كوردستان وگرنگیەكەشی لەوەدا نیشاندا كە دەبێتە شوێنی بەیەكگەیشتنی زانست و مەعریفە و ئەزموون و شارەزایی عەمەلی.
دووپاتیشیكردەوە پێویستە زانكۆكانی هەرێم ببنە مەڵبەندێك بۆ چارەسەركردنی گرفتەكانی كۆمەڵگە.
ههروهها، ئاشكرایكرد وەزارەت لە سەرجەم زانكۆكان بۆ یەكەمجار ئەمساڵ سەنتەری هەلی كاری كردەوە بۆ ئەوەی پردێكی بەهێز لەنێوان زانكۆكان و هەموو كایەكانی كۆمەڵگە دروست ببێت.
جەختیشی لەسەر گرنگیدان بە زمانی ئینگلیزی كە ئەمڕۆ بۆوەتە زمانێكی گرنگی جیهانی و تیشكیشی خستە سەر بۆردی پەروەردە و خوێندنی باڵا كە لەلایەن هەردوو وەزارەتەوە دامەزرا كه سەرۆك وجێگری سەرۆكی حكوومەت و وەزیرانی دارایی وپلاندانان و پەروەردە و خوێندنی باڵا تیایدا بەشدارن. ئەوەشی خستەڕوو ئەگەر بارودۆخی ناهەمواری كوردستان نەبوایە ئەم بۆردە كار و چالاكی زۆری ئەنجام دەدا.
دوای تەواوبوونی رێوڕەسمەكەش، جێگری سەرۆكی حكومەت خەڵات ودیاری بەسەر هەر 127 دەرچووی ئەم خولە دابەشكرد.
لە کۆڕبەندى ئەوڕوپى بۆ ئاسایش و سیاسەتى دەرەوە لە ڤییەنا، بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوەى حکومەت باسى لە ستراتیژیەتى رووبەڕووبوونەوەى داعش کرد
فەلاح مستەفا بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوەى حکومەت لە نۆزدەیەمین کۆڕبەندى ئەوڕوپى بۆ ئاسایش و سیاسەتى دەرەوە کە لە ئەکادیمیاى دیپلۆماسى ڤییەنا سازکرابوو، باسى لە ستراتیژیەتى روبەڕووبوونەوەى تیرۆرستانى داعش و قەیرانى دارایى و مرۆیى لە هەرێمى کوردستان کرد.
پەیمانگەى نەمساوى بۆ سیاسەتى ئەوڕوپى و ئاسایش ژمارەیەک سیاسەتوان و دیپلۆماتکارو کەسایەتى بوارى بەرگرى بانگهێشتى ئەم کۆڕبەندە کردبوو، کۆڕبەندى ئەمساڵ لە کاتێکدا دەبەسترێ کە کێشەى ئۆکرانیاو قەیرانەکانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و کاریگەریەکانى لەسەر وڵاتانى ئەوڕووپى بەردەوامیان هەیە.
دەسپێکى کۆڕبەند بە ووتەى بەڕێزان باڵیۆز د. مایکل لینهارت سکرتێرى گشتى لە وەزارەتى کاروبارى ئەوڕوپاو کاروبارى دەرەوەو پێکەوە ژیانى نەمساوى و د. ڤیرنەر فاسل ئابێند وەزیرى بەرگرى پێشووى نەمساو سەرۆکى پەیمانگا دەستى پێکرد.
لە پانێڵێکى هاوبەش لەگەڵ باڵیۆز رەمزى عیزەدین رەمزى جێگرى نێردەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروبارى سوریا، فەلاح مستەفا بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوەى حکومەت هەڵوێستى حکومەتى هەرێمى کوردستانى لە شەڕ دژى تیرۆرستانى داعش خستەڕوو، هاوکات باسى لە قەیرانى مرۆیى لە هەرێم و دوایین پێشووەچوونەکانى سوریاو ناوچەکانى دیکەى عیراق کرد. بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوە باسى لە رۆل و قارەمانیەتى پێشمەرگە کرد لە ڕووبەڕووبوونەوەى تیرۆرستان، هەروەها باسى لە قوربانیدانى پیشمەرگە کرد کە زۆربەیان بەهۆى تەقینەوەو بۆمبى چێنراو بووە.
بەرێزیان گووتى رووبەڕووبوونەوەى تیرۆرستان کێشەیەکى گشتگیرە و بەرپرسیاریەتى جیهانیە و تەنها پەیوەست نییە بە عیراق و سوریا، کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى دەبێ دان بەو راستیەدا بنێ و بە خێرایى کار بکات بۆ شکست پێهێنانى داعش، ئەم هەنگاوەش وێڕاى پشتگیرى سەربازى پێویستى زۆرى بە پشتگیرى سیاسى و ئابوورى هەیە.
هەروا گووتى گەلى کوردستان لەڕیزى پێشەوەى بەرەى شەڕن دژى تیرۆرستانى داعش و هاوبەشێکى جێى باوەڕن بۆ هاوپەیمانى نێودەوڵەتى. بەڵام هێزەکانى پێشمەرگە پێویستى زۆریان بە چەک و تەقەمەنى و کەل و پەلى سەربازى زیاتر هەیە بە مەبەستى ڕووبەڕوونەوەى هێرشەکان و پووچەڵ کردنەوەى بۆمبى چێنراوو خۆپاراستن لە هێرشى کیمیاوى کە بەم دواییە داعش دژ بە پێشمەرگە بەکارى هێنا.
سەبارەت بە دۆخى مرۆیى فەلاح مستەفا گووتى شانازى بەوە دەکەین کە هەرێمى کوردستان دەرگاکانى بەڕووى زیاتر لە ٢ ملیۆن ئاوارەو پەنابەر کردەوە، بەڵام تواناى ئێمەش سنووردارە، بۆیە داوا لە کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى دەکەین راستەوخۆ هاوکاریمان بکەن لەم بوارە. لەم رووەوە گووتى هاوکارى کردنى ئێستاى ئاوارەکان ئەرکى ئێوە سووک دەکات بۆ داهاتوو،چونکە دەبێتە هۆى کەمکردنەوەى شەپۆڵى پەنابەران بۆ ئەوروپا.
هەر لەو پانێڵە هاوبەشەدا لەگەڵ باڵیۆز رەمزى عیزەدین رەمزى جێگرى نێردەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروبارى سوریا، فەلاح مستەفا رۆشنایى خستە سەر پەیوەندیەکانى نێوان هەولێرو بەغدا و گرینگى ئازادکردنى موسڵ لەدەست تیرۆرستانى داعش. داواى لە کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى کرد کە دان بە سەرکەوتنى هێزەکانى پیشمەرگەدا بنێن لەشەر دژى داعش و داواى کرد کە دەنگێک بە هەرێمى کوردستان بدرێت لەو کۆڕو کۆبوونەوە نێودەوڵەتیانەى پەیوەستن بە شەڕ دژى داعش ئەنجام. چونکە زۆرجار هەرێمى کوردستان لە نێوەندە نێودەوڵەتیەکان نوێنەرى نییە.
لە کۆتاییدا بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوەى حکومەت گووتى: هەرێمى کوردستان گەشبینە بە پاشەڕۆژى خۆی. لەم بارەیەوە گووتى ئێمە لەژیر دەستى رژێمى سەدام دووچارى گەورەترین چەوسانەوەو پاکتاوى رەگەزى هاتین بەڵام بێ ئومێد نەبووین، بۆیە گەشبینین بە ئایندەى هەرێمى کوردستان و باوەڕى تەواومان بەوە هەیە کە لەم شەڕەدا دژى تیرۆرستانى داعش براوە دەبین.
پرسى ئێزیدیەکان ناوەڕۆکى کۆبوونەوەکەى نێوان فەلاح مستەفا و جێگرى سکرتێرى گشتى نەتەوە یەکگرتووەکان بوو
ئەمڕۆ پێنجشەممە بەڕێز فەلاح مستەفا بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوەى حکومەت پێشوازی لە بەڕێز ئەداما دینگ جێگر و ڕاوێژكاری سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ ڕێگری لە جینۆساید و شاندێكی یاوەری كرد.
لە دیدارێكدا کە سۆکۆل کۆندى بەرپرسى نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەرێمى کوردستان و خاتوو سوهام جەبەلى یاریدەدەرى بەرپرسى فەرمانگە ئامادەبوون، ئەداما دینگ جێگرى سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ ڕێگری لە جینۆساید ستایشى سیاسەتى حکومەتى هەرێمى کوردستانى کرد بۆ واڵاکردنى سنوورەکانى بەڕووى ئاوارەو پەناهەندەکانى سوریاو عیراق، کە وێڕاى بوونى قەیرانى ئابوورى توانى بەپێى توانا کۆمەکیان بکات.
هاوکات دەنگى خۆى خستە پاڵ دەنگى حکومەتى هەرێم بۆ بە جینۆساید ناساندنى ئەو تاوانانەى بەرامبەر کوردانى ئێزیدى لەلایەن تیرۆرستانى داعش ئەنجامدرا. بەڕێزیان گووتى هەرچەندە عیراق واژووى رێکەوتننامەى رۆماى نەکردووە بەڵام پێویستە حكوومەتی هەرێمی كوردستان چەند رێگایەک بگرێتەبەر بۆ بەرەوپێشبردنى ئەو کەیسە و هەموو هاوكارییەكی خۆیشی لەمبارەیەوە ڕاگەیاند. هەروا گووتى لە گەڕانەوەم بۆ نیویۆڕک هەموو ئەو راستیانە دەخەمەڕوو کە لە هەرێمى کوردستان لە نزیکەوە ئاشنایان بووم.
فەلاح مستەفا وێراى بەخێرهێنان بەناوى حکومەتى هەرێم سوپاسى ئاژانسەکانى سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانى کرد کە لە بارودۆخە سەخت و دژوارەکان بە گوێرەى توانا لە بوارە جیاجیاکان یارمەتى هەرێمى کوردستانیان داوە.
بەڕێزیان گووتى فەرمانگەى پەیوەندیەکانى دەرەوە هەر لە سەرەتاوە هەوڵى داوە لە ناوەوەو دەرەوەى هەرێمى کوردستان کار لەسەر بەرەو پێشبردنى ئەو کەیسە بکات. هەروا حکومەتى هەرێم لێژنەیەکى باڵاى پێکهێنا بۆ بەدوواداچوون و کۆکردنەوەى بەڵگەى تاوانەکان تایبەت بە جینۆسایدکردنى کوردانى ئێزیدى و پێکهاتە ئایینى و نەتەوەییەکانى تر. ئەم لێژنەیە هەنگاوى باشى هەڵێناوەو دادگاى باڵاى تاوانەکانى نێودەوڵەتى لە لاهاى لێ ئاگادار کردۆتەوە.
فەلاح مستەفا گووتى هیوادارین کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى پشتگیرى زیاترى هەوڵەکانى حکومەتى هەرێم بکات بۆ ئەم هەنگاوە، تاکو کوردانى ئێزیدى و پێکهاتە نەتەوەیى و ئایینیەکانى تر لەڕووى ماددى و سایکۆلۆژى قەرەبوو بکرێنەوەو تاوانبارانیش بەسزاى خۆیان بگەن.
دوایین هەواڵەکان
- پهيامى سهرۆك نێچيرڤان بارزانى بۆ ساڵى نوێ
- پەیامی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی سەری ساڵی نوێی زایینی2025
- سهرۆكى ههرێمى كوردستان، پێشوازيى له كونسوڵی گشتيى نوێى ئێران كرد
- عەباس غەزالی: کۆچی مامۆستا مهنسوور یاقووتی وهک لهدهست چونی یاقووتێکی گرانبههایه
- سهرۆک نێچیرڤان بارزانی لهگهڵ وهزیری بهرگریی هۆڵهندا کۆبووهوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى پێشوازيى له ئيسماعيل بهشيكچى كرد
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى و وهزيرى بهرگريى ئيتاڵيا كۆبوونهوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى لهگهڵ فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانيی نێودەوڵەتی كۆبووهوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى پێشوازیی له باڵيۆزى نوێى چيك كرد
- سەرۆک نێچیرڤان بارزانی پێشوازیی لە سوپاسالاری بەریتانیا کرد