هەرێمی کوردستان
كونسڵی ئەڵمانیا: لە داهاتوویەكی نزیكدا هەرێمی كوردستان دەبێتە شوێنێكی گونجاو بۆ سەرمایەگوزاری
نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەكشەممە 25/10/2015 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە بەڕێز مارك ئایشهۆڕن كونسڵی گشتیی نوێی ئەڵمانیا لە هەرێمی كوردستان كرد.
لە دێدارێكدا بەڕێز ئایشهۆڕن خۆشحاڵیی خۆی بە دیداری لەگەڵ بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان دەربڕی و ئاماژەی بە پەیوەندییە پتەوەكانی نێوان ئەڵمانیا و هەرێمی كوردستان كرد و دووپاتى كردهوه حكوومەتی ئەڵمانیا هەوڵی داوە لە هەموو قۆناغەكاندا هاوكاریی هەرێمی كوردستان بكات بەتایبەتی لە شەڕی دژی تیرۆردا كە پێشمەرگەی كوردستان توانیویەتی بوێرانە ڕووبەڕووی ببێتەوە و پلانەكانیان تێك بشكێنێت و هەموو جیهان لەو مەترسییە دوور بخاتەوە، ئەمەش بووە هۆكار بۆ ئهوهى ئەڵمانیا بڕیارێكی دەگمەن لە مێژووی خۆیدا بدات كە یارمەتیی سەربازی بنێرێتە دەرەوەی وڵاتەكەی و لە هاوكارییەكانیشیان بەردەوام دەبن.
ههروهها ڕوونى كردهوه كە تیمی مەشقكارانی سەربازیی ئەڵمانیا خۆشحاڵن بە ئاستبەرزیی پێشمەرگە لە مەیدانەكانی مەشق و ڕاهێناندا و باسی له بواری ئابووریی هەرێمی كوردستانیش كرد و دووپاتی كردەوە كە لە داهاتوویەكی نزیكدا هەرێمی كوردستان دەبێتە شوێنێكی گونجاو بۆ سەرمایەگوزاری و هەوڵ دەدەن بارودۆخی هەرێمی كوردستان بۆ سەرمایەگوزار و كۆمپانیاكانی ئەڵمانیا ڕوون بكەنەوە، بۆ ئەوەی كاری وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان ئەنجام بدەن.
لای خۆیەوە بەڕێز نێچیرڤان بارزانى سوپاسی ئەو سەردانەی كرد و هیوای سەركەوتنی بۆ خواست لە ئەركە نوێكەیدا، هەروەها جەختی لە پتهوكردنى زیاترى پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەڵمانیا كردەوە و سوپاسی حكوومەتی ئەڵمانیای كرد بۆ بڕیارى بوێرانەی ناردنی هاوكاریی سەربازی بۆ پێشمەرگەی كوردستان، بە تایبەتی ناردنی هەندێك چەك كە كاریگەریی ڕاستەخۆی لەسەر مەیدانی جەنگ هەبووە و بۆتە هۆكار بۆ ئهوهى پارسەنگی هێز بۆ بەرژوەندیی پێشمەرگە بشكێتەوە، بۆیە حكوومەت و خەڵكی هەرێمی كوردستان بەڕێزەوە سەیری ئەم هاوكارییانە دەكەن. ههروههاهیوای خواست پەیوەندییەكانى ههردوولا لە هەموو بوارەكاندا بەرەو پێشەوە بچن.
تاوتوێكردنى بارودۆخی هەرێمی كوردستان و پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا، لایەنێكی دیكەی دیدارەكە بوو و لەمبارەیەشەوە بەڕێز نێچیرڤان بارزانی ئامادەییی حكوومەتی هەرێمی دەربڕی كە سەردانی بەغدا بكەن بۆئ ەوەی ئەو گرفتانەی لە نێوان هەردوولادا هەن بە ڕێگەی گفتوگۆ و دیالۆگ چارەسەر بكرێن.
"مەردان" لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "میلی والری" لە ئەمەریکا نمایشکرا
مەنسوور جیھانی ـ فیلمی سینەمایی "مەردان" لە دەرھێنانی "بەتین قوبادی" لە سی و ھەشتەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "میلی والری" لە ئەمەریکا نمایشکرا.
فیلمی سینەمایی "مەردان" یەکەمین بەرھەمی بڵندیی سینەماکاری کورد "بەتین قوبادی" فیلمی ھەڵبژاردەی وڵاتی عێراق بە ھەشتاو حەوتەمین خولی ڕێوڕەسمی خەڵاتە سینەماییەکانی ئاکادیمیای ئۆسکار لە ساڵی ٢٠١٥، بە نوێنەرایەتیی لە ھەرێمی کوردستان لە دوو سانسی جیاوازدا لە ڕۆژانی ١٣ و ١٥ی تەشرینی یەکەم / ئۆکتۆبەری ٢٠١٥ لە بەشی "سینەمای جیھان" لە سی و ھەشتەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "میلی والری" Mill Valley لە شاری ڕافائیل لە ویلایەتی کالیفوڕنیا لە وڵاتی ئەمەریکا چووە سەر پەردەی سینەماکان.
ئەم فیستیڤاڵە ساڵی ١٩٧٧ لە لایەن ئەنستیتۆی فیلمی کالیفۆڕنیا و بە مەبەستی پشتیوانی لە فیلمسازانی سەربەخۆ و گەنج و ھەروەھا بەرھەمە نوێیەکانی سینەمای جیھان دامەزراوە و یەکێکە لە ڕووداوە گرینگەکانی سینەمای ئەمەریکا کە تیایدا ھەموو ساڵێک بەشێکی بەربڵاو لە فیلمە نوێیەکانی سەرتاسەری جیھان نمایش دەکرێت.
سی و ھەشتەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "میلی والری" بە نمایشی زیاتر لە ٢٠٠ فیلم لە سینەماکارانی زیاتر لە ٥٠ وڵاتی جیھان لە چەندین بەشی جۆراوجۆر، لەوانە: "سینەمای جیھان"، "سینەمای ئەمەریکا"، "سینەمای دیکۆمێنتاریی"، "فیستیڤاڵی فیلمی منداڵان"، بەشی "کورتە فیلم"، بەشی "سینەمای چالاک" و ھەروەھا چەندین بەشی دیکە لە ڕۆژانی ٨ تا ١٨ی تەشرینی یەکەم / ئۆکتۆبەری ٢٠١٥ لە شاری ڕافائیل لە ویلایەتی کالیفوڕنیا لە وڵاتی ئەمەریکا بەڕێوەچوو.
فیلمی سینەمایی "مەردان" لە دوایین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا و بە ئامادەبوونی "بەتینقوبادی" ڕۆژی ٢٥ ئەیلوول / سێپتەمبەری ٢٠١٥ لە بەشی پێشبڕکێی دووەمین خولیفیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "سیلکرۆید"Silkroad لە شاری فۆژۆ لە وڵاتی چین نمایشکرا.
ئەم فیستیڤاڵە بە بەشداریی کۆمەڵێک فیلم لە سینەماکارانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیھان لە دوو بەشی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی لە ڕۆژانی ٢٢ تا ٢٥ ئەیلوول / سێپتەمبەری ٢٠١٥ لە شاری فۆژۆ لە وڵاتی چین بەڕێوەچوو.
بۆ زانیاریی زیاتر:
"بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" فیلمی ھەڵبژاردەی عێراق بە ئۆسکاری ٢٠١٦ ناسێندرا
مەنسوور جیهانی ـ فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" لە دەرھێنانی "شەوکەت ئەمین کورکی" وەکوو فیلمی ھەڵبژاردەی وڵاتی عێراق بە ٨٨ـەمین خولی ڕێوڕەسمی خەڵاتە سینەماییەکانی ئۆسکاری ٢٠١٦ ناسێندرا.
دوای نمایشیی سەرکەوتووانەی فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" Memories On Ston لە دەرھێنانی سینەماکاری کورد "شەوکەت ئەمین کورکی" و لە بەرھەمھێنانی "مەمەد ئەکتاش" لە فیستیڤاڵە جۆراوجۆرە نێودەوڵەتییەکان و بەدەستھێنانی چەندین خەڵاتی گرینگی نێودەوڵەتییبۆ ھەرێمی کوردستان، ئەم فیلمە کوردییە لە لایەن لێژنەی کەلتووری وەزارەتی فەرھەنگ و ھونەری عێراق و ھەروەھا وەزیری فەرھەنگی ئەم وڵاتە، بۆ ناساندن بە ھەشتاو ھەشتەمین خولی ڕێوڕەسمی خەڵاتە سینەماییەکانی ئاکادیمیای ئۆسکار Oscar لە ساڵی ٢٠١٦ لە وڵاتی ئەمەریکا دەستنیشانکرا.
فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" تا ئێستا لە کۆمەڵێک فیستیڤاڵ لە ئاستیدنیادا چۆتە سەر پەردەی سینەماکان، لەوانە: لە بەشی "ئاسۆکان"ی چل و نۆیەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "کاڕڵۆڤی ڤاری" Karlovy Vary لە چیک، لە بەشی پێشبڕکێی دەیەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "یۆرۆئاسیا" Eurasia لە کازاخستان، لە بەشی پێشبڕکێی "نێتپەکی ئاسیا" لە بیستەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "کەڵکەتە" Kolkata لە ھیندستان، لە بەشی دەرەوەی پێشبڕکێی بە ناونیشانی "پەنجەرەیەک بەرەو سینەمای ئاسیا" لە نۆزدەیەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "پووسان" Busan لە کۆریای باشوور، لە بەشی دەرەوەی پێشبڕکێی بیست و چوارەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "توسیس" Thusis لە سویسڕا، لە بەشی "ئاسۆکان" لە بیست و پێنجەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "ترۆمسۆ" Tromsø لە نۆروێژ، لە سی و ھەشتەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "گۆتێنبێرگ" Goteborg لە سوید، لە ٣٠مین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "سانتا باربارا" Santa Barbara لە ئەمەریکا، لە سی و نۆیەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "کلیلوەند" Cleveland لە ئەمەریکا، لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "دێت ماتێر" Movies That Matter لە ھۆڵەندا، لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "دۆحە" Doha لە قەتەر، لە سی و نۆیەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "ھۆنگ کۆنگ" Hong kong لە وڵاتی ھۆنگ کۆنگ، لە شەشەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "میدڵ ئێست نۆو" Middle Eas Now لە ئیتالیا، لە پازدەیەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "تیبۆڕن" Tiburon لە ئەمەریکا، لە سی و چوارەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "ئەستەنبووڵ" Istanbul لە تورکیا، لە بەشی "سپۆتلایت" Spotlight لە سی و سێیەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "مۆنیخ" Muenchen لە ئەڵمانیا، لە سی و حەوتەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "مۆسکۆ" Mosco لە ڕووسیا، لە بەشی دەسپێکی "سینە دێل سۆر" Cines del Sur لە نۆیەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "گڕانادا" Granada لە ئیسپانیا و ھەروەھا چەندین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی دیکە.
بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" لە یادی ٧٠ ساڵەی دامەزراندیی رێکخراوەی "یۆنسکۆ" UNESCO و ھەروەھا ١٠ ساڵەی کۆنوانسیۆنی پاراستن و بڵاوکردنەوەی کەلتووری، لە رێکخراوەی جیھانی یۆنسکۆ لە وڵاتی فەڕەنسا و ھەروەھا بە شێوەی گشتیی لە سینەماکانی سەرتاسەری وڵاتی سویسڕا، لەوانە: سینەماکانی شارەکانی زووریخ، بێرن، بادن، باسل، ھور، سورسێ، تۆسیس و چەندین شاری دیکەی ئەم وڵاتە و وڵاتانی جۆراوجۆری جیھان چۆتە سەر پەردەی سینەماکان.
ئەم فیلمە کوردییە ھەروەھا چەندین خەڵاتی گرینگیشی بۆ ھەرێمی کوردستان بەدەستھێناوە، لەوانە: خەڵاتی تەندیسی "مرواریی ڕەش" بۆ باشترین فیلمی جیھانی عەڕەبی لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکیی ھەشتەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "ئەبووزەبی" لە ئیماڕات، خەڵاتی "باشترین دەرھێنان" لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکی سێزدەیەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "سینەدایز" Cinedayes لە مەکەدوونیا، خەڵاتی "تایبەتی یۆنسکۆ بۆ ھاوبەشی بەرچاو و ھەروەھا پاراستنی جۆری کەلتوورەکان" لە ھەشتەمین خەڵاتەکانی ئیسکرین "ئاسیا پەسیفیک" ASIA PACIFIC ناسراو بە "ئۆسکاری ئاسیا" APSA لە ئوستوڕاڵیا، خەڵاتی سەرەکیی "باشترین فیلم" و خەڵاتی "باشترین سیناریۆ" لە بەشی پێشبڕکێی "ھەفتەی دەرھێنەران" و ھەروەھا خەڵاتی "ڕەخنەگرانی سینەما" لە سی و پێنجەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "فانتاسپۆرتۆ" Fantasporto لە پورتوگال، خەڵاتی باشترین فیلمی بەشی پێشبڕکێی سەرەکی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "ئاشتی لە زەوی" POEFF لە ئەمەریکا، خەڵاتی باشترین فیلم بە "شەوکەت ئەمین" دەرھێنەر و "مەمەد ئەکتاش" بەرھەمھێنەر، خەڵاتی باشترین ئەکتەری پیاو بە "حوسێن حەسەن" و ھەروەھا خەڵاتی باشترین مونتاژ بە "ئیبراھیم سەعیدی" مۆنتێری ئەم فیلمە لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکی حەڤدەیەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "ریڤێرران" واتە "رووباری بەخوڕ" RiverRun لە ئەمەریکا.
سیناریۆی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" لە نووسینی ھاوبەشی "شەوکەت ئەمین" و "مەممەدئەکتاش" پێشتریش خەڵاتی "باشترین سیناریۆی" لە ئاکادیمیای خەڵاتی ئیسکرین "ئاسیا پەسیفیک" ASIA PACIFIC لە ئوستوراڵیا، خەڵاتی "باشترین سیناریۆی" لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "گوتێبیرگ" Goteborg لە سوید و ھەروەھا خەڵاتی "باشترین سیناریۆی" لە شازدەیەمین فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "پوسان" Busan لە کۆریای
باشوور بەدەستھێناوە.
ستافی ئامادەکردنی فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" بریتین لە:
دەرھێنەر: شەوکەت ئەمین کورکی
سیناریۆ: مەمەد ئەکتاش و شەوکەت ئەمین کورکی
بەرھەمھێنەر: مەمەد ئەکتاش
بەڕێوەبەری وێنەگرتن: سالم سەڵەواتی
ڕووناکی: ئەدیب سوبحانی
مونتاژ: ئیبراھیم سەعیدی
دەنگھەڵگر: یوھانس کاسشێک و شەھرام ئەحمەدیان
دیزاینی دەنگ: راینر گێرلاش
میکس: ماتیاس سشواب (پۆست رێپابلیک)
دیزاینی ھونەری: فازل ژیان و جەلال ساعیدپەناە
بەڕێوەبەری پۆست پرۆداکشێن: تۆماس کویسلێر
یاریدەدەری یەکەمی دەرھێنەر و بەرنامەداڕێژ: جەلال ساعیدپەناە
یاریدەدەری دووەمی دەرھێنەر: ساڵح عارف
چاودێری سکریپت و ڕاکوار: سروە عەلی وەیسی
ڕاوێژکاری سیناریۆ: کامبووزیا پەرتەوی و دێرک دێربیلۆ
بەڕێوەبەری سێت: شەماڵ سەبری
موزیک: جان گورتلێر و ئۆزگور ئاکگول
کالێر کۆرێکشێن: گریگۆر فۆللێر
سپێشیاڵ ئێفێکت: ژان میشێل بۆبیل
بەڕێوەبەری بەرھەمھێنان: بەنگین عەلی
ھاوکاری بەرھەم لە ئێران: محەمەد ئەحمەدی
بەڕێوەبەرایەتیی ڕاگەیاندنیی گشتیی: مەنسوور جیھانی و مەنووچێھر جیھانی
ئەکتەرەکان: حوسێن حەسەن، نەزمی کریک، شیما مەلایی، سوعاد ئوستا، ڕێکێش شەھباز،
بەنگین عەلی، ھوشیار زێرۆ، بەڕۆژ ئاکرەیی، سەلاح شێخ ئەحمەدی، مازچین عەزیز، ئەڵڵاموراد ڕەشتیانی، تاھیر عەبدوڵڵا، دیمەن زەند، عادڵ عەبدولڕەحمان، عەبدولقادر بامەڕنی، ساڵح عارف، محەمەد عەلی ئەترووشی، مەسعوود عارف، بەکر مەعرووف، ئاڵا ریانی، نەرەڤ قەچاخ، ئەکرەم کونگفۆ، نێچیرڤان ئەرگووشی، عەمەر تۆڤی، ئەکرەم سلێمان، سەلمان ئومەر، مێھدی کەرەمی، کۆڤان تارق، نیھاد سلێمان، کامیران بێتاسی، بیرھات حوسێن، تەنیا حیسامی، شیار شەریف، شێرزاد عەبدوڵڵا، بەشیر خورکی، میللەت ھەروری، ھاشم شاجی، زیاد عابد، سنۆڤا بەندیکس، چیا ئەکتاش، عەبدوسەلام سلێمان، پەری عەبدوڵڵا، بەدرخان یۆنس، مەمەد ئەکتاش، ڕێزان یشیلباش، ھەڤاڵ نایف، قاسم ڕەمەزان، ھەڵکەت ئیدریس، نەشوان محەمەد، موەفەق ڕوشدی، عابد دھۆکی، ئومێد بەھجەت، زیاد محەمەد و مەجید خەلیل.
تریلێریی فیلمی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد":
https://www.youtube.com/watch?v=kuBFjhUo5C8
فیلمێکی منداڵانی کۆبانێ و شنگال بینەرانی فیستیڤاڵی پووسانی کردە گریان
فیلمی دیکۆمێنتاریی چیرۆکیی "ژیان لە سنوور" لە دەرھێنانی ھەشت منداڵی کۆبانێ و شنگال و لە بەرھەمھێنانی "بەھمەن قوبادی" بینەرانی بیستەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "پووسان" لە وڵاتی کۆریای باشووری کردە گریان.
فیلمی دیکۆمێنتاریی چیرۆکیی "ژیان لە سنوور" Life on the Border لە دەرھێنانی ھەشت منداڵی شارەکانی کۆبانێ و شنگال و بە ڕێنوێنی "بەھمەن قوبادی" و لە بەرھەمھێنانی کۆمپانیای سینەمایی "مژ فیلم"، لە یەکەمین نمایشی جیھانی خۆیدا لە دوو سانسی جیاوازا کاتژمێر ٨ی شەوی دوێنێ ھەینی ٣ی تەشرینی یەکەم / ئۆکتۆبەری ٢٠١٥ بە ئامادەبوونی ئەم سینەماکارە کوردە و چەندین دەرھێنەری کۆریای باشوور لە بەشی "نمایشی کورتە فیلمەکان" لە میانەی بیستەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "پووسان" Busanلە وڵاتی کۆریای باشوور پێشکەشکرا و تەواوی کورسییەکانی ناو ھۆڵەکانی نمایشی ئەم فیلمە پڕ بوو لە بینەر و تەواوی بینەرانیش بە چاوێکی پڕ لە گریانەوە ئەم فیلمە کوردییەیان بینی و کاریگەریی زۆریی لەسەریاندا.
پێشوازیی بینەران لە "ژیان لە سنوور" بە شێوەیەک بوو کە بەرپرسانی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "پووسان" ناچاربوون کە سانسی نمایشی زیاتر بۆ ئەم فیلمە دیکۆمێنتارییە چیرۆکییه تەرخان بکەن و بڕیاروایە بێجگە لە نمایشەکانی ئەم فیلمە، واتە: کاتژمێر ١١ی پێش نیوەڕۆی ٥ی تەشرینی یەکەم / ئۆکتۆبەر و ھەرەەھا کاتژمێر ١ی نیوەڕۆی ڕۆژی ٨ی تەشرینی یەکەم / ئۆکتۆبەری ٢٠١٥ لە چەندین سانسی دیکەشدا ئەم فیلمە کوردییە بۆ بینەران نمایش بکرێت.
"بەھمەن قوبادی" وەکوو بەرھەمھێنەری فیلمی "ژیان لە سنوور" لەم خولەی فیستیڤاڵی فیلمی "پووسان"دا ئامادەبوو و ھەشت منداڵی شارەکانی کۆبانێ و شنگال کە دەرھێنانی ئەم فیلمەیان لە ئەستۆدا بوو بە ھۆی نەبوونی پاسپۆڕتەوە نەیانتوانی کە لە فیستیڤاڵەکەدا بهشداریی بکهن.
قوبادی دوای نمایشی ئەم فیلمە لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "پووسان"دا گوتی: ئەگەر ئەممنداڵانە ئیمکانی باشتریان لە بەردەستدا بێت بێگومان لەوە باشتر فیلم سازدەکەن.
فیلمی دیکۆمێنتاریی "ژیان لە سنوو" لە دوایین نمایشی خۆیدا ڕۆژی یەکشەمە ٢٦ی تەمموز / یۆڵیۆی ٢٠١٥ لە لایەن ڕێکخراوەی لێبوردنیی نێودەوڵەتی و لە ھەفتەی مافی مرۆڤدا لە ھۆڵی سەرەکیی کۆشکی سپی لە شاری واشنگتۆن بۆ "باڕاک ئۆباما" سەرۆک کۆماری ئەمەریکا، دیپڵۆماتکاران، سیاسەتمەداران و بەرپرسانی باڵای وڵاتی ئەمەریکا نمایشکرا.
بۆ زانیاریی زیاتر:
http://www.biff.kr/eng/html/program/prog_view.asp?idx=18401&c_idx=278&sp_idx=407&QueryStep=2
سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە سەرۆكی دەستەی ئەركانی هێزە هاوبەشەكانی ئەمەریكا دەكات
ڕۆژی سێشەممە 20ـی 10ـی 2015 لە شاری هەولێر بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە جەنەڕاڵ جۆزێف دانفۆرد سەرۆكی دەستەی ئەركانی هێزە هاوبەشەكانی ئەمەریكا و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوون لە ستیوارت جۆنز باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق و ماتیاس میتمەن كونسوڵی ئەمەریكا لە هەولێر و ژمارەیەك فەرماندە و بەرپرسی سوپای ئەمەریكا لە عێراق.
لە دیدارەكەدا سەرۆكی دەستەی ئەركانی هێزە هاوبەشەكانی ئەمەریكا ستاییشی ئازایەتیی هێزی پێشمەرگەی كوردستانی كرد لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش و سوپاسی ئاستی باشی هەماهەنگی و كاری هاوبەشی نێوان سوپای ئەمەریكا و پێشمەرگەی كرد و پێزانینیشی هەبوو بۆ سەرۆك بارزانی لە سەركردایەتیكردنی شەڕەكانی دژی تیرۆریستانی داعش. هەروەها جەختیشی لەوە كردەوە كە وڵاتەكەی هەرێمی كوردستان و پێشمەرگە بە هێزی سەرەكیی شكاندنی داعش و سەقامگیریی ناوچەكە دەزانێت و شكاندنی ئەفسانەی داعشیش لەسەر دەستی پێشمەرگە متمانەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرانبەر ئەو هێزانە زیاتر كرد كە شەڕی تیرۆریستان دەكەن. سەرۆكی دەستەی ئەركانی هێزە هاوبەشەكانی ئەمەریكا ئەوەیشی باس كرد كە هاتووە لە نزیكەوە ئاگاداری بۆچوونەكانی سەرۆك بارزانی بێت لەبارەی شەڕی داعش ئاستی هەماهەنگی و كاری هاوبەشی نێوان سوپای ئەمەریكا و هێزی پێشمەرگە و دووپاتیشی كردەوە كە وڵاتەكەی پابەندە بە هاوپەیمانێتی لەگەڵ هەرێمی كوردستان و ڕیشەكێشكردنی داعش لە ناوچەكە.
لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی بەخێرهاتنی سەرۆكی دەستەی ئەركانی هێزە هاوبەشەكانی ئەمەریكا و شاندی یاوەری كرد و پیرۆزبایی ئەركی تازەی لێ كرد و هیوای سەركەوتنی بۆ خواست و سوپاسی گەل و سەرۆك و حكوومەت و سوپای ئەمەریكایشی كرد كە لە شەڕی دژی تیرۆریستاندا پشتیوانی پێشمەرگە و هەرێمی كوردستانن. سەرۆك بارزانی باسی بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی شەڕی تیرۆریستان كرد و ئەوەی دووپاتكردەوە كە داعش دوژمنی هاوبەشی هەموو لایەكە و شانازیشە بۆ گەلی كوردستان كە لەسەر دەستی پێشمەرگە ئەفسانەی داعشی شكاند و شەڕ لە دژی تیرۆریستانی داعش شەڕێكی پیرۆزە و ئەوەیشی خستەڕوو كە شكاندنی داعش جوهدێكی هەمەلایەنە و هەماهەنگی و هاوكارییەكی دەولی و جدیی دەوێت. هەروەها ئاماژەی بە قوربانیدان و تێچوونی مرۆیی و ئابووریی شەڕی داعش و ئابڵۆقەی ئابووری و باری قورسی ئاوارەكان كرد كە گوشارێكی زۆری بۆ هەرێمی كوردستان هێناوە. لەدرێژەی قسەكانیدا سەرۆك بارزانی باسی لە گرنگیی قۆناغی دوای داعش كرد و بە پێویستی زانی كە گەرەنتییەكی وا بدرێتە پێكهاتەكان كە لە ئاییندەیان دڵنیا بن و چیتر كارەساتەكان دووبارە نەبنەوە.
هەماهەنگیی نێوان هێزەكانی عێراق و هێزی پێشمەرگە و ئامادەكارییەكانی ئازادكردنی موسڵ و پێداویستییە سەربازییەكانی پێشمەرگە و هەروەها بارودۆخی سووریا و ئۆپڕاسیۆنە ئاسمانییەكانی ڕووسیا لە خاكی سووریا ئەو تەوەرانە بوونە كە لە كۆبوونەوەكەدا بیروڕای لەباریەوە ئاڵوگۆڕ كرا.
جێگەی ئاماژەپێدانە لەم كۆبوونەویەدا جێگری سەرۆك وەزیرانی حكوومەت و ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێم و وەزیری ناوخۆ و سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم و بریكاری وەزارەتی پێشمەرگە و جەعفەر شێخ مستەفا و فەریق شێروان عەبدولرەحمان و فەریق جەبار یاوەر ئەندامانی فەرماندەیی گشتیی هێزەكانی پاراستنی هەرێم و فەریق جەمال محەمەد سوپاسالاری پێشمەرگە ئامادە بوون.
نێچیرڤان بارزانی داوای هاوکاریی زیاتری ئـەڵمانیا دەکات
هەر لەمیانی بەشداریكردنی لە كۆنفرانسی جیهانیی میوونیخ لە تارانی پایتەختی كۆماری ئیسلامیی ئێران، ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە 17/10/2015 بەڕێز "نێچیرڤان بارزانی" سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ بەڕێز "فراك ڤالتەر شتاینمایەر" وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا كۆبووەوە.
لە دیدارێكدا سەرەتا بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان كورتەیەكی لەبارەی دوا پێشهاتە سەربازی و سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان خستە ڕوو، بەتایبەتی لە بواری سیاسی و ئەو گرفتانەی كە هاتنە ئـاراوە. لەمبارەیەشەوە ئاماژەی بەوە كرد كە دوا پێشهاتە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان نەخوازراو بوون و هەوڵ و تەقەلاكان بۆ هێوركردنەوەی بارودۆخەكە بەردەوامن و دیالۆگ و گفتوگۆ لە نێوان لایەنە سیاسییەكاندا دەستی پێكردووە بۆ ئەوەی بە هەموو لایەك بتوانن كێشەكان چارەسەر بكەن بە شێوەیەك زیاتر جەخت لەسەر بابەتە سەرەكییەكانی وەك ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆرستانی داعش و چارەسەركردنی قەیرانی دارایی، بكەنەوە.
هەروەها بەڕێزیان باسی لە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەڵمانیا كرد و سوپاسی گەل و حكوومەتی ئەڵمانیای كرد كە لە شەڕی دژی تیرۆرستانی داعش لە ڕووی سەربازییەوە هاوكاریی پێشمەرگەیان كردووە كە كاریگەرییەكی زۆری لەسەر مەیدانی جەنگ هەبووە، بە جۆرێك سەنگی هێز لە بەرژوەندیی پێشمەرگە شكاوەتەوە و هیوای خواست ئەم هاوكاریانەیان بەردەوام بن.
دەربارەی پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغداش، بەڕێز "نێچیرڤان بارزانی" جەختی لە بەردەوامیی گفتوگۆ و دیالۆگ لە نێوان هەردوولادا كردەوە بە مەبەستی چارەسەركردنی ئەو كێشانەی لە نێوانیاندا هەن، بە جۆرێک لە بەرژوەندیی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عیراقدا بێت.
لای خۆیەوە بەڕێز شتاینمایەر سوپاسی بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستانی كرد بۆ دیدارەكە و دەستخۆشی لە خەڵكی كوردستان و پێشمەرگە كرد بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆرستانی داعش و تێكشكاندنی هێرشەكانیان، دووپاتیشی كردەوە كە لە هاوكارییە سەربازییەكانیان بۆ پێشمەرگە بەردەوام دەبن. دەربارەی بارودۆخی سیاسیی هەرێمی كوردستانیش، خوازیار بوو كێشەكان بە ڕێگەی دیالۆگ و گفتوگۆ دوور لە هەر توندوتیژییەك چارەسەر بكرێن و یەكڕێزیی نێوان لایەنە سیاسییەكان بپارێزرێت و ئەولەویەتی كارەكانیان ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر بێت.
هەڵسەنگاندنی بارودۆخی ناوچەكە بە شێوەیەكی گشتی و پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەڵمانیا، لایەنێكی دیكەی دیدارەكە بوو و لەمبارەیەشەوە هەردوولا بیروڕایان ئاڵوگۆڕ كرد.
دوای كۆتاییهاتنی كۆنفرانسی میوونیخ، بەڕێز "محەمەد جەواد زەریف" وەزیری دەرەوەی ئێران ئێوارە خوانێكی دیپلۆماسی بۆ بەشدارانی كۆنفرانسەکە ڕێكخست و بەڕێز سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانیش بەشداری تیادا کرد۰
دوایین هەواڵەکان
- پهيامى سهرۆك نێچيرڤان بارزانى بۆ ساڵى نوێ
- پەیامی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی سەری ساڵی نوێی زایینی2025
- سهرۆكى ههرێمى كوردستان، پێشوازيى له كونسوڵی گشتيى نوێى ئێران كرد
- عەباس غەزالی: کۆچی مامۆستا مهنسوور یاقووتی وهک لهدهست چونی یاقووتێکی گرانبههایه
- سهرۆک نێچیرڤان بارزانی لهگهڵ وهزیری بهرگریی هۆڵهندا کۆبووهوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى پێشوازيى له ئيسماعيل بهشيكچى كرد
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى و وهزيرى بهرگريى ئيتاڵيا كۆبوونهوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى لهگهڵ فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانيی نێودەوڵەتی كۆبووهوه
- سهرۆك نێچيرڤان بارزانى پێشوازیی له باڵيۆزى نوێى چيك كرد
- سەرۆک نێچیرڤان بارزانی پێشوازیی لە سوپاسالاری بەریتانیا کرد