هەر لەمیانی بەشداریكردنی لە كۆنفرانسی جیهانیی میوونیخ لە تارانی پایتەختی كۆماری ئیسلامیی ئێران، ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە 17/10/2015 بەڕێز "نێچیرڤان بارزانی" سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ بەڕێز "فراك ڤالتەر شتاینمایەر" وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا كۆبووەوە.

 

لە دیدارێكدا سەرەتا بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان كورتەیەكی لەبارەی دوا پێشهاتە سەربازی و سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان خستە ڕوو، بەتایبەتی لە بواری سیاسی و ئەو گرفتانەی كە هاتنە ئـاراوە. لەمبارەیەشەوە ئاماژەی بەوە كرد كە دوا پێشهاتە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان نەخوازراو بوون و هەوڵ و تەقەلاكان بۆ هێوركردنەوەی بارودۆخەكە بەردەوامن و دیالۆگ و گفتوگۆ لە نێوان لایەنە سیاسییەكاندا دەستی پێكردووە بۆ ئەوەی بە هەموو لایەك بتوانن كێشەكان چارەسەر بكەن بە شێوەیەك زیاتر جەخت لەسەر بابەتە سەرەكییەكانی وەك ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆرستانی داعش و چارەسەركردنی قەیرانی دارایی، بكەنەوە.

 

هەروەها بەڕێزیان باسی لە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەڵمانیا كرد و سوپاسی گەل و حكوومەتی ئەڵمانیای كرد كە لە شەڕی دژی تیرۆرستانی داعش لە ڕووی سەربازییەوە هاوكاریی پێشمەرگەیان كردووە كە كاریگەرییەكی زۆری لەسەر مەیدانی جەنگ هەبووە، بە جۆرێك سەنگی هێز لە بەرژوەندیی پێشمەرگە شكاوەتەوە و هیوای خواست ئەم هاوكاریانەیان بەردەوام بن.

 

دەربارەی پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغداش، بەڕێز "نێچیرڤان بارزانی" جەختی لە بەردەوامیی گفتوگۆ و دیالۆگ لە نێوان هەردوولادا كردەوە بە مەبەستی چارەسەركردنی ئەو كێشانەی لە نێوانیاندا هەن، بە جۆرێک لە بەرژوەندیی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عیراقدا بێت.

 

لای خۆیەوە بەڕێز شتاینمایەر سوپاسی بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستانی كرد بۆ دیدارەكە و دەستخۆشی لە خەڵكی كوردستان و پێشمەرگە كرد بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆرستانی داعش و تێكشكاندنی هێرشەكانیان، دووپاتیشی كردەوە كە لە هاوكارییە سەربازییەكانیان بۆ پێشمەرگە بەردەوام دەبن. دەربارەی بارودۆخی سیاسیی هەرێمی كوردستانیش، خوازیار بوو كێشەكان بە ڕێگەی دیالۆگ و گفتوگۆ دوور لە هەر توندوتیژییەك چارەسەر بكرێن و یەكڕێزیی نێوان لایەنە سیاسییەكان بپارێزرێت و ئەولەویەتی كارەكانیان ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر بێت.

 

هەڵسەنگاندنی بارودۆخی ناوچەكە بە شێوەیەكی گشتی و پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەڵمانیا، لایەنێكی دیكەی دیدارەكە بوو و لەمبارەیەشەوە هەردوولا بیروڕایان ئاڵوگۆڕ كرد.

 

 

دوای كۆتاییهاتنی كۆنفرانسی میوونیخ، بەڕێز "محەمەد جەواد زەریف" وەزیری دەرەوەی ئێران ئێوارە خوانێكی دیپلۆماسی بۆ بەشدارانی كۆنفرانسەکە ڕێكخست و بەڕێز سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانیش بەشداری تیادا کرد۰

لە چوارچێوەی بەشداریكردنی لە كۆنفرانسی جیهانیی میوونیخ كە سەرلەبەیانیی ڕۆژی شەممە 17/10/2015 لە تارانی پایتەختی كۆماری ئیسلامیی ئێران دەستی بە كارەكانی كرد، ئێوارەی ئەمڕۆ بەڕێز "نێچیرڤان بارزانی" سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ بەڕێز "محەمەد جەواد زەریف" وەزیری دەرەوەی ئێران كۆبووەوە.

 

لە دیدارەكەدا بەڕێز زەریف خۆشحاڵیی خۆی بۆ بەشداریی شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی بەڕێز  نێچیرڤان بارزانی لە كۆنفرانسی میوونیخ دەربڕی. دواتر باسی بارودۆخی هەرێمی كوردستان و ناچەكە بە گشتی كرد و ئاماژەی بە هەوڵی بەردەوامی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان دا بۆ باشتركردنی بارودۆخی هەرێمی كوردستان و دەستخۆشی لە حكوومەت و خەڵكی هەرێمی كوردستانیش كرد كە توانیویانە بە سەر مەترسی و هەڕەشەكانی تیرۆرستانی داعشدا زاڵ بن و هیوای خواست هەموو لایەنەكان هاوكاریی زیاتر لە نێوانیاندا هەبێت بۆ بنەبڕكردنی ئەو مەترسییە.

 

هەروەك باسی لەو پاڵپشتیانەی وڵاتەكەی بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان كرد لە ڕۆژە سەختەكاندا پێشکەشی کردوون و دووپاتی كردەوە كە لە هاوكاری و پاڵپشتییەكانیان بۆ هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبن.

 

لای خۆیەوە بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی ئەو پێشوازییەی بەڕێزیانی كرد و دەستخۆشی لێكرد بەرامبەر بە گەیشتن بە ئەنجام لە گفتوگۆ ئەتۆمییەكاندا لەگەڵ وڵاتانی پێنج كۆ یەك و هیوای خواست ئەم ڕێككەوتنە ببێتە مایەی سەقامگیری و پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان كۆماری ئیسلامیی ئێران و هەرێمی كوردستان بە تایبەتی لە بواری ئابووریدا بە شێوەیەك کە ببێتە هۆكاری پەرەسەندنی زیاتری بواری ئابووری لە نێوان هەردوو لایەندا.

 

هەروەها سوپاسی كۆماری ئیسلامیی ئێرانی كرد كە لە كاتە ساختەكاندا هاوكار و پاڵپشتی خەڵكی هەرێمی كوردستان بوونە بە تایبەتی لە شەڕی دژی تیرۆرستانی داعش و هەر ئەمەش لە كۆماری ئیسلامیی ئێران چاوەڕوان دەكرا.

 

 

گفتوگۆكردنی بارودۆخی ئێستای عێراق و ناوچەكە و شەڕی دژی تیرۆرستانی داعش و پەیوەندی نێوان هەولێر و بەغدا و دانوستانی نێوان لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان لەبارەی پرسی سەرۆكایەتی هەرێم و چەندین بابەتی دیكەی پەیوەندار بە هەردوولا، لایەنێكی دیكەی دیدارەكەبوو.

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی