هەرێم - ئێران

    هەرێم - ئێران

"نازم دەباغ" نوێنەری هەرێمی کوردستان لە ئێران گوتی: تۆڵەی خوێنی سەردار سلێمانی بۆ خەڵکی دەسکەوتی باشی دەبێت و هیوادارم هەموو رێبەران، وەکوو ئەو بەڕێزە بن و ئەو بکەنە نموونەی خۆیان.

 

گرووپی خۆڕاگری ئاژانسی تەسنیم ـ دۆسیەی تایبەتی "دووری حەبیب": "نازم دەباغ" نوێنەری هەرێمی کوردستان لە تاران لەو کەسانەیە کە بە بۆنەی ئەو بەرپرسیارییەتییەی کە لە ساڵانی ڕابردوودا تا ئێستا بوویەتی، لە قۆناغە جۆراوجۆرەکاندا لە نزیکەوە لەگەڵ سەرداری شەهید "قاسم سلێمانی" کاری کردووە و ئاشنایەتی لەگەڵی بووە.

 

"نازم دەباغ" نزیکەی بیست ساڵە کە نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کردستان لە ئێرانی لە ئەستۆدایە و لە هەڤاڵانی نزیکی "جەلال تاڵەبانی" سکرتێری کۆچکردووی یەکێتی نیشتمانی کوردستانی عێراق دێتە ئەژمار کە ئەویش پەیوەندییەکی دۆستانەی یەگجار زۆریی لەگەڵ سەردار سلێمانی هەبوو.

بەڕێز دەباغ لە وتووێژ لەگەڵ ئاژانسی تەسنیم، هەندێک بیرەوەریی خۆی لەگەڵ سەردار "قاسم سڵێمانی" گێڕایەوە کە دەقەکەی لە خوارەوە دەخوێننەوە.

 

سپاستان دەکەین بۆ ئەو دەرفەتەی کە بۆ  ئێمەتان تەرخانکردووە، تکایە بفەرموون چۆن لەگەڵ سەردار سلێمانی و لە کوێی و چۆن ئاشنا بوون؟  

ئاشنایی ئێمە بۆ ساڵی ۱۹۹۱ دەگەڕێتەوە کە وەکوو نوێنەری خواڵێخۆشبوو بەڕێز "جەڵاڵ تاڵەبانی" سکرتێری یەکێتی نیشتمانی و پاشان سەرۆک کۆماری عێراق ئەم چاوپێکەوتنانە ئەنجامدەدرا. زۆربەی پەیوەندییەکانی کوردەکان لە ڕێگای قەرارگای ڕەمەزانەوە بوو کە یەکێکە لە لقەکانی هێزی قودس. من بۆخۆم یەکەمین جار دوای ڕاپەڕینی هەرێمی کوردستان و دامەزراندنی یەکەمین کابینەی حکومەتی هەریمی کوردستان لەگەڵ شاندێک بە سەرۆکایەتی شەهید "سامی عەبدوالڕەحمان" هاتین بۆ ئێران و لەگەڵ خوالێخۆشبوو "حەسەن حەبیبی" کە ئەوکات جێگری یەکەمی سەرۆک کۆماری ئێران بوو و پاشان لەگەڵ فەرماندەی هێزی قودس چاوپێکەوتنمان کرد. هەڵبەت لەو قۆناغەدا ئێمە شارەزایی ئەوتۆمان لەگەڵ ئەو نەبوو، بەڵام دواتر ئەو ئاشنایی و چاوپێکەوتنانە زیاتر بوو و هەر کات کە پێویست بوایە، وەکوو نوێنەری بەڕێز تاڵەبانی داواکاریی چاوپێکەوتن بووم و ئەو دیدارە ئەنجامدەدرا.

 

لە لایەنی کەسایەتییەوە سەردار سلێمانیتان چۆن بینی؟ کام یەک لە تایبەتمەندییەکانی ئەو لە لایەنی ئێوەوە زیاتر لەوانی دیکەوە بەرچاوتر بوو؟  

ئەو فەرماندەیەکی ئازا، ڕاستگۆ، بەوەفا، سیاسەتمەدار، بە هزر و بیر و دڵپاک بوو. لە تەواویی ئەو کۆبوونەواوەی کە لەگەڵ ئەودا بووم دەمبینی کە لەوپەڕیی سەرنج و هێمنی گوێی لە قسەکانی بەرانبەرەکەی دەگرێت و پاشان بیرووڕای خۆی دەردەبڕیی و ئەگەر بابەتێکی گرینگ بخرایەتە ڕوو، هەوڵیدەدا زۆر بە خێرایی بە سەرئەنجامی بگەیەنێت. شارەزایی تەواویی بەسەر بابەتەکاندا هەبوو و کارەکانی بە وتووێژ دەبردە پێشەوە و لەم ڕێگایەدا بە دڵێکی کراوەوە هەڵسووکەوتی دەکرد.

 

سەبارەت بە هەرێمی کوردستان لە چاوپێکەوتن لەگەڵ سەردار سلێمانی لەسەر چ بابەتێک قسەتان دەکرد؟

سەردار سلێمانی پەیوەندیی و ڕۆڵێکی باشی لەسەر بابەتەکانی پەیوەندیدار بە عێراقەوە هەبوو. ئاشکرایە کە ئەم کۆبوونەوانە تا ئەو ڕادەیە لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن باسی لێنەدەکرا و تەنانەت تۆماریش نەدەکرا، بەڵام ئەم بوونە بوونێکی زۆر دیار و گاریگەر بوو.

لە بیرمە دوای ماوەیەکی کورت لە ڕاپەڕینی هەرێمی کوردستان، بە شوێن ئەوەوە بووین کە کەرەستە و خزمەتگوزاری زیاتر پێشکەش بە خەڵکی خۆمان بکەین. کۆمپانیایەکی ئێرانی ڕەزامەندیی دەربڕیی کە بۆ ئێمە بیر لێبدات بەڵام چونکە دەترسا ئەمەریکییەکان جیهازەکانی ئەوان لێبدات، هەر بەم هۆیەوە داوای گەرەنتی لە ئێومە کرد و جەختیشی کردەوە کە ئەم گەڕەنتییە دەبێت لە ئێران دابین بکرێت. بەڵام بۆ ئێمە کارێکی سەخت بوو. بابەتەکەمان بە گوێی سەردار سلێمانی ڕاگەیاند و چیرۆکەکەمان بۆ گێڕاوە. پێمان گوت کە ئەم کۆمپانیایە داوای گە’ڕەنتی یەک میلیۆن دوڵاری لە ئێمە دەکات. بە زووترین کات، ئەو چەکێکی یەک میلیۆن دوڵاری نووسی و بەو کۆمپانیایەیدا و گوتیان ئەگەر جیهازەکانتان بۆ ئێران نەگەڕاوە ئەم چەکە بۆخۆتان هەڵبگرن. بۆ دابینکردنی کارەباش دیسان ئەو ڕۆڵێکی کاریگەری هەبوو کە وەزارەتی وزەی ئێران قەبووڵیکرد هەزار مێگاوات کارەبای عێراق دابین بکات کە لەم ڕێژەیە، 300 مێگاواتیش بۆ هەرێمی کوردستان بێت.

ئێمە لە بواریی سووتەمەنی (نەوت و گاز)یش گرفتمان هەبوو و هێنانی ئەوانە لە سنوورەکانەوە بۆ ئێمە کارێکی سەخت بوو. پاراستنی سنوور لە ئێران لە ئەستۆی دەزگایەکی دیکە بوو بەڵام سەردار سلێمانی لەگەڵ ناوەندەکانی جۆراوجۆر لەوانە: قەرارگای حەمزە و دەوڵەت، هەماهەنگی کرد تاکوو سنووری پەرویزخان بە شێوەی کاتی بۆ ماوەی 6 مانگ بۆ ئاڵووگۆڕیی سووتەمەنی بۆ ناوچەکانی گەرمیان، کەلار و سلێمانی بکرێتەوە و دوای شەش مانگیش دیسانەوە ئەو ماوەیە نوێی بکرێتەوە.

ئەو دوای کۆتایی هاتنی نوێی کردنەوەی دووهەم، گوتیان کاتێک هەم خەڵکی ئێران و هەم خەڵکی کوردستان لەسەر ئەم بابەتە بەرژەوەندییان هەیە، بۆچی سنوورەکان بە تەواویی نەکەینەوە؟ ئەم هەنگاوانە لە کاتێکدا کرا کە خەڵکی ئێمە پێویستی ئەوتۆی بە ئاو، کارەبا، نەوت و گاز هەبوو و هەر ئەو کاریگەرییەی سەردار سلێمانی بوو کە بووە هۆی ئەوەی کە سنوورەکان چالاک بکرێت.

تەنانەت چەند ڕۆژ پێش لە هێرشی داعش، خودی شەهید سلێمانی لە ناوچەی مەخموور و هەولێر ئامادەبوو و سەردانی ئەم ناوچە جۆراوجۆرانەی کرد. لەو باوەڕەدابوو کە هێزەکانی پێشمەرگە لە بەرەکەکانی شەڕ پێویستی بە هاوکاریی و کەرەستەی زیاتر هەیە، هەر بەم هۆیەوە کاتێک شەو پەیوەندیی گرت و گوتی داعش هێرشی کردووە و داوای یارمەتی کرا، چون ئەو زانیاریی پێشووتریی هەبوو بۆ ناردنی یارمەتی و ئامادەبوونی ڕاوێژکارانی لەشکری و سوپای ئێرانی بە خێرایی هەنگاویی هەڵێنا.

 

ئەو یارمەتییانەی کە لەگەڵ شەڕی داعش بۆ هەرێمی کوردستان لە ئارادا بوو بە چ شێوەیەک بوو و سەردار سلێمانی چۆن هاتن بۆ ئەوێی و چ کارێکیان کرد؟

ئەو شەوەی کە داعش هێرشی بۆ سەر هەولێر کرد، بەرپرسانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران و بەڕێز سلێمانی پەیوەندییان گرت.

ماوەیەک پێش ئەو کاتەش یەکێک لە فەرماندەکانی ئەڕتەشی ئێران لەمبارەیەوە قسەی کرد کە قەرارگای شەڕ لەگەڵ داعشمان لە هەرێمی کوردستان عێراق هەبوو.

لە زاخۆ تا جەبەل حەمری لە ناوچەی خانەقین و کەلار ئەم قەرارگایە بۆ ڕاوێژ و ڕێنوێنی و ناردنی یارمەنی نیزامی بۆ هێزەکانی پێشمەرگە و شەڕ لەگەڵ داعش بوونی هەبوو.

هەندێک وێنەش لە بوونی سەردار سلێمانی لە تەنیشت هێزەکانی پێشمەرگە و هێزەکانی دیکەش لە کوردستان بڵاوکرایەوە کە لە کاتی ڕووبەڕووبوونە لەگەڵ داعش بوو و هەڵبەت هەر وەکوو گوتم، ئەو پێش لە دەسپێکردنی پێکدادانەکانیش لەوێی ئامادەبوو.

 

کاتێک کە داعش هێرشی کرد و عێراق لە ئێران داوای یارمەتی کرد، ئەگەر ئێران هاوکاریی نەدەکرد، چ شتێک ڕوویدەدا؟

من پێشتریش گوتوومە کە ئەگەر ئێران و یارمەتییەکانی ئێران نەبوایە هەر لە سەرەتادا بەغدا وەدەستی داعش دەکەوت. ئێران یارمەتی زۆریدا و ئەگەرچی یارمەتییە ئاسمانییەکانی وڵاتانی دیکەش کاریگەر بوو، بەڵام چارەسەریی شەڕ لەسەر عەرز وەدیار دەکەوێت و ئێران لەم بوارەدا یارمەتییەکی زۆریدا.

ئەگەر ئەم یارمەتیانە نەبوایە کارەساتی گەورە بۆ ئەو ناوچانەی کە داعش هێرشی بۆ سەر کردبوون دەهاتە پێشێی و بە ئاسانی نەدەکرا ئەم کارەساتە قەرەبوو بکرێتەوە، بەڵام بە خۆشحاڵییەوە بە هاوکاریی ئێران پێشی ئەم مەسەلەیە گیرا.

لە دواییشدا کە بەڕێز "مەسعوود بارزانی" وەکوو سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سوپاسنامەی بۆ سەرۆک کۆماری ئێران نارد و سوپاسی هەنگاوەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران کرد کە وەکوو وڵاتێک کە هەر لە یەکەمین ساتەکاندا یارمەتییەکانی خۆی بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ داعش نارد.

بەڕێز بارزانی لەم نامەیەدا نووسیبووی کە ئێمە هەر ئەو چاوەڕوانییەمان لە کۆماری ئیسلامی ئێران هەبوو و خۆشبەختانە ئەم هەنگاوە ئەنجامدرا کە لە کاتی پێویست و لە ساتی یەکەمدا ئەم یارمەتیانە گەیشت.

 

پەیوەندییەکانی سەردار سلێمانی و بەڕێز تاڵەبانی بە چ شێوەیەک بوو و ئەم پەیوەندییە لە بەرەپێشبردنی ئامانجەکانی دوو لایەن چ کاریگەرییەکی هەیە؟ ئەگەر سەبارەت بە پەیوەندییەکانی ئەم دوو کەسایەتییە بیرەوەرییەکتان هەیە بۆمان باس بکەن.

من بە گشتیی لە کۆبوونەوەکانی ئەواندا ئامادەبووم و هەندێک جاریش دەهاتمە دەرێی تاکوو ئەوان بە ئاسانی لەگەڵ یەکتری قسە بکەن.

ئەوەی کە من لە پەیوندیی سەردار سلێمانی و مام جەلالدا بۆم دەرکەوتووە، پەیوەندییەکی برایانە، ڕاستگۆیانە و وەفادارانە لە سەر بنەمای ڕابردوو و پەیوەندییەکی باش بوو کە لە لایەنی سیاسی، ئایدیۆلۆژیای هزری و نەتەوایەتییەوە لەگەڵ یەکتریی هەیانبوو.

چەندین جار سەردار سلێمانی بە منی گوت کە من یەگجار زۆر ئەو برا گەورەیەم (جەلال تاڵەبانی)م خۆش دەوێت چونکە کەسایەتییەکی ڕاستگۆیە، وەکوو هەندێک کەسی دیکە نییە کە لە پێش ئەمەریکییەکان دژی ئێمە بێت و لە پێش ئێمەش لە دژی ئەوان بێت.

بەڕێز تاڵەبانیش ڕێزیکی زۆریی لە سەردار سلێمانی دەگرت و دەیگوت ئەو کەسێکە کە بە باشی هەست بە من دەکات و لە کاتی پێویست یارمەتیمان دەدات و جەختی دەکرد کە ئەم پەیوەندییە دەبێت بپارێزێت. سەردار سلێمانی مرۆڤێکی ڕاستگۆ، خۆماڵی و خۆشەویست بوو، هیچ کاتێک لە بیرم ناچێت کە شتێکی بۆ خۆی یا بۆ بنەماڵەکەی ویستبێت بۆ نموونە لە هەرێمی کوردستان بۆ منداڵەکانی چالاکییەکی ئابووریی دابمەزرێنێت.

 

خەڵکی هەرێمی کوردستان چ بیرووڕایەکیان سەبارەت بە سەردار سلێمانی هەیە و تا چەندە ئەویان دەناسی؟  

سەردار سلێمانی لە هەر شەڕێک کە هێزەکانی پێشمەرگە لەگەڵ داعش بوویان، ئامادەدەبوو و ئەگەر بۆخۆشی نەبوایە، هاوکارەکانی دەنارد. دیارە هێزەکانی پێشمەرگە کاتێک کە بۆ ماڵەکانی خۆیان دەگەڕانەوە ئەم بایەتەیان دەگێڕاوە و کەسانی دیکەش لەگەڵ ئەو کەسایەتییە ئاشنا دەبوون. هەر لە بەر ئەم هۆیە خەڵکی ئێمە شارەزاییەکی باشیان لەگەڵ ئەو و یارمەتییەکانی بۆ هەرێمی کوردستان هەیە.

ئەو جەختی زۆری لەسەر یەکێتی و هاوکاریی گرووپە کوردییەکان، شیعە و سوننە لەگەڵ یەکتری دەکردەوە و ئەوەی لە کۆبوونەوە جۆراوجۆرەکان بە ئامادەبوونی هەموو کەسایەتییەکان دووبارە دەکردەوە.

 

چۆن ئاگاداریی شەهیدبوونی ئەو بوون؟

بەیانی زوو یەکێک لە هاوکارەکانم پەیامی بۆ ناردم و گوتی کە بەداخەوە ئەم کارەساتە ڕوویداوە. هەواڵێکی دڵتەزێن بوو و ئەگەر کاریگەرییەکەی بۆ من زیاتر لە بیستنی هەواڵی کۆچی دوایی بەڕێز تاڵەبانی نەبوو، لەویش کەمتر نەبوو. مردنی ئەو خەسارەیەکی قەرەبوونەکراوە و بە لەبەرچاوگرتنی ئەو شارەزایی و پەیوەندییە تاکەکەسییەی کە لەگەڵ ئەو بووم، لەو بڕوایەدام بە ئاسانی کەسێک وەکوو ئەو پەیدا نابێت.

 

زۆر یەک لەو بڕوایەدان دوای شەهیدبوونی ئەو، بەڕێکردنی تەرمی ئەو لە لایەن خەڵکی عێراق لە لایەنی سیاسی و نێودەوڵەتییەوە پەیامێکی گەورە بوو و ئەو ڕووداوە یەکێتی نێوان خەڵکی ئێران و عێراقی زیاتر کرد، هەڵسەنگاندنی ئێوە لەمبارەیەوە چییە؟

ئەم بەشدارییە زۆرەی خەڵکی ڕووداوێکی دەگمەن بوو و هەموو شیعەکان و نە تەنیا ئێرانییەکانی خستە ژێر کاریگەریی خۆیەوە. ئێوە ئەگەر چاو لە وێنە و ئەو فیلمانەی کە لە ئێران و عێراق بڵاوبۆوە بکەن، خەڵکی عێراقیش بە ئەرکی خۆیان زانی کە سوپاس و پێزانینی خۆیان ئاراستەی سەردار سلێمانی بکەین.

 

بە بڕوای ئێویە بۆچی ئەمەریکییەکان سەردار سلێمانییان تیڕۆڕ کرد؟

لە لایەنی یەکەمەوە تیڕۆڕی حاج قاسم لە لایەن سەرۆک کۆماری عراق ئیدانە کرا کە ئەم مەحکوومکردنە مانا و هۆی خۆی هەیە. ئەمەریکا بەم کارە سەروەریی عێراقی پێشێل کرد کە ئەوە کارێکی قێزەونە کە بە هیچ شێوەیەک جێگای پەسەند نییە.

 

ئەو هەنگاوە تەنانەت لە نێوان خودی ئەمەریکییەکانیش جێگای ناکۆکی بیرووڕا بوو کە ئایا کارێکی پۆزێتیڤ بوو یا نا؟

کردەوەی سەردار سلێمانی لە عێراق و سووریە و لوبنان، هەنگاوی دژ بە تیرۆڕیسم بوو بەڵام من فکر دەکەمەوە لە لۆبی زایۆنیسزم و تڕامپ کەسانێک بوون کە ئەم کارەیان لە بەرژەوەندیی خۆیان دەزانی تا لەم ڕێگایەوە پەیوەندیی ئێران و عێراق خراب بکەن و هەروەها هۆی سەرەکی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ تیرۆڕیسم لە ناوچەکە لەناوبەرن، چونکە ئەو نائارامییە لە ناوچەکە لە بەرژەوەندیی ئەواندایە بەڵام من لەوبڕوایەدام زەرەریی ئەم هەنگاوە بۆ ئەمەریکییەکان لە بەرژەوەندییەکەی زیاترە.

ئەوە ڕاستییەکە کە قوربانی بوونی کەسانی گەورە، بەرهەمی بە بەرەکەتی بۆ خەڵکی ئەو وڵاتە دەبێت و ئەو کەسانە هەرمان دەبن.

من فکر دەکەمەوە تۆڵەی خوێنی سەردار سلێمانی بۆ خەڵکی دەسکەوتی باشی دەبێت و هیوادارم هەموو رێبەران وەکوو ئەو بەڕێزە بن و ئەو بکەنە نموونەی خۆیان.

 

ئەگەر بتانەوێت بە چەند وشە قسە لەگەڵ سەردار سلێمانی بکەن، وەکوو هەڤاڵێک چی پێدەڵێن؟ 

پێی دەڵێم تۆ زیندووی و جێگات خاڵی نییە. تۆ لە دڵی خەڵکی نەتەوەکەدا جێگات هەیە. هیوادارم بە هێمنی بخەویی. ئەوەی کە کردت لە یاد و دڵی خەڵکیدا دەمێنێتەوە و مردنەکەت بە  شانازیی و سەربڵندی بوو. خەڵکی خۆشەویستی خۆیان لە ڕێوڕەسمی شینگێڕییەکەت بە تۆ نیشاندا و ئیشەڵڵا جێگات لە بەهەشتی بەرین بێت. ماڵئاوا.

 

بۆ زانیاریی زیاتر:

https://www.tasnimnews.com/fa/news/1398/12/10/2209539/گفتگو-با-ناظم-دباغ-ماجرای-چک-ضمانت-سردار-سلیمانی-برای-کمک-به-اقلیم-کردستان-کمک-ایران-جلوی-مصیبت-داعش-در-منطقه-ما-را-گرفت

 

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- نوێنەری هەرێمی کوردستان لە ئێران ڕایگەیاند هەردوو لایەنی ئێران و هەرێمی کوردستان لە هەوڵدان بۆ بەردەوام بوون لە ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوانیان

 

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، پاش ئەوەی کە بەشێوەی فەرمی بڵاو بوونەوەی ڤایرۆسی کرۆنا لە ئێران ڕاگەیێندرا، عێراق بەشێوەی ڕەسمی ڕایگەیاند هیچ موسافیرێک لە ئێران وەرناگرێت و ڤیزەیش بۆ هاووڵاتییانی ئێرانی دەرناکرێت.

 

نازم عومەر دەباغ نوێنەری هەرێمی کوردستان لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا لەباەری بەردەوام بوونی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و هاتوچۆی موسافیر لە دەروازە فەرمییەکانەوە وتی: بەپێی زانیارییەکانی من دەروازەکانی هەرێمی کوردستان لە دیاری کردنی ئەو ڕێنمایانەن بۆ ئەوەی کە پڕۆسەی بازرگانی بەردەوام بێت لەنێوان ئێران و هەرێمی کوردستان.

 

ناوبراو ئاماژەی بەوە دا کە لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە ڕاگەیێندراوە کە هەموو دەروازەکان داخراوە بەڵام دیسان خەریکی ڕێکاری تازەن بۆ ئەوەی کە بەشێک لەو کەسانەی کە پێویستە هاتوچۆ بکەن، ئەنجامی بدەن و لە هەمان کاتیشدا ئەوانەی کە شکی نەخۆشیەکەیان لێدەکرێت تا ئێستا بڕیاری قەرەنتینە کردنیان دراوە لە کۆتاییدا دەبێت چاوەڕێ بکەین کە دوابڕیار چی دەبێت.

 

شایانی باسە عێراق شەوی پێنجشەممەی ڕابردوو لە هەوڵێکدا بۆ ڕێگری کردن لە تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی کرۆنا سنوورە زەوینییەکانی لەگەڵ ئێران داخست و ئیدارەی دەروازەی سنوورییەکانی عێراق لەمبارەوە وتی تا سێ ڕۆژ سنوورە زەوینییەکانی وڵاتەکەیان بەڕووی موسافیرە ئێرانییەکاندا داخست.

 

بەگوێرەی ڕاگەیێندراوی بەڕێوەبەرایەتیی دەروازە سنوورییەکانی عێراق، هاووڵاتییانی عێراقی کە لە ئێراندان ئەم یاسایە نایانگرێتەوە و هاوردەکردنی بەرهەمە جیاوازەکان لە ئێرانەوە بەردەوام دەبێت

 

 

 

http://www.kurdpress.com/ku/details.aspx?id=149749

 

 

ئێستا دوای لەدەستدانی حاجی قاسم سولەیمانی پرسیارە سەرەکییەکە ئەمەیە: وجودی کۆماری ئیسلامی ئێران لە وڵاتانی عێراق و سوریا و لوبنان چی لێدێت؟
پێموایە لە دەستدانی حاجی قاسم سولەیمانی زیانێکی گەورە بوو لە کۆماری ئیسلامی ئێران و سوپای پاسداران کەوت. ئەو کەسێکی کارامە و ئازا و دڵسۆزبوو بۆ وڵاتەکەی خۆی، جێبەجێکاری ئەو بەرنامەیە بوو کە لەلایەن بڕیاربەدەستدانی ئێرانەوە دادەڕێژرا.
دوورکەوتنەوەی ئەو لەسەر گۆڕەپانەکە، بۆ ماوەیەک جێدەستی دیار دەبێ. بەڵام ھەمان سیاسەت و شێوازی کارکردنی ئەو لە ناوچەکەدا جێبەجێ دەکرێت. بۆیە بەگوێرەی ئەزموونی خۆم لەسەر سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی، وای نابینم گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ بێتە پێش لە ناوچەکە و رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەت لە سوریا و لوبنان و عێراقدا.
هۆکارە سەرەکییەکەش ئەمەیە کە لەناوچەکەدا کەرەستە و فاکتەرەکانی ھاوکاری بۆ ئێران لە شوێنی خۆیاندا ماون. بەڵام ئەمە لە کاتێکدا ئەگەر ئێران خۆی سیاسەتێکی تازە پیادە نەکات.
بۆ جێگرتنەوەی قاسم سولەیمانی، ئەمە شتێکی روونە کە ھاسان نییە کەسێک هەبێ بەزوویی جێگای بگرێتەوە، بەڵام ئەوەیش بزانە بڕوابوون بە خودا و ئیسلام و کۆماری ئیسلامی ئێران دەتوانێ کەسێکیتر دروست بکاتەوە.
ھەر وەکچۆن بەپشتیوانی سوپا و ھەروەھا رەھبەری کۆماری ئیسلامی ئێران سولەیمانی دروستبوو، دەکرێت کەسێکیتر بێت کە جێی بگرێتەوە بە دڵنیاییەوە رەھبەر پشتیوانی لەویش دەکات تا ھەمان سیاسەت و ڕێبار پەیرەو بکات.
ئەی بۆ هەرێمی کوردستان چی لە بارودۆخەکە دەگۆڕێ؟ بە بڕوای من ئەمە پەیوەستە بەکاتەوە، چونکە ھەموو ئەوانەی نوێنەرایەتی حاجییان دەکرد بۆ ھەرێمی کوردستان، ھەمان دەزگا و کەسانن و ئەوانیش لە پەیوەندی باشدان.

سەرکردایەتی کورد و لایەنە سیاسییەکان پەیوەندییەکانی خۆیان بە گرنگ و ستراتیژی دەزانن لەگەڵ ئێراندا. بۆیە داهاتووی ئەو پەیوەندییانە بەندە بە سیاسەتی ئایندەی کۆماری ئیسلامی ئێران و حکومەتی ھەرێمی کوردستانەوە نەک بە کەسێکەوە.
بێگومان رۆڵی کەسەکانیش کاریگەری خۆی هەیە لە جێبەجێکردنی بەرنامە و سیاسەتدا.
بۆیە من وای نابینم بۆشاییەک بێتە ئاراوە لە دوای تیـرۆرکردنی حاجی قاسم سولەیمانییەوە، جێگرەوەکەی ئەویش هەرکەسێکبێ، وەکو ڕابردوو پابەند دەبێ بەو سیاسەتەی دەوڵەتی ئێران بۆی دادەڕێژێ.

*نوێنەری حکومەتی هەرێمە لە تاران

ئەم گوتارەی تایبەت بۆ گۆڤاری پەیسەر نووسیوەو لە ژمارە ٨ دا بڵاوکراوەتەوە

رووداو – هه‌ولێر // به‌شى سێیه‌م و كۆتایی

"هه‌ندێك كه‌س به‌ نوێنه‌رى ئێرانت ده‌زانن، نه‌ك هه‌رێمى كوردستان؟" ئه‌مه‌ ئه‌و پرسیاره‌ى هه‌ڤپه‌یڤینه‌ درێژه‌كه‌مان بوو له‌گه‌ڵ نازم ده‌باغ كه‌ زۆرترین قسه‌ى له‌باره‌وه‌ كرد. نازم ده‌باغ ده‌ڵێت ئه‌و كه‌سێكى دیبلۆماتكاره‌ و ئه‌گه‌ر وه‌كو ئۆپۆزیسیۆنى ئێرانی قسه‌ له‌سه‌ر ئێران بكات، یه‌كسه‌ر ده‌ینێرنه‌وه‌ هه‌رێمى كوردستان. نازم ده‌باغ له‌ دوایین به‌شى ئه‌م هه‌ڤپه‌یڤینه‌دا باسى په‌یوه‌ندییه‌ ئابوورى و بازرگانییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان ده‌كات و ده‌ڵێت به‌هۆى گه‌مارۆكانه‌وه‌ په‌یوه‌ندیى بازرگانى له‌ نێوان ئێران و هه‌رێمى كوردستان زۆرتر له‌ رێگه‌ى پیله‌وه‌ره‌كان (چه‌رچى)یه‌وه‌ ده‌كرێ.

 

 رووداو: ماڵه‌كه‌ت له‌ ئێرانه‌ یان هه‌رێمى كوردستان؟

 

نازم ده‌باغ: گوتیان پیاوێكی جوو بوو به‌ موسوڵمان، شه‌و مرد. دایكی بۆی ده‌گریا. گوتیان بۆچى ده‌گری؟ گوتی مه‌سیح و موسای له‌ خۆی كرد و محه‌ممه‌دیش نه‌یناسی. من نازانم ئێستاش ماڵم له‌ كوێیه‌. له‌ 1966ـه‌وه‌ زگورتی ده‌ژیم. چووینه‌ هۆڵه‌ندا، دوای رێككه‌وتنی واشنتن له‌سه‌ر داواى مام جه‌لال چووم بۆ ئێران. له‌و كاته‌وه‌ له‌وێ ماومه‌ته‌وه‌ تا ئێستا. ماڵێكم له‌ هۆڵه‌ندایه‌. ماڵی كچه‌كه‌م و نه‌وازی كوڕیشم له‌ هه‌ولێره‌. ماڵی خۆیشم كه‌ هه‌موو جار له‌وێ كۆده‌بینه‌وه‌، له‌ تارانه‌.

 

رووداو: ماوه‌ی 13 ساڵه‌ به‌رپرسى په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێرانیت. قه‌ت داوای وازهێنان و گه‌ڕانه‌وه‌ت نه‌كردووه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان؟

 

نازم ده‌باغ: نه‌خێر، هه‌میشه‌ پێمگوتراوه‌ له‌وێ به‌.

 

رووداو: تا چه‌ند له‌ كاره‌كانی تۆ رازین؟

 

نازم ده‌باغ: ئه‌و پرسیاره‌ نابێ له‌ من بكرێ، ده‌بێ له‌ ده‌ره‌وه‌ی من بكرێ. من جارێك له‌گه‌ڵ به‌رپرسێكى ئێرانى دانیشتبووم، كه‌ ئێستا خانه‌نشینه‌، به‌ڵام من هه‌ر له‌ شوێنه‌كه‌ى خۆم ماوم. باسى بۆچوونى خۆى له‌ باره‌ى كورده‌وه‌ كرد. هه‌ندێك قسه‌ی كرد ئه‌گه‌ر له‌ من باشتر نه‌بووبێ له‌ من خراپتر نه‌بووه‌ بۆ كورد. گوتم فڵان من تۆ له‌ زه‌مانى سه‌رده‌شته‌وه‌ ده‌ناسم، واته‌ له‌ ساڵی 1986ه‌وه‌ ئێستا 2018 یه‌، تۆش له‌و كاته‌وه‌ من ده‌ناسی كه‌ له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی ئێران كار ده‌كه‌م. گوتم هۆكاری هه‌یه‌ تۆ ماوی و منیش ماوم، ده‌زانی هۆكاری چییه‌؟ هه‌ردووكمان بۆ وڵاتی خۆمان دڵسۆزین، ئه‌گه‌ر من دڵسۆز نه‌بوومایه‌، منیان ده‌گۆڕی، تۆش ئه‌گه‌ر دڵسۆز نه‌بوویتایه‌ ده‌یانگۆڕیت. من له‌ 19/9/1999 به‌ نامه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی و مام جه‌لال چوومه‌ته‌وه‌ تاران و تا ئێستا له‌وێم.

 

رووداو: له‌ كابینه‌ی نوێدا یه‌كێتى باسى گۆڕینى تۆى نه‌كرد؟

 

نازم ده‌باغ: من دوو جار نامه‌م نووسی و داوام كرد بمگۆڕن، چونكه‌ من به‌ ساڵیشدا چووم. دوای ئه‌وه‌ش من پێویستم به‌ هیچ نییه‌ به‌ پله‌ی وه‌زیر خانه‌نشین كراوم، ئایا له‌وه‌ زیاترم ده‌ده‌نێ؟ خۆ نابم به‌ سه‌رۆك وه‌زیران، هه‌ر وه‌زیرم.

 

رووداو: له‌ هه‌شتاكان كه‌ له‌ سه‌رده‌شت بووى، چ به‌رپرسیارییه‌كت هه‌بوو؟

 

نازم ده‌باغ: به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌كانى یه‌كێتى بووم له‌ ئێران. من له‌ مانگی 5ی 1986 به‌ فه‌رمی بوومه‌ته‌ به‌رپرسی هاوئاهەنگیی نێوان یه‌كێتی و ئێران. باره‌گام له‌ دۆڵه‌كۆگه‌ بوو، ئێستا ئه‌و شوێنه‌ پژاكی لێیه‌. ئه‌و خانووانه‌ی له‌وێ كه‌ ئێستا پژاكیان تێدایه‌ من دروستم كرد.

 

رووداو: چه‌ند ساڵ ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی بووی؟

 

نازم ده‌باغ: له‌ ساڵی 1985 ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی بووم تا 1990.

 

رووداو: چۆن بوو له‌ كۆنگره‌ی 4ی یه‌كێتی خۆت به‌ربژێر نه‌كرد؟

 

نازم ده‌باغ: من له‌ كۆنگره‌ی یه‌كه‌وه‌ بڕیارێك و به‌ڵێنێكم به‌ مام جه‌لال دا، پێمخۆشه‌ نه‌ به‌رپرسی كه‌س بم و نه‌ كه‌سیش به‌رپرسم بێ، گوتم به‌س تۆم قبوڵه‌.

 

رووداو: مام جه‌لال داوای لێنه‌كردی خۆت به‌ربژێر بكه‌ى؟

 

نازم ده‌باغ: مام جه‌لال چه‌ند جارێك پێیگوتم به‌ ته‌مای چیت؟ گوتم من پێشمه‌رگه‌ی سكرتاریه‌تم تا رۆژی ده‌نگدانیش له‌ كۆنگره‌ ده‌بم، كه‌ رۆژی ده‌نگدان هات من سه‌فه‌ر ده‌كه‌م. ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتى حه‌سوودییان به‌وه‌ بردووه‌ كه‌ نامه‌وێ ناوی كه‌سیان بهێنم، به‌ مام جه‌لالیان گوتووه‌ ئێمه‌ ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسین، ئه‌و متمانه‌ی به‌و (نازم)ـه‌ت هه‌یه‌ به‌ ئێمه‌ت نییه‌ و ئه‌و ئیشه‌ی به‌ ئه‌وى ده‌كه‌ی به‌ ئێمه‌ی ناكه‌ی.

 

رووداو: په‌یوه‌ندی ئێستای نێوان هه‌رێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامی له‌ چ ئاستێكدایه‌؟

 

نازم ده‌باغ: تا ئه‌م كاته‌ی ئێمه‌ دانیشتووین په‌یوه‌ندییه‌كه‌ له‌ ئاستی پێویستدایه‌ و باشه‌، به‌ڵام به‌دڵنیاییه‌وه‌ له‌سه‌ر رووداو و بارودۆخه‌كان جاری وا هه‌یه‌ به‌رز و نزمییه‌ك دروست ده‌بێ، به‌ڵام هه‌ست و په‌رۆشی بۆ پاراستنی په‌یوه‌ندییه‌كان زوو جوڵه‌ی ئه‌وه‌ی تێده‌كه‌وێ به‌و ئاقاره‌دا نه‌كه‌وێ كه‌ كێشه‌ دروست ببێ و كێشه‌ بێته‌ پێش بۆ كاره‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم و نوێنه‌ره‌كه‌ی له‌ تاران.

 

رووداو: ماوه‌یه‌كی زۆره‌ قسه‌ له‌سه‌ر كردنه‌وه‌ی چه‌ند ده‌روازه‌یه‌كی دیكه‌ی نێوده‌وڵه‌تی له‌ نێوان ئێران و هه‌رێمی كوردستان ده‌كرێت، له‌وانه‌ش دەروازەی  كێلێ‌ كه‌ قسه‌ هه‌بوو بكرێته‌ نێوده‌وڵه‌تى، بۆچی نه‌كرا؟

 

نازم ده‌باغ: جگه‌ له‌ مه‌رزى كێلێ، چه‌ند دەروازەی دیكه‌ش هه‌ن، هه‌موو ئه‌وانه‌ له‌ ئێران بڕیاریان هه‌یه‌، به‌ڵام هۆكاری دواكه‌وتنه‌كه‌ی به‌غدا و هه‌رێمه‌، چونكه‌ تا ئێستا نه‌هاتوون بڕیاره‌كه‌ ته‌ئید بكه‌ن و بیكه‌نه‌وه‌. ئێران ئاماده‌یه‌. سه‌رده‌می كابینه‌كه‌ی به‌رهه‌م ساڵح مه‌رزی كێلێمان كرده‌وه‌. من له‌گه‌ڵ شاندی ئێرانی هاتم د.به‌رهه‌م به‌ڵێنی دا كه‌ رێگاكه‌ قیرتاو بكرێ. له‌و كاته‌وه‌ ئه‌و بڕیاره‌ هه‌یه‌. ئێمه‌ له‌ دوای ئه‌و ریفراندۆمه‌وه‌ زۆرمان چه‌شت، به‌ته‌واوی كه‌وتینه‌ ناو یه‌كپارچه‌یی عێراقه‌وه‌، تۆ بڕیارێك بده‌ی په‌یوه‌ندی به‌ سنووره‌وه‌ هه‌بێ، ده‌بێ عێراق چاره‌سه‌ری بكات و هه‌رێمی كوردستان ناتوانێ بیكات، ته‌نیا ده‌توانی له‌ به‌غدا بیجوڵێنێ، داوا بكات كه‌ پێویستمان به‌ كردنه‌وه‌ى ئه‌و ده‌روازه‌یه‌ هه‌یه‌.

 

پێش ریفراندۆم زۆر شت هه‌بوو له‌ ده‌ره‌وه‌ی ده‌ستووری عێراق بۆ ئێمه‌یان كردووه‌، بۆ نموونه‌ دەروازەی باشماخ و په‌روێزخان و حاجى ئۆمه‌ران له‌ ده‌ره‌وه‌ی ده‌ستوور، ئه‌و حاجی قاسمه‌ بۆی كردینه‌وه‌. من قسه‌كه‌ وه‌ك خۆى ده‌كه‌م. نووسراوێك لای ئێرانییه‌كانه‌وه‌ هاتووه‌ كه‌ ده‌ڵێت ئه‌و ئیمزایه‌ ده‌كه‌ن بۆ كردنه‌وه‌ى ئه‌و مه‌رزه‌، ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ رێككه‌وتننامه‌ى جه‌زائیر. من ئه‌وه‌م ره‌تكرده‌وه‌ و گوتم رێككه‌وتنه‌كه‌ دژی كورده‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئێمه‌ ناچینه‌ ژێر ئه‌و باره‌. به‌ حاجی قاسمدا هه‌ندێ په‌یامی مام جه‌لالم نارد، ئه‌ویش گوتی بیكه‌نه‌وه‌. دوایی هاته‌ سه‌ر دیاریكردنی سنوور كه‌ كوێ عێراقه‌ و كوێ ئێرانه‌. بۆ ده‌ستنیشانكردنی سنوور من قسه‌یه‌كم كرد ئێرانییه‌كان پێكه‌نین: "گوتم كوێتان ده‌وێ بۆتان واژۆ بكه‌م"، گوتیان بۆ؟، گوتم كیلۆمه‌ترێ به‌ دیوی عێراقدا یان به‌ دیوی ئێراندا هه‌مووی كوردستانه‌. بۆ من هه‌ردوولا كوردستانه‌. خۆتان كوێ داده‌نێن دایبنێن بۆ من جیاوازی نییه‌. به‌ پێكه‌نینه‌وه‌ قبوڵیان كرد. خاڵێكی دیكه‌ ئه‌گه‌ر نه‌بێ به‌ مه‌دح من چاره‌سه‌رم كرد، له‌ باشماخ رووبارێكی لێیه‌، ده‌بوو پرده‌كه‌ی چاك بكه‌نه‌وه‌. جا كێشه‌كه‌ له‌سه‌ر سنوور له‌وێ دروست بوو، من گوتم كاكه‌ مه‌ڵێن پرد دروست ده‌كه‌ین، بڵێن چاكی ده‌كه‌ین، ئه‌گه‌ر بڵێین پرد دروست ده‌كه‌ین دیسان كێشه‌ دروست ده‌بێ.

 

كردنه‌وه‌ى ده‌روازه‌ هه‌روا ئاسان نییه‌، ئیمكان نییه‌ به‌بێ رێككه‌وتنی نێوده‌وڵه‌تی بتوانین بیكه‌ن، جا بۆیه‌ زۆر شت له‌ په‌یوه‌ندییه‌كاندا كه‌ دروست ده‌بوو، من و ئه‌و پیاوه‌ (قاسم سوله‌یمانى) هه‌ردوولا به‌دوای چاره‌سه‌ردا ده‌گه‌ڕاین بۆ ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان باش بن، هه‌م من بۆ هه‌رێم و هه‌م ئه‌ویش بۆ ئێران. دیاره‌ حیكمه‌ته‌كه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ مام جه‌لال. ئه‌و ده‌یگوت جوگرافیا ناگۆڕێ، من چه‌ندینجار كه‌ ئه‌و قسه‌یه‌شم كردووه‌، گه‌ڕاومه‌ته‌وه‌ بۆ قسه‌كه‌ی مام جه‌لال، مه‌رز و جوگرافیا ناگۆڕێن تا ئیواره‌ بمه‌وێ ناتوانم ئه‌و جوگرافیایه‌ له‌ ئێران بكه‌مه‌وه‌، خه‌ڵك ده‌توانێ مێژوو بگۆڕێ، به‌ڵام جوگرافیا ناگۆڕێ.

 

رووداو: ئه‌و ئاڵوگۆڕه‌ بازرگانییه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ توركیا هه‌یه‌تی، له‌گه‌ڵ ئێران نیه‌تی، له‌ كاتێكدا به‌رپرسانی كۆماری ئیسلامی به‌رده‌وام جه‌خت له‌سه‌ر نزیكیی كولتووری و زمانی نێوان كورد و فارس ده‌كه‌نه‌وه‌. هه‌رێمی كوردستان یه‌ك ده‌روازه‌ی له‌گه‌ڵ توركیا هه‌یه‌، به‌ڵام سێ ده‌روازه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و چه‌ند ده‌روازه‌یه‌كی نافه‌رمیشی له‌گه‌ڵ ئێران هه‌یه‌، بۆچی ئه‌و ئاڵوگۆڕه‌ کەمه‌؟

 

نازم ده‌باغ: ئه‌وه‌ی كه‌ هۆكاره‌ له‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی چالاكیی بازرگانیی له‌ نێوان ئێران و هه‌رێمى كوردستان، هۆكاره‌ له‌ زیادكردنی بازرگانی له‌ نێوان توركیا و هه‌رێمى كوردستان، په‌یوه‌ندی به‌ بارودۆخی سیاسی و ئابووری و سه‌ربازیی ناوچه‌كه‌وه‌ هه‌یه‌. ئێران ئابڵوقه‌ی له‌سه‌ره‌، كێشه‌ی دۆلار و په‌یوه‌ندیی بانكی هه‌یه‌. ئێستا له‌ توركیا لیره‌ شكاوه‌، به‌ڵام بانك نه‌وه‌ستاوه‌، ئێران سیسته‌می بانكی نییه‌ له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان، به‌ڵكو كاره‌كه‌ له‌ رێگه‌ی پیله‌وه‌رى، واته‌ چه‌رچی ده‌كرێ، به‌ ده‌ست شت ده‌فرۆشێ. به‌شێكی دیكه‌شی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ فه‌رهه‌نگێك، ئه‌وه‌ندی مرۆڤ هه‌ست پێده‌كات له‌ڕووی ره‌فاهیه‌ته‌وه‌، چونكه‌ كابرای بازرگان كه‌ ده‌چێته‌ ئه‌نقه‌ره‌ و ده‌چێته‌ تاران جیاوازی هه‌یه‌. ده‌چێته‌ دهۆك زۆر جیاوازه‌. كابرا كه‌ دێت بۆ تاران و 10 رۆژ ده‌مێنێته‌وه‌، ده‌یه‌وێ شتی خۆی بكڕێ و ئیسراحه‌تیش بكات. ئه‌مه‌ له‌ ئێران به‌ ئاسانی ده‌ستناكه‌وێ. هۆكاره‌كه‌ سیاسییه‌، ئه‌گه‌رنا وڵاتێكی وه‌ك ئێران 83 ملیۆن نفووسى هه‌یه‌، ئه‌م وڵاته‌ ده‌كرێ به‌ كواڵیتیی خراپ به‌ڕێوه‌بچێ؟ كاتێك عه‌دنان موفتی سه‌رۆكی په‌رله‌مان بوو، كاك خورشید شێره‌ ئه‌ندامى په‌رله‌مان بوو، من به‌ دیار ته‌له‌فزیۆنه‌وه‌ دانیشتبووم په‌لامارى ئێرانى ده‌دا و ده‌یگوت كاڵای خراپمان بۆ ده‌نێرێ. ده‌ستبه‌جێ په‌یامێكم نارد گوتم به‌داخه‌وه‌ به‌بێ لێكۆڵینه‌وه‌ و به‌بێ زانست له‌ په‌رله‌ماندا خۆش نییه‌ په‌لاماری وڵاتێكی دراوسێ و دۆست بده‌ی. من به‌ڵگه‌ت ده‌ده‌مێ بازرگانه‌كانی خۆمان دێن به‌دوای شتی هه‌رزاندا ده‌گه‌ڕێن. یاریده‌ده‌رى وه‌زیرى بازرگانیی ئێران، ئاغاى زه‌یتوون نه‌ژاد، ته‌له‌فۆنی بۆ كردم. بازرگان له‌ هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ هاتووه‌ تایتى كڕیوه‌، وه‌زاره‌تى بازرگانیى عێراق بۆ خۆى تایتى ئه‌كتیڤ 20ى ده‌وێت، ئه‌وه‌ى ئێران ئه‌كتیڤ 12یه‌، له‌به‌ر مه‌سه‌له‌ى ته‌ندروستى، به‌ڵام نرخى تۆنى ئه‌كتیڤ 20 له‌گه‌ڵ ئه‌كتیڤ 12 نزیكه‌ى 200 دۆلارى فه‌رقه‌. بازرگانه‌كه‌ گوتوویه‌تی تۆ ئه‌كتیڤ 12ی تێبكه‌ و له‌سه‌ر پاكه‌ته‌كه‌ بنووسه‌ 20.

 

ئاغاى زه‌یتوون نه‌ژاد ته‌له‌فۆنى بۆ كردم، گوتى ئه‌وه‌ بۆ بازرگانه‌كه‌ بكه‌م یان نا، گوتم مه‌یكه‌.

 

بۆ نموونه‌ مه‌عجوونی ته‌ماته‌، خه‌ستییه‌كه‌ى پێیده‌گوترێ بریكس. ئاوه‌ته‌ماته‌ى ستاندارد بریكسه‌كه‌ى 28ـه‌، كێشی یه‌ك كیلۆیه‌. بازرگانى كورد دێته‌ ئێران ده‌ڵێت بریكسه‌كه‌ى بكه‌ به‌ 20، كێشه‌كه‌شى به‌ قوتووه‌كه‌وه‌ بكه‌ به‌ یه‌ك كیلۆ، به‌ڵام له‌سه‌ر قوتووه‌كه‌ بنووسه‌ بریكسه‌كه‌ى 28ـه‌ و كێشى سافیشى یه‌ك كیلۆ. ئه‌وه‌ لێره‌ 100 غرامت لێ ده‌دزێ. كه‌سێك هاته‌ لام گوتى من حیمایه‌ى فڵان به‌رپرسم، كه‌ به‌رپرسێكى گه‌وره‌ بوو، داواى كرد ئه‌و كاره‌ى بۆ بكه‌م. پێمگوت هه‌تا پێكهاته‌ى كیمیایی بابه‌ته‌كه‌م بۆ نه‌هێنى رازى نابم.

 

رووداو: ره‌نگه‌ یه‌كێك له‌ هۆكاره‌كانی كه‌میی ئه‌و ئاڵوگۆڕه‌ په‌یوه‌ندی به‌ كواڵیتی كاڵا و خۆراكی ئێرانیشه‌وه‌ هه‌بێ‌، قه‌ت له‌وباره‌یه‌وه‌ له‌گه‌ڵ كارسازانی ئێران قسه‌تان كردووه‌؟

 

نازم ده‌باغ: ئه‌وه‌ی پێمكرابێ قسه‌م له‌سه‌ر كردووه‌، به‌ڵام كاڵاى ئێرانى كواڵیتیی خراپ نییه‌. بۆ نموونه‌ له‌ ئێران جۆره‌ به‌نزینێك هه‌یه‌، پێیده‌گوترێ به‌نزینى ئه‌حمه‌د نه‌ژادی كه‌ به‌ مادده‌ى كیمیایى دروست ده‌كرێ. زه‌مانی ئه‌و ئاسمانی تارانی كرده‌ دووكه‌ڵی شین. یه‌ك تۆن له‌و به‌نزینه‌ 50 دۆلار له‌ به‌نزینه‌كانى دیكه‌ هه‌رزانتره‌. بازرگانێكی خۆمان له‌ سلێمانی هات، مه‌وعیدم بۆ وه‌رگرت له‌ وه‌زاره‌تی نه‌وتی ئێران كه‌ بچێ به‌نزینه‌ ستاندارده‌كه‌ بكڕێ. دوایی نه‌هاته‌وه‌. لێمپرسى به‌نزینت كڕى، گوتى: به‌ڵێ. گوتم: توخوا فڵان به‌نزینت نه‌كڕى؟ گوتى: بۆ؟ گوتم مردووت نه‌مرێ ئه‌وه‌ ژه‌هره‌ ده‌یبه‌یه‌وه‌ سلێمانی، به‌س له‌به‌ر ئه‌وه‌ى 50 دۆلار هه‌رزانتره‌؟

 

رووداو: هه‌ندێك له‌باره‌ی تۆوه‌ ده‌ڵێن تۆ نوێنه‌ری ئێرانیت له‌ هه‌رێمی كوردستان ، نه‌ك نوێنه‌ری هه‌رێم له‌ ئێران، وه‌ڵامی تۆ چییه‌؟

 

نازم ده‌باغ: ئه‌م جۆره‌ پرسیارانه‌م زۆر پێ خۆشه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌مانه‌ی ئه‌م جۆره‌ پرسیارانه‌ ده‌ورووژێنن پێموایه‌ ناحه‌زن به‌ خۆیان و میلله‌ته‌كه‌یان و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش. جه‌خت له‌وه‌ ده‌كه‌مه‌وه‌ كه‌ نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانم به‌ به‌ڵگه‌ى ئه‌وه‌ى له‌ به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ و له‌ سه‌رووی ئه‌ویشه‌وه‌ من وه‌ك نوێنه‌ری حكومه‌ت بانگ ده‌كرێم و پرسیارم لێده‌كرێ و راوێژم پێده‌كرێ و منیش پرسیار ده‌كه‌مه‌وه‌، خۆشبه‌ختانه‌ تا ئێستا هیچ جۆره‌ سه‌رزه‌نشتێك و گله‌ییه‌ك نه‌بووه‌ له‌سه‌ر ئه‌و وتووێژ و بابه‌تانه‌ی له‌ راگه‌یاندنه‌كاندا باسم كردوون، به‌ڵام ئه‌وانه‌ى ئه‌و قسانه‌ ده‌كه‌ن، دوو جۆرن، هه‌ندێك بێكارى فه‌یسبووكن، هه‌ندێكیشیان له‌ ئه‌وروپا خه‌ریكى كاره‌با دزینن. ئه‌وانه‌ به‌ پاره‌ وه‌ك شاعیری ده‌ربار قسه‌ ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی كه‌سانێ دڵخۆش بكه‌ن كه‌ جورئه‌تی ئه‌وه‌یان نییه‌ راسته‌وخۆ ئه‌م قسانه‌ بكه‌ن. ئه‌وانه‌ بێئاگان له‌ سیاسه‌ت، چونكه‌ تۆ كه‌ له‌ كۆماری ئیسلامی ئێرانی نوێنه‌ری حكوومه‌تی و ئۆپۆزسیۆن نیت تا به‌ خواستی ئه‌وانه‌ قسه‌ بكه‌ی كه‌ ئۆپۆزسیۆنن له‌ وڵاته‌كه‌دا. من له‌ تارانم، ده‌كرێ وه‌ك ئۆپۆزیسیۆن و وه‌ك فوئاد حه‌قیقی له‌ دژی ئێران قسه‌ بكه‌م؟ تو ویژدانتان ئێران نامنێرێته‌وه‌؟ بۆ ئێمه‌ هه‌موو قسه‌یه‌ك باجی له‌سه‌ره‌، باجێكمان قبوڵه‌ كه‌ له‌لایه‌ن كه‌سی نه‌زان و ناسیاسه‌تمه‌دار و نابه‌رپرسه‌وه‌ به‌رامبه‌ر ئاینده‌ی میلله‌ته‌كه‌ قسه‌ ده‌كه‌ن، كه‌سانێكیش هه‌ن به‌ هه‌ستیارییه‌وه‌ سه‌یری بابه‌ته‌كه‌ ده‌كه‌ن و ده‌زانن ناكرێ ئه‌م جوگرافیه‌ سیاسییه‌ سه‌ربازییه‌ فه‌رهه‌نگییه‌ نه‌ژادییه‌ فه‌رامۆش بكه‌ی. ئێران و توركیا و سووریا هاوسێمانن و مه‌رزمان پێكه‌وه‌یه‌، بوون و نه‌بوونمان پێكه‌وه‌ به‌نده‌. ئه‌من و ئاسایشیشمان پێكه‌وه‌ به‌نده‌. ئومێد ده‌كه‌م هه‌موو كه‌سێ وا بیر بكاته‌وه‌ و وا هه‌ڵسه‌نگاندن بكات و مانای نوێنه‌رایه‌تی و دیپلۆماسیش بزانێ. 

 

 

بەشی یەكەم // رووداو – هەولێر //    21 ساڵە وەك نوێنەری حیزب و پاشان نوێنەری حكومەت لە ئێرانە. خۆی دەڵێت زۆر جێی متمانەی قاسم سولەیمانی بووە، بۆ ئەمەش بەسەرهاتێك دەگێڕێتەوە و دەڵێت رۆژێكیان پێكەوە بوونە، قاسم سولەیمانی ژانەسەری گرتووە، داوای حەبێكی لێكردووە، ئەویش پێیگوتووە دەكرێ من پێش تۆ حەبەكە بخۆم؟

 

نازم دەباغ، نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە هەڤپەیڤینێكی درێژدا لەگەڵ (رووداو) باسی پەیوەندیی خۆی و قاسم سولەیمانی، هەروەها پەیوەندی سەركردایەتیی كورد و ئەو جەنەراڵە و چەند وێستگەیەكی ژیانی ئەو دەكات.

 

رووداو: لە سەرەتای شەڕی داعش، بەیانییەكی زوو لەگەڵ مەلابانگدان خەبەرت دەكەنەوە بۆ بەشداری لە كۆبوونەوەیەكی گرنگی ئێرانییەكان كە قاسم سولەیمانیش بەشدار بوو، لەوێ‌ حاجی قاسم باسی توانای پێشمەرگەی كردبوو، دەكرێ‌ لەو كۆبوونەوە گرنگەوە دەست بە هەڤپەیڤینەكەمان بكەین، ناوەڕۆكەكەی چی بوو؟

 

نازم دەباغ: پێموایە هەڵەیەك هەیە، حاجی قاسم لە كۆبوونەوەكە نەبوو، بەڵكو موحسین رەزایی بوو كە سەرۆكی شوورای دیاریكردنی بەرژوەندییەكانی نیزامە. لە نووسینگەی رەهبەرەوە هاتبوو، ئەمە مێژووە بۆیە دەیڵێم. دیاربوو كە بەدوایدا ناردم كۆمەڵێ خەڵكی لێبوو، گوتی من لە نووسینگەی رەهبەرەوە دێم و سڵاوی بۆ یەكێتی و تاڵەبانی هەیە، ئەوكاتە مام جەلال نەخۆش بوو. 

 

گوتی باسی دۆخی عێراق و هەرێمی كوردستان و داعشمان لە هەولێر و موسڵ كردووە، رەهبەر پێی خۆش بووە راوێژێكمان هەبێ لەگەڵ ئێوە. دیارە لەوبارەیەوە كۆمەڵێك قسە كرا، بۆچوونی جیاواز هەبوو، كەسانێكی بەهێز و بەتوانا هەبوون لەگەڵ ئەو بۆچوونەدا بوون كە پارێزگاری لە هەرێمی كوردستان بكرێ، نامەوێ ناوی ئەو كەسانە بهێنم و لەناو ئەو كەسانەدا تەنیا من كورد بووم. 

 

رووداو: وەكو نوێنەری حكومەت بەشدار بووی؟

 

نازم دەباغ: من ئەگەر درۆت لەگەڵ نەكەم وەك نوێنەری مام جەلال و یەكێتی لە كۆبوونەوەكەدا بەشدار بووم. هەموو ئەو كەسانەی لە كۆبوونەوەكەدا بوون پلە باڵا بوون، لەوێ رای جیاجیا هەبوو لەسەر هەرێمی كوردستان و هەڵوێستەكانی، بەڵام كەسانێكی بە دەسەڵات بۆچوونیان وابوو كە لە هەولێر و دەرەوەی هەولێر دەبێ شەڕی داعش بكەین و هەرێمی كوردستان بپارێزین، چونكە لە بەرژەوەندی خۆماندایە، هەر ئەوەشیان كرد.

 

رووداو: هاوكارییەكانی ئێران لە رووی چەك و تەقەمەنییەوە بۆ هەرێمی كوردستان لە شەڕی داعش پەیوەندی بەو كۆبوونەوەیەی ئێوە هەبوو؟

 

نازم دەباغ: بەشێكی، چونكە لە هەرێمی كوردستانیشەوە بەرپرسی باڵای هەرێمی كوردستان ئەو شەوە پەیوەندییان كرد، ئەو بەرپرسانە تەلەفۆنیان بۆ من كرد كە بارودۆخەكە بەكوێ گەیشتووە. من لە كۆبوونەوەكە  قسەیەكم كرد، بەڵام بە جۆرێك دیكە قسەكەی من بڵاوكرایەوە. گوایە من گوتوومە ئەگەر پارێزگاری لە هەرێمی كوردستان نەكەن، تەورێز دەبێت بە ئۆردوگایەكی گەورە بۆ ئاوارەكانی كورد، بەڵام گوتم بە دڵنیاییەوە جارێكی دیكە بۆی هەیە گەلی كورد تووشی كۆڕەو ببێ، چونكە پلانەكە گەورە بوو، بۆ تێكدانی ئەزموونی هەرێمی كوردستان بوو. بۆ دەركردنی سەركردایەتی سیاسی كورد و تێكدانی ئەم تەجروبەیە بوو.

 

رووداو: بۆچی هەرێمی كوردستان بەلای ئێرانەوە ئەوەندە گرنگە و دەیەوێ پارێزراو بێ؟

 

نازم دەباغ: من ناتوانم بەناوی ئێرانەوە قسە بكەم، بەڵام دەتوانم تێگەیشتنی خۆم بۆ هەڵوێستی ئێران بەرامبەر بە هەرێمی كوردستان دەربڕم، من وای دەخوێنمەوە ئێران كورد بە پارسەنگ و هاوسەنگێكی باش دادەنێ بۆ راگرتنی هاوسەنگی لەگەڵ شیعە و سوننە، چونكە كورد سوننەیە و ئەگەر سوننەی كورد و سوننەی عەرەب یەكبگرن واتە دەبێتە زۆرینە.

 

رووداو: چەند جار لەگەڵ قاسم سولەیمانی دانیشتووی؟ 

 

نازم دەباغ: حیساب ناكرێ، چونكە زەمانی رەوانشاد مام جەلال جاری وا هەبووە هەفتەی دوو سێ جار لە نێوانیاندا هاتوچۆم كردووە. جاری واش هەبووە مانگی چەند جارێك، جاری واش هەبووە دوو مانگ جارێك.

 

رووداو: بیرتە یەكەمجار كەی ئەوت بینی؟ باسی چیتان كرد؟

 

نازم دەباغ: یەكەمجار كە بینیم دوای راپەڕین بوو لە ساڵی 1991 ، بەناوی بەرەی كوردستانی ئەو سەردەمە خوالێخۆشبوو كاك سامی عەبدلڕەحمان، كاك قادر قادر، كاك ئەمیر هەبوو، وەزیری پیشەسازی لە كابینەی یەكەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، منیش بەناوی نوێنەرایەتی یەكێتی و مام جەلال لەگەڵ ئەو شاندە بووم، لە تاران بینیمان.

 

رووداو: باسی چیتان كرد؟

 

نازم دەباغ: باسی ئەو شتانەمان كرد كە كورد پێویستی بوو، ئەو كاتە یەكێك لە كێشە گەورەكانمان سووتەمەنی بوو، دەمانویست ئێران هاوكاریمان بكات، هاوكاریش بوون.

 

رووداو: قەت لە كوردستان لەگەڵ حاجی قاسم دانیشتووی؟

 

نازم دەباغ: بەڵێ زۆر جار. من هەماهەنگیم كردووە، بەشداریم كردووە لەو كۆبوونەوانەی كە مام جەلال و كاك نێچیرڤان و عادل عەبدولمەهدی هەرسێ پێكەوە چوونە شوێنێك، ئەویش لە تارانەوە هات.

 

رووداو: ئەمە ساڵی چەند بوو؟

 

نازم دەباغ: ساڵەكەم بەتەواوی لەبیر نییە، بەڵام ئەوكاتە مام جەلال تازە ببووە سەرۆككۆماری عێراق. ئیدی بە هەلیكۆپتەر هاتین بۆ ئەو شوێنە، بەڵام دواتر هەواكە ناخۆش بوو توانای بینین كەم بوو، بۆیە بە ئۆتۆمبێل گەڕاینەوە كرماشان و لەوێشەوە بۆ تاران. چەند جارێكی دیكەش هەر لەناو كوردستان كۆبووینەتەوە، یەكەمجار لە كوردستان لە مەسیف سەلاحەددین لەگەڵ حاجی قاسم كۆبوومەتەوە.

 

رووداو:  قەت نانتان پێكەوە خواردووە؟

 

نازم دەباغ: نانی بەیانیمان زۆر پێكەوە خواردووە، یەكێك لە سیفەتەكانی ئەوە بوو كە كاری گرنگی هەبووایە، خۆ تۆ رۆژنامەی هەمشەهریت بینی؟ ئەوەی لەسەر ئەو پیاوە گوتوومە كەمە، بۆنموونە جاری وا هەبووە 11 و 12ی شەو تەلەفۆنم بۆ كردووە بۆ ماڵەوە، وەڵامی داومەتەوە.

 

رووداو: پەیوەندیتان ئەوەندە بەهێز بوو؟

 

نازم دەباغ: بەهۆی مام جەلالەوە بوو، چونكە ئەو پێگەیەی هەمبوو، لەبەر ئەوە بوو كە نوێنەری مام جەلال بووم، بەڵام خۆم توانیومە پارێزگاری لێ بكەم. جا بۆ نانی بەیانیان تەلەفۆنم بۆ كردووە گوتوویەتی سەعات  6:30 وەرە فڵان شوێن نانی بەیانی پێكەوە بخۆین.

 

رووداو: زۆرتر لە كوێ‌ نانی بەیانیتان دەخوارد؟

 

نازم دەباغ: زۆرتر لە شوێنی كارەكانی، كە چەند شوێنێكی هەبوو تایبەت.

 

رووداو: ئەی لە شوێنی كارەكەی تۆ؟

 

نازم دەباغ: لە شوێنی كاری من نانمان پێكەوە نەخواردووە، بەڵام رێككەوتووە ماڵەكەیان لە شوێنێك بوو لەسەر رێگایەك، گوتوویەتی وەرە فڵان شوێن راوەستە، لەگەڵ خۆی و شۆفێرەكەی، ئەو كوڕەی لەگەڵی شەهید بوو (جەعفەری)، هاتووەتە خوار و هاتووەتە ناو سەیارەكەی من، چونكە من شۆفێرم لەگەڵ نەبوو، قسەكانی لەناو سەیارەكەی من كردووە و دواتر چووەتەوە ناو سەیارەكەی خۆی. هەتا جارێ پێمگوت حاجی ئومێدەكەم ئەمە دووبارە نەبێتەوە. گوتی بۆ؟ گوتم خوانەخواستە ئەگەر شتێك بقەومێ تەنیا من مەوعیدەكەی تۆم لەم شوێنە زانیوە، لەبەر ئەوە بۆ جارێكی دیكە ئاوابێ نایەم. هەر كاتێكیش مەوعیدی دانابێ‌، ئەو پێش من گەیشتووەتە شوێنەكە. ئەگەریش دواكەوتبێ تەلەفۆنم بۆ كراوە گوتوویانە (10) خولەك خۆت دوابخە، چونكە لەوێ نییە.

 

رووداو: چ سیفەتێكی قاسم سولەیمانیت بەدڵ نەبوو؟

 

نازم دەباغ: تەمەننا دەكەم هەموو سەركردەیەك وەك ئەو بێ.

 

رووداو: قەت چوویت بۆ ماڵەكەی یان هاتووە بۆ ماڵەكەت؟

 

نازم دەباغ: نەخێر، من بڕوام بە قسەیەكی سوڵتان سولەیمان هەیە كە لە زنحیرەی حەریمی سوڵتان زاواكەی دەكات بە سەرۆكوەزیران و مۆرەكەی دەداتێ‌ و سوپاسی دەكات. ئەوەشی پێدەڵێ چەند لە گەورە پیاو نزیك ببیتەوە، ئەوەندەش لە مەرگ نزیك دەبیتەوە.

 

رووداو: لە روانگەی قسەكەی خۆتەوە، كەواتە بە نزیكیی تۆ لە قاسم سولەیمانی ئەگەری مردنت زیاتر بووە؟

 

نازم دەباغ: بەڵێ بەس نەترساوم، بۆ نموونە ئەوەتا ئەبومەهدی موهەندیس لە قاسم سولەیمانی نزیك بوو چی بەسەرهات؟ من بە فڕۆكەی تایبەت لەگەڵی هاتووم بۆ هەولێر و سلێمانی. بە ئۆتۆمبێل لە پاوەوە چووین بۆ كرماشان و مەریوان. لەگەڵی هاتووم بۆ قەڵاچوالان.

 

رووداو: بۆ دڵنیایی تۆی لەگەڵ خۆی دەگێڕا؟

 

نازم دەباغ: مام جەلال دەیگوت جێی مەهێڵە، چونكە كە تۆ پێیدەڵێی وەرە، دەبێ دڵنیای بكەیەوە و لەگەڵی بی، كاتێك پیاوێكی وا بانگ دەكەی، قەناعەت بكە سەری ئێشاوە حەبی لە من وەرگرتووە. بە ترسەوە پێمگوتووە ناكرێ خۆم سەرەتا حەبەكە بخۆم؟ گوتی عەیبە ئەو قسەیە چییە دەیكەی، چونكە پیاوێكی وا گەورە كێ ناڵێ تۆ حەبێكی بدەیە نامرێ. متمانەی زۆر بە من هەبوو.

 

رووداو: لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ گۆڤاری (همشهری جوان) رۆژنامەنووسە ئێرانییەكە دەڵێت، بۆ ئەوەی باشتر حاجی قاسم بناسین، چووین بۆ لای نازم دەباغ! ئەمە هەر موجامەلە بوو، یان بەڕاستی وایە و تۆ بانكی زانیاری بوویت لەبارەی حاجی قاسمەوە؟

 

نازم دەباغ: نە ئەو پێویستی بە موجامەلەیە، نە منیش دەیكەم، ئەو سوور بووە لەسەر ئەوەی من قسەی بۆ بكەم. بایی خۆم زانیاریم لەسەر حاجی قاسم هەیە لە شێوەی كاركردنی لەگەڵ جەنابی مام جەلال و كاك مەسعود و كاك نێچیرڤان. زۆرجار رێككەوتووە پەیامی حاجی قاسمم بۆ مام جەلال و بۆ كاك مەسعود هێناوە.

 

رووداو: دیارترین ئەو پەیامانە چین و زیاتر بۆ كێت هێناون؟

 

نازم دەباغ: بۆ كاك مەسعود یەك دوو جار پەیامیم بۆ هێناوە، جارێك راستەوخۆ خۆم بۆم هێنا. جارێكیش لە رێگەی مام جەلالەوە گەیاندم. بۆ كاك نێچیرڤانیش چەندینجار پەیامی فەرمیی حكومەت و كۆماری ئیسلامیم هێناوە. لە رێگای پەیوەندییەكانی دەرەوە و كاك عەبدوڵڵا ئاكرەیی.

 

رووداو: نووسەر عارف قوربانی لە وتارێكدا لە (رووداو) نووسیبووی ئەگەر كۆنگرەی یەكێتی دوای كوژرانی قاسم سولەیمانی بكرابایە ئەنجامەكەی بەشێوەیەكی دیكە دەبوو؟ كاریگەریی قاسم سولەیمانی بەسەر یەكێتییەوە هێندە زۆر بوو؟

 

نازم دەباغ: پێموایە كاریگەریی حاجی قاسم لە ئاستێكدا بەسەر هەموو سەركردایەتی كوردەوە هەبوو، بەڵام بەرژەوەندییەكان زیاتر لەگەڵ یەكێتی بووە، چونكە مەرزێكی درێژمان هەیە. تۆ حساب بكە 435 كیلۆمەتر مەرزمان لەگەڵ ئێران هەیە. رەنگە لەگەڵ پارتی 15 بۆ 20 كیلۆمەتر بێ، چونكە ئەمسەری لەگەڵماندا پەكەكەیە و ئەو سەری تا دەگاتە توركیا هەر پەكەكەیە. تەنیا حاجی ئۆمەرانە و باقی دیكە لەگەڵ یەكێتییە، بەرژەوەندی توركیا لەگەڵ پارتی چەندە بەو ئەندازەیەش بەرژەوەندیی ئێران لەگەڵ یەكێتی هەیە. بەڵام من بۆ مێژوو دەڵێم ئەو لێكدانەوەیەی ئێران بۆ كورد هەیەتی لە نێوان یەكێتی و پارتی، ئەو لێكدانەوەیە مومكینە لایەنێكی دیكە نەیبێ.

 

رووداو: چۆن؟

 

 نازم دەباغ: بۆ نموونە ئێمە ئەزموونی 31ی ئابمان هەیە، من دوای 14 رۆژ كە لە هەولێر خۆم شاردبووەوە، بە قاچاخ خۆم گەیاندە نەغەدە. مام جەلال یەكسەر منی كردە بەرپرسی هەماهەنگیی ئێران و یەكێتی. لە نەغەدە جیهازم هەبوو لەگەڵ هەموو لایەك پەیوەندیم هەبوو، تا ئەو شوێنەی ئێستا كە یەكێتی گەیشتووەتە دێگەڵە و دۆڵی سماقوڵی و دۆڵی شەهیدانیش كە گەیشتینە ئەوێ، ئێرانییەكان بە منیان گوت تەواو. ئێمە نامانەوێ‌ پارتی لەناوبچێ‌. ئەمە مێژووە و قسەی دیكەش هەیە بیكەم، بەڵام ناكرێ، بۆ نموونە چۆن پەیام بۆ پارتی نێردرا كە لە مەسیف بمێننەوە.

 

رووداو: چۆن پەیامیان بۆ نێردرا، كێ‌ پەیامەكەی نارد؟

 

نازم دەباغ: ئێرانییەكان خۆیان ناردبوویان، پەیامەكەش زارەكی بوو، پێیانگوترا تەواو یەكێتی لەوە زیاتر ناتوانێ بێتە پێشەوە. ئەمە سیاسەتی ئێرانە.

 

 رووداو: من وەڵامی پرسیارەكەی كوژرانی قاسم سولەیمانی و كۆنگرەی یەكێتیم وەرنەگرتەوە؟

 

نازم دەباغ: من پێموایە كاك عارف قوربانی كەمێك زانیارییەكانی تەواو نییە. من بڵێم  ئێران كاریگەری لەسەر نەبووە، هەیبووە، هەر وەك چۆن كاریگەری لەسەر لایەنەكانی دیكەش هەبووە. هێز نییە لە هەرێمی كوردستان لە پەیوەندییەكی باشدا نەبووبێ لەگەڵ حاجی قاسم و قەرارگەی رەمەزان.

 

رووداو: حاجی قاسم تا چەند رۆڵی لە دانانی بەرپرسانی كورد لە پێگەی حیزبی و حكومی هەبوو؟

 

نازم دەباغ: رۆڵ نەبوو ئامۆژگاری بوو. لە كێشەی نێوان یەكێتی و پارتی و گۆڕان ماوەیەك كەسە كاریزماكانیان دەشكاند، لەناو یەكێتی یەكدییان دەشكاند و یەكێتی دژی پارتی بوو. لەولا كاك نەوشیروانیان دەشكاند. ئەمە ئەگەر حاجیش لێرە نەبێ خوای ئەو لەسەرمانە. ئەو ئامۆژگارییەی كردم و گوتی تكات لێدەكەم ئەوەی دەمت دەگاتێ رێز بۆ كەسایەتییە كاریزماكانی خۆتان دابنێن، ئەمانە راستە باش و خراپیشیان تێدایە، بەڵام چاكەكەی ئەوەیە بەو كاریزمایەی خۆی بووەتە ئەم پیاوە گەورەیە. بەرامبەر ناحەزەكانتان مەیانشكێنن، ئەمە خۆی ئامۆژگارییەكی زۆر زۆر بە ویژدان و دۆستانەیە بۆ هەموومان.

 

مومكینە رۆڵیشی هەبووبێ لەوەی یەكێتی تا ئێستا بەم شێوەیە ماوەتەوە و دووبەرەكییەك دروست نەبوو كە ناحەزەكانی یەكێتی خەونیان پێوە دەبینی و حەزیان دەكرد ببێتە سەد پارچە.

 

رووداو: بەڵام دەشگوترێ قاسم سولەیمانی رۆڵی هەبووە لە دروستكردنی ململانێی ناو باڵەكانی یەكێتی لە دوای نەمانی مام جەلال، بۆ ئەوەی هەمیشە باڵادەست بێ‌ بەسەریانەوە؟

 

نازم دەباغ: بە پێچەوانەوە، من گوتم یەكێتی و پارتی و یەكگرتوو و كۆمەڵ پەیوەندیی باشیان هەبووە لەگەڵی. ئامۆژگارییەكانی ئەوە نەبووە تەبایی تێكبدا لە نێوانیان. بە پێچەوانەوە بۆ ئەوە بووە یەكبین.

 

من نموونەی 31ی ئابم هێنایەوە. كاتێك یەكێتی لە كوردستان دەركرا، ئەمریكییەكان چوونە لای كاك مەسعود لە سەیرانبەن، نەیانگوت كاك مەسعود بگەڕێوە با یەكێتی بێتەوە، بەڵكو دەستخۆشییان لێكرد. بەڵام ئێران كە پشتیوانیی یەكێتی كرد و یەكێتی هێرشی كرد، لەوانەبوو بتوانێ‌ شوێنی دیكەش بگرێت، بەڵام ئێران بە ئێمەی گوت تا ئێرە. واتە نابێ‌ پارتی لەوە زیاتر بشكێنرێ‌.    

 

رووداو: قاسم سولەیمانی هۆشداری زۆری بە كورد دا كە ریفراندۆم نەكەن، تەنانەت بە سەركردەیەكی وەك كاك كۆسرەت دەڵێ ئەگەر وازنەهێنی ئەوە دێم بۆ پرسەكەت، ئایا سولەیمانی لەگەڵ تۆ قەت باسی بابەتی ریفراندۆمی كرد؟ هیچ پەیامێكی لە رێگەی تۆوە نارد بۆ سەركردایەتی كورد؟

 

نازم دەباغ: ئەوەی كاك كۆسرەت راست نییە. 

 

رووداو: لەگەڵ تۆ باسی ریفراندۆمی كرد؟

 

نازم دەباغ: نەك لەگەڵ من باسی كردبێ. من ئاگاداری هاتنی جەنابی كاك نێچیرڤان بووم بۆ لای حاجی قاسم. بەشداریم لە كۆبوونەوەكە نەكرد، چونكە شاندەكە پارتی بوون، لە فڕۆكەخانە پێشوازیم لێكردن تا شوێنەكەی حاجی قاسم. تەنانەت كاك نێچیرڤان گوتبووی ئەوە بۆ رۆیشت. گوتم نامەوێ شایەت بم لەسەر قسەكان، مومكینە بشزانم چییە. شاندی یەكێتیش كە هاتووە بریتی بووە لە كاك كۆسرەت، مەلا بەختیار، كاك عومەر فەتاح و د.خەسرەو، مەحموود سەنگاوی و خۆشم كە تەرجەمەی قسەكانی كاك كۆسرەتم بۆ حاجی قاسم كرد، ئەوەی من گوێم لێ بووە گوترا ریفراندۆم مەكەن، بەڵێنیشتان دەدەینێ لە جێبەجێكردنی مادەی 140 پشتیوانتان بم، لەوانەیە بڵێن بۆ تا ئێستا پشتیوانمان نەبووی؟ ئەوەش هۆكاری هەبووە، بەڵام بەڵێنتان دەدەمێ دوای ئەو بابەتە، داكۆكیكارێكی سەرسەختتان بم بۆ مافەكانتان لەناو چوارچێوەی عێراق.

 

رووداو: دڵنیاییەك هەبوو كە قاسم سولەیمانی و ئێران داكۆكییان لە مافی كورد دەكرد؟

 

نازم دەباغ: دڵنیایی هەبوو وەك ئێستا عێراق لە دەستی خۆیان بوو، ئەگەر ئەوان نەبوونایە ئەو بودجەیە بۆ هەرێمی كوردستان دەهات؟

 

 

https://www.rudaw.net/sorani/interview/15012020

خەندان- نازم دەباغ، نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە تاران رەتیكردەوە ئێران هەڕەشەی لە هەرێمی كوردستان كردبێت لەسەر روداوەكانی ئەم دواییە و هەڵوێستەكانی بەرپرسانی هەرێم.

نازم دەباغ لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ خەندان رایگەیاند،"ئێران هیچ هەڕەشەیەكی لە هەرێمی كوردستان نەكردوە".

"هەرێمی كوردستان نابێتە لایەنگری هیچ لایەنێك و لەئێستاشدا تاران لە رێگەی ئێمەوە هیچ پەیامێكی ئاراستەی هەرێمی كوردستان نەكردوە "
 

سەبارەت بە هەڵویستەكانی هەرێم تایبەت بە دۆخی عێراق و گرژییەكانی نێوان ئەمریكا و ئێران، نازم دەباغ رایگەیاند،"هەرێمی كوردستان نابێتە لایەنگری هیچ لایەنێك و لەئێستاشدا تاران لە رێگەی ئێمەوە هیچ پەیامێكی ئاراستەی هەرێمی كوردستان نەكردوە."

ئەمە لەكاتێكدایە كە بەهۆی گرژییەكانی نێوان ئەمریكا و ئێران، لە هەندێك میدیای لۆكاڵی هەرێم وابڵاوكراوەتەوە كە تاران هەڕەشەی لە هەرێمی كوردستان كردوە سەبارەت بە هەڵوێستەكانیان لە روداوەكانی ئەمدواییە.

http://www.xendan.org/detailnews.aspx?jimare=85630&babet=1&relat=1024

پەڕەى 22 لەکۆى 53 پەڕەدا

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی