لە درێژەى سەردانەکەى بۆ کۆمارى چینى میللى فەلاح مستەفا بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوەى حکومەت و شاندى یاوەرى سەردانى شارى شەنگهایان کردو لەلایەن بەڕێز فو جیهۆنگ جێگرى بەرپرسى نووسینگەى پەیوەندیەکانى دەرەوەى شارى شەنگهاى پێشوازی لێکرا.

لە سەرەتاى دیدارەکەدا بەڕێز فو جیهۆنگ وێڕاى بەخێرهێنانى شاندى میوان پیرۆزبایى جەژنى نەورۆز و  سەرى ساڵى کوردى لێکردن و گووتى سەردانى شاندى حکومەتى هەرێم لە ڕۆژى نەورۆز بۆ شارى شەنگهاى بایەخى پەیوەندیەکانى نێوان هەردوولا دەردەخات بۆ هەماهەنگى و هاوکارى زیاتر لە داهاتوودا.

لە بەرامبەردا بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوەى حکومەت سوپاسى ئەو پێشوازیە گەرمەى کردو گووتى سەردانى شارى شەنگهاى لە ڕۆژى نەورۆزدا ویستى ئێمە دەردەخات بۆ پتەوکردنى زیاترى پەیوەندیەکان. هەروەها ئامانجى ئەم سەردانەکەى روونکردەوە کە بۆ زیاتر پەرەپێدانى پەیوەندیەکانە لە پێناو بەرژەوەندى هاوبەش و کارکردن بەیەکەوە لە داهاتوودا.

بەڕێز فو جیهۆنگ ئەوەى خستەڕوو کە پەیوەندى لە پێشینە لە نێوان شەنگهاى و هەرێمى کوردستان هەیە ئەویش لە ڕێگاى ئەو کۆمپانیایانەى لە هەرێمى کوردستان کاردەکەن لەوانە کۆمپانیاى هواوى چینى لە بوارى پەیوەندیەکان و تێلیکۆم و هیوادارین لە داهاتوودا پەیوەندیە ئابورى و بازرگانیەکان هەموو کەرتەکان بگرێتەوە لە گەشتى ڕاستەوخۆى ئاسمانى و گەشتو گوزار و کۆڕبەندى ئابورى و بازرگانى . هەروەها دووپاتى کردەوە کە  لە بوارى مەشق و راهێنان و پەرەپێدان و پلانى بەڕێوەبردن دەتوانن هاوکاربن.

بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوە ئاماژەیکرد کە هەرێمى کوردستان ناوچەیەکى ئارام و سەقامگیرە بۆ کارى وەبەرهێنان و چالاکى ئابورى و لە کاتى ئێستا پێویستیمان بە ڕۆڵى کەرتى تایبەت هەیە لە دابین کردنى هەڵى کار و پشتگیرى دارایى بۆ ئەو پڕۆژانەى بەهۆى قەیرانى دارایى بە تەواونەکراوى ماونەتەوە. هەروەها هیوادارین بتوانین سوود لە ئەزموونى پێشکەوتووى شەنگهاى وەربگرین لە ڕووى پەرەپێدان و بەڕێوەبردن و نەخشەى ئاوەدانى شارو ڕۆڵى کەرتى تایبەت. هیوادارین کە کۆمپانیاکان بتوانن بەشداربن لە پێشانگا نێودەوڵەتیەکانى هەرێمى کوردستان کە ساڵانە لە شارەکانى هەولێر و سلێمانى و دهۆک ئەنجام دەدرێت. هەروەها کۆمپانیاکانى هەرێمى کوردستان بەشداربن لەو پێشانگایانەى کە لە شەنگهاى سازدەکرێن.

 

هەر لە درێژەى کۆبوونەوەکان لە شارى شەنگهاى بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوەى حکومەت بە یاوەرى شاندى یاوەرى سەردانى کۆمپانیاى هواوى تێلیکۆمى کرد کە ئێستا لە هەرێمى کوردستان لقى کۆمپانیاکەیان کردۆتەوە لەلایەن جاکى لی جێگرى بەڕێوەبەرى پەیوەندیە گشتیەکان و کاروبارى حکومەت و جاک لێنگ بەڕێوەبەرى گشتى لقى کۆمپانیاى هواوى لە هەرێمى کوردستان و ژمارەیەک بەرپرسانى ترى کۆمپانیاکە پێشوازیان لێکرا.

لەسەرەتاى دیدارەکەدا جاکى لی بەناوى کۆمپانیاى هواوى بەخێرهاتنى بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوەى حکومەت و شاندى یاوەرى کرد و خۆشحاڵى خۆیان دەربڕى بەو سەردانە و پیرۆزبایى جەژنى نەورۆزیان ئاڕاستەى شاندى حکومەتى هەرێم کرد. دواتر پوختەیەکى پێشکەش کرد دەربارەى مێژووى دروستبوونى کۆمپانیاکە و کاروچالاکیەکانیان لەسەر ئاستى جیهان و بەرنامە و پلانیان بۆ داهاتوو.

هەروەها جاک لێنگ بەڕێوەبەرى گشتى لقى کۆمپانیاى هواوى لە هەرێمى کوردستان پوختەیەکى دەربارەى کاروپڕۆژەى کۆمپانیاکە لە هەرێمى کوردستان پێشکەش کرد و ئەوەى خستەڕوو کە ئەوان خۆشحاڵ بوون بە کردنەوەى لقى کۆمپانیاکەیان و تاوەکو ئێستا توانیوویانە چەندین کاروچالاکى ئەنجام بدەن لەگەڵ کردنەوەى خولى مەشق و ڕاهێنان بۆ قوتابیانى بەشى کۆمپیوتەر لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان بۆ ئەوەى زیاتر پەرە بە تواناکانیان بدەن و زانیارى نوێ وەربگرن.

بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوە سوپاسى کۆمپانیاى هواوى کرد بۆ ئەو پێشوازیە گەرمە و هیواى خواست کە بەردەوام بن لە کاروچالاکیەکانیان لە هەرێمى کوردستان ئەویش لە ڕێگاى زیاتر خزمەتکردن بە دانیشتووانى هەرێم لە ڕێگاى پرۆژە و بەرنامەکانیان. هەروەها داوایکرد کە بەرنامەى مەشق زیاتر فراوان بکرێت بۆ ئەوەى بتوانرێت رێژەیەکى زۆر لە قوتابیان و خوێندکارانى بوارى پرۆگرامسازى سوود لەو دەرفەتە وەربگرن کە لە داهاتوودا دەبنە سەرمایەیەک بۆ هەرێمى کوردستان و کۆمپانیاى هواوى.

 

لە دوا وێستگەى سەردانەکەیدا بۆ کۆمارى چینى میللى، فەلاح مستەفا بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوە سەردانى سەنتەرى دیراساتى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستى لە زانکۆى دیراساتى نێودەوڵەتى شارى شەنگهاى کرد و لەلایەن پرۆفسیۆر ژوو وێیلى سەرۆکى فەخرى سەنتەرەکە و ژمارەیەک لە پرۆفسیۆر و لێکۆلەرانى سەنتەرەکە پێشوازى لێکرا.

لەسەرەتادا پرۆفسیۆر ژوو وێیلى  بەناوى ئامادەبووانەوە بە گەرمى بەخێرهاتنى بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوەى حکومەتى هەرێم و شاندى یاوەرى کرد و خۆشحاڵ بوون کە بۆ یەکەمجار پێشوازى لە بەرپرسێکى حکومەتى هەرێم بکەن بۆ ئەوەى لە نزیکەوە گوێبگرن لە ڕاوبۆچوونى بەرپرسانى حکومەتى هەرێم دەربارەى ئەو پرس و پێشهاتانەى کە لە ناوچەکەدا ڕوودەدات لەگەڵ ئاییندەى هەرێمى کوردستان.

بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوە پوختەیەکى دەربارەى مێژووى گەلى کورد و قۆناغى شۆڕشەکان و ڕاپەڕین و دروستبوونى پەرلەمان و حکومەتى هەرێم پێشکەش بە ئامادەبووان کرد. پرۆسەى ئازادى عێراق و ڕۆڵى کورد لە دروستکردنى حکومەتى نوێى عێراق و  نووسینەوەى دەستور و جەخت کردنەوە لە چەسپاندنى مافى پێکهاتە نەتەوەیى و ئایینیەکان. هەروەها پەیوەندیەکانى بەغدا و هەولێر و هاتنى گروپى تیرۆریستى داعش و بڕینى بەشە بودجەى هەرێمى کوردستان و بەرنامەسازى بۆ ئەنجامدانى ڕیفراندۆم بەشێکى ترى قسەکانى بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوە بوو.

لە تەوەرێکى ترى دیدارەکەدا ئامادەبووان ژمارەیەک پرسیار و سەرنج و ڕوونکردنەوەیان خستەڕوو کە لەلایەن بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوە وەڵامدرانەوە و گفتوگۆى ووردیان لەبارەوە کرا.

شێرزاد ئازاد بەرپرسى پرۆتۆکۆلى سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران و تۆفیق رەحمان بەڕێوەبەرى پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکان لە فەرمانگەى پەیوەندیەکانى دەرەوە یاوەرى بەڕێز بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوەى حکومەت بوون بۆ کۆمارى چینى میللى.

بە مەبەستى گەیاندنى دوایین پێشهاتە سیاسى و تەناهى هەرێمى کوردستان و ناوچەکە، فەلاح مستەفا بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوەى حکومەتى هەرێمى کوردستان بە یاوەرى خاتوو بەیان سامى و شاندى یاوەرى سەردانى زانکۆى تۆرنتۆى کرد لە کەنەدا.

لە کۆبوونەوەیەکى هاوبەشدا کە ژمارەیەک قوتابى زانکۆى ناوبراو ئامادەى بوون، بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوەى حکومەت پوختەیەکى سەبارەت بە بارو دۆخى هەنووکەیی سیاسى و تەناهى عێراق و ناوچەکە و شەرى دژى تیرۆر پێشکەش بە ئامادە بووان کرد کە بۆتە هۆى ئاوارە بوونى نزیکەى (١.٨) ملیۆنێک و هەشت سەد هەزار کەس بۆ هەرێمى کوردستان.

لە دوایدا بەڕێزیان ئاماژەى بە هۆکارەکانى سەرهەڵدانى رێکخراوى داعش و کاریگەریەکانى لەسەر ئاسایشى ناوچەکەدا لەگەڵ رووبەروو بوونەوەکانى هێزى پێشمەرگەى کوردستان و پاراستنى ناوچەکە. بۆ ئەم مەبەستە، بەڕێزیان ووتى '' چەکدارانى داعش هەرەشەیە بۆ سەر هەموو جیهان و هیچ ووڵاتێکیش بەدەر نیە لە هەرەشەکانى ڕێکخراویى داعش''.

لەم بارەیەوە، هێزى پێشمەرگەی کوردستان ڕۆلێکى کاریگەریان هەبوو لە بەرەنگار بوونەوەى چەکدارانى داعش بۆیە ئەوان نیشانى هەموو جیهانیاندا کە هێزێکى نەبەردن لە روو بەروو بوونەوەى زەمینى داعش کە شایستەى هەموو هاوکاریەکى نێودەوڵەتین''.

هاوکات، بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوەى حکومەت ئاماژەى بە رەوشى ژیانى پەنابەران لە هەرێمى کوردستان دا کە حکومەتى هەرێمى کوردستان ناتوانێت بەردەوام بێت لە یارمەتى دانیان بەبێ وەرگرتنى هاوکارى مرۆیی نێودەوڵەتى، بۆیە کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى پێویستە هەموو هەوڵێکیان بخەنە گەر بۆ یارمەتى دانى حکومەتى هەرێم لە دابینکردنى پێداویستیە سەرەتاییەکان بۆیان.

لە کۆتاییدا، ناوبراو بوارى بە بەشداربووان دا بۆ ئاراستەکردنى پرسیارەکانیان سەبارەت بە پەیوەندیەکانى هەرێمى کوردستان و بەغدا و دۆخى هەنووکەیی سوریا و بارو دۆخى سیاسى و تەناهى ناوچەکە. 

لە چوارچێوەی سەردانێکی فەرمیدا بۆ برۆکسل، فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بارەگای سەرەکی ئۆفیسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپای لە برۆکسل کرد و لەوێ لە لایەن هەریەک لە (کریستیان بێرگەر) بەڕێوەبەری کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی کەندا و باکوری ئەفریقا و  (جۆن ئۆرورک) بەرپرسی بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی کەنداو پێشوازی لێکرا.

لە میانەی دیدارێکدا باس لە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و دام و دەزگاکانی یەکێتی ئەوروپا لە لایەک و وڵاتانی ئەندامی یەکێتییەکە لە لایەکی دیکەوە کرا. لە سەرەتادا بەڕێز فەلاح مستەفا ئاماژەی بە گرنگیی هەبوونی ئۆفیسی هەماهەنگی یەکێتی ئەوروپا لە هەولێر کرد کە ڕۆڵی باشی هەبووە و دەبێ لە بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا. پاشان بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوە پانۆرامایەکی تایبەت بە بارودۆخی سیاسی و مرۆیی و ئابووری هەرێمی کوردستان بۆ لایەنی بەرامبەر خستەڕوو.

لە بەرامبەریشدا کریستیان بێرگەر، خۆشحالی بەرامبەر بە پێشکەوتنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو لا لە بوارە جیاجیاکاندا دەربڕی. سەربارەت بە باوردوخی ئاسایش، بێرگەر پیرۆزبایی دواسەرکەوتنەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستانی لە شەنگال کرد و ئەو سەرکەوتنانەی وەک ئاماژەیەکی بەرچاو لە گرنگیی ڕۆڵی پێشمەرگەی کوردستان لە بەرەنگاوبوونەوەی داعش دا نیشاندا.

هەرچی پەیوەندی بە پرسی مرۆییەوە بێ، کریستیان بێرگەر جاریک دی پابەندبوونی یەکێتی ئەوروپا و ولاتانی ئەندامی بە پێشکەشکرنی هاریکاری مرۆیی بۆ هەریمی کوردستان دووپات کردەوە و ڕایگەیاند کە ئەو هاریکاریانە لە داهاتووشدا بەردەوام دەبن.

کۆبوونەوەکە بە تاوتوێکردنی چەند خاڵێکی دیکەی تایبەت بە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی هەریمی کوردستان و یەکێتی ئەوروپا کۆتایی پێهات. شایانی باسە دلاوەر ئاژگەیی نوێنەری حکومەتی هەریمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا و زانا کوردە لە بەشی پەیوەندییە ئەوروپییەکانی نوێنەرایەتی، بەشداری ئەو کۆبوونەوەیە بوون.

 

 

 

 

بە مەبەستى هەڵسەنگاندن و پێداچوونەوە بە بەرنامەو کارو هەنگاوەکانى ئەمساڵى فەرمانگەى پەیوەندیەکانى دەرەوە لەڕووى کارگێڕى و دیپلۆماسى و سیاسى و خۆئامادەکردن بۆ دانانى بەرنامەیەکى تۆکمە بۆ ساڵى داهاتوو، ئەمڕۆ چوارشەممە بە سەرپەرشتى بەڕێز فەلاح مستەفا بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوەى حکومەت و خاتوو سوهام جەبەلى یاریدەدەرى بەرپرسى فەرمانگە کۆبوونەوەیەکى فراوان بەڕێوەچوو.

لە کۆبوونەوەکەدا کە راوێژکارو بەڕێوەبەرە گشتیەکان و بەڕێوەبەرانى فەرمانگە ئامادەبوون، بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوەى حکومەت باسى لە ئامانجى کربوونەوەکە کرد و تەوەرەکانى کۆبوونەوەى خستەڕوو کە پەیوەست بوون بە کاروبارى فەرمانگەو رەوشى سیاسى و بەرەوپێش بردنى زیاترى پەیوەندیە دیلۆماسیەکان.

بەرێزیان گووتى بەهۆى نزیکبوونەوەمان لە کۆتایى ساڵ پێویستیمان بە هەڵسەنگاندنى کارەکان و دانانى بەرنامەیەکى تازەیە بۆ ئەوەى لە سەرەتاى ساڵى داهاتوو بە شێوەیەکى باشتر بتوانین پەرە بە پەیوەندیەکانمان بدەین لەچوارچێوەى سیاسەتى حکومەتى هەرێم بۆ فراوانکردنى بازنەى پەیوەندیەکان لەگەڵ کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى، چونکە هەرێمى کوردستان بەشێکى دانەبڕاوە لە کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى.

هەروا گووتى پەیوەندیە دیپلۆماسیەکانى هەرێم لەگەڵ دونیاى دەرەوە لە قۆناغێکى باشدایەو ٣٣ وڵات نوێنەرى لە هەرێمى کوردستان هەیەو ئێمەش ١٤ نوێنەرمان لە دەرەوە هەیە، لەڕووى یارمەتى و پشتگیرى سەربازى بۆ شەڕ دژى داعش و کۆمەک و هاوکارى کردنى ئاوارەکان کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى تا راددەیەکى باش پشتگیرى هەرێمى کوردستان دەکەن. بەڵام دەکرێ ئەم پەیوەندیانە زیاتر فراوان بکرێت لە پێناو سوودو بەرژەوەندى گەلى کوردستان لە هەموو بوارێکدا. 

بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوەى حکومەت گووتى فەرمانگەى پەیوەندیەکانى دەرەوە هەمیشە دەروازەیەک بووە بۆ پەرەپێدانى پەیوەندیە دیپلۆماسى و سیاسى و کەلتووریەکانى هەرێمى کوردستان لەگەڵ دونیاى دەرەوە. هەمیشە هانى وڵاتانمان داوە بۆ ئەوەى نوێنەرایەتى خۆیان لە هەرێم بکەنەوە، لەگەڵ رێکخراوە نیودەوڵەتیەکان و نەتەوە یەکگرتووەکان بە بەردەوامى کارمان کردووە بۆ سەرخستنى بەرنامەکانیان لە هەرێمى کوردستان. لەم رووەوە گووتى  هەندێ جار لەچوار چێوەى شاندى عیراقى و هەندێ جاریش راستەوخۆ بەشداریمان لە کۆڕ و کۆبوونەوەو کۆنفڕانسە نێودەوڵەتیەکان کردووەو توانیومانە پەیام و هەڵوێستى حکومەتى هەرێمى کوردستان بگەیەنینە کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى و نێوەندە نێودەوڵەتیەکان.

 

بەرێزیان گووتى هەرێمى کوردستان پیگەیەکى بەهێزى هەیەو توانیویەتى خۆى بسەلمێێت، هەرچەندە ئەمڕۆ دووچارى قەیرانى دارایى بووەو لەشەڕدایە دژى تیرۆرستانى داعش و نزیکەى ٢ ملیۆن ئاوارەو پەنابەریشى لەخۆ گرتووە، بەڵام کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى بە شانازیەوە پشتگیرى لێدەکەن و ستایشى قارەمانیەتى پێشمەرگەو سیاسەتى دروستى حکومەتى هەرێم دەکەن.

بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوە گووتى لەم کۆبوونەوەیەدا دەبێ  بە ڕوونى باس لە دەستکەوت و پێشکەوتنە سیاسى و دیپلۆماسیەکانى فەرمانگەى پەیوەندیەکان بکرێت و تیشک بخرێتە سەر ئەو ئاستەنگ و لەمپەرانەى دێنە رێگەى ئیشکردنمان، بۆئەوەى میکانیزمى گونجاو بۆ سەرخستنى کارەکانمان بدۆزینەوە.

فەلاح مستەفا گووتى سوپاس و دەستخۆشى لە تەواوى کارمەندانى فەرمانگە دەکەم بۆ کارى بەردەوام و هەوڵەکانیان لە پێناو زیاتر جێبەجێ کردنى ئەو بەرنامەیەى کە فەرمانگەى پەیوەندیەکانى دەرەوە لە پیناوى دامەزراوە ئەویش پەیوەندى گرتن لەگەڵ دونیاى دەرەوەو خزمەت گەیاندن بە رەوەندى کوردستانى و پێشخستنى هەرێمى کوردستانە لە هەموو رووێکەوە.

ئینجا دەرگاى گفتوگۆ کرایەوە بۆ ئەوەى تەواوى ئامادەبووانى کۆبوونەوە سەرنج و تێبینى و بۆچوونى خۆیان لەسەر ئاکامى کارەکانى ئەمساڵ و کارنامەى ساڵى داهاتوو بخەنەڕوو.

بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوە سوپاسى ئامادەبووانى کردو گووتى سەرنج و تێبینى و بیروڕاکانتان بەهەند وەردەگیرێت لە پیناو زیاتر پێشخستنى کارەکانى فەرمانگەى پەیوەندیەکانى دەرەوەى حکومەت.

 

 

 

 

بەبۆنەى چلەى ماتەمینى ٤٨٥ حاجى ئێرانى کە لەڕێوڕەسمى حەجى ئەمساڵ گیانیان لەدەستدا، کونسوڵگەرى گشتى کۆمارى ئیسلامى ئێران رێوڕەسمى واژووکردنى دەفتەرى بیرەوەرى بۆ ماوەى ٣ رۆژ رێکخست.  ئەمڕۆ چوارشەممە فەلاح مستەفا بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوەى حکومەت بە یاوەرى عبدالله ئاکرەیى بەرپرسى بەشى پەیوەندیەکانى ئێران لە فەرمانگەى پەیوەندیەکانى دەرەوەو ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرى گشتى و بەڕێوەبەر سەردانى کونسوڵگەرى گشتى کۆمارى ئیسلامى ئێرانى کردو لەلایەن مورتەزا عەبادى کونسوڵى گشتى کۆمارى ئیسلامى ئێران لە هەولێرو بەرپرسانى کونسوڵگەرى پیشوازیان لێکرا.

فەلاح مستەفا بە ناوى گەل و حکومەتى هەرێمى کوردستان هاوسۆزى و هاوخەمى و پرسەو سەرخۆشى لە گەلان و حکومەتى کۆمارى ئیسلامى ئێران کرد. لەم بارەیەوە گووتى ئەم رووداوە هەموو لایەکى خەمناک کردو هیوادارین رووداوى لەم شێوەیە جارێکى تر رووبەڕووى حاجیان نەبێتەوە.

هەردوولا باسیان لە پەیوەندى دێرینى نێوان کۆمارى ئیسلامى ئێران و هەرێمى کوردستان کرد بەتایبەت لە ڕۆژە سەخت و دژوارەکان، هیوایان خواست ئەم پەیوەندیانە ببێتە مایەى ئاسوودەیى بۆ گەلانى هەردوولا.

 

مورتەزا عەبادى کونسوڵى گشتى کۆمارى ئیسلامى ئێران لە هەولێر پوختەیەکى لەسەر ئاست و بایەخى پتەوکردنى پەیوەندیەکانى نێوان هەردوولا پێشکەش کرد، پاشان باسى لە هۆکارو ئاکامى ئەو رووداوە کرد و هەڵوێستى حکومەتى کۆمارى ئیسلامى ئێرانى خستەڕوو.

پاشان بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوەى حکومەت لە دەفتەرى واژووى بیرەوەرى، یاداشتى خۆى نووسى و هاوخەمى خۆى بۆ ئەو رووداوە دووپاتکردەوە کە تێیدا ٤٨٥ حاجى ئێرانى گیانیان لەدەستدا.
 

 

 

 

 

فەلاح مستەفا بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوەى حکومەت لە نۆزدەیەمین کۆڕبەندى ئەوڕوپى بۆ ئاسایش و سیاسەتى دەرەوە کە لە ئەکادیمیاى دیپلۆماسى ڤییەنا سازکرابوو، باسى لە ستراتیژیەتى روبەڕووبوونەوەى تیرۆرستانى داعش و قەیرانى دارایى و مرۆیى لە هەرێمى کوردستان کرد.

پەیمانگەى نەمساوى بۆ سیاسەتى ئەوڕوپى و ئاسایش ژمارەیەک سیاسەتوان و دیپلۆماتکارو کەسایەتى بوارى بەرگرى بانگهێشتى ئەم کۆڕبەندە کردبوو، کۆڕبەندى ئەمساڵ لە کاتێکدا دەبەسترێ کە کێشەى ئۆکرانیاو قەیرانەکانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و کاریگەریەکانى لەسەر وڵاتانى ئەوڕووپى بەردەوامیان هەیە.

دەسپێکى کۆڕبەند بە ووتەى بەڕێزان باڵیۆز د. مایکل لینهارت سکرتێرى گشتى لە وەزارەتى کاروبارى ئەوڕوپاو کاروبارى دەرەوەو پێکەوە ژیانى نەمساوى و د. ڤیرنەر فاسل ئابێند وەزیرى بەرگرى پێشووى نەمساو سەرۆکى پەیمانگا دەستى پێکرد.

لە پانێڵێکى هاوبەش لەگەڵ باڵیۆز رەمزى عیزەدین رەمزى جێگرى نێردەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروبارى سوریا،  فەلاح مستەفا  بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوەى حکومەت هەڵوێستى حکومەتى هەرێمى کوردستانى لە شەڕ دژى تیرۆرستانى داعش خستەڕوو، هاوکات باسى لە قەیرانى مرۆیى لە هەرێم و دوایین پێشووەچوونەکانى سوریاو ناوچەکانى دیکەى عیراق کرد. بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوە باسى لە رۆل و قارەمانیەتى پێشمەرگە کرد لە ڕووبەڕووبوونەوەى تیرۆرستان، هەروەها باسى لە قوربانیدانى پیشمەرگە کرد کە زۆربەیان بەهۆى تەقینەوەو بۆمبى چێنراو بووە.

بەرێزیان گووتى رووبەڕووبوونەوەى تیرۆرستان کێشەیەکى گشتگیرە و بەرپرسیاریەتى جیهانیە و تەنها پەیوەست نییە بە عیراق و سوریا، کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى دەبێ دان بەو راستیەدا بنێ و بە خێرایى کار بکات بۆ شکست پێهێنانى داعش، ئەم هەنگاوەش وێڕاى پشتگیرى سەربازى پێویستى زۆرى بە پشتگیرى سیاسى و ئابوورى هەیە.

هەروا گووتى  گەلى کوردستان لەڕیزى پێشەوەى بەرەى شەڕن دژى تیرۆرستانى داعش و هاوبەشێکى جێى باوەڕن بۆ هاوپەیمانى نێودەوڵەتى. بەڵام هێزەکانى پێشمەرگە پێویستى زۆریان بە چەک و تەقەمەنى و کەل و پەلى سەربازى زیاتر هەیە بە مەبەستى ڕووبەڕوونەوەى هێرشەکان و پووچەڵ کردنەوەى بۆمبى چێنراوو خۆپاراستن لە هێرشى کیمیاوى کە بەم دواییە داعش دژ بە پێشمەرگە بەکارى هێنا.

سەبارەت بە دۆخى مرۆیى فەلاح مستەفا گووتى شانازى بەوە دەکەین کە هەرێمى کوردستان دەرگاکانى بەڕووى زیاتر لە ٢ ملیۆن ئاوارەو پەنابەر کردەوە، بەڵام تواناى ئێمەش سنووردارە، بۆیە داوا لە کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى دەکەین راستەوخۆ هاوکاریمان بکەن لەم بوارە. لەم رووەوە گووتى هاوکارى کردنى ئێستاى ئاوارەکان ئەرکى ئێوە سووک دەکات بۆ داهاتوو،چونکە دەبێتە هۆى کەمکردنەوەى شەپۆڵى پەنابەران بۆ ئەوروپا.

هەر لەو پانێڵە هاوبەشەدا لەگەڵ باڵیۆز رەمزى عیزەدین رەمزى جێگرى نێردەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروبارى سوریا، فەلاح مستەفا رۆشنایى خستە سەر پەیوەندیەکانى نێوان هەولێرو بەغدا و گرینگى ئازادکردنى موسڵ لەدەست تیرۆرستانى داعش. داواى لە کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى کرد کە دان بە سەرکەوتنى هێزەکانى پیشمەرگەدا بنێن لەشەر دژى داعش و داواى کرد کە دەنگێک بە هەرێمى کوردستان بدرێت لەو کۆڕو کۆبوونەوە نێودەوڵەتیانەى پەیوەستن بە شەڕ دژى داعش ئەنجام. چونکە زۆرجار هەرێمى کوردستان لە نێوەندە نێودەوڵەتیەکان نوێنەرى نییە.

لە کۆتاییدا بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوەى حکومەت گووتى: هەرێمى کوردستان گەشبینە بە پاشەڕۆژى خۆی. لەم بارەیەوە گووتى ئێمە لەژیر دەستى رژێمى سەدام دووچارى گەورەترین چەوسانەوەو پاکتاوى رەگەزى هاتین بەڵام بێ ئومێد نەبووین، بۆیە گەشبینین بە ئایندەى هەرێمى کوردستان و باوەڕى تەواومان بەوە هەیە کە لەم شەڕەدا دژى تیرۆرستانى داعش براوە دەبین.

ئەمڕۆ پێنجشەممە بەڕێز فەلاح مستەفا بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوەى حکومەت پێشوازی لە بەڕێز ئەداما دینگ جێگر و ڕاوێژكاری سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ ڕێگری لە جینۆساید و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارێكدا کە سۆکۆل کۆندى بەرپرسى نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەرێمى کوردستان و خاتوو سوهام جەبەلى یاریدەدەرى بەرپرسى فەرمانگە ئامادەبوون،  ئەداما دینگ جێگرى سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ ڕێگری لە جینۆساید ستایشى سیاسەتى حکومەتى هەرێمى کوردستانى کرد بۆ واڵاکردنى سنوورەکانى بەڕووى ئاوارەو پەناهەندەکانى سوریاو عیراق، کە وێڕاى بوونى قەیرانى ئابوورى توانى بەپێى توانا کۆمەکیان بکات.

هاوکات دەنگى خۆى خستە پاڵ دەنگى حکومەتى هەرێم بۆ بە جینۆساید ناساندنى ئەو تاوانانەى بەرامبەر کوردانى ئێزیدى لەلایەن تیرۆرستانى داعش ئەنجامدرا. بەڕێزیان گووتى هەرچەندە عیراق واژووى رێکەوتننامەى رۆماى نەکردووە بەڵام پێویستە حكوومەتی هەرێمی كوردستان چەند رێگایەک بگرێتەبەر بۆ بەرەوپێشبردنى ئەو کەیسە و هەموو هاوكارییەكی خۆیشی لەمبارەیەوە ڕاگەیاند. هەروا گووتى لە گەڕانەوەم بۆ نیویۆڕک هەموو ئەو راستیانە دەخەمەڕوو کە لە هەرێمى کوردستان لە نزیکەوە ئاشنایان بووم.

فەلاح مستەفا وێراى بەخێرهێنان بەناوى حکومەتى هەرێم سوپاسى ئاژانسەکانى سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانى کرد کە لە بارودۆخە سەخت و دژوارەکان بە گوێرەى توانا لە بوارە جیاجیاکان یارمەتى هەرێمى کوردستانیان داوە.

بەڕێزیان گووتى فەرمانگەى پەیوەندیەکانى دەرەوە هەر لە سەرەتاوە هەوڵى داوە لە ناوەوەو دەرەوەى هەرێمى کوردستان کار لەسەر بەرەو پێشبردنى ئەو کەیسە بکات. هەروا حکومەتى هەرێم لێژنەیەکى باڵاى پێکهێنا بۆ بەدوواداچوون و کۆکردنەوەى بەڵگەى تاوانەکان تایبەت بە جینۆسایدکردنى کوردانى ئێزیدى و پێکهاتە ئایینى و نەتەوەییەکانى تر. ئەم لێژنەیە هەنگاوى باشى هەڵێناوەو دادگاى باڵاى تاوانەکانى نێودەوڵەتى لە لاهاى لێ ئاگادار کردۆتەوە.

فەلاح مستەفا گووتى هیوادارین کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى پشتگیرى زیاترى هەوڵەکانى حکومەتى هەرێم بکات بۆ ئەم هەنگاوە، تاکو کوردانى ئێزیدى و پێکهاتە نەتەوەیى و ئایینیەکانى تر لەڕووى ماددى و سایکۆلۆژى قەرەبوو بکرێنەوەو تاوانبارانیش بەسزاى خۆیان بگەن.

 

 

 

 

لە چوارچێوەى بایەخى نێودەوڵەتى بە بارودۆخى هەرێمى کوردستان و پشتگیرى کردنى حکومەتى لە شەڕى رووبەڕووبوونەوەى تیرۆرستانى داعش و کۆمەک کردنى ئاوارەو پەنابەرانى نیشتەجێى هەرێم، ئێوارەى ئەمڕۆ خاتوو مارگۆ ڤالسترۆم وەزیرى دەرەوەى وڵاتى سوید و بەڕێز پیتەر هولتکڤیست وەزیرى بەرگرى سویدو شاندێکى یاوەریان گەیشتنە هەولێرى پایتەخت و لەلایەن بەڕێزان کەریم سنجارى وەزیرى ناوخۆو وەزیرى پێشمەرگە بە وەکالەت و فەلاح مستەفا بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوەى حکومەت و خاتوو سوهام جەبەلى یاریدەدەرى بەرپرسى فەرمانگەى پەیوەندیەکانى دەرەوەو شۆڕش قادر رەحیم نوێنەرى حکومەتى هەرێم لە سوید پێشوازیان لێکرا.

 

ئەمەو بڕیارە بەرێزان خاتوو مارگۆ ڤالسترۆم وەزیرى دەرەوەى وڵاتى سوید و پیتەر هولتکڤیست وەزیرى بەرگرى سوید لەگەڵ هەر یەک لە بەرێزان مسعود بارزانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان ونێچیرڤان بارزانى سەرۆک وەزیرانى هەرێمى کوردستان کۆببنەوە.

 

مارگۆ ڤاڵسترۆم و پیتەر هولتکڤیست كە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 2-11-2015 گەیشتبوونە بەغدا، بەمەبەستی پشتگیركردنی هەرێمی كوردستان لە شەڕی داعش هاتوونەتە هەولێر و دەیانەوێت بە راهێنانكردن بە پێشمەرگە هاوكاری كوردستان بكەن.

شیوه نمایشی سایت:
  • Font size:
  • Decrease
  • Reset
  • Increase