مەنسوور جیھانی  ـ  کورتە فیلمی "باخەکەی باوکم" لە نووسین و دەرھێنانی "شوان عەتووف" لە دوو فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلم لە وڵاتی ئەمەریکا نمایشکرا.

کورتە فیلمی "باخەکەی باوکم" My Father’s Garden لە نووسین و دەرھێنانی سینەماکاری کورد "شوان عەتووف" بە تیشک خستنەسەر شێعرێکی "مەولانا جەلالەدین ڕۆمی" لە نوێترین بەشداریی نێودەوڵەتیی خۆیدا لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکیی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی کورتە فیلمی "کۆتایی تەکساس" TEXAS ULTIMATE لە ویلایەتی تەکساس لە وڵاتی ئەمەریکا نمایشکرا.

ئەم فیستیڤاڵە یەکێکە لەو فیستیڤاڵانەی جیھانی سینەما کە کورتە فیلمە سەرکەوتووەکان بە ڕێوڕەسمی خەڵاتە سینەماییەکانی ئاکادیمیای ئۆسکار دەناسێنێت.

ئەم فیلمە کوردییە ١٣ خولەکییە لە درێژەی بەشدارییە نێودەوڵەتییەکانی خۆیدا ڕۆژی ٢٣ مارسی ٢٠١٦ لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکیی مۆنتاژ لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "قووڵایی گۆڕەپان" DEPTH OF FILD لە ویلایەتی دیلەوێر لە وڵاتی ئەمەریکا نمایشکرا.

"باخەکەی باوکم" کە بە سپۆنسەریی سەرەکیی ھۆتێل "ڕامادا" لە شاری سلێمانی لە ھەرێمی کوردستان سازکراوە و لە ڕێگای کۆمپانیای "ئای لۆڤ فیلم" لە ئاستی جیھاندا بڵاودەکرێتەوە، لە یەکەمین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکیی کورتە فیلمەکانی "گۆڵفی مۆھر" Muhr Gulf Short لە میانەی دوازدەیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی دوبەی نمایشکرا.

 

ئەم فیستیڤاڵە بە نمایشی زیاتر لە ١٢٠ فیلم لە سینەماکارانی وڵاتانی جۆراجۆری جیھان لە چەندین بەشی جیاواز، لەوانە: بەشی پێشبڕکێی سەرەکیی "مۆھر"، بەشی پێشبڕکێی سەرەکیی کورتە فیلمی "مۆھر"، بەشی پێشبڕکێی "مۆھری ئیماڕات"، بەشی پێشبڕکێی سەرەکیی کورتە فیلمەکانی "گۆڵفی مۆھر"، بەشی دەرەوەی پێشبڕکێی "سینەمای جیھان"، بەشی دەرەوەی پێشبڕکێی "شەوانی عەڕەبی"، بەشی دەرەوەی پێشبڕکی "سینەما بۆ منداڵان" و ھەروەھا بەشی وتووێژ لەگەڵ ئەکتەری ئەمەریکی "جەک جێلنھال" لە شاری دوبەی لە وڵاتی ئیماڕاتی یەکگرتووی عەڕەبی بەڕێوەچوو.

مەنسوور جیھانی  ـ  فیلمی سینەمایی "مەردان" لە دەرھێنانی "بەتین قوبادی" لە سی و ھەشتەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "میلی والری" لە ئەمەریکا نمایشکرا.

فیلمی سینەمایی "مەردان" یەکەمین بەرھەمی بڵندیی سینەماکاری کورد "بەتین قوبادی" فیلمی ھەڵبژاردەی وڵاتی عێراق بە ھەشتاو حەوتەمین خولی ڕێوڕەسمی خەڵاتە سینەماییەکانی ئاکادیمیای ئۆسکار لە ساڵی ٢٠١٥، بە نوێنەرایەتیی لە ھەرێمی کوردستان لە دوو سانسی جیاوازدا لە ڕۆژانی ١٣ و ١٥ی تەشرینی یەکەم / ئۆکتۆبەری ٢٠١٥ لە بەشی "سینەمای جیھان" لە سی و ھەشتەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "میلی والری" Mill Valley لە شاری ڕافائیل لە ویلایەتی کالیفوڕنیا لە وڵاتی ئەمەریکا چووە سەر پەردەی سینەماکان.

ئەم فیستیڤاڵە ساڵی ١٩٧٧ لە لایەن ئەنستیتۆی فیلمی کالیفۆڕنیا و بە مەبەستی پشتیوانی لە فیلمسازانی سەربەخۆ و گەنج و ھەروەھا بەرھەمە نوێیەکانی سینەمای جیھان دامەزراوە و یەکێکە لە ڕووداوە گرینگەکانی سینەمای ئەمەریکا کە تیایدا ھەموو ساڵێک بەشێکی بەربڵاو لە فیلمە نوێیەکانی سەرتاسەری جیھان نمایش دەکرێت.

سی و ھەشتەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "میلی والری" بە نمایشی زیاتر لە ٢٠٠ فیلم لە سینەماکارانی زیاتر لە ٥٠ وڵاتی جیھان لە چەندین بەشی جۆراوجۆر، لەوانە: "سینەمای جیھان"، "سینەمای ئەمەریکا"، "سینەمای دیکۆمێنتاریی"، "فیستیڤاڵی فیلمی منداڵان"، بەشی "کورتە فیلم"، بەشی "سینەمای چالاک" و ھەروەھا چەندین بەشی دیکە لە ڕۆژانی ٨ تا ١٨ی تەشرینی یەکەم / ئۆکتۆبەری ٢٠١٥ لە شاری ڕافائیل لە ویلایەتی کالیفوڕنیا لە وڵاتی ئەمەریکا بەڕێوەچوو.

فیلمی سینەمایی "مەردان" لە دوایین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا و بە ئامادەبوونی "بەتینقوبادی" ڕۆژی ٢٥ ئەیلوول / سێپتەمبەری ٢٠١٥ لە بەشی پێشبڕکێی دووەمین خولیفیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "سیلکرۆید"Silkroad لە شاری فۆژۆ لە وڵاتی چین نمایشکرا.

ئەم فیستیڤاڵە بە بەشداریی کۆمەڵێک فیلم لە سینەماکارانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیھان لە دوو بەشی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی لە ڕۆژانی ٢٢ تا ٢٥ ئەیلوول / سێپتەمبەری ٢٠١٥ لە شاری فۆژۆ لە وڵاتی چین بەڕێوەچوو.

 

بۆ زانیاریی زیاتر:

http://tickets.cafilm.org/websales/pages/info.aspx?evtinfo=161656~6c2fb93e-c4b7-4a07-8efb-9cb331051591&

 

 

مەنسوور جیھانی  ـ کۆمپانیای "وێرسیتالە فیلمز" یەکێک لە لقەکانی کۆمپانیای "وایلدبانچ" لە بڵاوکەرەوە گرینگە جیھانییەکانی فیلم، "مەردان" لە دەرھێنانی "بەتین قوبادی" لە وڵاتانی ژاپۆن، تورکیا، فەڕەنسا و ئەمەریکا نمایش دەکات.

فیلمی سینەمایی "مەردان" نوێترین بەرھەمی سینەماکاری کورد "بەتین قوبادی" و فیلمی ھەڵبژاردەی وڵاتی عێراق بە ھەشتاو حەوتەمین خولی ڕێوڕەسمی خەڵاتە سینەماییەکانی ئاکادیمیای ئۆسکار لە ساڵی ٢٠١٥، لە لایەن کۆمپانیای "وێرسیتالە فیلمز" Versatile films یەکێک لە لقەکانی کۆمپانیای "وایلدبانچ" Wildbunch کە یەکێکە لە گەورەترین کۆمپانیاکانی بڵاوکردنەوە و فرۆشی فیلم لە وڵاتی فەڕەنسا و فرۆشی جیھانی ئەم فیلمەی لە ئەستۆدایە، لە چەندین مانگی داھاتوودا لە وڵاتانی ژاپۆن، تورکیا، فەڕەنسا و ئەمەریکا نمایش دەکرێت.

ئەم فیلمە کوردییە ھەروەھا لە داھاتوودا لە کەناڵی تەلەڤیزیۆنی TRT تورکیا و کەناڵی تەلەڤیزیۆنی NHK ژاپۆن نمایش دەکرێت.

دوای نمایشی سەرکەوتووانەی فیلمی سینەمایی "مەردان" لە سی و نۆیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی تۆرێنتۆ لە وڵاتی کەنەدا، بڵاوکەرەوە جیھانییەکانی فیلم، لەوانە: "ئێم.کەی ٢" ٢MK، "وایلدبانچ"، "وێرسیتالە فیلمز" و چەندین کۆمپانیای ناوداری جیھانی دیکە داواکاری بڵاوکردنەوەی ئەم فیلمە کوردییە لە ئاستی جیھاندا بوون کە بەرھەمھێنەری ئەم فیلمە، دوای ھەڵسەنگاندنی کۆتایی کۆمپانیای "وێرسیتالە فیلمز" یەکێک لە لقەکانی کۆمپانیای "وایلدبانچ" لە بڵاوکەرەوە گرینگە جیھانییەکانی فیلمی بۆ  بڵاوکردنەوەی "مەردان" یەکەمین بەرھەمی بڵندی "بەتین قوبادی" دەستنیشانکرد.

 

"مەردان" تا ئێستا لە فیستیڤاڵی جۆراوجۆری نێودەوڵەتیی فیلم لە ئاستی جیھاندا نمایشکراوە، لەوانە: لە بەشی "دۆزینەوەکان" Discovery بە ناونیشانی "داھاتووی سینەمای جیھان" لە سی و نۆیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی تۆرێنتۆ لە لە وڵاتی کەنەدا، لە بەشی "سینەمای جیھان" لە چل و پێنجەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "گۆوا" لە لە وڵاتی ھیندستان، لە بەشی پێشبڕکێی "شەوی عەڕەبی" لە یازدەیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "دووبەی" لە وڵاتی ئیماڕاتی یەکگرتووی عەڕەبی و لە بەشی "دەنگی نوێی" لە میانەی سی و ھەشتەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "گۆتێنبێرگ" لە وڵاتی سوید.

فیلمی سینەمایی "مەردان" لە دوایین بەشداری نێونەتەوەیی خۆیدا بە ئامادەبوونی "بەتین قوبادی" و بە نوێنەرایەتیی لە ھەرێمی کوردستان لە دوو سانسی جیاوازدا لە ڕۆژانی ١٣ و ١٩ شوبات / فەبرایەری ٢٠١٥ لە بەشی پێشبڕکێی "بیرۆکە وەرگرتن" inspired لە میانەی چواردەیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "ئەستەنبووڵ" لە وڵاتی تورکیا نمایشکرا و لە لایەن رەخنەگرانی سینەمای تورکیاوە خەڵاتی باشترین فیلمی و لە ڕاستیدا دووەمین خەڵاتی گرینگی ئەم فیستیڤاڵە بە "بەتین قوبادی" دەرھێنەری ئەم فیلمە کوردییە بەخشرا.

لە ڕێوڕەسمی کۆتایی ئەم فیستیڤاڵەدا، "بەتین قوبادی" دوای وەرگرتنی خەڵاتی رەخنەگرانی تورک، ئەم خەڵاتەی پێشکەش بە کچانی خەباتکاری کورد لە شنگاڵ و کۆبانێ کرد.

"مەردان" فیلمێکی مرۆڤانە، قووڵ و ونگە کە لە دوا بەستێنیدا ژیانی پێشمەرگەکان بە باشی نیشانی بینەر دەدات و لەم فیلمەدا، پێشمەرگەیەکی کورد لە منداڵیدا چیرۆکێکی بۆ دێتە پێشێی، ئەو لە سرووشتی کێویی و لە ناو شاخەکانی کوردستاندا بە شوێن پیاوێکی ونبوودا دەگەڕێت. 

 

 

 

"نازم عومەر دەباغ" لە وتارێکدا لە ماڵپەڕی "خەندان" ڕای کەسایەتیی خۆی سەبارەت بە ڕووداوەکانی ئەم دواییانەی ھەرێمی کوردستان دەربڕیوە کە دەقەکەی لە خوارەوە ھاتووە:

 

بەندە لە ووتارێکدا بە هەمان ناونیشان لە بەرواری ( ١٥/١٠/٢٠١٤ ) کە لە کوردستانی نوێدا بڵاوکرایەوە دوابەدوای ئەم روداوانەی دوایی بە رێککەوتنی  ( ئێران و ٥+١ ) وە هەروەها  سەرنەکەوتنی ( ئاکەپە ) لە هەڵبژاردنەکانی تورکیا و سوود وەرگرتنی ئەمەریکا لە بنکەی ئەنجەرلیک و شەری ( پەکەکە ) و تورکیا و لەسەرووی هەمووشیانەوە دابەزینی نرخی نەوت و چاکسازیەکانی سەرۆک وەزیرانی عێراق ( عەبادی ) هەموو ئەمانە زەنگن بۆ هاتنەدی گۆرانکاری تازە و لێرە دەبێت پرسیار بکەین کورد  لەناو ئەم گۆرانکاری و رووداوانە ئایندەی چی بەسەردێت؟

 

وڵاتانی دونیای ئەمرۆکە کاتێ باس لە قەیران دەکەن ئەوانەی روبەرووی دەبنەوە هەمیشە بە پێی بەرنامە و یەک وتاری هەڵوێست وەردەگرن و بەرنامەی بۆ دادەرێژن بەرەو ئایندەیەکی باشترو رێگا دۆزینەوەیەک بۆ چارەسەری قەیرانەکان.

 

ئەمەریکا لەپێناو ئامانجەکانی و ئێرانیش هەروەها ئاڵۆزترین کێشەیان چارەسەر کرد و گەیشتن بە رێککەوتن کە بەهۆیەوە ئەمەریکا گرنگترین دۆست و هاوپەیمانی لە ناوچەکە ( ئیسرائیل ) ی تۆراند لەخۆی.

 

کۆماری ئیسلامی ئێران بە هەمان شێوە توانی نارەزاییەکانی ناوخۆی بێدەنگ بکات و رەهبەر توانی یه‌کلاکەرەوەبێت لەسەرخستنی رێککەوتنەکە.

 

ئەردۆغان کە نەیتوانی وەکو تاکە حیزب حکومەت پێک بهێنێت ئەوا لەگەل ( هادەپ ) حکومەتی کاتی پێک هێنا کە بۆی هەیە ئەم حکومەتە تەمەنی درێژتر بێت لەوەی پێشبینی دەکرێت، ئەگەر بێت و تورکیا بچێتە ناو مەیدانی شەری داعش و درێژە بەشەر لەگەل ( پەکەکە ) بدات و ئەوکات حکومەتی قەیرانەکان رابگەیەنێت.

 

حکومەتی عێراقیش خۆی خزاندۆتە نێو پرۆژەیەکی چاکسازی و دژ بە گەندەڵی کە زۆر لێکدانەوەی بۆ دەکرێت و چەندین پرسیار دەورووژێنێت ، ئایا جۆرێکە لە کودەتا یان جۆرێکە لەوسیاسەتەی بە ناو نە‌هێشتنی گەندەڵی و چاکسازی هەندێ لە سەرانی دژ بەیەک وەلابنێنێن بە ناوی نەهێشتنی بەش بەشێنە لەسەر بنەمای نەتەوەیی و مەزهەبی ، وەجارێکی تر بگەرێنەوە بۆ دروست بوونی حکومەتێکی ناوەندی بەهێز و گەراندنەوەی تاکرەوی و دیکتاتۆری. لەم هاوکێشەیەدا تەنها کورد زۆرترین زیانی بەردەکەوێت.

 

باشە کورد چی دەکات خۆی گرفتاری چەند کێشەیەک کردووە و چەندین قەیرانی بۆدروست بووە،کەلەهەمووی گەورەتر شەری داعش و قەیرانی دارایی و ئابووری و قەیرانی یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان......هتد

 

 دەکرێت کورد خۆی گرفتاری موناقشەی بێزەنتی بکات ( فریشتەکان نێر بوون یان مێ ؟) و رۆژانەش روداو و قەیرانەکان لەسەر ئایندەی کورد زیاتر دەبێت.ئەوەتا هەموو گیریان خواردووە بە چارەسەری کێشەی سەرۆک و سەرۆکایەتی هەرێم.

 

لەم کات و ساتەدا بۆچی سەرکردایەتی سیاسی کورد باشتر بیرنەکەنەوە له قه‌یرانه ناوخۆیی و ده‌ره‌کییه‌کان  و به‌رنامه‌ دانه‌نێن بۆ ئه‌وه‌ی کە کامیان گرنگ ترە و پێویستە کاری بۆ بکەن ؟  خۆیان دووربخەنەوە لە موناقەشەی بێزەنتی کاتێک پەلاماردران ئەنجامیشیان وەرنەگرت فریشتەکان نێر بوون یان مێ...؟

 

 

 

 

مەنسوور جیھانی  ـ فیلمی دیکۆمێنتاریی "ژیان لە سنوور" لە دەرھێنانی ھەشت منداڵی کۆبانێ و شنگال لە لایەن ڕێکخراوەی لێبوردنیی نێودەوڵەتیی لە کۆشکی سپی لە ئەمەریکا نمایشکرا.

فیلمی دیکۆمێنتاریی "ژیان لە سنوور" Life on the Border لە دەرھێنانی ھەشت منداڵی شارەکانی کۆبانێ و شنگال و بە ڕێنوێنی سینەماکاری کورد "بەھمەن قوبادی" و لە بەرھەمھێنانی کۆمپانیای سینەمایی "مژ فیلم"، لە لایەن ڕێکخراوەی لێبوردنیی نێودەوڵەتیی و لە ھەفتەی مافی مرۆڤ، لە ھۆڵی سەرەکیی کۆشکی سپی لە شاری واشنگتۆن بۆ "باڕاک ئۆباما" سەرۆک کۆماری ئەمەریکا، دیپڵۆماتکاران، سیاسەتمەداران و بەرپرسانی باڵای وڵاتی ئەمەریکا نمایشکرا.

بەھمەن قوبادی" سەبارەت بە ئامانجی لە رێکخستنی پڕۆژەی فیلمی دیکۆمێنتاریی "ژیان لە سنوور" گوتی: لەڕاستیدا ئامانجی سەرەتایی و سەرەکیی لە رێکخستنی ئەم پڕۆژەیە فێرکردنی منداڵان و مێرمنداڵانێک بوو کە لەم ناوچانەدا لە ژێر گوشاری ڕاستەوخۆی شەڕ لەگەڵ داعشدا بوونە و ئەوەی کە بەسەریاندا ھاتووە لە رێگای کامێڕای دەزگا راگەیاندنە جۆراوجۆرەکانی دنیاوە وێنەگیراوە، بەڵام ھیچ کاتێک لە ڕوانینی خۆیانەوە سەیری ئەم ڕووداوانە نەکراوە و زۆربەی توێیە شاراوەکانی ئەم کارەساتە لە تەپوومژێکی لێڵدا شاردراوەتەوە و مەبەست لەم فیلمە، نیشاندانی ئەم نەبیندراوانەیە لە گۆشە نیگای ئەم منداڵانەوە.

ئەم سینەماکارە بەئەزموونە کوردە ئەوەیشی خستەڕوو: ھەر چەندە ئەم فێرکاریانە ئاساییە و لە ئاستی وەرگرتن و باروودۆخی ئەم منداڵانەدا بوو بەڵام مەبەست لەوانە، زیاتر لەو لایەنەوە بوو تاکوو ئەم منداڵانە بتوانن ئەم کارەساتە لە ڕوانینی خۆیانەوە بگێڕنەوە و لە لایەکی دیکەشەوە، ئەمجارە بتوانن خۆیان گێڕانەوەیەکی ڕاستەوخۆ بن و بۆ ئەم مەبەستەش بە ھەر تیمێک لەم منداڵانە دوو کامێڕا و پێداویستیی ئاسایی سینەمایان پێدرا تاکوو چەخماخەیەک بێت بۆ کارەکانی داھاتوویان و بتوانن لە دەلاقەی کامێڕاکانیانەوە بانگھێشتی دنیا بکەن تاکوو ئەزموون و ڕووداوەکانی دەورووبەریان ببینن.

"ژیان لە سنوور" لە ٨ ئێپیزۆد کە سەرجەم ماوەکەی ٧٣ خولەکە پێکھاتووە، لەوانە:

ئێپیزۆدی یەکەم بە ناوی "عەشقی شنگاڵ" لە دەرھێنانی "ھازم خوردیدە" ١٣ ساڵە لە

شنگاڵ، ئێپیزۆدی دووەم بە ناوی "بە شوێن ڕاستیدا" لە دەرھێنانی "بەسمە سولەیمان"، ئێپیزۆدی سێیەم بە ناوی "نان و ماست" لە دەرھێنانی "سامی حوسێن سولەیمان" ١٤ ساڵە، ئێپیزۆدی چوارەم بە ناوی "فیلمی ئێمە باشترە" لە دەرھێنانی "رۆناھی عێزەالدین" ١٤ ساڵە لە کۆبانێ، ئێپیزۆدی پێنجەم بە ناوی "چاوەکانی باوکم" لە دەرھێنانی "دیار عومەر" ١٤ ساڵە، ئێپیزۆدی شەشەم بە ناوی "ئاسمان و دەوا" لە دەرھێنانی "دلۆڤان کێخا"، ئێپیزۆدی حەوتەم بە ناوی "لە ڕێگای نیشتماندا" لە دەرھێنانی "مەحموود ئەحمەد" ١٣ ساڵە لە کۆبانێ و ھەروەھا ئێپیزۆدی ھەشتەم بە ناوی "بە شوێن کوێستاندا" لە دەرھێنانی "زۆھوور سەعید" ١٢ ساڵە لە شنگاڵ.

ئەم ئێپیزۆدانە لە لایەن ھەشت منداڵی شارەکانی کۆبانێ و شنگال و لە کەمپەکان و ھەروەھا دوای ڕزگارکردنی شاری کۆبانێ لە دەستی گرووپی تیرۆریستی داعش لە لایەن ئەم منداڵە کوردانەوە سازکراوە و لەم فیلمە دیکۆمێنتارییەدا بەشێک لە ژیانی ئەم منداڵانە لە کەمپی ئاوارەکاندا و ھەروەھا باروودۆخی ژیانی ئەوان لە نێوان شەڕ و ئاوارەییدا نیشانی بینەر دەدرێت کە ئەمجارە و لەم فیلمەدا لە ڕوانینی کەسایەتیی منداڵەکانەوە وێنەگیراوە.

فیلمی دیکۆمێنتاریی "ژیان لە سنوور" لە یەکەمین نمایشی نێودەوڵەتی خۆیدا شەوی ٢٠ حوزەیران / یۆنیۆی ٢٠١٥ لە بەرنامەیەکی ٢ کاتژمێریی تایبەتدا لە لایەن تەلەڤیزیۆنی جیھانی "ئێن.ئێچ.کەی" NHK ژاپۆن نمایشکرا و لە داھاتووشدا بە یاوەریی "ئانجێلینا جوولی" Angelina Jolie  خانمە ئەستێرەی ناوداری سینەمای ھۆلیوود و باڵیۆزی نیازپاکیی کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە فیستیڤاڵە جۆراوجۆرە نێودەوڵەتییەکانی فیلم، ناوەندە ھونەرییەکان و ھەروەھا کۆڕ و کۆبوونەوە دیپڵۆماسییەکانی جیھان نمایش دەکرێت.

 

 

مەنسوور جیھانیـ فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" لە دەرھێنانی "شەوکەت ئەمین کورکی" سێ خەڵاتی سەرەکی ١٧مین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "ریڤێرران" لە ئەمەریکای بەدەستھێنا.

فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" Memories On Ston لە دەرھێنانی سینەماکاری کورد "شەوکەت ئەمین کورکی" کە بەرھەمی ھەرێمی کوردستان و وڵاتی ئەڵمانیایە، بە نوێنەرایەتیی لە ھەرێمی کوردستان لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکی حەڤدەیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "ریڤێرران" واتە "رووباری بەخوڕ" RiverRun لە وڵاتی ئەمەریکا نمایشکرا و لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی ئەم فیستیڤاڵەوە سێ خەڵاتی سەرەکی باشترین فیلم بە "شەوکەت ئەمین کورکی" دەرھێنەر و "مەمەد ئەکتاش" بەرھەمھێنەری ئەم فیلمە کوردییە، خەڵاتی باشترین ئەکتەری پیاو بە سینەماکاری کورد "حوسێن حەسەن" ئەکتەری سەرەکی و ھەروەھا خەڵاتی باشترین مونتاژ بە سینەماکاری مەھابادی "ئیبراھیم سەعیدی" مۆنتێری ئەم فیلمە بەخشرا.

ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی ئەم فیستیڤاڵە بریتی بوون لە: "نیکۆلاس چادیۆرگ" Nicolas Chaudeurge دەرھێنەر و ھەڵگری چەندین خەڵاتی جیھانی لە وڵاتی فەڕنسا، "کارێن چین" Karen Chien بەرێوەبەری ھونەریی و ھەڵگری چەندین خەڵاتی سینەمایی لە وڵاتی کۆریا و ھەروەھا "کریستییەن ھۆلێری" Christene Hurley بەرنامەداڕێژیی سینەمایی و مامۆستای زانکۆ لە وڵاتی ئەمەریکا.

فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "ریڤێرران" کە بە یەکێک لە گرینگترین فیستیڤاڵەکانی باشووری رۆژھەڵاتی ئەمەریکا دێتەئەژمار، ھەڤدەیەمین خەلی بە نمایشی ١٦٥ فیلم لە دەرھێنەرانی ٣٥ وڵاتی جۆراوجۆری جیھان لە چەندین بەشی پێشبڕکێی "فیلمە بڵندە سینەماییەکان"، بەشی پێشبڕکێی "فیلمە دیکۆمێنتارییەکان" و بەشی پێشبڕکێی "کورتە فیلمەکان" لە ڕۆژانی ١٦ تا ٢٦ی حوزەیران / مایۆی ٢٠١٥ لە وڵاتی ئەمەریکا بەڕێوەچوو.

فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" تا ئێستا لە کۆمەڵێک فیستیڤاڵ لە ئاستی دنیادا چۆتە سەر پەردەی سینەماکان، لەوانە: لە بەشی "ئاسۆکان"ی چل و نۆیەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "کاڕڵۆڤی ڤاری" Karlovy Vary لە چیک، لە بەشی پێشبڕکێی دەیەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "یۆرۆئاسیا" Eurasia لە کازاخستان، لە بەشی پێشبڕکێی "نێتپەکی ئاسیا" لە بیستەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "کەڵکەتە" Kolkata لە ھیندستان، لە بەشی دەرەوەی پێشبڕکێی بە ناونیشانی "پەنجەرەیەک بەرەو سینەمای ئاسیا" لە نۆزدەیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "پووسان" Busan لە کۆریای باشوور، لە بەشی دەرەوەی پێشبڕکێی بیست و چوارەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "توسیس" Thusis لە سویسڕا، لە بەشی "ئاسۆکان" لە بیست و پێنجەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "ترۆمسۆ" Tromsø لە نۆروێژ، لە سی و ھەشتەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "گۆتێنبێرگ" Goteborg لە سوید، لە ٣٠مین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "سانتا باربارا" Santa Barbara لە ئەمەریکا، لە سی و نۆیەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "کلیلوەند" Cleveland لە ئەمەریکا، لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "دێت ماتێر" Movies That Matter لە ھۆڵەندا، لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "دۆحە" Doha لە قەتەر، لە سی و نۆیەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "ھۆنگ کۆنگ" Hong kong لە وڵاتی ھۆنگ کۆنگ، لە شەشەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "میدڵ ئێست نۆو" Middle Eas Now لە ئیتالیا، لە پازدەیەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "تیبۆڕن" Tiburon لە ئەمەریکا و ھەروەھا لە سی و چوارەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "ئەستەنبووڵ" Istanbul لە تورکیا.

ئەم فیلمە کوردییە ھەروەھا بە ئامادەبوون لە فیستیڤاڵە جیھانییەکانی فیلم، چەندین خەڵاتی

گرینگی بۆ ھەرێمی کوردستان بەدەستھێناوە، لەوانە: خەڵاتی تەندیسی "مرواریی ڕەش" بۆ باشترین فیلمی جیھانی عەڕەبی لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکیی ھەشتەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "ئەبووزەبی" لە وڵاتی ئیماڕات، خەڵاتی "باشترین دەرھێنان" لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکی سێزدەیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "سینەدایز" Cinedayes لە وڵاتی مەکەدوونیا، خەڵاتی "تایبەتی یۆنسکۆ بۆ ھاوبەشی بەرچاو و ھەروەھا پاراستنی جۆری کەلتوورەکان" لە ھەشتەمین خولی خەڵاتەکانی ئیسکرین "ئاسیا پەسیفیک" ASIA PACIFIC ناسراو بە "ئۆسکاری ئاسیا" APSA لە وڵاتی ئوستوڕاڵیا، خەڵاتی سەرەکیی "باشترین فیلم" و خەڵاتی "باشترین سیناریۆ" لە بەشی پێشبڕکێی "ھەفتەی دەرھێنەران" و ھەروەھا خەڵاتی "ڕەخنەگرانی سینەما" لە سی و پێنجەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "فانتاسپۆرتۆ" Fantasporto لە وڵاتی پورتوگال.

 

فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" لە دوایین بەشداری نێونەتەوەیی خۆیدا لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "ئاشتی لە زەوی" POEFF لە شاری شیکاگۆ لە ویلایەتی ئیلینۆی لە وڵاتی ئەمەریکا نمایشکرا و لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی ئەم فیستیڤاڵەوە خەڵاتی "باشترین فیلم" بە "شەوکەت ئەمین کورکی" دەرھێنەر و "مەمەد ئەکتاش" بەرھەمھێنەری ئەم فیلمە کوردییە بەخشرا.

مەنسوور جیھانیـ فیلمی سینەمایی "مەردان" لە دەرھێنانی "بەتین قوبادی" لە ٤١مین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "سیاتێل" لە وڵاتی ئەمەریکا نمایشکرا.

فیلمی سینەمایی "مەردان" یەکەمین بەرھەمی بڵندیی سینەماکاری کورد "بەتین قوبادی" و فیلمی ھەڵبژاردەی وڵاتی عێراق بە ھەشتاو حەوتەمین خولی ڕێوڕەسمی خەڵاتە سینەماییەکانی ئاکادیمیای ئۆسکار لە ساڵی ٢٠١٥، بە نوێنەرایەتیی لە ھەرێمی کوردستان لە دوو سانسی جیاوازدا لە رۆژانی ٣١ ئایار / مایۆ و ٢ی حوزەیران / یۆنیۆی ٢٠١٥ لە بەشی دەرەوەی پێشبڕکێی "سینەمای ھاوچەرخی جیھان" Contemporary World Cinema لە چل و یەکەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "سیاتێل" Seattle لە وڵاتی ئەمەریکا چووە سەر پەردەی سینەماکان و بەو فیلمانەی بەشی دەرەوەی پێشبڕکێی کە لە لایەن بینەرانەوە ھەڵدەبژێردرێن خەڵاتی زێڕینی  Golden Space Needleپێشکەش دەکرێت.

فیستیڤاڵی فیلمی "سیاتێل" کە بە یەکێک لە باشترین فیستیڤاڵەکانی ئەمەریکای باشوور دەناسرێت، خولی چل و یەکەمینی بە بەشداری کۆمەڵێک فیلم لە وڵاتانی جۆراوجۆری جیھان لە چەندین بەشی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی لە رۆژانی ٣١ ئایار / مایۆ تا ٧ی حوزەیران / یۆنیۆی ٢٠١٥ لە شاری سیاتێل لە ویلایەتی واشینگتۆن لە وڵاتی ئەمەریکا بەڕێوەدەچێت.

گۆڤاری ناوداری "ورایتی"، فیستیڤاڵی فیلمی "سیاتێل" بە یەکێک لە ٥٠ فیستیڤاڵی گرینگ و بەرچاوی سینەمای جیھان دەستنیشان کردووە. بنەمای ئەم فیستیڤاڵە رەخساندنیی دەرفەتە بۆ فیلمەکان بۆ ئەوەی کە وەکوو گرینگترین فیلم لە ئەمەریکا بناسرێن.

فیلمی سینەمایی "مەردان" نوێترین بەرھەمی "بەتین قوبادی" دوای نمایشی سەرکەوتووانە لە یەکەمین بەشداریی نێونەتەوەیی خۆی لە بەشی "دۆزینەوەکان" Discovery بە ناونیشانی "داھاتووی سینەمای جیھان" لە سی و نۆیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی تۆرێنتۆ لە کەنەدا، لە فیستیڤاڵی جۆراوجۆری نێودەوڵەتیی لە ئاستی جیھاندا نمایشکراوە، لەوانە: لە بەشی "سینەمای جیھان" لە چل و پێنجەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "گۆوا" لە ھیندستان، لە بەشی پێشبڕکێی "شەوی عەڕەبی" لە یازدەیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "دووبەی" لە ئیماڕات، لە بەشی "دەنگی نوێی" لە سی و ھەشتەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "گۆتێنبێرگ" لە سوید، لە دوازدەیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "گلاسکۆ" لە بەریتانیا، لە بیستەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "ویلنیوس" Vilnius بە ناونیشانی "کینۆ پاواساریس" Kino Pavasaris لە وڵاتی لیتوانی و چەندین فیستیڤاڵی دیکە.

ئەم فیلمە کوردییە ھەروەھا بە ئامادەبوونی "بەتین قوبادی" لە بەشی پێشبڕکێی "بیرۆکە وەرگرتن" inspired لە میانەی چواردەیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "ئەستەنبووڵ" لە تورکیا نمایشکرا و لە لایەن رەخنەگرانی سینەمای ئەم وڵاتەوە خەڵاتی باشترین فیلمی و لەڕاستیدا دووەمین خەڵاتی گرینگی ئەم فیستیڤاڵە بە "بەتین قوبادی" دەرھێنەری ئەم فیلمە بەخشرا. قوبادی دوای وەرگرتنی خەڵاتی رەخنەگرانی تورک، ئەم خەڵاتەی پێشکەش بە کچانی خەباتکاری کورد لە شنگاڵ و کۆبانێ کرد.

 

فیلمی سینەمایی "مەردان" لە دوایین بەشداری نێونەتەوەیی خۆیدا، لە رۆژانی ٢٣ نیسان / ئەپرێل تا ٢ ئایار / مایۆی ٢٠١٥ لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "موڤ" Mooov لە وڵاتی بەلژیکا نمایشکرا.

بەمەبەستى گەیاندنى پرسەنامەو هاوخەمى بەڕێز مسعود بارزانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان و سەرۆکایەتى حکومەتى هەرێم بەبۆنەى کۆچى دوایى بو بایدن کوڕى بەڕێز جۆ بایدنى جێگرى سەرۆکى ئەمەریکا، دواى نێوەڕۆى ئەمڕۆ بەڕێزان د. فوئاد حوسێن سەرۆکى دیوانى سەرۆکایەتى هەرێم و فەلاح مستەفا بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوەى حکومەت بە نوێنەرایەتى سەرۆکى هەرێمى کوردستان و سەرۆکایەتى حکومەتى هەرێم سەردانى کونسوڵگەرى گشتى ئەمەریکایان لە هەولێر کرد و لەلایەن جۆزێف پێننیگتۆن کونسوڵى گشتى ئەمەریکا و بەرپرسانى کونسوڵگەرى پێشوازیان لێکرا.

سەرۆکى دیوانى سەرۆکایەتى هەرێم بەناوى جەنابى سەرۆکى هەرێم ویڕاى نیشاندانى هاوخەمى و سەرەخۆشى کردن لە جۆ بایدن و گەل و حکومەتى ئەمەریکا، ستایشى رۆلى بەرێز جۆ بایدن جێگرى سەرۆکى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمەریکاى کرد کە هەمیشە پشتگیرى لە ئەزموونى هەرێم و گەلى کوردستان کردووەو چەندین جار سەردانى هەرێمى کوردستانى کردووەو پشتگیرى وڵاتەکەى بۆ هەرێمى کوردستان دووپاتکردۆتەوە.

لە بەرامبەردا جۆزێف پێننیگتۆن کونسوڵى گشتى ئەمەریکا سوپاس و پێزانینى خۆى بۆ هاوخەمى و هاوسۆزى و ئەو سەردانەى بەرپرسانى هەرێم نیشانداو دڵنیاى کردن کە پەیامەکە دەگەیەننە واشنتن، بەڕێزیان جەختى لەسەر پەیوەندى پتەوو دۆستایەتى نزیکى هەردوولا کردەوە. 

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی