كۆسره‌ت ره‌سول عه‌لی رایده‌گه‌یه‌نێ كه گه‌لی كورد دۆستی راسته‌قینه‌ی دیموكراسی و مافی مرۆڤه له سه‌رجه‌م جیهانداو خه‌باتی چه‌ند ساڵه‌و ئه‌و هه‌موو قوربانیدانه‌ش هه‌ر له‌م پێناوه بووه.
ئه‌م وتانه‌ی كۆسره‌ت ره‌سول عه‌لی جێگری سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان به ئاماده‌بوونی "ده‌رباز كۆسره‌ت ره‌سول- وه‌زیری ئاوه‌دانكردنه‌وه‌و نیشته‌جێ كردن" ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 16/12/2014 له میانی پێشوازیكردنی له ژماره‌یه‌ك له ئه‌ندامانی كۆنگرێسی ئه‌مریكی هات، كه پێكهاتبوون له"كیڤن مێكارسی- سه‌رۆكی وه‌فد و به ئه‌ندامیه‌تی هه‌ریه‌ك له" ماك سۆرنبێری، رۆدنی فریلانسه‌ر، دیڤن نونس".
له سه‌ره‌تای دیداره‌كه‌دا جێگری سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان به‌خێرهاتنی وه‌فدی میوانی كرد‌و باسی بارودۆخی عێراق و ناوچه‌كه‌ی كرد‌و رایگه‌یاند "جه‌نگی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆر جه‌نگی هه‌موو جیهانی دیموكراسی و مرۆڤایه‌تییه‌و ئه‌مڕۆ گه‌لی كورد به‌وپه‌ڕی توانایه‌وه ده‌یكات".
لای خۆیه‌وه كێڤن مێكارسی رایگه‌یاند"ئێمه له نزیكه‌وه ئاگاداری ره‌وشی عێراق و جه‌نگی تیرۆرین و سوپاسی گه‌لی كورد و پێشمه‌رگه ده‌كه‌ین كه به شێوه‌یه‌كی ئازایانه رووبه‌ڕووی تیرۆر ده‌بنه‌وه و هه‌وڵی زیاتر ده‌ده‌ین له‌رووی ته‌كنیكی و سه‌ربازییه‌وه هاوكاری زیاتری پێشمه‌رگه بكه‌ین".
له به‌شێكی وتهكان و له‌باره‌ی ئه‌م جه‌نگه‌ی ئێستا رووده‌دات، كۆسره‌ت ره‌سول عه‌لی گوتی"ئه‌و جه‌نگه‌ی ئێستا رووبه‌ڕوومان بۆته‌وه جیاوازه له جه‌نگه‌كانی تر، به‌ڵام ئێمه توانیومانه رووبه‌ڕووی ببینه‌وه و تێكی بشكێنین و ئه‌گه‌ر هاوكاری سه‌ربازی باشتر بكرێین، ئه‌وا بێگومان له ماوه‌یه‌كی دیاریكراودا كۆتایی به‌م جه‌نگه ده‌هێنین".
جێگری سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان گوتیشی"پێویسته له زووترین كاتدا هاوپه‌یمانێتی بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی داعش فراوانتر بكرێ و هاوكاری زیاتری هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان بكرێ".
لای خۆیانه‌وه وه‌فدی كۆنگرێسی ئه‌مریكی به‌ڵێنیان دا كه هه‌وڵی جدی بده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی له‌رووی سه‌ربازی و ته‌كنیكی و میدیاییه‌وه هاوكاری پێشمه‌رگه بكه‌ن".
له كۆتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هه‌ردوولا رایانگه‌یاند پێویسته ئه‌م جۆره كۆبوونه‌وانه به‌رده‌وام بن و زیاتر و به بایهخترهوه لێی بڕوانرێ.
ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان به توندی ته‌قینه‌وه تیرۆرستییه‌كانی دوێنێ و ئه‌نجامده‌رانیان له شاری خۆشه‌ویستی كه‌ركووك، ئیدانه و ڕیسوا ده‌كات و پرسه و سه‌ره‌خۆشی له كه‌سوكاری شه‌هیدان و كه‌ركووك و ته‌واوی كوردستان ده‌كات، هیوای زووچاكبوونه‌وه‌ش بۆ برینداران ده‌خوازێت.
تیرۆرستان و دوژمنانی ژیان و ئازادی و مرۆڤایه‌تی، كه له هه‌موو به‌ره‌كانی جه‌نگدا ڕۆژ به ڕۆژ گورزی كوشنده‌یان له‌سه‌ر ده‌ستی پێشمه‌رگه قاره‌مانه‌كان به‌رده‌كه‌وێت، وه‌ك پیشه‌ی قێزه‌وه‌نی خۆیان هه‌میشه له كاتی شكست و كه‌وتندا، په‌نا بۆ كاری ترسنۆكانه‌ی تیرۆر و شه‌هیدكردنی خه‌ڵكی سڤیل و به‌ئامانجگرتنی شوێنه مه‌ده‌نییه‌كان ده‌به‌ن، به‌ڵام هه‌موو لایه‌ك دڵنیا ده‌كه‌ینه‌وه كه تیرۆر هه‌رگیز كۆڵمان پێنادات و پێشمه‌رگه قاره‌مانه‌كانی كوردستان، تا كۆتایی و تا له‌ناوبردنی تیرۆرستان، له خه‌بات و تێكۆشان و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تاریكیی تیرۆر به‌رده‌وام ده‌بن و وه‌ك هه‌میشه سه‌رده‌كه‌ون.
نه‌مری بۆ شه‌هیدان، سه‌ركه‌وتن بۆ پێشمه‌رگه، بژی كوردستان.
ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان
2014/12/5
ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه 1ی دیسه‌مبه‌ری 2014 له به‌غدا، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی و شاندی یاوه‌ری له لایه‌ن به‌ڕێز عه‌ممار ئه‌لحه‌كیم سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی باڵای ئیسلامی له عیراقه‌وه پێشوازییان لێكرا.
له دیدارێكدا به‌ڕێز ئه‌لحه‌كیم، خۆشحاڵیی خۆی به سه‌ردانی به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران و شاندی باڵای حكوومه‌تی هه‌رێم كوردستان بۆ به‌غدا ده‌ربڕی و هیوای خواست ئه‌م سه‌ردانه و ده‌ستپێكردنی گفتوگۆكان ببێته هۆكاری چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی هه‌ولێر و به‌غدا و جه‌ختی له‌وه كرده‌وه كه عیراق به هه‌رێمی كوردستان و هه‌رێم و كوردستانیش به عیراقه‌وه به‌هێزه و هه‌ردوولا ته‌واوكه‌ری یه‌كترن، بۆیه ده‌بێ كێشه‌كانیان چاره‌سه‌ر بكه‌ن و پێكه‌وه به‌ره‌نگاری تیرۆر ببنه‌وه. هه‌روه‌ها ستایشی ڕۆڵی هه‌رێمی كوردستان و پێشمه‌رگه‌ی كرد كه ڕۆڵێكی گه‌وره له داڵده‌دانی خه‌ڵكی ئاواره و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆردا ده‌گێڕن.
لای خۆیه‌وه به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی دووپاتی كرده‌وه كه شاندی هه‌رێمی كوردستان به نیازی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان له به‌غدایه و ده‌یه‌وێ چاره‌سه‌رێكی عیراقییانه بۆ كێشه‌كان هه‌بێت. هه‌روه‌ها سوپاس و ستایشی ڕۆڵی به‌ڕێز د. عادل عه‌بدولمه‌هدی وه‌زیری نه‌وتی عیراقی كرد كه به‌و سه‌ردانه‌ی پێشتر بۆ هه‌ولێر كردی، ده‌ستپێشخه‌ری كرد و زه‌مینه‌ی ده‌ستپێكردنی دیالۆگ و دانوساتانی بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی هه‌ولێر و به‌غدا، ڕه‌خساند. باسی له‌وه‌ش كرد كه به‌و كه‌شه ئه‌رێنییه‌ی له به‌غدا هه‌یه خۆشحاڵه و هیوا ده‌خوازێ بگه‌نه چاره‌سه‌رێكی واقعیانه بۆ ته‌واوی كێشه‌كان.
ڕێوڕه‌سمى هه‌ڵمه‌تى ڕاگه‌ياندنى دوو هه‌فته چالاكى بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى توندوتيژى دژى ژنان
سه‌رله‌به‌یانیى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 25ى نۆڤه‌مبه‌رى 2014، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان، به‌شدارى له ڕێوڕه‌سمى هه‌ڵمه‌تى ڕاگه‌یاندنى دوو هه‌فته چالاكیى بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى توندوتیژى دژى ژنان كرد، كه له لایه‌ن ئه‌نجومه‌نى باڵاى كاروبارى خانمانه‌وه له هه‌ولێر ساز كرا.
لە ڕێوڕەسمەکەدا هه‌روه‌ها به‌ڕێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران و ژمارەیەک لە به‌ڕێزان وەزیرانی حکوومەت و سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای خانمان و چه‌ندین بەرپرسی حکوومی و نوێنەرانی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان به‌شدار بوون و له وته‌یه‌كدا كه به‌م بۆنه‌یه‌وه پێشكه‌شى كرد، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌ره‌تا سڵاو و ڕێز و خۆشەویستى ئاراستەی پێشمه‌رگه كرد کە هەر لە کۆبانێ تا دەگاتە جەلەولا و سەعدیە، ئەمڕۆ لە شەڕدان بۆ بەرگریکردن لە مافی خەڵکی کوردستان.
هه‌روه‌ها گوتى "سەری ڕێز و نەوازش بۆ پێشمەرگانە دادەنوێنین کە لەو ماوەیەدا لەپێناو بەرگریکردن لە وڵاتەکەماندا شەهید بوون. یادیان دەکەینەوە و داوای چاکبوونەوەی خێراش دەکەین بۆ ئەو بریندارانەی لەم شەڕەدا بریندار بوون. هیواخوازین زوو چاک ببنەوە و هیوادارین بە هاوکاریی هەموو لایەک بتوانین وڵاتەکەمان لەو بارودۆخەی ئێستا دەرباز بکەین."
ئاماژه‌ى به‌وه‌ش دا ئه‌مساڵ له بارودۆخێکی جیاوازتردا ئه‌م هه‌ڵمه‌ته ڕاده‌گه‌یه‌نرێت، که به‌هۆی هێرش و تاوانکارییه‌کانی تیرۆرستانه‌وه، ئافره‌تان به‌تایبه‌تی له‌و شوێنانه‌ی که‌وتوونه‌ته به‌ر په‌لاماری تیرۆر، له ڕه‌وشێکی سه‌خت و له بارێکی مرۆیی و ده‌روونیی قورسدان و بوونه‌ته قوربانیی توندوتیژییه‌کی له‌ڕاده به‌ده‌ر.
ڕوونیشى كرده‌وه كه دوای هێرشە دڕندەکانی داعش و ئەو بارە نائارامەی لە ناوچەکە دروست بوو، خەڵکێکی زۆر دەربەدەر و ئاوارە بوون. خەڵکێکی زۆر، ڕۆڵە و کەسوکاری ئازیزی خۆیان لە دەست دا. ژمارەیەک لە کچ و ژنان ڕفێندران و ڕاستە هەرێمی کوردستان توانی باوەش بۆ خوشک و برایانی ئاوارە، بە ئێزدی، مەسیحی، موسڵمان، شەبەک، کاکەیی، تورکمان، کورد و عەرەبەوه بکاتەوە، بەڵام بارودۆخێکی تایبەت هاتە ئارەوە، کە مامەڵەیەکی جیا و تایبەتی پێوست بووە.
باسى له‌وه‌ش كرد كه ئەمڕۆ ژمارەیەکی زۆری خەڵکی ئاوارە و په‌نابه‌ر، که نزیکه‌ی یەک ملیۆن و پێنجسه‌د هه‌زار كه‌س ده‌بن، لە هەرێمی کوردستانن. خه‌ڵک و حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش، به تواناکانی خۆی و بە هاوکاری و کۆمەکی نێودەوڵەتی، توانیویه‌تی تا ڕادەیەک که‌مپی نیشتەجێبوونیان بۆ دروست بكات و له زۆر له که‌مپه‌کاندا منداڵان گەڕاونەتەوە قوتابخانە و هەوڵ دراوه بارودۆخەکە ئاسایی بکرێته‌وه، بەڵام مەینەتی و ئازارەکان کۆتای‌یان نەهاتووە هه‌وڵه‌كان به‌رده‌وامن.
هه‌روه‌ها به بیرى هێنایه‌وه كه ژن، هەمیشە قوربانیی یەکەمی جەنگەکان بووە و داعش ئافرەتی وەک ستراتیژێکی جەنگ بە کار هێناوە و گەورەترین تاوانی جەنگی بەرامبەر بە ژنان کردووە. ئافرەتانی کوردستانیشى دڵنیا كرده‌وه کە حكوومه‌ت کۆڵ نادات لە خەبات دژی جەنگ و توندوتیژی، لەپێناوی دابینکردنی ماف و ئازادی بۆ ژن و پیاو بە یەکسانی. هەموو پێشێلکارییەکى بەرامبەر بە ئافرەت، چ لەناو ماڵ و چ لە بەرەکانی جەنگ بێت، به پێشێلکردنی مافی مرۆڤى له قه‌ڵه‌م دا و لە ڕێگای ڕاگەیاندنی ئەم هەڵمەته‌وه جەختى لەسەر باوەڕ و بڕوابوون به پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و گەشەپێدانی زیاتری پرۆسەی دیموکراسی لە کوردستان كرده‌وه.
به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران هه‌روه‌ها گوتى: "ئێمە که ئەمڕۆ لێره بۆ ڕاگه‌یاندنی ئه‌م هه‌ڵمه‌ته کۆبووینەته‌وە، لە ناخەوە هەست بە ئازار و مەینەتییەکانی ئەو ژنانە دەکەین، کە لە هێرشە دڕندەکانی داعشدا ڕفێندران و کرانە کۆیلە و مامەڵەیەکی نامرۆییی وایان لەگەڵ کراوە، کە دەچێتە بازنەی تاوانی جەنگ و جینۆسایدەوە. کەیسی ئەو خوشکە ئێزیدیانە هەر لە سەرەتاوە جێگەی ئه‌وپه‌ڕی گرنگی و بایەخی ئێمە بووه، بۆیە کۆمەڵێک ڕێکارمان دەست پێکردووە. ئامانجمان لەم کارانە، ڕزگارکردنی ئەو ئافرەتە خۆشەویستانە و هاوکاریکردنیانە، بۆ گەڕانەوە بۆ ناو ژیانی ئاساییی خۆیان لەنێو ماڵ وکۆمەڵگەکەیان."
هه‌روه‌ك چۆن باسى له‌وه كرد هه‌ر له‌م له‌م بۆنه‌یه‌دا، بیریان لای ئه‌و ژن و خوشکه مه‌سیحیانه‌شه، که له ناوچه‌کانی ده‌شتی نه‌ینه‌وا و مووسڵ و ده‌وروبه‌ری و له شوێنه‌کانی دیکه، ناچار کران ماڵ و حاڵ و زێدی خۆیان جێ بهێڵن و ئاواره‌ی ناوچه جیاکانی هه‌رێمی کوردستان ببن و گوتى: "هه‌ست به ژان و ئازاری ئاواره‌یی و ماندووییی ئه‌وانیش ده‌که‌ین."
هه‌روه‌ها ڕوونى كرده‌وه كه شۆک و ئازارێکی دیکه‌ی دژواری ئه‌م تاوانکاری و هێرشه تیرۆرستیانه، ئه‌و برینه قووڵه و ئه‌و که‌رتبوونه کۆمه‌ڵایه‌تییه گه‌وره‌یه بوو، که له که‌لتووری سه‌دان ساڵه‌ی ته‌بایی و پێکه‌وه‌ژیان و ئاشتیی کۆمه‌ڵایه‌تیی پێکهاته ئایینی و نه‌ته‌وه‌ییه‌کاندا، دروست بوو. ڕووخانی پرده‌کانی بڕوا و متمانه بوو له نێوان دوو دراوسێدا، که خاوه‌ن دوو بڕوا و دوو ئایینی جیا بوون و سه‌دان ساڵه پێکه‌وه ده‌ژین، به‌ڵام زۆر به‌داخه‌وه هه‌ر له یه‌که‌م تێکچوونی بارودۆخه‌که‌دا، له‌ناکاو کۆتایی به‌و پێکه‌وه‌ژیانه دێرینه هات و ئه‌وى له‌و ناوچانە بەسەریاندا هات دوور بوو لە هەموو کارێکی مرۆڤایەتی.
به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى له وته‌كه‌یدا هاته سه‌ر باسى ئافره‌تی کورد كه بە درێژاییی مێژوو ڕووبه‌ڕووی زۆر جۆری توندوتیژی و نەهامەتی بۆتەوە، بەڵام هەمیشە لەسەر پێ وەستاوە و نەکەوتووە. وه‌ك چۆن ئەمڕۆ ژنانی کورد بۆ نموونە لە کۆبانێ، ڕووبه‌ڕووی هێزەکانی داعش بوونەتەوە و لە هەرێمی کوردستانیش، ژن بە هەمان شێوە خەبات دەکات، بەڵام بەپێى جیاوازیی دۆخەکە، خەباتى ژنان له هه‌رێم شێوازی جیاوازی وەرگرتووە.
هه‌روه‌ها گوتى: "ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستان ئافره‌تان چالاکانە بەشداریی کاری سیاسی و پەرلەمانی و ڕێکخراوەیی و پیشەیی دەکەن. بە هەوڵ و توانای خۆیان و پشتگیریی حکوومه‌تیش، توانیویانە ڕێژەی کۆتا لە پەرلەمان بە 30% دابین بکەن. من کار دەکەم و هیوا دەخوازم کە ئەو کۆتایە، لە ناو کابینەی حکوومەتیش لە داهاتوودا رەنگبداتەوە."
ئاماژه‌ى به ڕۆڵى ژنان و هێز و توانایان كرد، كه هاوکار بوون لە دەستکاریکردنی یاسا عێراقییەکان و توانیویانە فرەژنی سنوردار بکەن، توندوتیژی بە بیانووی شەرەف وەکوو تاوان پێناسە بکەن، لە ڕێگەی یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزانییەوە، دادگای تایبەت بە توندوتیژی بخەنە گەڕ. هەموو ئه‌مانه‌یشى به دەستکەوتى خەباتی ئافرەتانی کوردستان له قه‌ڵه‌م دا و ئەم خەباتەى ئه‌وانى بەرز نرخاند. جه‌ختیشى له‌وه كرده‌وه كه وەک دەسەڵاتی جێبه‌جێکردن و کارگێڕى لە هەرێمی کوردستان، بەردەوام دەبن لە هەوڵ و کارەکان، بۆ زیاتر چەسپاندنی ماف و ئازادییەکان و پێشخستنی پرۆسەی دیموکراسی لە وڵات. ئه‌وشى گوت كه بۆ گەیشتن بەم ئاستە، دەبێ لەسەر هەموو ئاستێکی ناو خێزان و شوێنی کار و مەیدانەکانی جەنگ، بەرەنگاری توندوتیژی ببنەوە.
هه‌روه‌ها خۆشحاڵیى خۆى ده‌ربڕى کە به‌پێى بەدواداچوونى بۆ ئەم پرسانه، ئامارەکانی کوشتن و خۆسووتاندن له هه‌رێمی کوردستان کەمیان کردووە، ئەمەش لە هەرسێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان، چونكه ئافرەتان هۆشیارن بەرامبەر بە مافەکانیان و سەردانی بنکە و ئۆفیسه‌کانی پۆلیس و بەڕێوەبەرایەتییەکان دەکەن و سکاڵا لە دژی تۆمەتباران تۆمار دەکەن. دووپاتیشى كرده‌وه كه لە ڕێگای بۆردی چاودێری و ئەنجومەنی کاروباری خانمان و بەڕێوەبەرایەتییەکانەوە، کار دەکەن بۆ ئەوەی دادوەری دابین بکرێت و مافی ژن بە هیچ جۆرێک پێشێل نەکرێت.
ئه‌وه‌شى نه‌شارده‌وه كه بۆ گۆڕانی یاساکان لە هەرێمی کوردستان و لە جێبەجێکردنی یاساکاندا، ڕووبه‌ڕووی تەحەددا بوونه‌تەوە، بەڵام کاریان کردووە بۆ ئەوەی ئەو تەحەددایانە ببەزێنن، ئەمەش لە ڕێگای پرۆگرامی هۆشیاریی گشتی لەسەر ئاستی دادوەری و پۆلیس و لە قوتابخانە و زانکۆکانیش، كه‌چى هێشتا تەحەددایان له‌پێشه و ئەم پرۆسەیە پێویستى به هاوکاریی هەمەلایەن هەیە بۆ ئه‌وه‌ى بگەینە سەرکەوتن.
هه‌ر له‌مباره‌یه‌وه گوتى: "کارکردنی ئێمە بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی، خەباتە دژی هەموو هێزێکی توندڕەو و تاریک، چ لە بەرەکانی جەنگ بێت، چ لەناو ماڵ و هەموو سووچێکی ئەم کوردستانە بێت. دەمێکە ئەم خەباتەمان دەست پێکردووە، دەستکەوتیشمان هەبووە، بەڵام ئامانجی ئێمە ئەوەیە کە توندوتیژی بنبڕ بکەین، چونکه تا ئافرەت لە زوڵم و چەوساندنەوەدا بژیت، بە هیچ شێوەیەک کۆمەڵگە ئاسوودە نابێت."
لە کۆتاییدا هیوای سەرکەوتنى بۆ هەموو لایەک خواست و ڕایگه‌یاند: "با بیرمان نەچێت کە خەباتی ئێمە ڕۆژانەیە و دەبێ هەمیشە لە ئامادەباشیدا بین بۆ بەزاندن و نه‌هێشتنی پێشێلکاری و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندڕەوی و چەوساندنەوەی مرۆڤ. پێشێلکردنی مافی ژن، پێشێلکردنی مافی مرۆڤە و دەبێ لە وڵاتەکەماندا هەوڵی بنبڕکردنی بکرێت. بۆیه با هه‌موومان پێکه‌وه کار بکه‌ین بۆ دروستکردنی ناتوندوتیژی و بۆ به‌دیهێنانی کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی به‌تاڵ له توندوتیژی دژی ژنان."
ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 12ی نۆڤه‌مبه‌ری 2014، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له به‌ڕێز د. ئێستیڤان میكۆلا وه‌زیری ده‌وڵه‌ت بۆ كاروباری ده‌ره‌وه و بازرگانیی هه‌نگاری و شاندێكی یاوه‌ری كرد كه له به‌ڕێزان وه‌زیری ده‌وڵه‌ت بۆ كاروباری به‌رگری، ڕاوێژكاری سه‌رۆك وه‌زیران بۆ كاروباری ئاسایشی وزه و باڵیۆزی هه‌نگاریا له به‌غدا و كونسلی گشتیی هه‌نگاریا له هه‌ولێر، پێكهاتبوو.
شانده‌كه خۆشحاڵیی خۆی به سه‌ردانی كوردستان و به‌شداریكردنیان له ڕێوڕه‌سمی كردنه‌وه‌ی كونسلخانه‌ی گشتیی هه‌نگاریا له هه‌ولێر ده‌ربڕی و، ده‌ستخۆشی له حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كرد كه توانیویه‌تی زۆر پێشكه‌وتنی به‌رچاو له هه‌موو بواره‌كانی ئاوه‌دانكردنه‌وه و پێشخستنی وڵات‌دا به ده‌ست بێنێت. هه‌روه‌ها ده‌ستخۆشییان له خه‌ڵك و پێشمه‌رگه‌ی كوردستان كرد كه توانیویانه ڕووبه‌ڕووی تیرۆر ببنه‌وه و به‌سه‌ر تیرۆرستاندا سه‌ربكه‌ون و ببنه هێڵی یه‌كه‌می به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر. جه‌ختیشی له‌وه كرده‌وه كه وه‌ك چۆن هه‌نگاریا هاوكاریی هه‌رێمی كردووه، له‌مه‌ودواش له پێشكه‌شكردنی هاوكاری به‌رده‌وام ده‌بێت.
په‌یوه‌ندیی دووقۆڵیی نێوان هه‌رێمی كوردستان و هه‌نگاریا و چۆنیه‌تیی بره‌ودان به په‌یوه‌ندییه‌كان له بواره‌كانی كه‌لتووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری و وزه و سیاسی و دیپلۆماسیدا، به‌شێكی دیكه‌ی دیداره‌كه بوو. هه‌روه‌ها باس له په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر و به‌غدا و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان له ڕێگه‌ی دیالۆگه‌وه كرا.
به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیران سوپاسی سه‌ردانی شانده‌كه و هاوكارییه‌كانی هه‌نگاریای بۆ هه‌رێمی كوردستان كرد و، ده‌ستخۆشی و پیرۆزبایی لێ‌كردن بۆ كردنه‌وه‌ی كونسلخانه‌ی گشتیی وڵاته‌كه‌یان له هه‌ولێر و دووپاتی كرده‌وه كه حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌موو هاوكارییه‌ك بۆ سه‌ركه‌وتنی كاره‌كانی كونسلخانهكه پێشكه‌ش ده‌كات. ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا كه هه‌رێمی كوردستان و هه‌نگاریا ده‌توانن له زۆر بواردا هاوكار بن و هه‌رچه‌نده ئێستا شه‌ڕی تیرۆر هه‌یه، به‌ڵام له داهاتوودا ده‌رفه‌تی زۆری ئه‌نجامدانی كار و پرۆژه له هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت.
له دیداره‌كه‌دا، به‌شداریی هه‌رێمی كوردستان له حكوومه‌تی عیراقدا و هه‌وڵه‌كان بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان و سه‌ردانی چاوه‌ڕوانكراوی به‌ڕێز وه‌زیری نه‌وتی عیراق بۆ هه‌ولێر باس كرا، به‌و هیوایه‌ی كه ببێته زهمینهخۆشكهرێك بۆ هه‌نگاونان به‌ره‌و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان و ده‌ستپێكردنی گفوگۆكان. هه‌ر له‌م سه‌ردانه‌ی شاندی هه‌نگاریدا، پرۆتۆكۆلێكی لێكگه‌یشتن له نێوان هه‌رێمی كوردستان و هه‌نگاریادا بۆ هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی له بواره جیاكانی كولتوری، شوێنه‌وار، بازرگانی و چه‌ندین بواری دیكه‌دا، له لایه‌ن به‌ڕێز قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێم و سه‌رۆكی شانده‌كه‌دا ئیمزا كرا.
ئه‌م وتانه‌ی جێگری سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه 10/11/2014 له میانی پێشوازی كردنی له جه‌نه‌ڕاڵ بارباڕۆی ئه‌مریكی هات.
له دیدارێكدا هه‌ردوولا گفتوگۆیان كرد له باره‌ی دوایین گۆڕانكارییه‌كانی جیهان و ناوچه‌كه‌و هه‌وڵه‌كانی كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆر له جیهان، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته كۆسره‌ت ره‌سول عه‌لی"گۆڕانكارییه‌كانی ئه‌مدواییه‌ی جیهان و ناوچه‌كه سه‌لماندی كه ئیتر كورد به‌شێكی گرنگ و سه‌ره‌كییه له هاوكێشه‌كانی جیهان و ئه‌و پێشهاتانه‌ی دێنه پێشه‌وه".
له به‌شێكی تری قسه‌كانیدا جێگری سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان باسی له قاره‌مانیه‌تی پێشمه‌رگه‌و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ تیرۆرستان كرد‌و گوتی"له ئێستادا له چه‌ندین شوێن و ناوچه‌ی جیاواز پێشمه‌رگه قاره‌مانه‌كانی كوردستان به‌رگری له خاكی كوردستان ده‌كه‌ن و رووبه‌ڕووی تیرۆرستان ده‌بنه‌وه".
لای خۆیه‌وه جه‌نه‌ڕاڵ بارباڕۆی ئه‌مریكی سوپاسی ئه‌و پێشوازییه‌ی جێگری سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانی كرد‌و گوتی"ئێمه ده‌مانه‌وێ هاوكاری و پاڵپشتی زیاتری هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان بكه‌ین و پاڵنه‌رێكی ئه‌كتیڤ بین بۆ زیاتر پێشخستنی تواناكانی ئه‌م هێزه".
له كۆتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هه‌ردوولا تاوتوێی چه‌ند پرسێكی تری تایبه‌ت به ره‌وشی پێشمه‌رگه‌و هه‌نگاوه‌كانی داهاتووی ئه‌م هێزه‌یان له كوردستان كرد‌و به‌گرنگیان زانی هاوكارییه نێوده‌وڵه‌تی و سه‌ربازییه‌كان زیاتر بێ بۆ سه‌ركه‌وتنی زیاتری جیهان به‌سه‌ر تیرۆرستاندا.
ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 11/11/2014 به‌ڕێز مسعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان به مه‌به‌ستی به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه و ئاگاداربوون له بارودۆخی مه‌یدانی و پێداویستییه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه لە بەرەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان له كه‌ركووك و دووزخورماتوو و داقوق و قه‌ره‌ته‌په و خانه‌قین و جه‌له‌لا و سه‌عدیه سه‌ردانی شاری خانه‌قینی كرد و له‌گه‌ڵ به‌رپرسی میحوه‌ر و فه‌رمانده سه‌ربازییه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له میحوه‌ری گه‌رمیان - خانه‌قین كۆبۆوه.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا سه‌رۆك بارزانی له وته‌یه‌كدا سەرەتا ده‌ستخۆشی له خۆراگری هێزی پێشمەرگە كرد و سوپاسی قاره‌مانێتی پێشمه‌رگه‌ی له‌و میحوه‌رانه كرد كە توانیویانە هێرشی تیرۆریستان تێكبشكێنن و ڕێگە لە نزیكبوونەوە و پێشڕەوییان بگرن و خۆشحاڵی خۆیشی ده‌ربڕی به‌وه‌ی سه‌ردانی ئەم میحوەرەی كردووە و له نزیكه‌وه چاوی به پێشمه‌رگه كه‌وتووە. هەروەها سڵاو و درودی خۆی بۆ ئه‌و شه‌هیده قاره‌مانانه نارد كه له پێناو سه‌روه‌ری وڵاته‌كه‌یان و به‌رگری له خاك و ماف و كه‌رامه‌تی خه‌ڵكی كوردستان له شه‌ڕی دژی تیرۆریستانی داعشدا گیانی خۆیان فیدا كردووه.
سه‌رۆك بارزانی له‌باره‌ی یارمه‌تیدانی دۆستان و وڵاتانی ئازاد بۆ هه‌رێمی كوردستان و هێزی پێشمه‌رگه ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، كه به‌ده‌نگه‌وه‌هاتن و یارمه‌تیدانی وڵاتانی دۆستی كوردستان له‌به‌ر ئه‌وه بوو، كه پێشمه‌رگه و گه‌لی كوردستان بەرگری لە به‌هاكانی ئازادی و پێكەوەژیان و لێبووردەیی دەكەن و بەهۆی ئەوە بوو كە هێزی پێشمه‌رگه پێكهاته نه‌ته‌وه‌یی و ئایینیه‌كان ده‌پارێزێ.
هه‌ر له وته‌كه‌یدا سه‌رۆك بارزانی باسی له‌وه‌ش كرد، كه ئێستا هێزی پێشمه‌رگه توانیویه‌تی رێگه له پێشڕه‌وی تیرۆریستان بگرێ و په‌لاماره‌كانیان تێكبشكێنێ و بكه‌وێته هه‌ڵوێستی هێرش بردن و زەبری كوشندە لە تیرۆریستانی داعش بوەشێنن.
سه‌رۆك بارزانی له‌باره‌ی مه‌به‌ست و ئامانجی تیرۆریستان له په‌لاماردانی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه شۆڤێنیه‌كان و نه‌یارانی گه‌لی كورد وایانده‌زانی داعش رزگاركاریانه و ده‌توانن به‌هۆی داعشه‌وه ناوچه كوردستانییه‌كان داگیر بكه‌نه‌وه و دۆخه‌كه بگێڕنه‌وه به‌ر له ساڵی 2003. هەروەها مەبەستێكی دیكەی پەلاماردانی كوردستان لە لایەن تیرۆریستانەوە ڕێگەگرتن بوو له پێشكه‌وتن و به‌هێزبوونی كوردستان، چونكه دوژمن ده‌یویست سنوورێك بۆ ئه‌و پێشكه‌وتنانه دابنێ كه له كوردستان به‌دیهاتوون و دۆزی گه‌له‌كه‌مان لاواز بكات، به‌ڵام به‌هۆی خۆڕاگری و قاره‌مانێتی پێشمه‌رگه هاوكێشه‌كه لە به‌رژه‌وه‌ندی گه‌لی كوردستان گۆڕا و ئه‌و خۆڕاگرییه وایكرد پێشمه‌رگه له ئاستی جیهاندا ناوبانگی به‌رز به‌ده‌ست بهێنێت.
سه‌رۆك بارزانی له درێژه‌ی وته‌كه‌یدا دووپاتی له‌وه‌ش كرده‌وه، كه ئێستا گه‌لی كورد له كۆبانێ تا خانه‌قین له دژی تیرۆریستانی داعش شه‌ڕ ده‌كات و ڕۆڵی پێشمه‌رگه له بەهێزكردنی خۆڕاگری و بەرخودانی كۆبانێ بەرز نرخاند و بە مایەی سەربەرزی بۆ كوردستان لە قەڵەم دا.
هەر لەم كۆبوونەوەیەدا بەرپرسە باڵاكانی پێشمەرگە و فەرماندە مەیدانییەكان سەرۆك بارزانیان لە بارودۆخی مەیدانی و پێداویستییەكانی هێزی پێشمەرگە لە میحوەری گەرمیان خانەقین ئاگادار كردەوە و سەرۆك بارزانیش ڕێنمایی و ئامۆژگاریی پێویستی لەبارەی چۆنییەتی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان و دابینكردنی پێداویستییەكانی پێشمەرگە خستەڕوو. هەروەها فەرماندە مەیدانییەكانی میحوەری گەرمیان خانەقین سوپاسی سەرۆك بارزانیان كرد بۆ بەجێگەیاندن و دابینكردنی هەموو ئەو داواكارییانەی لە كاتی سەردانی سەرۆك بارزانی لە جەژنی ڕەمەزان بۆ میحوەری خانەقین ئاراستەی سەرۆك بارزانیان كردبوو. هەر لەم دانیشتنەدا فەرماندە مەیدانییەكانی میحوەری گەرمیان خانەقین سەبارەت بە پێداویستییە هەنووكەییەكانی پێشمەرگە كۆمەڵێك داواكارییان خستەڕوو و سەرۆك بارزانیش دووپاتی كردەوە كە هەموو تواناكانی دەخاتە گەڕ بۆ دابینكردنی پێداویستی و داواكارییەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان.
لە بەشێكی دیكەی ئەم كۆبوونەوەیەدا مستەفا سەید قادر وەزیری پێشمەرگە كە لەم سەردانەدا یاوەری سەرۆك بارزانی بوو لە وتەیەكدا سوپاسی خۆڕاگریی هێزەكانی پێشمەرگەی كرد و ڕاگەیاند كە وەزارەتی پێشمەرگە لەپێناو پڕكردنەوەی پێویستییەكانی بەرەكانی شەڕ لە هەوڵی بەردەوام دەبێت بۆ دابینكردنی پێداویستییەكانی هێزی پێشمەرگە و هەر چییەك هێزی پێشمەرگە پێویستی بێت وەزارەتی پێشمەرگە بۆیان دابین دەكات.
جێگەی ئاماژەیە كە لەم كۆبوونەوەیەدا حەمەی حاجی مەحمود سەرپەرشتی هێزی پێشمەرگە لە شاری كەركووك و فواد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم و ئەنوەر حاجی عوسمان جێگری وەزیری پێشمەرگە و جەعفەر شێخ مستەفا و فەریق شێروان و جەبار یاوەر ئەندامانی فەرماندەیی گشتیی هێزەكانی پاراستنی هەرێم و مەحمود سەنگاوی فەرماندەی میحوەری خانەقین و فەرماندە و بەرپرسە مەیدانیەكانی پێشمەرگە و ژمارەیەك بەرپرسی سیاسی و حزبی و ئیداریی دەڤەری گەرمیان و خانەقین ئامادەی بوون.
ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 5ی نۆڤه‌مبه‌ری 2014، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له به‌ڕێز مایكل فالۆن وه‌زیری به‌رگریی به‌ریتانیا و شاندێكی یاوه‌ری كرد كه له به‌ڕێزان باڵیۆزی به‌ریتانیا له به‌غدا و كونسلی به‌ریتانیا له هه‌ولێر و ژماره‌یه‌ك له به‌رپرسانی سه‌ربازی پێكهاتبوو.
له دیدارێكدا بارودۆخی ئێستای مه‌یدانی و ڕه‌وشی به‌ره‌كانی شه‌ڕ و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆر تاوتوێ كرا و، سه‌ركه‌وتنه‌كانی پێشمه‌رگه و پێداویستییه‌كانی له چه‌كی قورس و ته‌قه‌مه‌نی و پێویستییه سه‌ربازییه‌كانی دیكه، بۆ به‌ده‌ستهێنانی سه‌ركه‌وتنی گه‌وره‌تر له جه‌نگی دژی تیرۆرستانی داعشدا كه له‌سه‌ر هه‌موو جیهان بوونه‌ته مه‌ترسی، خرایه به‌ر باس.
به‌ڕێز وه‌زیری به‌رگریی به‌ریتانیا باسی له به‌سه‌ركردنه‌وه‌یه‌كی خۆی بۆ كه‌مپێكی سه‌ربازی كرد كه تیایدا له لایه‌ن به‌ریتانیاوه مه‌شق و ڕاهێنان به پێشمه‌رگه ده‌كرێت و خۆشحاڵیی خۆی به سه‌ركه‌وتوویی و به‌رزیی ئاستی مه‌شق و ڕاهێنانه‌كان نیشان دا. هه‌روه‌ها دووپاتی كرده‌وه كه وڵاته‌كه‌ی له هاوكاریكردنی سه‌ربازی و مرۆیی بۆ هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وام ده‌بێت و به‌پێی گۆڕانكارییه‌كانی قۆناغی داهاتوو، به شێوازی هاوكاریهكانیدا ده‌چێته‌وه. ده‌رباره‌ی سوپای عیراقیش ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه سوپاس خه‌ریكی خۆڕێكخستنه‌وه‌یه و هه‌ندێ سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ست هێناوه.
له به‌شێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌دا باس له ڕه‌وشی ئاواره و په‌نابه‌ران له هه‌رێمی كوردستان كرا و جه‌خت له‌وه كرایه‌وه كه كۆمه‌ك و هاوكاریی زیاتری مرۆیی پێشكه‌ش به ئاوره‌كان بكرێت به‌تایبه‌تی كه وه‌رزی سه‌رما ده‌ستی پێكردووه و هاتنی زستان بارودۆخی ئه‌وان دژوارتر ده‌كات، بۆیه كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و حكوومه‌تی عیراقیش ده‌بێ هاوكاریی زیاتر پێشكه‌ش بكه‌ن و خۆیان له ئاواره و په‌نابه‌ران به خاوه‌ن بكه‌ن.
لای خۆیه‌وه به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سوپاسی كۆمه‌ك و هاوكارییه‌كانی به‌ریتانیای كرد و داوای كرد كه له كۆمه‌ك و هاوكارییه‌كانی به‌رده‌وام بێت، هه‌روه‌ها ڕۆڵی به‌ریتانیای له هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تیدا به‌رز نرخاند. ده‌رباره‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانیش له‌گه‌ڵ به‌ریتانیا سوپاسی ڕۆڵی باڵیۆزی به‌ریتانیای له بره‌ودان به په‌یوه‌ندییه‌كانی وڵاته‌كه‌ی له‌گه‌ل هه‌رێمی كوردستان كرد و خواستی هه‌رێمی كوردستانی بۆ پێشخستنی په‌یوه‌ندیی دووقۆڵی له هه‌موو بواره‌كاندا دووپات كرده‌وه. به‌ڕێز وه‌زیری به‌رگریی به‌ریتانیش تیشكی خسته سه‌ر گرنگیی دوایین سه‌ردانی به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان بۆ له‌نده‌ن و جه‌خت له كاراكردنی لێكگه‌یشتنی دووقۆڵیی نێوان هه‌ردوولا كرایه‌وه.
له كۆتاییی دیداره‌كه‌دا كێشه‌كانی هه‌ولێر و به‌غدا تاوتوێ كران و به‌رێز وه‌زیر و شاندی به‌ریتانی دووپاتیان كرده‌وه كه وڵاته‌كه‌یان هه‌موو پشتگیرییه‌ك له چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان هه‌ردوولا ده‌كه‌ن و هیواخوازن به زووترین كات هه‌موو كێشه‌كانیان چاره‌سه‌ر بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ردوولا قورسایی بخه‌نه سه‌ر كێشه‌ی سه‌ره‌كی، كه نه‌هێشتنی تیرۆر و تیرۆرستانه. شانده‌كه دووباره ده‌ستخۆشی و پێزانینیان بۆ رۆڵی پێشمه‌رگه و ئه‌و نه‌به‌ردیانه‌ی ئه‌نجامی ده‌ده‌ن، ده‌ربڕی.
له دیداره‌كه‌دا به‌ڕێزان سه‌رۆكی دیوانی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم، وه‌زیری پێشمه‌رگه، وته‌بێژی فه‌رمیی حكوومه‌ت، به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان و نوێنه‌ری حكوومه‌ت له به‌ریتانیا به‌شدار بوون.