نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 5/8/2015 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە بەڕێز حەسەن دانایی فەڕ باڵیۆزی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە عێراق و شاندێكی دیبلۆماسیی یاوەری كرد.
لە دیدارێكدا بەڕێز باڵیۆزی كۆماری ئیسلامیی ئێران خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی هەرێمی كوردستان دەربڕی و ستایشی هەرێمی كوردستانی كرد كە لە پێشكەوتنەكانی بەردەوامە و توانیویەتی بە شێوەیەكی یەكجار باش ڕووبەڕووی هێرش و مەترسییەكانی تیرۆرستانی داعش ببێتەوە و لە ڕووی ئابووریشەوە خۆڕاگر بێت بەرامبەر ئەو قەیرانە داراییەی ڕووبەڕووی بووەتەوە و بە شێوەیەكی زۆر باشیش پێشوازیی لە ژمارەیەكی یەكجار زۆر لە ئاوارە و پەنابەران بكات و شوێنی حەوانەوە و خزمەتگوزاریی پێویستیان بۆ دابین بكات.
پشتگیری و بەردەوامیی هاوكارییەكانی حكوومەتی كۆماری ئیسلامیی ئێرانیشی بۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستان دووپات كردەوە و هەڵوێستی خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستانی لە بارەی هاوكارییكردنی ئاوارە و پەنابەران و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر بەرز نرخاند. هەروەها باسی لە پتەوكردنی زیاتری پەیوەندییەكانی نێوان كۆماری ئیسلامیی ئێران و هەرێمی كوردستان لە بوارە جیاجیاكاندا كرد و هیوای خواست لە هەموو بوارەكاندا پەیوەندیی نێوان هەردو بەرەو پێشتر بڕوات.
لای خۆیەوە بەڕێز سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی سەردانی شاندی میوانی كرد و دڵخۆشیی خۆی دەربارەی پتەوكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئێران دەربڕی و ئاماژەی بەوە كرد كە پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئێران مێژوویین و جەختی لەوە كردەوە كە لە كاتە سەختەكاندا كۆماری ئیسلامیی ئێران هەردەم پاڵپشت و هاوكاری گەلی كورد بووە.
بەڕێز نێچیرڤان بارزانی هەروەها ئەوەی دووپات كردەوە كە هەرێمی كوردستان ئامادەیە هەموو ئاسانكاری پێشكەش دەكات بۆ پتەوكردنی زیاتری پەیوەندییەكانی لەگەڵ كۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەموو بوارەكاندا.
گفتوگۆكردنی بارودۆخی ناوچەكە و عێراق بە گشتی و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدرالی عێراق، لایەنێكی دیكەی دیدارەكە بوو.
"نازم ده‌باغ" له وتووێژ له‌گه‌ڵ ئیلنا: قه‌یرانی داعش بووه هۆی ئیفلاسبوونی ٢٥٠ کۆمپانی/ سۆسیالیسمـمان ناوه‌ته لاوه/ پیله‌وه‌ری و کۆڵبه‌ری ده‌بێته هۆکاری گه‌شه‌ی ئابووری نافه‌رمی
ئیلنا: ئاستی هاوکارییه ئابوورییه‌کانی ئێران و حکومه‌تی هه‌رێم، گرفته‌کانی نێوانیان و کاریگه‌ری قه‌یرانی داعش له‌سه‌ر هاوکارییه ئابوورییه‌کان، بابه‌تی وتووێژی په‌یامنێری ئاژانسی "ئیلنا" بوو له‌گه‌ڵ "نازم ده‌باغ" نوێنه‌ری حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستانی عێراق له تاران.
هاوکاری ئێران و هه‌رێمی کوردستانی عێراق مێژووییه‌کی دێرینی هه‌یه، به پێی قوڵایی و پانتایی مێژوویی ئه‌م هاوکارییه‌ی نێوان ئێران و کوردستانی عێراق، چاوه‌ڕوان ده‌کرێت ئه‌م بابه‌ته له بواری ئابووریشذدا ره‌نگدانه‌وه‌ی پێویستی ببێت. به‌ڵام ئاماره ئابوورییه‌کان ئه‌مه ناگه‌یه‌نێت.
ئاستی هاوکارییه ئابوورییه‌کانی ئێران و حکومه‌تی هه‌رێم، گرفته‌کانی نێوانیان و کاریگه‌ری قه‌یرانی داعش له‌سه‌ر هاوکارییه ئابوورییه‌کان، بابه‌تی وتووێژی په‌یامنێری ئیلنا بوو له‌گه‌ڵ نازم ده‌باغ، نوێنه‌ری حکومه‌تی کوردستانی عێراق له تاران.
ئیلنا:دوای گه‌شه‌کردنی داعش له ناوچه‌که‌دا، گه‌شه‌ی ئابووری هه‌رێمی کوردستانی عێراق دابه‌زیوه، چونکه زۆربه‌ی بودجه‌ی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ته‌رخان ده‌کرێت بۆ به‌شی ئاسایش. له ئێستادا بارودۆخی سه‌رمایه‌گوزاری له پرۆژه‌کانی ئاوه‌دانکردنه‌وه‌و پیشه‌یی به چ شێوه‌یه‌که؟
نازم ده‌باغ: به بڕینی بودجه‌ی هه‌رێمی کوردستانی عێراق له لایه‌ن حکومه‌تی ناوهندییهوهو دوای ئه‌وه سه‌رهه‌ڵدانی داعش، کێشه‌ی گه‌وره بۆ هه‌رێمی کوردستان هاته ئاراوه. شه‌ڕی داعش تیچووه‌کانی حکومه‌تی هه‌رێمی به‌رزکرده‌وه. ئێمه له ئێستادا له‌گه‌ڵ داعش هاوسنوورین و سنوورێکی درێژ، نزیکه‌ی هه‌زار و ٥٠ کیلۆمه‌ترمان له‌گه‌ڵیان هه‌یه و له‌م سنووره هاوبه‌شه‌دا له‌گه‌ڵیان له شه‌ڕداین. له‌م هه‌زار و ٥٠ کیلۆمه‌تره نزیکه‌ی ٣٠ کیلۆمه‌تر هه‌یه که ده‌توانین له رێگایه‌وه هاتوچۆی به‌غداد بکه‌ین. رێگای بازرگانی هه‌رێمی کوردستان ئه‌م رێگایه. ئه‌م بابه‌ته له دابه‌زینی چالاکییه بازرگانییه‌کاندا کاریگه‌ر بووه. بڕینی بودجه‌ی هه‌رێم له لایه‌ن حکومه‌تی عێراقه‌وه، سه‌ره‌ڕای تێچووی شه‌ڕ، بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی له ئێستادا حکومه‌تی هه‌رێم نه‌توانێت بۆ پرۆژه‌کانی ئاوه‌دانکردنه‌وه‌و پیشه‌یی هه‌نگاوی پێویست هه‌ڵبگرێت. ته‌نانه‌ت رێژه‌ی سه‌ردانی گه‌شتیاران بۆ هه‌رێمی کوردستان، دابه‌زیوه‌و تا ئێستاش به‌رده‌وامه. به‌داخه‌وه قه‌یرانی دارایی بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی که زیاتر له ٢٥٠ کۆمپانی له هه‌رێمی کوردستان ئیفلاسبوونی خۆیان رابگه‌یه‌نن که ئه‌مه‌ش رێژه‌ی بێ‌کاری به‌رزکردۆته‌وه.
ئه‌و کۆمپانیانه‌ش که ئیفلاسبوونی خۆیان رانه‌گه‌یاندووه چالاکییه‌کانی خۆیان راگرتووه‌و چالاکیان نییه‌و چاوه‌ڕوانی داهاتوون. له‌م نێوانه‌دا ئه‌و کۆمپانیا ئێرانییانه‌ی له هه‌رێم چالاک بوون تووشی کێشه بوون.
ئیلنا: دوای رێککه‌وتنی ئه‌تۆمی نێوان ئێرتان و وڵاتانی ١+٥ وادیاره که بارودۆخێکی نوێ بۆ سه‌رمایه‌گوزاری و چالاکی هاوبه‌ش هاتووه‌ته ئاراوه. به تایبه‌ت که له رابردوودا به هۆی کێشه‌ی بانکییه‌وه گواستنه‌وه‌ی پاره نه‌ده‌کرا. به زووی ئه‌م گرفتانه چاره‌سه‌ر ده‌بێت. به پێی بارودۆخی نوێ، ئێران و هه‌رێم له چ بوارێک‌دا ده‌توانن بۆ کاوکاری هاوبه‌ش هه‌نگاو هه‌ڵبگرن؟
نازم ده‌باغ: من رێککه‌وتنی ئێران و ١+٥ بۆ ناوچه‌که به‌سوود ده‌زانم و ئه‌م رێککه‌وتنه بۆ ناوچه‌که زۆر کاریگه‌ره. چ له رووی ئاسایشه‌وه چ له رووی سیاسی و چ له رووی ئابوورییه‌وه. چونکه بارودۆخێک دێته ئاراوه که هاوکاری له‌م بوارانه‌دا ده‌ڕه‌خسێنێت. به‌ڵام لابردنی ئابڵۆقه‌کانی ئێران رووداوێک نییه له چه‌ند هه‌فته‌دا رووبدات. ده‌بێت چاوه‌روانی جێبه‌جێکردنی رێککه‌وتنه‌کان بین، کاتێک جێبه‌جێ بوو و گرفته بانکییه‌کان نه‌ما و گواستنه‌وه‌ی پاره ئاسان کرایه‌وه، ورده ورده بارودۆخی ئێستا ده‌گۆڕدرێت و زیادکردنی هاوکارییه‌کان ده‌ست پێده‌کات و جوڵه‌ی بازرگانه‌کان و کۆمپانیاکان ده‌ست پێده‌کات.
ئیلنا: حزبه‌کانی کوردستانی عێراق وه‌کو یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان و ته‌نانه‌ت پارتی، مێژوویه‌کی چه‌پیان هه‌یه و بڕێک له گروپه‌کانی ناو یه‌کێتیی، له رابردوودا مارکسی یان مائۆیی بوون، روانگه‌ی ئێستای ئه‌م حزبانه به ئابووری چۆنه؟ ئایا هه‌روه‌ها له‌ژێر کاریگه‌ری روانگه‌ی مارکسیدان؟
نازم ده‌باغ: من ئێستا نامه‌وێت له زمانی حزبه‌کانه‌وه، بۆ نمونه یه‌کێتیی نیشتمانیی قسه بکه‌م. به‌ڵام به گشتیی، بیرۆکه‌ی ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تی له هه‌رێم، زۆرتر به‌لای سۆسیال دیموکراسیدا ده‌ڕوات. به‌ڵام ئێمه له هه‌رێمدا به شێوه‌ی بنه‌ڕه‌تی بڕوامان به که‌رتی تایبه‌ته. هه‌روه‌ها بڕوامان به ئازادییه ئابوورییه‌کان هه‌یه. ئێمه ئیدی به‌دوای سیستمێکی سۆسیالیستی یان مارکسییه‌وه نین. سه‌رده‌می مارکسیسم کۆتایی هاتووه. ئه‌م بیرۆکانه به که‌ڵكی سۆڤیه‌تیش نه‌هاتن. چ بگات به‌وه‌ی ئێستا ئێمه بمانه‌وێت له‌م بیرۆکانه سوود وه‌ربگرین. به گشتیی سیاسه‌تی حکومه‌تی هه‌رێم، سیاسه‌تی ئاماده‌کردنی که‌شی گونجاوه بۆ کار‌و چالاکی که‌رتی تایبه‌ت. ئێمه له بواری ئابووریدا له بیرۆکه لیبراڵییه‌کانیش که‌ڵك وه‌رده‌گرین. ئێمه به شێوه‌ی یه‌کلایه‌نه سنووره‌کانی هه‌رێممان به رووی دراوسێکاندا کردووه‌ته‌وه به تایبه‌ت ئێران. له ئێستا هه‌رکه‌س بیه‌وێت بۆ چالاکی بازرگانی، ئابووری و سه‌رمایه‌گوزاری بێته هه‌رێمی کوردستان به هیچ شێوه‌یه‌ک پێویستی به ڤیزه نییه. به هۆی ئه‌م که‌شه ئازاده‌وه، کۆمپانیایه‌کی زۆر له هه‌رێمدا سه‌رمایه‌یان داناوه‌و له بواری ده‌رهێنانی نه‌وتدا چالاکن. له ئێستدا کۆی گشتیی گرێبه‌سته نه‌وتییه‌کان بۆ ده‌رهێنانی نه‌وت له سه‌رووی ٣٠ ملیار دۆلاره. به‌ڵام هه‌روه‌ها که ئاماژه‌م پێدا به هۆی قه‌یرانی داعش و کێشه‌ی ئاسایشه‌وه‌و قه‌یرانی داراییه‌وه، جێبه‌جێکردنی زۆربه‌ی پرۆژه‌کان هێواش بووه‌ته‌وه یان له بڕێ بواردا وه‌ستاوه. حکومه‌تی هه‌رێم له هه‌وڵدایه به هیوای خوا جارێکی دیکه بارودۆخی گونجاو ئاماده بکات.
ئیلنا: له ئێستدا ئاستی هاوکارییه‌کانی ژووری بازرگانی ئێران و هه‌رێم له چ ئاستێکدایه؟
نازم ده‌باغ: ئاستی هاوکارییه‌کان له رابردوودا باش بوو به‌ڵام ئێستا زۆر باش نییه چونکه که‌شی چالاکی له هه‌رێمدا ناگونجاوهو بارودۆخه‌وه وه‌کو جاران نییه. به‌ڵام چاوه‌ڕوانین له‌م بواره‌دا به‌ره‌و باشتربوون هه‌نگاو بنێین.
ئیلنا: ژووره هاوبه‌شه بازرگانییه‌کان، پارێزه‌ری به‌رژه‌وه‌ندی بازرگانه‌کانن و ده‌بنه هۆی ئاسانتربوونی ئیشه‌کان. له ئێستادا ژووری هاوبه‌شی بازرگانی ئێران و عێراق، چالاکه. ئایا رێگایه‌کتان گرتووه‌ته به‌ر که به پێی ئاستی هاوکارییه باشه‌کانی ئێران و عێراق، ئه‌م هاوکارییه له نێوان ژووری بازرگانی ئێران و هه‌رێمدا به‌رزبێته‌وه؟
نازم ده‌باغ: به‌ڵێ، ئێمه ئه‌و هاوکارییانه‌ی که له ساڵانی رابردوودا ده‌ستمان پێ‌کرد له‌م خاڵه‌وه بوو. واتا هاوکارییه ئابوورییه‌کان به هاوکاری ژووره بازرگانییه‌کان ده‌ستی پێ‌کرد. ئێمه وه‌کو هه‌رێم که به‌شێکین له حکومه‌ت و خه‌ڵکی عێراق له ژووره بازرگانییه‌کانی ئێران و عێراقدا به‌شدارین و ئاماده‌بوونمان کاریگه‌ر بووه. به‌ڵام هه‌رێمی کوردستانی عێراق، بۆ خۆی له چوارچێوه‌ی ژووره بازرگانییه‌کانی پارێزگاکاندا وه‌کو سلێمانی، هه‌ولێر و دهۆک په‌یوه‌ندییه‌کی باشی له‌گه‌ڵ ژووره بازرگانییه‌کانی پارێزگاکانی ئێران‌دا وه‌کو، تاران، ئیسفه‌هان، خوزستان و کرماشان دامه‌رزاندووه. ژووری بازرگانی هاوبه‌شی ئێران و هه‌رێمیش چالاک بووه. تا ئێستا ژووری بازرگانی پارێزگاکانی ئێران و پارێزگاکانی هه‌رێم چالاکی هاوبه‌شی باشیان بووه‌و ئێستاش به‌رده‌وامه. بۆ نمونه له هه‌مه‌دان، ورمێ، ته‌ورێز و کرماشان. ژووره بازرگانییه‌کان ناتوانن به‌رژه‌وه‌ندی سه‌رمایه‌گوزاران و بازرگانان و سوودمه‌ندی ئیشه‌كان گه‌ره‌نتی بکه‌ن به‌ڵام ده‌توانن پارێزه‌ری به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانیان بن. له‌م بواره‌شدا ئێمه پشتیوان بووین و تا ئێستاش به‌رده‌وامه. جگه له‌وه‌ش، کومیته‌ی هاوبه‌شی ئابووری ئێران و عێراقیش دامهرزاوهو که تیایدا، به‌شێک به‌ناوی کوردستانی عێراقه‌وه هه‌یه که له‌وێش بۆ ئاسانکاری له بواری ئابووریدا هه‌وڵ ده‌درێت.
ئیلنا: له ئێستادا رێژه‌ی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و ئابووری نێوان دوو وڵات چه‌نده؟ پێش داعش ئه‌م رێژه‌یه نزیکه‌ی ٦ ملیار دۆلار بوو، ئێستا چه‌نده؟
نازم ده‌باغ: به‌ڵێ، نزیکه‌ی ٦ ملیار دۆلار بوو و پلانمان دانابوو که بگاته ١٠ ملیار دۆلار. پێش قه‌یرانی داعش نزیکه‌ی ٥ ملیار دۆلاری جێبه‌جێکرا. ئێمه پێشتر تاوه‌کو ٨ ملیار دۆلار پرۆژه‌مان دانابوو که ٥ ملیار دۆلاری جێبه‌جێکرا. به‌ڵام کێشه‌ی گواستنه‌وه‌ی پاره کاریگه‌ر بوو. هه‌روه‌ها دابه‌زینی چه‌ندایه‌تی و کواڵیتی شتومه‌کی ئێرانی بووه هۆی نه‌مانی متمانه لای بازرگان و به‌کارهێنه‌رانی هه‌رێم. دوای قه‌یرانی داعش، رێژه‌ی هاوکارییه‌کان زۆر دابهزیو گه‌یشته ٢.٥ بۆ ٣ ملیار دۆلار له ساڵدا. به‌ڵام ئێستا به‌و پێیه‌ی که سنووری هاوبه‌شمان له‌گه‌ڵ ئێران له‌ژێر ده‌ستی داعش ده‌رهاتووه و کراوه‌ته‌وه، ئاستی هاوکاری و ئاڵوگۆڕی بازرگانی تاراده‌یه‌ک به‌رزبۆته‌وه.
ئیلنا: له ئێستادا، رێژه‌یه‌کی زۆر له شتومه‌کی پێداویستیی رۆژانه‌ی عێراق له ئێرانه‌وه دابین ده‌کرێت بۆ نمونه له بواری کاشی و سهرامیکدا ده‌توانین بڵێین به شێوه‌یه‌کی ته‌واو له ئێرانه‌وه بۆ عێراق هه‌نارده ده‌کرێت. هه‌روه‌ها له بواری پلاستیک و که‌ره‌سه‌ی دروستکردنیدا، پێداویستی عێران له ئێرانه‌وه دابین ده‌کرێت. به‌و پێیه‌ی که ئێران بۆ دابینکردنی زۆربه‌ی پێداویستییه خواردنی و پیشه‌ییه‌کان، له عێراقدا ئاماده‌یه، ئایا پلانێک هه‌یه بۆ گه‌شه‌ی ئه‌م په‌یوه‌ندییانه بۆ هه‌رێم؟ ئایا ته‌نها کێشه‌ی داعش، هۆکاری نه‌بوونی هاوکاری به‌ربڵاوه یا کێشه‌ی سیاسی دیکه‌ش کاریگه‌ره؟
نازم ده‌باغ: من ده‌مه‌وێت وته‌کانی ئێوه باشتر بڵێمه‌وه. سیاسه‌ته‌کانی حکومه‌تی عێراق و حکومه‌تی هه‌رێم لێک جودان. من له‌سه‌ر عێراق قسه‌یه‌کم نییه، سه‌باره‌ت به عێراق، باڵیۆزی عێراق و به‌رپرسی ئابووری باڵیۆزخانه‌ی عێراق ده‌توانن قسه بکه‌ن. به‌ڵام به هیچ شێوه‌یه‌ک بڕوامان به سیاسه‌تی مۆنۆپۆل و سیاسه‌تی یه‌کلایه‌نه بڕوامان نییه. ئێمه بڕوامان به بوونی که‌شێکه که کێبڕکێی تێدابێت. بازاڕی هه‌رێمی کوردستان بازاڕێکی ئازاده و ته‌رخان نه‌کراوه بۆ وڵاتێک. بۆ نمونه کۆمپانیای ئێرانی کاله که له بواری قاتغدا له هه‌رێمی کوردستان چالاکه و نوێنه‌رایه‌تی هه‌یه. به‌رهه‌مه‌کانیان له هه‌رێمی کوردستان ده‌فرۆشرێت. به‌ڵام ئێمه ناتوانین بڵێین چونکه کاله له هه‌رێمدا ئاماده‌یه، به‌رهه‌می کۆمپانیاکانی دیکه‌ی ئێرانی ناکڕین یان له وڵاتانی دراوسێ قاتغ هاورده ناکه‌ین. ئێمه دژی ئه‌م سیاسه‌ته‌ین. ئێمه ناچینه ناو مۆنۆپۆلهوه. هه‌روه‌ها که پشتیوانیی له هیچ کۆمپانیایه‌ک ناکه‌ێن، ئه‌وه‌ی که ئێمه کۆمپانیایه‌کی ئێرانی بۆ ئیش‌کردن له هه‌رێمدا بناسێنین له‌ناو رای گشتیدا قسه‌ی لێده‌که‌وێته‌وه‌و ئه‌م بیرۆکه له‌ناو خه‌ڵکدا دروست ده‌کات که گوایا په‌یوه‌ندییه‌کی تایبه‌ت له نێوان ئه‌و کۆمپانیا و بڕێک به‌رپرسی هه‌رێمدا هه‌یه. هه‌موو کۆمپانیاکان له هه‌رێمدا بۆ چالاکیکردن و ئاماده‌بوون له بازاڕی هه‌رێمدا، ئازادن و ده‌بێت پێکه‌وه کێبڕکێ بکه‌ن. ئه‌م کاره ده‌بێته هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی کواڵیتی و باشتربوونی به‌ڕێوه‌چوونی کاره‌کان. یه‌کێک له کێشه‌کانی ئێمه کێشه‌ی جێبه‌جێکردنی رێککه‌وتنه‌کان و باش جێبه‌جێکردنیانه. من له کاره‌کان و هه‌وڵه‌کانی نێوان کۆمپانیا ئێرانییه‌کان و حکومه‌تی عێراق ئاگادارنیم به‌ڵام له هه‌رێمدا هیچکات ئینحسارمان نه‌بووه.
ئیلنا: وادیاره نه‌بوونی ئاسایش وه‌مێنی و سه‌رهه‌ڵدانی داعش به هۆی نه‌بوونی سیستمێکی هاوکاری هاوبه‌شی ئه‌منییه له ناوچه‌که‌دا. حکومه‌ته‌کانی ناوچه‌که، به پێچه‌وانه‌ی یه‌کێتیی ئه‌ورپا، تا ئێستا رێککه‌وتنی ئه‌منی هاوبه‌شیان نییه. به‌و پێیه که بوونی ئاسایش مه‌رجی پێویستی چالاکی ئابوورییه، له‌م بواره‌دا تا ئێستا چ هه‌نگاوێک هه‌ڵگیراوه و چ هه‌نگاوگه‌لێک له به‌رنامه‌دایه؟
نازم ده‌باغ: دانانی ناوه‌ندێکی ئه‌منی هاوبه‌ش له ناوچه‌که‌دا پێویستی به چه‌ند مه‌رجێک هه‌ێه. هه‌رێمی کوردستان تا ئه‌و شوێنه‌ی که ده‌ستووری عێراق مۆڵه‌تمان پێده‌دات، به‌دوای ئه‌وه‌وه بووین له‌گه‌ڵ کۆماری ئیسلامی کومیته‌ی هاوبه‌شی ئه‌منی دابنێین. به‌ڵام ئه‌گه‌ر بمانهویط سیستمێک وه‌کو یه‌کێتیی ئه‌وروپا دابنێین پێویستی به چه‌ند مه‌رجێکه که له ئه‌وروپا بوونی هه‌یه. له ئێستادا له ئه‌وروپا له نێوان وڵاتانی ئه‌ندامدا سنوور نه‌ماوه، ئه‌گه‌ر ئێمه سنووری نێوان هه‌رێمی کوردستان و ئێءران کاڵ بکه‌ینه‌وه هه‌ستێکی نزیکبوونه‌وه له نێوان هاووڵاتیاندا دروست ده‌بێت و ئه‌و که‌سه‌ی که دانیشتووی هه‌رێمه هه‌ست ده‌کات وه‌کو ئێرانییه‌که و هه‌روه‌ها به پێچه‌وانه‌وه. ئه‌و که‌سه‌ی که دانیشتووی ئێرانه ده‌توانێت به ئاسانی سه‌ردانی هه‌رێمی کوردستان بکات، ئه‌گه‌ر ئه‌مه بکه‌ین نزیکی و یه‌کبوونی نێوان نه‌ته‌وه‌کان به‌رزده‌بێته‌وه. ساڵانێک پێش ئێستا پێشنیارمان دا به چه‌ند به‌رپرسێکی کۆماری ئیسلامی ئێران که ئه‌م بیرۆکهێه، واتا لابردنی سنووره‌کان جێبه‌جێ بکه‌ین. به‌ڵام ئه‌گه‌ر بتوانین وه‌کو ئه‌روپاییه‌کان سنووره‌کان کاڵ بکه‌ینه‌وه، به دڵنیاییه‌وه ده‌بێته هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی هێمنی و ئاسایش. له ئێستادا له رووی بوونی خواستی سیاسی و گرنگیدان به هاوکاری ئه‌منی له بارودۆخێکی باشداین، چالاکی بازرگانی و ئابووری زیاتر له هه‌موو شتێک پێویستی به ئاسایشه‌و ئه‌گه‌ر هێمنی سنووره‌کان نه‌پارێزرێت چالاکی ئابووری ده‌که‌وێته په‌راوێزه‌وه‌و داده‌به‌زێت.
ئیلنا: چه‌ند ساڵ پێش ئێستا ژووره بازرگانییه‌کانی ئێران ده‌ستیان دایه دروستکردنی بازاڕی هه‌میشه‌یی له ناوچه سنوورییه‌کان و له بڕێک شاردا وه‌کو سلێمانی ئه‌مه‌یان دانا. ئه‌م بازاڕانه تا ئێستا توانیویانه یارمه‌تییه‌کی باش بگه‌یه‌نن به به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی هاوکاری بازرگانی نێوان ئێران و هه‌رێم. به‌ڵام بوونی بڕێک یاسا له هه‌رێمدا، ئاستی هاوکارییه‌کانی دابه‌زاندووه. به پێی بوونی ئه‌م ژووره بازرگانییانه له پارێزگا سنوورییه‌کاندا که ده‌توان هاوکارییه‌کان گه‌شه پێبده‌ن، چ رێگایه‌ک گیراوه‌ته به‌ر و چ پلانێک له ئارادایه که بازاڕه ناوچه‌یی و سنوورییه‌کان گه‌شه بکه‌ن؟ ئه‌م بازاڕنه ده‌توانن ببنه هۆی گه‌شه‌ی کار و بارودۆخی ئابووری خه‌ڵکی ناوچه سنوورییه‌کان به‌رزبکه‌نه‌وه.
نازم ده‌باغ: له ناوچه سنوورییه‌کاندا یه‌کێک له که‌ره‌سته گرنگ و پڕبایه‌خه‌کان بۆ گه‌شه‌ی چالاکی بازرگانی، دانانی ناوچه ئازادانه. ئێمه له هه‌رێمی کوردستان ئه‌م هه‌نگاوه‌مان چه‌ند ساڵ پێش ئێستا هه‌ڵگرتووه‌و زه‌وییه‌کی به‌ربڵاو و گه‌وره‌مان بۆ داناوه. ئه‌م زه‌وییه ١٠٠٠ دۆنم بوو و ته‌نها دابین کرابوو بۆ کۆمپانیا ئێرانییه‌کان. به‌ڵام به‌داخه‌وه تا ئێستا هیچ نه‌کراوه. ئێمه وه‌کو حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان هه‌موو هه‌وڵێک بۆ گه‌شه‌ی چالاکی ئابووری و بازرگانی ئه‌نجام داوه به‌ڵام به ئاکام گه‌یشتنی به یه‌کلایه‌ن ناکرێت. په‌یوه‌سته به بارودۆخی ئێرانه‌وه. به‌داخه‌وه له بارودۆخی ئابڵۆقه‌کانی ئێران‌دا ئه‌گه‌ر هاوکاری به‌ربڵاو نه‌بوو، له ئێستادا نوسینگه‌ی په‌یوه‌ندییه ئابوورییه‌کانی کۆماری ئیسلامی ئێران له هه‌ولێر و سلێمانی بوونی هه‌یه. نوسینگه‌ی نوێنه‌رایه‌تی هه‌رێمیش له تاران چالاکه. ئیشی ئه‌م شوێنانه شتێک نییه جگه له ئاماده‌کردنی به‌ستێنه‌کان بۆ گه‌شه‌ی چالاکییه‌کان. ئیشی ئێمه ئه‌وه‌یه که بۆ ئازادکردنی چالاکییه‌کان هه‌وڵ بده‌ین. ئه‌وه‌ی که ده‌بێت سه‌رنجی بده‌ین ئه‌وه‌یه که ئێمه وه‌کو هه‌رێم شتێکمان بۆ هه‌نارده‌کردن نییه. هاوکارییه‌کانی ئێمه له راستیدا هه‌نارده له ئێرانه‌وه‌یه، چه هه‌نارده‌ی که‌ره‌سه‌ی سه‌ره‌تایی و چ پێداویستیی رۆژانه‌ی خه‌ڵک له چبس و پفه‌ک تا شتومه‌کی پێشکه‌وتووی پیشه‌یی وه‌کو که‌ره‌سه‌ی وێستگه‌ی کاره‌با. بۆیه ئێتان ده‌بێت زیاتر گرنگی بداته ئاماده‌کردنی بارودۆخی گونجاوی ئاڵوگۆڕی بازرگانی که ئێمه بتوانین ئه‌م ئاڵوگۆڕه بکه‌ین و هاوکارییه‌کانمان درێژه پێبده‌ین. ئێمه ده‌بێت چالاکی بازرگانی له چوارچێوه‌ی کۆمپانیاکاندا گه‌شه پێبده‌ین، به‌ڵام ئێستا بارزگانی زیاتر له رێگای پیلهوهرییهوه ده‌کرێت. زۆرتر پارێزگاری ناوچه سنوورییه‌کان بۆ دابینکردنی ئیش بۆ خه‌ڵکی ئه‌م ناوچانه چالاکی پیله‌وه‌ری گه‌شه ده‌ده‌ن، واتا خه‌ڵك هان ده‌ده‌ن که خه‌ڵک به شێوه‌ی تاکه‌که‌سی له‌م ناوچانه چالاکی ئابووری بکه‌ن و ئیش بکه‌ن. هه‌میشه پێشنیارم کردووه به پارێزگاره‌کانی ئێران که له جیایی چالاکی پیله‌وه‌ری هه‌وڵ بده‌ن چالاکی کۆمپانیا ئێرانییه‌کان گه‌شه پێبده‌ن. له راستیدا ئێرانیی بیربکه‌نه‌وه نه پارێزگاریی. له ئێستادا له ناوچه سنوورییه‌کان له جیایی ئه‌وه‌ی بیر له چالاککردنی بۆ نمونه ١٠ کۆمپانیای گه‌وره بکه‌نه‌وه له جیایی چالاککردنی هه‌زار پیله‌وه‌ر. چونکه چالاکی پیله‌وه‌ر، کارێکی فه‌رمی و کراوه نییه، کۆمپانیاکان و بازرگانانی هه‌رێم به‌ره‌و تورکیا رۆیشتوون چونکه چالاکی له تورکیا زۆرتر به شێوه‌ی کۆمپانیا و کراوه ئه‌نجام ده‌درێت.
ئیلنا: یه‌کێک له کێشه‌کانی ناوچه سنوورییه‌کان بوونی کۆڵبه‌ره‌کانه که جاروبار له لایه‌ن سه‌ربازه‌کانی سنوورپارێزه‌وه ده‌کرێنه ئامانج. ئه‌م کێشه‌یه چۆن چاره‌سه‌ر ده‌کرێت؟
نازم ده‌باغ: کۆڵبه‌ر، قاچاخچی نییه، به‌ڵام ده‌بێت به رێگایه‌کی دیاریکراودا تێپه‌ڕن، کاتێک به هه‌ڵه ده‌ڕۆن ته‌قه‌یان لێده‌کرێت. زۆربه‌یان جاری یه‌که‌میانه و رێگاکه به باشی ناناسن و به هه‌ڵه ده‌چنه ناو رێگای قاچاخه‌وه. ئه‌م بابه‌تی پیله‌وه‌ری و کۆڵبه‌رییه ده‌بێت چاره‌سه‌ر بکرێت چونکه ئابووری نافه‌رمی گه‌شه پێده‌دات و له‌سه‌ر کوالێتیش کاریگه‌ره. چونکه پیلهوهرهکان و کۆڵبه‌ره‌کان بۆ به‌ده‌ستهێنانی سوودی زیاتر به‌دوای شتومه‌کی هه‌رزان و بێکواڵیتیدا ده‌ڕۆن و هه‌نارده‌ی ئه‌م شتومه‌که خراپانه ده‌بێته هۆی دروستبوونی بێمتمانه‌یی و بازاڕ له کیس ده‌چێت.
وتووێژ: مێهدی ئه‌لیاسی
"نازم ده‌باغ" لەگه‌ڵ "رێنێ ئاکوارۆن" بەرپرسی ئۆفیسی یونامی لە ئێران کۆبۆوه
"نازم ده‌باغ" نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران لەگه‌ڵ "رێنێ ئاکوارۆن" بەرپرسی ئۆفیسی یونامی لە ئێران دیداری کرد.
سەرلە بەیانی ڕۆژی چوارشەممە (٥/٨/٢٠١٥) "رێنێ ئاکوارۆن" بەرپرسی ئۆفیسی یونامی لە تاران و شاندی هاوڕێی سەردانی نووسینگەی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیان کرد و لە لایەن "نازم عومەر ده‌باغ" نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران و "لوقمان لەتیف محمد" ئەندامی نووسینگەی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران پێشوازییان لێ‌کرا.
لە دانیشتنەکەدا دوو لایه‌ن باسیان لە بارودۆخی ئێستای کوردستان و عێراق و بەرەنگاربوونەوەی داعش کرد و سه‌باره‌ت به پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق و هەروەها هێرشی تورکیا بۆ سەر پەکەکە هاتنه ئاخاوتن.
شاندی ئۆفیسی یونامی لە تاران هاوڕابوون لە لێکدانەوەکان لە پێناو هاوپەیمانییەکی ئیستراتیجی بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش و هەروەها باشترین رێگا بۆ چارەسەریی کێشەکان و بە تایبەت تورکیا که پێویستە رێگای ئاشتی و وتووێژ بگرێتە بەر.
"رێنێ ئاکوارۆن" و شاندی هاوڕێی دڵنیاییاندا کە ئەوان بۆ هەموو عێراقییەکان وەکوو یەک کاردەکەن و هەروەها لەگەڵ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدادان.
"نازم دەباغ" لە شاری تاران سەردانی مامۆستا "عەلی باپیر"ی کرد
"نازم دەباغ" نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ئێران، سەردانی مامۆستا "عەلی باپیر" رابەریی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان لە شاری تارانی کرد.
"نازم عومەر دەباغ" نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە وڵاتی ئێران ھاوڕێی لەگەڵ "ھیوا ڕەسووڵ"، "فەخرالدین عەزیز" و "لوقمان لەتیف" ئەندامانی نووسینگەی نوێنەرایەتیی ھەرێمی کوردستان لە تاران، دوانێوەڕی دوێنی شەممە (١/٨/٢٠١٥) سەردانی مامۆستا "عەلی باپیر" رابەریی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستانیان لە شوێنی مانەوەی خۆی کرد کە بۆ سەردانێک ھاتۆتە تارانی پێتەختی ئێران.
لە دانیشتنەکەدا باس لە باروودۆخی ھەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و ئێران کرا.
ڕاگەیێندراوێك لە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان
شەوی ڕابردوو لە ئەنجامی بۆردومانی فڕۆكەكانی سوپای توركیا لە زارگەلی ژمارەیەك هاووڵاتیی بێ تاوان شەهید و بریندار بوونە. سەرەخۆشیی لە كەسوكاری شەهیدان دەكەین و هیوای چاكبوونەوە بۆ برینداران دەخوازین. ئێمە لە كاتێكدا كە ئیدانەی ئەم بۆردومانە دەكەین كە بووەتە هۆی شەهیدبوونی خەڵكی هەرێمی كوردستان، داوا لە توركیا دەكەین بۆردومانكردنی خەڵكی مەدەنی دووبارە نەبێتەوە و شەهیدكردنی هاووڵاتیی مەدەنیی هەرێمی كوردستان هیچ پاساوێك هەڵناگرێت.
پێویستیشە هێزەكانی پەكەكە گۆڕەپانی شەڕەكە لە هەرێمی كوردستان دوور بكەنەوە و چیتر هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان نەبنە قوربانیی ئەو شەڕ و ململانێیە. بەردەوامیی شەڕ زیانی بۆ خەڵكی مەدەنی دەبێت و داوا دەكەین لایەنەكان بگەڕێنەوە بۆ پڕۆسەی ئاشتی.
سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان
1ـی 8ـی 2015
ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٦ـی ٧ـی ٢٠١٥ لە سەلاحەدین، بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە بەڕێز عادل عەبدولمەهدی وەزیری نەوتی عێراق كرد.
له دیدارەكەدا، ڕۆشنایی خرایە سەر پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا لە بواری وزە و، کۆسپ و تەگەرەکانی بەردەم ڕێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا تاوتوێ کرا و تەکید کرایەوە کە لەپێناو نەهێشتنی کێشەکاندا، هەماهەنگیی هەردوولا بەردەوام بێت.
سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندێكی یەكێتیی ئەورووپا دەكات
ئەمڕۆ دووشەممە ٢٧ـی ٧ـی ٢٠١٥ لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی پێشوازی لە کریستۆس ستایلیاندس کۆمیساری باڵای یەکێتیی ئەورووپا بۆ کاروباری مرۆیی و بەڕێوەبردنی قەیرانەکان و خاتوو جانا هایپەسكۆڤا باڵیۆزی یەكێتیی ئەوروپا لە عێراق و شاندێكی یاوەریان كرد.
لە دیدارەكەدا سەرۆکی شاندەکە خۆشحاڵیی خۆیان بۆ سەردانی کوردستان و دیداری سەرۆک بارزانی ڕاگەیاند و ئەو دیدارەی بە مێژوویی لەقەڵەم دا و ڕایگەیاند کە بۆ من جێگەی شانازییە بە دیداری ئێوە شاد بووم، هاتووم بە ناوی خۆمان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە سوپاسی بەڕێزتان و هەرێمی کوردستان بکەم کە سەرباری ئەو ڕەوشەی ناخۆشەی بەهۆی شەڕی تیرۆریستانەوە هەیە کەچی دەرگاتان بۆ ئەو هەموو ئاوارە و لێقەوماوە کردۆتەوە و ژیانی ئەوانتان پاراستووە. بۆیە سەرکرداتیی ئێوە بۆ پرۆسەی بەهاناوەچوونی لێقەوماوان زۆر بەرز دەنرخێنین.
سەرۆکی شاندەکە هەروەها ڕایگەیاند ئێمە وەک یەکێتیی ئەورووپا داعش تەنیا بە هەڕەشەیەکی ناوچەیی نابینین، بەڵکوو هەڕەشەیەکی نێودەوڵەتییە و ڕووبەڕووبوونەوەیشی پێویستی بە هاوکارییەکی نێودەوڵەتی هەیە، بۆیە ڕۆڵی بەڕێزتان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەو ڕووبەرووبوونەوەیەدا هاوکارییەکی سەرەکییە بۆ چەسپاندنی ئاشتی و ئارامی لە ناوچەکە و ڕەواندنەوەی ئەو هەڕەشە نێودەوڵەتییە.
هەر لە دیدارەکەدا سەرۆکی شاندی میوان ڕایگەیاند کە لەبەر ئەوەی هەڕەشەی تیرۆر بەردەوامە و زیانمەندانی ئەو هەڕەشەیەش بەردەوام لە زیادبووندان، پێویستە هاوکاری و هەماهەنگیی نێودەوڵەتییش بۆ بەهاناوەچوونی لێقەوماوان بەردەوام بێت و لە ئاستی پێشهاتەکاندا بێت، بۆیە یەکێتیی ئەورووپا بەردەام دەبێت لە هاوکارییە مرۆییەکان و هەماهەنگیی زیاتر ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ داڕشتنی پلانێکی هاوبەشی بەهاناوەچوونی لێقەوماوان و ڕووبەڕووبوونەوەی فیکری تیرۆر و توندوتیژی لەناو کۆمەڵگەدا.
سەرۆکی شاندی میوان هەروەها گوتی: کاتێک بیر لەوە دەکەمەوە کە ڕژێمی سەدام ئەو هەموو تاوانەی دەرهەق بە گەلی کورد ئەنجام دا کەچی ئێستا دەبینین ئێوە باوەشتان بۆ ئەو هەموو ئاوارە و دەربەدەرەی ناوچەکانی عێراق کردۆتەوە، سەرسام دەبم بەو لێبوردەییە مەزنە و دڵکراوەیی ئێوە و پێزانینی زۆرم بۆ ئەو هەڵوێستە مرۆییە هەیە.
سەرۆکی شاندی میوان ئاماژەشی بۆ ڕووداوەکانی ناوچەکە و عێراق کرد و ڕایگەیاند کە ئەو پێشهاتانە نیشانەی ئەوەن کە ناکۆکیی قووڵی نەتەوەیی و مەزهەبی هەیە و سەرهەڵدانەوەی ئەو کێشانە بەردەوام کێشە درووست دەکات.
لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆکی شاندی میوان لە بارەی سەرهەڵدانەوەی شەڕ لەنێوان سوپای تورکیا و PKK ڕایگەیاند: ئێمە بە تەوای پشتیوانیی لە هەڵوێستی بەڕیزتان دەکەین کە داوتان کردووە هەموو لایەک بگەڕێنەوە بۆ دیالۆگ و پرۆسەی ئاشتی و بە تاکە ڕێگەی چارەسەری کێشەکەی دەزانین.
لە کۆتاییشدا سەرۆکی شاندەکە دوای لە سەرۆک بارزانی کرد تێڕوانینی خۆی سەبارەت بە ڕێککەوتنی ئێران و وڵاتانی 5 +1 بۆ شاندەکە بخاتەڕوو.
لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و سوپاسی هەڵسەنگاندن و هەڵوێستی ئەوانی كرد لەبارەی هەرێمی كوردستان و ئەوەی خستەڕوو كە بە یارمەتیی هێزی هاوپەیمانان، پێشمەرگە توانیویەتی تیرۆریستان تێکبشکێنێت و لە زۆربەی ناوچەكانی دەركردن بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا داعش هێشتا هەڕەشەیە و پێویستە لەڕووی فكرییشەوە لەدژی تیرۆریستان بوەستین و داوایشی كرد كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە شێوەیەكی جدیتر بیر لە ڕووبەڕووبوونەوەی دیاردەی تیرۆر بكاتەوە و كار لەسەر نەهێشتنی هۆكارەكانی دیاردەی توندڕۆیی و تیرۆر بكرێت.
سەبارەت بە سەرهەڵدانەوەی کێشە نەتەوەیی و مەزهەبییەکانیش، سەرۆک بارزانی ڕاگەیاند: بێ گومان مێژوو هەڵەی گەورەی تێدایە و بەردەوام ئەو کێشە مێژووییانە سەر هەڵدەدەنەوە، ئێستا دەرفەتێک ڕەخساوە بۆ ئەوەی هەڵەکان ڕاست بکرێنەوە، چوونکە دەرکەوت کە نە دابەشکردنی بەزۆر و نە پێکەوەژیانی بەزۆر تاسەر بەردەوام نابێت.
سەرۆك بارزانی جەختیشی لەوە كردەوە كە پێویستە موسڵ و هەموو ئەو ناوچانەی لەژێر دەستی داعشدا ماون ئازاد بكرێن بۆ ئەوەی ئاوارەکان بتوانن بە دڵنیاییەوە بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان. هەر لە درێژەی قسەكانیدا سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەوە کرد کە بەڕەچاوکردنی ئەوەی هەرێم لە شەڕێکی قورسدایە و ئەو ڕەوشە ئابوورییەی کە هەیە، حەواندنەوەی نزیکەی دوو ملیۆن ئاوارە و لێقەوماوی شەڕ بارگرانییەکی زۆری بۆ هەرێم درووست کردووە، بەڵام هەرێمی کوردستان شانازیی بەوەوە دەکات کە بۆتە پەناگەی لێقەوماوان و ئەوە بەشێکە لە فەرهەنگ و بەهای بەرزەکانی گەلەکەمان، بەڵام ژمارەی ئاوارەکان هێندە زیاد بووە کە لەسەرووی تواناکانی هەرێمی کوردستانە وحکوومەتی عێراقیش وەک پێویست پێویستە کۆمەڵی نێودەوڵەتی هەنگاوی کردەیی بنێن. هێمای بۆ ئەوەش کرد کە لەهەندێ ناوچەدا پێشمەرگەی کوردستان گیانی خۆیان بەخشیوە بۆ پاراستنی هاووڵاتیانی ئەوناوچەیە بێ ئەوەی بیر لەوە بکەنەوە سەر بە چ پێکهاتەیەکی نەتەوەیی یان ئایینین.
سەرۆک بارزانی لەبارەی گرژییەکانی ئێستای نێوان تورکیا و PKK ڕایگەیاند: بێ گومان شەڕ شتێکی خراپە و ئەوانەی شەڕیان بینیوە دەزانن شەڕ واتە کوشتار و وێرانکاری، بەڕای ئێمە پێویستە پێش هەموو شتێک شەڕ بوەستێت و بگەڕێنەوە بۆ پرۆسەی ئاشتی کە ئێمە زۆر پێوەی ماندوو بووین.
سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەو شەڕ و ناخۆشییە لەسەر سنوورەکانی هەرێمی کوردستان ڕوو دەدات و کاریگەریی خراپی لەسەر هەرێم دەبێت، بۆیە ئێمە هەموو هەوڵێک دەدەین ئەو شەڕە بوەستێت و هەموو لایەنەکان بگەڕێنەوە بۆ پرۆسەی ئاشتی و هەرچییەکیش لە دەستمان بێت بۆ ئەو دەیکەین. ئێستاش مەترسییەکی هاوبەش هەیە کە شەڕی داعشە و پێویستە هەموو هەوڵەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش تەرخان بکرێت.
سەبارەت بە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و وڵاتانی 5 +1 یش سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند کە دەبێ چاوەڕێی ئەوە بکەین کە لایەنەکانی ئەو رێککەوتنە چەندە پێوەی پابەند دەبن، بێ گوومان ئەگەر ڕێککەوتنەکە جێبەجێ بکرێت کاریگەریی ئەرێنی لەسەر ناوچەکە دەبێت.
كۆسره‌ت ره‌سول عه‌لی: ئه‌وه‌ی بۆ كورد هاتۆته‌دی ته‌نها به یه‌كڕیزی لایه‌نه‌كان ده‌پارێزرێ
ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه 27/7/2015 كۆسره‌ت ره‌سول عه‌لی جێگری سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی كرد له فرانك به‌یكه‌ر باڵیۆزی به‌ریتانیا له عێراق و ئهنكس مه‌كی كونسوڵی گشتی به‌ریتانیا له هه‌رێمی كوردستان.
له دیدارێكدا گفتوگۆ كرا له باره‌ی دوایین پێشهات و رووداوه‌كانی عێراق و ناوچه‌كه، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته كۆسره‌ت ره‌سول عه‌لی جه‌ختی له‌وه كرده‌وه كه ده‌بێ سه‌رجه‌م كێشه‌و گیرگروفتهكان به گفتوگۆ چاره‌سه‌ر بكرێن.
ته‌وه‌رێكی تری كۆبوونه‌وه‌كه تایبه‌ت بوو به پرسی جه‌نگی تیرۆر و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی داعش، له‌مباره‌یه‌وه باڵیۆزی به‌ریتانیا سه‌رسامی خۆی به قاره‌مانێتی هێزی پێشمه‌رگه له‌م جه‌نگه ده‌ربڕی و پاڵپشتی و پشتیوانی وڵاته‌كه‌شی بۆ هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان ده‌ربڕی و جه‌ختی له‌وه كرده‌وه كه ده‌بێ بازنه‌ی هاوكارییه‌كان فراوانتر بكرێت.
په‌یوه‌ست به جه‌نگی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆر و رۆڵی هێزی پێشمه‌رگه، جێگری سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان جه‌ختی له‌وه كرده‌وه كه هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان به‌رده‌وام ده‌بێ له رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆر و پێویستیشی به هاوكاری زیاتر هه‌یه.
هه‌ر له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا بارودۆخی هه‌رێمی كوردستان و دوایین گۆڕانكاری و پێشهاته‌كان خرایه به‌رباس، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته كۆسره‌ت ره‌سول عه‌لی جه‌ختی له‌وه كرده‌وه كه ده‌بێ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان به‌رژه‌وه‌ندی كورد و ئایندهی كوردستان له‌به‌رچاو بگرن و سازان له‌سه‌ر پرسه‌كان بكه‌ن دوور له هه‌ر جۆره بارگرژییهكی حزبی، چونكه ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ بۆ كورد هاتۆته دی پێویستی به پاراستنه‌و ئه‌مه‌ش ته‌نها به یه‌كڕیزی لایه‌نه‌كان ده‌كرێ".
لای خۆشیه‌وه باڵیۆزی به‌ریتانیا له عێراق گوتی"پێویسته له‌سه‌ر هه‌مووتان به‌رژه‌وه‌ندی گه‌له‌كه‌تان بپارێزن و ئه‌و بارودۆخه‌ی بۆ كورد هاتۆته پێش نه‌یكه‌نه قوربانی ململانێ حزبیهكانتان".
له كۆتایی كۆبوونهوهكهداو له‌باره‌ی كێشه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا، هه‌ردوولا بهپێویستیانزانی جێبه‌جێكردنی رێكه‌وتنه‌كانی نێوان لایه‌نه‌كان ببێته كلیلی چاره‌سه‌ری كێشه‌كان و چاره‌سه‌ری قه‌یرانه‌كان".
سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراقی فیدڕاڵ دەكات
ڕۆژی سێشەممە 28ـی 7ـی 2015 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە ئیكهارد بروس باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراقی فیدڕاڵ كرد.
لە دیدارەكەدا باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق سوپاسی خەڵك و حكوومەتی كوردستانی كرد بۆ حەواندنەوەی ئاوارە و پەنابەران و ئاماژەی بەوەدا كە جیهان سەرسامە بەوەی كە هەرێمی كوردستان باوەشی بۆ سەدانهەزار ئاوارە كردەوە كە زۆربەشیان لە نەتەوەی كورد نین. هەروەها سەرۆك بارزانی لە هەوڵەكانی وڵاتەكەی ئاگادار كردەوە بۆ یارمەتیدانی ئەو ئاوارانەی بۆ ناوچە ئازادكراوەكان دەگەڕێنەوە. سەبارەت بە فراوانبوونی بەرەی دژی داعش باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق ڕایگەیاند كە وڵاتەكەی پێشوازی لە بڕیاری توركیا دەكات بۆ ئەوەی بچێتە بەرەی شەڕی دژی داعش بەڵام لە هەمان كاتدا نیگەرانیشە كە بەهۆی پەرەسەندنەكانی نێوان حكوومەتی توركیا و پەكەكە پڕۆسەی ئاشتی بكەوێتە ژێر مەترسییەوە چونكە پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا خەریك بوو بگاتە ئەنجام.
لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی سوپاسی هەوڵەكانی ئەڵمانیای بۆ یارمەتیدانی ئاوارەكان و هەروەها هاوكاریكردنی پێشمەرگە و ئەوەی خستە ڕوو چارەسەری سەرەكیی كێشەی ئاوارەكان ئەوەیە كە بگەڕێنەوە ناوچەكانی خۆیان و هەر هەنگاوێك بە ئاراستەی یارمەتیدانی خەڵكی ئاوارە بێت بۆ گەڕانەوەیان هەرێمی كوردستان پێشوازی لێ دەكات.
پەیوەست بە گرژی و پەرەسەندنەكانی نێوان حكوومەتی توركیا و پەكەكە سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەوەدا كە لەمبارەیەوە هەڵوێستی هەرێمی كوردستان و ئەڵمانیا لە یەك نزیكە و ئەوەی دووپاتكردەوە كە هاتنی توركیا بۆ نێو بەرەی شەڕی دژی داعش هەنگاوێكی ئیجابیە بەڵام زۆر نیگەرانین لە سەرهەڵدانەوەی شەڕی نێوان سوپاس توركیا و پەكەكە و هانی هەردوولا دەدەین بگەڕێنەوە بۆ پڕۆسەی ئاشتی و دانوساندن چونكە چەندین ساڵ دانوساندن باشترە لە یەك كاتژمێر شەڕ، بۆ سەرگرتنی ئەو بابەتەش ئەوەی لەدەستمان بێت دەیكەین بۆ یارمەتیدان هەردوولا كە بگەڕێنەوە بۆ بنەماكانی پڕۆسەی ئاشتی. سەرۆك بارزانی لەدرێژەی قسەكانیدا ئەوەیشی خستەڕوو كە بوونی كورد لە توركیا و ناوچەكە واقعێكە و دەبێ هەموو لایەك مامەڵەی لەگەڵدا بكەن. لەگەڵ ئەوەیشدا لەپێناو سەرخستنی ئاشتی پێویستە لایەنە كوردییەكانیشە واقعبینانە سەیری پێشهاتەكان بكەن.
سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران هێرشی زارگەلی ئـیدانە دەكات
سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، لە ڕاگەیەندراوێكدا هێرشی ئاسمانی بۆ سەر گوندی زارگەلی لە قەزای ڕواندز ئـیدانە كرد، كە بووە هۆی شەهیدبوونی 8 كەس، كە پێنجیان گوندنشینانی ناوچەكەن. ئەمەش دەقی ڕاگەیەندراوەكەی سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستانە:
بەرەبەیانی ئەمڕۆ 1/8/2015 لە ئەنجامی هێرشی فڕۆكەكانی توركیا بۆ سەر گوندی زارگەلی لە قەزای ڕواندزی پارێزگای هەولێر، هەشت كەس شەهید بوون كە پێنج لە وانە هاووڵاتیی هەرێمی كوردستانن و ژمارەیەكی دیكەش بریندار بوون.
ئێمە شەهیدكردنی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان و كردنە ئامانجی گوندەكانی هەرێمی كوردستان ئیدانە دەكەین و داوا لە توركیا دەكەین بە هەموو شێوەیەك خۆی لە بۆمبابارانكردنی گوند و ئاواییەكانی هەرێمی كوردستان بەدوور بگرێت، لە هەمان كاتدا داوا لە پارتی كرێكارانی كوردستانیش دەكەین كە هێزەكانیان و بارەگا و دەزگاكانیان لە گوند و ئاواییەكانی هەرێمی كوردستان دوور بخەنەوە، بۆ ئەوەی چیتر گیانی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان و بەرژەوەندییەكانیان نەكەونە ناو چوارچێوەی شەڕی ئەوان و توركیا. هەروەها داوا لە هەردوولا دەكەین بگەڕێنەوە بۆ گفتوگۆكردنی ڕاستەوخۆ لەگەڵ یەكتر و بۆ ئەو مەبەستەش ئێمە ئامادەی هەموو هاوكارییەكین.
سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان
1/8/2015