"تۆماس گلۆزۆ" ڕاوێژکاری باڵیۆزخانەی فەڕەنسا لە ئێران له‌گه‌ڵ دکتۆر "محه‌مه‌د سه‌دیق ئه‌حمه‌د" (جگەرخوێن) جێگری نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران دیداری کرد.

"تۆماس گلۆزۆ" ڕاوێژکاری باڵیۆزخانەی فەڕەنسا لە تاران، سەرلەبەیانی ڕۆژی سێشەمە رێکەوتی (١/٩/٢٠١٥) سەردانی نووسینگەی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد و لە لایەن دکتۆر "محه‌مه‌د سه‌دیق ئه‌حمه‌د" (جگەرخوێن) جێگری نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران و دکتۆر "ڕەمەزان فەخرەدین" ئەندامی نووسینگەی نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێم و "عه‌لا غوڵام عه‌لی" کارمەندی نووسینگەی نوێنەرایەتی پێشوازیی لێکرا.

"تۆماس گلۆزۆ" بە مەبەستی ناساندنی خۆی سەردانی نووسینگەی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد و باسی لەوە کرد کە سەقامگیریی سیاسی لە کوردستان بۆیان گرنگە و گرنگترین شت بۆ فەڕەنسا ڕوبەڕووبوونەوەی داعشە.

ڕاوێژکاری باڵیۆزخانەی فەڕەنسا هەروەها پرسیاری پرسی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانی کرد و وتی بە لای فەڕەنساوە گرنگە کە کوردستان حکوومەت و سەرۆکێکی بەهێزی هەبێت.

"تۆماس گلۆزۆ" ڕێز و سوپاسی تایبه‌تی هەبوو بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان و هەروەها ستایشی زۆری هێزی پێشمەرگەی کوردستانی کرد لە ڕوبەڕووبوونەوەی تێرۆریستان و وتی فەڕەنسا وەکو دۆستی کورد بەردەوام دەبێت لە پشتیوانی کردنی کوردستان و هیوادارین سەقامگیری ئەمنی و سیاسی کوردستان بەردەوام بێت .

جێگری نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بۆ سەردانی "تۆماس گلۆزۆ" بۆ نووسینگەی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و سوپاسی هەڵوێست و هاوکارییەکانی حکوومەت و گەلی فەڕەنسای کرد بۆ گەلی کوردستان و پێشمەرگە.

دکتۆر "جگەرخوێن" هەروەها هەڵوێستی فەرمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستاند بۆ ڕاوێژکاری باڵیۆزخانەی فەڕەنسا باس کرد و وتی پرسی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان چارەسەر کراوە بەڵام ئەمە پرۆسەیەکی دیموکراتیکە و هیوادارین لە چەند رۆژی داهاتوودا هەموو پارتە سیاسییەکان بگەنە ئەنجامێکی هاوبەش و ڕێکەوتنێکی هەمە لایەنە لەسەر پرسە گرنگ و چارەنووس سازەکان.

 

 

 

 

 

نازم دەباغ" نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ئێران، له‌گه‌ڵ "ئه‌سه‌دوڵڵا ده‌رویش ئه‌میری" جێگری کاروباریی پەرڵەمانی، یاسایی و کاروباریی پارێزگاکانی رێکخراوه‌ی میراتی فەرهەنگیی،گه‌شتیاریی و پیشەسازیی دەستیی ئێران دیداریی کرد.

رۆژی دووشەمە رێکەوتی (١٠/٨/٢٠١٥) "نازم عومەر دەباغ" نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە تاران، به‌ هاوڕێیه‌تی له‌گه‌ڵ دکتۆر "محەمەد سەدیق" (جگەرخوێن) جێگری نوێنەرایەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ئیران و "ئەمجەد بابەحاجی" ئەندامی نووسینگەی نوێنەرایەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە دوای بانگهێشتێک لە لایەن "ئه‌سه‌دوڵڵا ده‌رویش ئه‌میری" جێگری کاروباریی پەرڵەمانی، یاسایی و کاروباریی پارێزگاکانی رێکخراوه‌ی میراتی فەرهەنگیی، گه‌شتیاریی و پیشەسازیی دەستیی ئێران، سه‌ردانی ئه‌م رێکخراوه‌یه‌یان کرد و لە لایەن به‌ڕێزیانه‌وه پێشوازییان لێکرا.

لە دانیشتنەکەدا باس لە هاوکاریی دوو لایەن سەبارەت بە پەیوەندییە فەرهەنگییەکان بە تایبەت لە بواری شوێنەوار و پێشەسازیی دەستییدا کرا.

"نازم دەباغ" نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە تاران و "ده‌رویش ئه‌میری" جێگری کاروباریی پەرڵەمانی، یاسایی و کاروباریی پارێزگاکانی رێکخراوه‌ی میراتی فەرهەنگیی، گه‌شتیاریی و پیشەسازیی دەستیی ئێران، هاوڕابوون کە لە کاتێکی گونجاودا شاندیی هەر دوولایه‌ن سەردانی یەکتر بکەن بۆ گۆڕینەوەی بیروڕا و ناساندنی تواناکانیان.

"ئه‌سه‌دوڵڵا ده‌رویش ئه‌میری" ئامادەیی رێکخراوه‌ی فەرهەنگیی و پیشەسازیی دەستیی و گه‌شتیاریی ئێرانی ڕاگه‌یاند بۆ پێشکەشکردنی هەموو تواناکانی ڕێکخراوەکەیان بۆ یارمەتی لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان.

هه‌ر له‌م دانیشتنه‌دا "نازم دەباغ" نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ئیران، ته‌کیدی لەسەر خاڵە هاوبەشەکان کرد وەکوو فەرهەنگی و نەژادی نێوان گەلی ئێران و گەلی کوردستان و که‌ڵک وەرگرتن لەو هاوبەشیانە بۆ ڕەخساندنی بوارێکی گونجاو بۆ زیاترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان دوو لایه‌ن.

رێکخراوه‌ی میراتی فەرهەنگیی، گه‌شتیاریی و پیشەسازیی دەستیی ئێران، ڕێکخراوه‌یه‌کی گەورەیە و لە لایەن جێگری سەرۆک کۆماریی ئێرانه‌وه‌ بەڕێوەدەچێت،ئه‌م رێکخراوه‌یه‌ کاریی چەند وەزارەتی لە خۆگرتووە وەکوو: "شوێنەوار"، "فەرهه‌نگی"، "پێشەسازییە دەستییەکان" و هەروەها "گه‌شتیاریی".

 

 

 

 

 

 

 "نازم دەباغ" نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ئێران لەگەڵ مامۆستا "عەلی باپیر" رابەریی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان کۆبۆوە.

رۆژی شەممە رێکەوتی (٨/٨/٢٠١٥) مامۆستا "عەلی باپیر" رابەریی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان بە ھاورێیەتی لەگەڵ "حاجی بیلال" ئەندامی سەرکردایەتی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان، سەردانی نووسینگەی نوێنەرایەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە تارانیان کرد و لە لایەن "نازم عومەر دەباغ" نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە تاران، دکتۆر "محەمەد سەدیق" (جگەرخوێن) جێگری نوێنەرایەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ئیران و ھەر یەک لە ئەندامانی نووسینگەی نوێنەرایەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لەوانە: "ئەمجەد بابەحاجی" نوێنەریی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، دکتۆر "ڕەمەزان" نوێنەریی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان و "ھیوا ڕەسوڵ" نوێنەری کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان و ھەروەھا کارمەندانی نووسینگەی نوێنەرایەتییەوە بە گەرمیی پێشوازییان لێکرا.

 

لە دانیشتنی نیوان "نازم دەباغ" نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە تاران و مامۆستا "عەلی باپیر" رابەریی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان باس لە باروودۆخی ھەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە کرا

 

 

 

 

"نازم دەباغ" نوێنەری ھەرێمی کوردستان لە تاران و دکتۆر "جگەرخوێن" جێگری نوێنەرایەتی ھەرێمی کوردستان لە ئێران، لەگەڵ باڵیۆزی نوێی عێراقی فیدڕاڵ لە تاران دیداریان کرد.

 

بە بۆنەی دەسبەکاربوونی باڵیۆزی نوێی عێراق لە تاران، "نازم دەباغ" نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە تاران و ھەروەھا دکتۆر "جگەرخوێن" جێگری نوێنەرایەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ئێران، کاتژمێر ٣٠/١٢ی ڕۆژی سێشەمە ١٤ی تەمموز / یۆڵیۆی ٢٠١٥ سەردانی باڵیۆزخانەی وڵاتی عێراقی فیدڕاڵ لە تارانیان کرد و لە لایەن "راجح سابیر عەبوود ئەلمووسەوی" باڵیۆزی نوێی عێراق لە ئێران و کۆنسوول و ھەروەھا کارمەندانی ئەم باڵیۆزخانەیەوە بە گەرمی پێشوازییان لێکرا و پاشان لەگەڵ یەکتری کۆبوونەوە.

لەم دیدارەدا باسی باروودۆخی ئێستای عێراق و ناوچەکە کرا و جەختکراوە کە عێراق دەبێت عێراقی ھەموو لایەک بێت و ھەمووان دەبێت ھاوکار بن لە پێناوی پاراستنی مافە ڕەواکانی یەکتر و ھاوکاریکردنی یەکتری بۆ خزمەتی تەواو گەیاندن بەم وڵاتە و ھەروەھا لە پێناو پەیوەندیی نێوان عێراق و کۆماری ئیسلامی ئێران ھاوکاریی یەکتری بکەن.

ھەر لەم کۆبوونەوەیەدا نوێنەرانیی حکوومەتی ھەرێمی کورستان لە تاران سەبارەت بە ھاوکاریکردن بۆ چارەسەرکردنیی کێشە و گرفتەکانی ھاووڵاتیانی کورد لە ئێران لە ڕێگای ھاوکاریکردن لەگەڵ باڵیۆزخانەی عێراقەوە ھاتنە ئاخاوتن کە باڵیۆزی نوێی عێراق لە ئێران بە دڵێکی فراوانە پێشوازیی لەم وتانە کرد.

لە بەشێکی دیکەی ئەم دیدارەدا ھەر دوو لایەن تەئکیدیان لەسەر ئەوە کردەوە کە ھاوکاریی یەکتربن و بە تایبەتیش نوێنەرایەتیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە تاران نیشانیدا کە ئامادەیی تەواوی ھاوکاریکردنی ھەیە، کە ئەم ھاوکاریی کردنەش لە ڕاپەڕاندیی کاروباریی ھاووڵاتیان و بە تایبەت ھاتنی کورد و عێراقییەکان بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران.

 

لە کۆتایی ئەم کۆبوونەوەیەدا بە تایبەت بۆ چارەسەکردنیی کێشە و گرفتەکانیی ئەو خوێندکارانەی کە بۆ خوێندن لە قۆناغەکانی مەستەر و دکتۆرا سەردانی ئێرانیان کردووە و کارئاسانی بکرێت بۆ ئەوەی کە بە زووترین کات بڕوانامەکانیان پەسەند بکرێت و پشتیوانیی ئەوتۆیان لێبکرێت.

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

دکتۆر "فوئاد مەعسووم" سەرۆک کۆماری عێراق بە یاوەری شاندێکی پایەبەرز لە بەرپرسانی حکوومەتی عێراقی فیدراڵ لە رێگای پاڤیۆنی سەرۆک کۆمارییەوە گەیشتە تاران.

 دکتۆر "فوئاد مەعسووم" سەرۆک کۆماری عێراق بە یاوەری شاندێکی پایەبەرز لە بەرپرسانی حکوومەتی عێراقی فیدراڵ، پێکھاتوو لە: "ملاس محەمەد عەبدوالکەریم" وەزیری بازرگانی و دکتۆر "قەتیبە ئیبراھیم ئەالجەبووری" وەزیری ژینگەی عێراق، لە رێگای پاڤیۆنی سەرۆک کۆمارییەوە گەیشتە تاران و لە لایەن "محەمەدرەزا نیعمەتزادە" وەزیری پیشەسازیی، کانزاکان و ئابووریی ئێران بە رەسمی پێشوازیی لێکرا.

 

لەم پێشوازییەدا "نازم دەباغ" نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە تاران، دکتۆر "جگەرخوێن" جێگری نوێنەرایەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ئێران، "ئینتسار ئەلداوودی" قایم مەقامی باڵیۆزخانەی عێراق لە تاران، ھەندێک لە باڵیۆزانی وڵاتانی بیانی لەوانە: مەغریب، فەلەستین، ئەلجەزایر، ئیماڕات، سوودان، عومان، کووەیت، نوێنەری باڵیۆزخانەی توونس لە تاران، ئەندامانی باڵێۆزخانەی عێراق لە تاران و ھەندێک لە بەرپرسانی دیکەی ئێران تیایدا ئامادەبوونلەم بارەیەوە "نازم دەباغ" نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە تاران رایگەیاند: دیارە ھەر وەکوو ھەموو لایەک ئاگادارن کۆماری عێراقی فیدراڵ و کۆماری ئیسلامی ئێران لە سەرەتای دروستبوونییەوە پەیوەندییەکی باشیان پێکەوە ھەبووە و دیارە ئەو پەیوەندییەش دەگەڕێتەوە بۆ رۆژانی شۆڕش و تێکۆشان و خەبات دێژی رژێمی گۆڕبەگۆڕی پێشوو، کە ئێران ھەم لە رووخانی رژێمی بەعس و ھەم لە دروستکردنی عێراقی نوێی و ھەمیش لە شەڕی دژە تیرۆر رۆڵێکی گرینگی ھەبووە.

 

گوتیشی: بۆیە لەم کات و ساتانەدا ئەم جۆرە سەفەرانە بە پێویست دەزانرێت و ھەر لە چوارچێوەی ئەم بەرنامەیەشدا سەرۆک کۆماری عێراق دکتۆر "فوئاد مەعسووم" لە سەردانێکیدا گەیشتە کۆماری ئیسلامی ئێران و لە لایەن بەرپرسانی باڵای ئێران و باڵیۆزی وڵاتانی جۆراوجۆرەوە بە گەرمیی پێشوازیی لێکرا.

نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ئێران ئەوەیشی خستەڕوو: لە چوارچێوەی ئەو بەرنامەیەی کە بۆ سەرۆک کۆماری عێراق دیاریکراوە، لەوانە: سیاسیی، فەرھەنگی، بازرگانی و ئابووری و پێشموایە مەسەلەی ئەمن و ئاسایشی ناوچەکەدا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران دیدار و چاوپێکەوتن ئەنجامدەدات، بە تایبەتی دوای ئەو قۆناغەی کە ئێستا عێراق تێیکەوتووە و شەڕکردن لەگەڵ داعیش و بەرەنگاربوونە لەگەڵ ئەم گرووپە تیرۆریستییە کە ئەمڕۆکە دەیبینین داعیش لە زۆربەی شوێنەکانی عێراقدا روو لە شکانە و لەسەر دەستی پێشمەرگە قارەمانەکانی ھەرێمی کوردستان لە پاشەکشەدان. کە پێموایە سەرفەرەکەی جەنابی دکتۆر "فوئاد مەعسووم" بۆ ئێران پێویستیی بەوە دەبێت کە لەو بارەیەشەوە قسەی لەسەر بکرێت.

ئاشکراشیکرد: دیارە لەو چوارچێوەیەدا ئەو سەفەری سەرۆک کۆماری عێراق کە ئەنجامدراوە پێموایە ئایندەیەکی باشی دەبێت لە بەردەوامبووم و پتەوکردنی پەیوەندییەکان و ھاوکاریی ھەر دوولا و بە تایبەتی ئێرانیش بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعیش.

"نازم دەباغ" لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی: لەم سەردانەدا سەرۆک کۆماری عێراق لەگەڵ رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران، سەرۆک کۆماری ئێران، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، سەرۆکی کۆبوونەوەی ھەڵسەنگاندیی بەرژەوەندییەکانی نیزام و ھەروەھا سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران دیدار و چاوپێکەوتن ئەنجام دەدات.

گوتیشی: ئەوە یەکەمین سەردانی دکتۆر "فوئاد مەعسووم" وەکوو سەرۆک کۆماری عێراقە و بەڕێزیان یەکێک بووە لەو تێکۆشەرە دێرینانەی کە لە ھەموو بوارەکاندا لە چوارچێوەی سیاسیی و وەکوو سەرکردەیەکی کورد و سەرکردەیەکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان سەردانی کۆماری ئیسلامی ئێرانی کردووە و لە قۆناغێکیشدا لە کاتی شۆڕشدا و تێکۆشاندا نوێنەری یەکێتی نیشتمانی کوردیستانیش لە ئێران بووە. دەتوانم بڵێم کە یەکێک لە دروستکەرەکانی پەیوەندیی نێوان کۆماری ئیسلامی ئَێران و یەکییەتی بووە. لە کاتی خۆشیدا بە نوێنەرایەتیی یەکێتی و جەنابی مام جەلال لەگەڵ خوالێخۆشبوو "ئیمام خومەینی" دیدار و چاوپێکەوتنی ئەنجامداوە.

"نازم دەباغ" نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە تاران لە کۆتاییدا سەبارەت بە رەنگدانەوەی بەربڵاوی سەردانی دکتۆر "فوئاد مەعسووم" لە دەزگاکانی راگەیاندنیی ئێراندا گوتی: دیارە ئەوە سەلماندنیی ئەو لێکدانەوەیەی ئێمە بوو کە جەنابیان رۆڵێکی گرینگیان ھەبووە لە کاتی خۆی لە دروستکردنیی ئەو پەیوەندیانە و ئێستاش کە بەرێزیان سەرۆک کۆمارە دەتوانێت ھەمان رۆڵ کە جەنابی مام جەلال دیوییەتی ئەو ھەوڵ بدات بیبینێت بۆ پتەوکردنی پەیوەندیییەکان و پاراستنی یەکریزی نەتەوەکانی عێراق.

 

 

 

 

 

 

 

دکتۆر "جگەرخوێن" جێگرى نوێنەرایەتیی هەرێمى کوردستان لە تاران، لەگەڵ "الویە دوکوتینى" ڕاوێژکارى باڵیۆزخانەى وڵاتی فەڕەنسا لە ئێران دیداری کرد.

"الویە دوکوتینى" ڕاوێژکارى باڵیۆزخانەى وڵاتی فەڕەنسا لە تاران، رۆژى دووشەممە رێکەوتى 10-11-2014 سەردانى نووسینگەى نوێنەرایەتى حکوومەتى هەرێمى کوردستان لە تارانی کرد و لە لایەن "محمد سەدیق ئەحمەد" (جگەرخوێن) جێگرى نوێنەرى حکوومەتى هەرێمی کوردستان و "سۆران علی" بەرێوەبەریی پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندنیی نوێنەرایەتیی هەرێمى کوردستان پێشوازى گەرمی لێکرا.

لە سەرەتاى دیدارەکە دکتۆر "جگەرخوێن" یارمەتیی و هاوکارییەکانى فەڕەنساى بۆ ئاوارەکانی هەرێمى کوردستان زۆر بەرز نرخاند.  

لەم دیدارەدا بەشێوەیەکى تێروتەسەل باس لە باروودۆخی کوردستان و عێراق و ناوچەکە کرا و "الویە دوکوتینى" باسی لەوە کرد کە فەڕەنسا زۆر لە نزیکەوە و بە وردى چاودێرى ڕەوشی پێشهاتەکانى هەرێمى کوردستان و عێراق دەکات و باسی لە سووربوونى وڵاتى فەڕەنسا کرد بۆ پشتیوانى هەرێمى کوردستان و دوایین هەڵوێستى فەڕەنسا و وڵاتانى هاوپەیمانى ئەورووپاى خستەڕوو و تەئکیدى لەسەر جدییەتى هەڵوێستى فەڕەنسا کرد بۆ پشتیوانى هەرێمى کوردستان.

لە درێژەی ئەم دیدارەدا، دکتۆر "جگەرخوێن" هەڵوێستى حکوومەتى هەرێمى کوردستانى لەمەڕ ڕووداوەکانی ئەم دوایانە باس کرد و هەروەها باسی لە خۆڕاگرى و ئازایەتى پێشمەرگەکانى کوردستان کرد لە بەرەنگاربوونەوەى تیرۆریستاندا. لە وڵامدا ڕاوێژکارى باڵیۆزخانەى وڵاتی فەڕەنسا لە تاران، جەختى لەسەر قسەکانى جێگرى نوێنەری حکوومەتى هەرێمی کوردستان لە تاران کرەوە و ئاماژەى بە وەکرد کە سیاسەت و بۆچوونى هەرێمى کوردستان لە ناوچەکەدا جیاوازە و کارەکانى حکوومەتى هەرێمى لە ماوەى ڕابووردودا ئەوەى نیشانداوە و پێویستە لەسەر هەموو لایەک پشتیوانى لە کوردستان و پێشمەرگە بکرێت لە ڕوبەروبوونەوەى تیرۆریستاندا.

لە بەشێکى دیکەی دیدارەکەدا باس لە پەیوەندییەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و حکوومەتى ناوەندی عێراق کرا.

 

 

 

 

 

 

 

 

بە ئامادەبوونی نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان لە تاران، یادی "ئەحمەد تەها" پەڕڵەمانتاری پێشووی کورد لە تاران بەرز ڕاگیرا.

 بە ئامادەبوونی دکتۆر "جگەرخوێن" جێگری نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان لە تاران و چەندین کەسایەتیی ناسراوی سیاسی و فەرهەنگی ئێران و کوردستان، لەوانە: دکتۆر "مەجید ئەنساری" بریکاری پەڕڵەمانی سەرۆک کۆماری ئێران، ئەندازیار "محەمەد غەرەزی"، دکتۆر "حەسەن غەفووری فەرد"، سەید "مەحموود دۆعایی"، دکتۆر "محەمەدڕەزا خەباز"، دکتۆر "جەلال جەلالیزادە"، ئەندازیار "موڕتەزا زەڕین گوڵ"، "محەمەدساڵح نیکبەخت"، دکتۆر "محەمەدعەلی سوڵتانی"، دکتۆر "جەلال ساداتیان"، سەید "مەعرووف سەمەدی"، "محەمەد کەریمیان"، دکتۆر "ئەسعەد ئەردەڵان"، "جەعفەر ئایین پەرەست"، "عەبدوڵڵا سۆهرابی"، "حاسڵ داسە"، دکتۆر "ڕەسووڵ خزری"، سەید "عیماد حوسەینی"، دکتۆر "قەسیم عوسمانی"، "محەمەدڕەئووف قادری"، "عەبدوالڕەحیم نووربەخش"، "ئەحمەد حەکیمی پوور"، "محەمەد شاوێرانی"، "محەمەدساڵح ئیبڕاهیمی"، "عەبدوڵڵا جەهانبین"، ئەندامانی لێژنەی بەڕێوەبەرایەتیی کۆڕی کوردانی دانیشتووی تاران، "محەمەدڕەئووف تەوەکولی"، "فەڕشید غەریب نیژاد"، "محەمەد سەدیقی سەفایی" ئەندامی لێژنەی بەرپرسیارییەتی ماڵی کرماشان لە تاران، "هاشم سەلیمی"، لێژنەی بەرپرسیارییەتی قەسریی شیرینییەکان و لوڕستانییەکانی دانیشتووی تاران، "محەمەدڕەئووف داشبەندی"، ئەندامانی کۆمیتەی ئافرەتانی کۆڕی کوردانی دانیشتووی تاران، دکتۆر "محەمەدعەلی سوبحان ئیلاهی"، دکتۆر "محەمەدحەسەن زیائی فەر"، دکتۆر "رەهبەری ئەملەش"، "غەفار ئیسماعیلی"، ئەندازیار "عەبدوڵڵا نەورۆزی"، دکتۆر "ئەحمەد کاشانی"، "عەلی حیشمەتیان" و هەروەها بنەماڵەی خۆاڵێخۆشبوو "ئەحمەد تەها" و بە پێشکەشکاری "پەرویز حەبیبی"، ڕێوڕەسمی بیرئانینی نوێنەری پێشووی شاری بۆکان لە خولەکانی سێیەم و چوارەمی پەڕڵەمانی ئێران و هەروەها یەکەمین فەرمانداری کوردی سەرتاسەی ئێران دوای هاتنە سەر کاری دکتۆر سەید "محەمەد خاتەمی" سەرۆک کۆماری پێشووی ئێران، لە مزگەوتی جامیعی شارۆچکەی غەرەبی شاری تاران بەڕێوەچوو.

 

لە سەرەتای ئەم بیرئانینەدا دکتۆر "ئەسعەد ئەردەڵان" پسپۆر لە بواری مافەنێودەوڵەتیەکاندا سەبارەت بە کەسایەتیی "ئەحمەد تەها" گوتی: بەبڕوای من پیشەی نوێنەرایەتیی پەڕڵەمان، پیشەیەکی زۆر سەختە و ئەگەر کەسانێک بتوانن باری قورسیی ئەم بەرپرسیارییەتییە کە لە لایەن خەڵکییەوە لەسەر شانیان داندراوە بە باشی بە ئەنجامی بگەیەنن مرۆڤگەلێکی بەختەوەرن کە هەم لە بەردەم خەڵکی و هەمیش لە دەرگانەی خودا کەسانێکی ڕووسپین.  

 

بەڕێز "ئەحمەد تەها" بە جیدیی بە شوێن ئەو بەرپرسیارییەتییە قورسەوە بوو هەم لە پەڕڵەمانی ئێران و هەمیش لە بەشی گەشەپێدانی شاری بۆکان و هەروەها بە شوێن پێداویستییەکانی تاک تاکی خەڵکی ئەم شارەوە بوو.

 

گوتیشی: کەسێکی لەم شێوەیە دەبێت ویژدانێکی پاکی هەبێت و خوداشوناس بێت و کەسێک بێت کە بەرپرسیارییەتی لە ئەستۆ بگرێت و بتوانێت ئەم بارە قورسە بە ئەنجام بگەیەنێت و لانی کەم ئێمە ئێستا بەختەوەرین کە لە کۆڕێکدا کۆبووینەتەوە کە کەسێک بەم تایبەتمەندیانەوە توانیوییەتی بەرپرسیارییەتی لەم شێوەیە بە باشی بەڕێوەببات. 

 

دکتۆر ئەردەڵان لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی: هیوادارین کە خەڵکی شاری بۆکان و شۆڕای ئەم شارە، ڕەزامەندیی خۆیان ڕابگەیەنن بۆ بە ناوکردنی گۆڕەپانێک لەم شارە بە ناوی ئەم بەڕێزەوە کە خزمەتێکی زۆر و هەرمانی بە شارەکە کردووە و هیوادارم کە تەواوی ئەو کەسانەی کە بەرپرسیارییەتی دەگرنە ئەستۆ چ وەکوو نوێنەری پەڕڵەمان و چ بەرپرسیی دیکە بەڕاستی بتوانن لە ڕۆژێکی وەکوو ئەمڕۆدا کە هەموومان ئەم دنیایە بەجێدێڵین بە سەربڵیندیی و شانازییەوە بڕۆن.

 

لە بەشێکی دیکەی ئەم بەرنامەیەدا پەیامی سەرەخۆشی پارێزەرانی دادگوستەری سەرتاسەری شاری تاران خوێندرایەوە و لە درێژەدا دکتۆر "محەمەدعەلی سوڵتانی" کەسایەتیی ناسراوی کرماشانی، توێژەر، نووسەر و مامۆستای زانکۆ سەبارەت بە کەسایەتی "ئەحمەد تەها" پەڕڵەمانتاری پێشووی کورد گوتی: دەڤەری کار و چالاکییەکانی من لەگەڵ بوار و دەڤەری کارەکانی ئاغای "ئەحمەد تەها"دا جیاوازبوو، ئەو کاتەی کە لەگەڵ ئەم بەڕێزە ئاشنابووم نوێنەرایەتیی پەڕڵەمان و پاشانیش هاوکاری لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆی ئێرانی لە ئەستۆدا بوو، بەڵام ئەو شتەی کە ئێستا سەرنجی منی بۆلای خۆی ڕاکێشا و لە بیۆگرافییەکەیدا هاتووە توێژینەوە و هەوڵەکانی ئەو بووە لەسەر شانامەی فیردەوسی و هیوادارم کە بنەماڵەی زانستی و عیرفانی ئاغای تاها بتوانن لە داهاتوودا ئەم بەرهەمە بخەنە بەردیدی تەواوی هۆگرانی ئەم نیشتمانەوە.  

 

لە درێژەی ئەم ڕێوڕەسمەدا دکتۆر "ڕەسووڵ خزری" نوێنەری شارەکانی سەردەشت و پیرانشار لە پەڕڵەمانی ئێران سەبارەت بە کەسایەتیی نوێنەری پێشووی شاری بۆکان گوتی: یەکێک لە کارەکانی ئاغای تەها کە وەکوو فەرمانداری شاری پیرانشار ئەنجامیدا و هەمیشە دەمێنێتەوە دامەزراندنیی یەکەمین ناوەندیی خوێندنیی باڵای ئەم شارە واتە زانکۆی پەیامی نووری پیرانشار و موسەلای ئەم شارە بوو کە لە لایەنی بیناسازییەوە هێمایەکی زۆر جوانی ناوچەکەیە، کە لەڕاستیدا جێگای ڕێز و پێزانینە. هەروەها بە شارستانکردنی بۆکانیش یەکێکی دیکە لە کارە هەرمانەکانی ئەم بەڕێزە بوو.

 

گوتیشی: ئەم کەسایەتییە هۆگرییەکی جوانی بە ئەدەب و کەلتووری کوردەوارییە هەبوو و هەر ئەو تایبەتمەندییە بووە هۆی ئەوەی کە لە ساڵی 1374 بۆ یەکەمین جار داوای فەرهەنگستانی ئەدەب، هونەر و مێژووی کورد لە سەرۆک کۆماری ئەوکاتی ئێران داوا بکات. و ئەو چاوەڕوانییەمان هەیە کە نوێنەرانی ئێستای کورد لە پەڕڵەمانی ئێران بەشوێن ئەم داواکارییە ڕەوایەی ئەم بەڕێزە بن لە دەوڵەتی تەدبیر و ئومید.

 

لە بەشێکی دیکەی ئەم بیرئانینەدا دکتۆر "قەسیم عوسمانی" نوێنەری شاری بۆکان لە پەڕڵەمانی ئێران سەبارەت بە کەسایەتیی "ئەحمەد تەها" گوتی: ئەم بەڕێزە لە قوتابخانەی دواناوەندیی مامۆستای من بووە و هەر لەو کاتەوە تا ئێستا خۆم بە قوتابی ئەو زانیوە. بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە وانەی زمانی ئینگلیزی بە باشی بە ئێمە دەگووتەوە بەڵام من زیاتر لە زمانی ئینگلیزی، زمانی ئەدەب و ئەخلاق لەوەوە فێربووم و پێش ئەوەی کە ئەو بە مامۆستای زمانی ئینگلیزی خۆم بزانم ئەو بە مامۆستای ئەدەب و ئەخلاق و کردەوەی مرۆڤدۆستانە دەزانم.

 

گوتیشی: بەڕێز تەها کەسایەتییەکی ئەخلاقی هەبوو و هەموو کاتێک هەوڵدەدەم ئامۆژگارییەکانی ئەو لە کردەوە و هەڵسووکەوتم و بەتایبەت لە کارووباری پەڕڵەمانتاری و سیاسیم ڕچاوبگرم.

 

لە بەشێکی دیکەی ئەم ڕێوڕەسمەدا سەید "مەعرووف سەمەدی" نوێنەری پێشووی شاری سنە لە خولەکانی سێیەم و چوارەم لە پەڕڵەمانی ئێران، سەبارەت بە کەسایەتیی "ئەحمەد تەها" گوتی: ئەم بەڕێزە بەردەوام بە شوێن یەکێتی و پێکەوەبوون و مەسەلە ئینسانییەکانەوە بوو، بە بێی ئەوە کە دروشم بدات و بەردەوام بەشوێن ئەنجامدانی ئەرکی بەرپرسیارییەتی سەرەکی خۆی واتە نوێنەرایەتیی خەڵکییەوە بوو. یەکێک بوو لە هەڵسووڕاوانی ماندوونەناسی پەڕڵەمانی ئێران کە خزمەتێکی زۆر گەورەی بە شاری بۆکان و شارە جۆراوجۆرەکانی کوردستان کرد و ئەو 8 ساڵەی کە ئێمە پێکەوە لە پەڕڵەمانی ئێراندا هاوکاربووین بەڕاستی یەک ڕۆژ پشووی بۆ خۆی و بنەماڵەکەی نەبوو، هەر وەکوو زۆربەی نوێنەرانی نەتەوە و ئایینە جۆراوجۆرەکانی ئێران، خۆی تەرخانکردبوو بۆ خزمەتکردن بە خەڵکیی.

گوتیشی: ئاغای تەها هەموو ڕۆژێک نامەی بەدەستەوە بوو و بۆ بەدواداچوون بۆ داخوازییەکانی ڕەوای خەڵکی کوردستان واژۆی کۆدەکردەوە بۆ ئەوەی کە مەسەلەکانی خەڵکی کوردستان لە پەڕڵەماندا بە شێوەی یاسایی پێوشوێنی بگرێت، زۆربەی کاتەکانیش خزمەتی شارەکانی دیکەی ئێرانیشی دەکرد و ئەوەی کە لەبەرچاوی بوو تەنیا مرۆڤدۆستیی بە مانای واقعییەکەی بوو.

 

سەمەدی لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: بەڕاستی ئێمە لە پەڕڵەمانی ئێراندا ئەو پەڕی کەڵکمان لێوەردەگرت و لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی کوردستاندا خزمەتەکانی بەرچاوە بە تایبەت لە شاری بۆکاندا. زۆربەی ئەو خزمەتانەی کە ئەمڕۆکە لەم شارەدا دەیبینین دەسکەوتی زەحمەتەکانی نوێنەرانی پێشوو بە تایبەت کاک "ئەحمەد تەها" بوو. و بەو خزمەتانەی کە کردوویەتیی لە ناو خەڵکیدا پێگەیەکی باشی هەیە و لە سەردەمێکدا کە بەڕێزیان بوونە پەڕڵەمانتار، سەردەمێکی هەستیار بوو و لەو سەردەمەدا توانی بە باشی بدرەوشێتەوە.

 

لە بەشێکی دیکەی ئەم ڕێوڕەسمەدا "جەماڵ تەها" کوڕی گەورەی پەڕڵەمانتاری پێشووی کورد "ئەحمەد تەها" و بەڕێوەبەری گشتیی کۆڕی کوردانی دانیشتووی تاران گوتی: زۆر سوپاسی هەموو لایەک دەکەم، لە دەستدانی باوکم بۆ من دەردێکی ئەبەدییە، بەڵام بوونی ئێوە لێرە و بەتایبەت لە کاتی نەخۆشییەکەیدا خەمڕەوێنی ئێمەیە و باوکم بەردەوام بە ئێمەی دەکوت کە خزمەتکاری نەتەوەی کورد بین و خزمەتکردن بە نەتەوەکەمان بەشێکی گرینگ بێت لە شانازییەکانمان.

 

کەسایەتیی ناسراوی کورد "ئەحمەد تەها" و نوێنەری شاری بۆکان لە خولەکانی سێیەم و چوارەمی پەڕڵەمانی ئێران کاتژمێر 10ی پێشنیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەمە 1ی تەشرینی یەکەم / ئۆکتۆبەری 2014 بە هۆی نەخۆشی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی ئێرانمێهری شاری تاران ماڵئاوایی لە ژیان کرد.

 

 

 

 

دکتۆر "جگەرخوێن" جێگرى نوێنەرایەتیی هەرێمى کوردستان لە تاران، لەگەڵ "الویە دوکوتینى" ڕاوێژکارى باڵیۆزخانەى فەڕەنسا لە ئێران دیداری کرد.

"الویە دوکوتینى" ڕاوێژکارى باڵیۆزخانەى فەڕەنسا لە تاران، ڕۆژى پێنجشەمە رێکەوتى 18-9-2014 سەردانى نووسینگەى نوێنەرایەتى حکوومەتى هەرێمى کوردستان لە تارانی کرد و لە لایەن دکتۆر "محەمەد سەدیق ئەحمەد" (جگەرخوێن) جێگرى نوێنەرى حکوومەتى هەرێمی کوردستان لە تاران و هەروەها "سۆران علی" بەرێوەبەریی پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندنیی نوێنەرایەتیی هەرێمى کوردستان بە گەرمی پێشوازیی لێکرا.

لەو دیدارەدا بە شێوەیەکى تێروتەسەل باس لە بارودۆخی کوردستان و عێراق و ناوچەکە کرا و "الویە دوکوتینى" باسی لە سووربوونى وڵاتى فەڕەنسا کرد بۆ پشتیوانیی کردنی هەرێمى کوردستان و دوایین هەڵوێستى فەڕەنسا و وڵاتانى هاوپەیمانى ئەورووپاى خستەڕوو و تەئکیدى لەسەر جدیەیی هەڵوێستى فەڕەنسا کرد بۆ پشتیوانى هەرێمى کوردستان.

لە بەشیًکی دیکەی ئەم دیدارەدا جێگرى نوێنەرایەتیی هەرێمى کوردستان لە تاران، باسی لە پێویستیی پشتیوانى نێودەوڵەتیی کرد سەبارەت بە هاوکاریکردنى ئاوارەکان و جەختیشی کردەوە کە هەرێمى کوردستان بۆ بەرگریکردن لە هاووڵاتییانى پێویستیی بە یارمەتی نێودەوڵەتیی هەیە.

 

 

 

 

 

 

 

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی