وتووێژی حەوتەنامەی ئاسمان لەگەڵ نازم دەباغ نوێنەری ھەرێمی کوردستان لە تاران

نازم دەباغ نوێنەری ھەرێمی کوردستان لە تاران، لە وتووێژ لەگەڵ گۆڤاری ئاسمان وڵامی ئەم پرسیاریانەی دایەوە کە پەیوەندی بە باروودۆخی ئێستای کوردەکانی سووریا و ڕۆڵی ئەوان لە قەیرانی ئەم ڕۆژانەی ئەم وڵاتەدا ھەیە. ئەو لەوبڕوایەدایە گرینگترین ڕۆڵێک کە کوردەکانی سووریا لەم قەیرانەدا گێڕاویانە پاراستنی ناوچەکانی باکووری سووریا بووە لە دزەکردنی ھێزە توندڕەوەکان و نەیارانی دەوڵەتی بەشار ئەسەد. ئەوان بە خۆڕاگرییان نەیانھێشت کە سەلەفییەکان و ئەلقاعیدە لەم ناوچەیەدا پێگەیەک بۆخۆیان پێکبێنن. دەباغ دەڵێت ئەزموونی ھەرێمی کوردستان دەتوانێت وەکوو ئەزموونێکی پۆزێتیڤ لە لایەن کوردەکانی سووریاوە کەڵکی لێوەربگیرێت. چونکە ئێستا کوردەکانی عێراق بوونەتە پێگە و بنەمای سەرەکی بۆ پێکھێنانی حکوومەت و بەلەبەرچاگرتنی ئەمانە کوردەکانی سووریاش دەبێت داواکارییەکانیان لە ڕێگای پەڕڵەمان و و یاساوە بەرگری لێبکەن تا بەو شتەی کە دەیانەوێت پێیبگەن.

 

دوای دروستبوونی قەیران لە سووریا، کوردەکان ڕۆڵێکی جیاوازیان بە بەراورد لەگەڵ ڕابردوودا ڕچاوگرت. ئەو ڕۆڵەی کە ئێستا لە ئەستۆیاندایە لە چ ڕوانگەیەکەوە شیاوی توێژینەویە؟

 

لە باروودۆخی ئێستاکەدا کوردانی دانیشتووی باکووری سووریا، ڕۆڵی پۆزێتیڤی خۆیان گێڕاوە لە پەیوەندیی لەگەڵ باروودۆخی قەیراناوی کە لەم وڵاتەدا بوونی ھەیە. چونکە کوردەکانی سووریا لە مشتوومڕەکانی ئەم دوایانەی نێوان ھەندێک لە ھێزە توندڕەوەکان و نەیارانی بەشار ئەسەد و ئەڕەتەشی سووریا توانیویانە ئەو ناوچانەی کە لە ژێرچاودێریاندایە بیپارێزن و ئیزن نەدەن کە سەلەفییەکان و ئەلقاعیدە لەم ناوچەیە بۆخۆیان پێگەیەک دروستبکەن. لەم ڕووەوە ڕۆڵی ئەوان لە قەیرانی سووریادا جێگای گرینگییە. بەڵام قەیرانی ئەم دوایانە لەسەر ژیانی کوردەکانی سووریا بێ کاریگەی نەبووە چونکە بەشێک لەم کوردانە بەرەو ھەرێمی کوردستانی عێراق ئاوارەبوون. ھەروەھا لە درێژایی ئەم ماوەیەدا بۆشاییەکی ئیداری لەم ناوەچەیە پێکھات. کەوابوو کوردەکانی سووریا لە نێوان خۆیاندا بەرەیەکیان پێکھێنا و ئیدارەی کاتی ناوچەکانی خۆیان لە کۆنتڕۆڵدایە تا باروودۆخی سووریا سەقامگیر بێت. بە پێی ئەو باروودۆخەی کە ئێستا کوردەکان لە باکووری سووریا ھەیانە گرینگترین ڕۆڵێک کە دەتوانن بیگێڕن ھەر داکۆکی و پشتیوانی لە مافەکانی خۆیانە.

 

بە ڕەخساندنی دۆخەکە ئەگەر کوردەکان لە دانیشتنی ژنێڤدا بەشداری بکەن، فکر دەکەنەوە چ داخوازییەک لە لایەن ئەوانەوە شوێنگری بکرێت؟

 

بە بڕوای من کوردەکانی سووریا ئەگەر لە دانووستانەکانی ژنێڤدا بەشداری بکەن، ھەر ئەو داواکاریانەیان دەبێت کە لە سەرتاوە بوویان و لەوێش دیسانەوە جەختی لەسەر دەکەنەوە. ھەڵبەت نابێت ئەوە لەبەرچانەگرین تا ئەمڕۆکە دەستێوەردانی ھەندێک لە وڵاتان لە قەیرانی سووریا ڕێگربووە لەوەی کە کۆنفڕانسی ژنێڤ سازبکرێت. بەڵام بەلەبەرچاوگرتنی ھەمووی ئەمانە بە ڕەخساندنی دۆخەکە بۆ سازکردنی ئەم کۆبوونەوەیە، کوردەکانی باکووری سووریا ھەر بەو چەشنە لەسەر بیرووبۆچوونەکانی خۆیان پێداگری دەکەن و بەم شێوەیە نابێت کە لایەنی بەرھەڵستکار یا دەوڵەت بوێستن.

 

ئاخۆ دەتوانین بڵێین کوردەکانیش ھەر وەکوو گرووپەکانی بەرھەڵستکار کە لە لایەن وڵاتانی وەکوو تورکیا و عەڕەبستان پشتیوانی دەکرێن، لە ژێرکاریگەری ھەندێک لە ھێزەکانی دەرەکیدان؟

 

من ئەم بۆچوونەم قەبووڵ نییە و دەڵێیم کوردەکانی سووریا لە ژێرکاریگەریی ھیچ کام لە وڵاتانی ناوچەکەدا نین بەڵکوو تەنیا بۆ بەرژەوەندیی خەڵکی سووریا ھەوڵدەدەن. ھەر وەکوو لە پرسیارەکەدا ئاماژەتان پێکرد ئێستا ئاشکرابووە کام وڵات لە سەلەفییەکان و ھێزەکانی ئەلقاعیدە لە سووریا دژی بەشار ئەسەد پشتیوانی دەکەن‘؛ لەڕاستیدا ڕۆڵی تورکیا، عەڕەبستانی سعوودی و قەتەر لەم ناوەندەدا ڕوون و ئاشکرایە. بەڵام کوردەکان لەگەڵ تیرۆریستەکان و سەلەفییەکان کە لە سووریادا بوونیان ھەیە ھاوڕیێ نەبوون. لەڕاستیدا کوردەکانی سووریا ڕۆڵیان بەم شێوەیە بووە کە بەرگری بکەن لە چوونە ناوەوەی تیرۆریستەکان بۆ ئەو ناوچانەی کە لە ژێر کۆنتڕۆڵیاندایە. ھەڵبەت بە شوێن ئەو باروودۆخەی کە لە دوای شەڕ و پێکدادانەکانی سووریا بۆ کوردەکان ھاتە پێشێ؛ ھەندێک لایەنیش دوژمنایەتییان لەگەڵ کوردەکان کرد، لەڕاستیدا ئێستاکە وڵاتانێک ھەن کە نایانەوێت کوردەکان لە سووریا بە مافی خۆیان بگەن، یا باروودۆخیان سەقامگیر نەبێت. لە ئێستادا، تەنیا رێگایەک کە لە پێش کوردەکان لە سووریادا ماوەتەوە خۆڕاگری لە بەرانبەر ھێزە توندڕەوەکانە. 

 

ئەم ڕۆژانە گوێبیستی زمزمەیەک دەبین لەسەر خودموختاری کوردەکانی سووریا. ڕاستی ئەم ڕووداوە چییە؟

 

بەبڕوای من، کوردەکانی سووریاش دەیانەوێت ئەزموونی ھەرێمی کوردستان بە جۆرێکی دیکە دووپاتبکەنەوە. کوردەکان لە ھەرێمی کوردستان لە دێر زەمانەوە بەرنامەیان بۆ داڕشتبوو تا پەڕڵەمان دابمەزرێنن و باسی ڕووخانی سەدام، گرینگترین ھۆیەک بۆ بەھێزکردنی خودموختاری ئەوان بوو. ئێستاکە کوردەکانی عێراق بوونەتە پێگە و تەوەرێکی سەرەکی بۆ پێکھێنانی حکوومەت. لەم ناوەندەدا پێکھێنانی پەڕڵەمان یا جۆرێک لە حکوومەتی سەربەخۆ لە ناوچە کوردنشینەکانی باکووری سووریا بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی ئیداری حکوومەتە و پاراستنی ئیداری ئەم ناچەیەی بە شوێن خۆیدا ھێناوە. بە مانایەکی دیکە ئەو ئەزموونەی کە لە کوردستانی عێراق دەیبینین دەتوانێت بۆ کوردەکانی سووریا ئەزموونێکی پۆزێتیڤ بێت. ئەوان دەبێت داواکارییەکانییان بە ڕێگای پەڕڵەمان و یاساوە بەرگری لێبکەن تا بەو شتەی کە دەیانەوێت پێیبگەن.

 

بە لەبەرچاوگرتنی ھەستیاری دەوڵەتی تورکیا بۆ مەسەلەی کوردەکان و ئەو ڕەوتەی کە ئەردووگان لە بەرانبەر دەوڵەتی سووریادا ڕچاوی گرتووە، دەتوانین بڵێین ئێستا کوردەکانی سووریا بە جۆرێک بوونەتە ھاوسەنگی لە نێوان دوو وڵاتدا؟

 

ھۆی ھاوسەنگی نێوان دوو لایەن، باروودۆخێکی تایبەتی ھەیە؛ لەڕاستیدا ئەگەڕ بڕیاربێت کوردەکانی سووریا ببنە ھۆی ھاوسەنگی نێوان سووریا و تورکیا، دەبێت لەگەڵ ھەر دوو لایەن پەیوەندییان ھەبێت. بەڵام لە پەیوەندیی لەگەڵ کوردەکانی سووریا ئەم مەسەلەیە بەرچاو ناکەوێت. لەڕاستیدا گرینگترین کارکردی کوردەکان و ئەو ڕۆڵەی کە دەتوانن بیگێڕن بەرگری لە کردەوەکانی سەلەفییەکانە لە ناوچەکەدا.

 

ھەڵوێستی دەوڵەتی ھەرێمی کوردستان لە پەیوەندیی لەگەڵ قەیرانی سووریادا چۆنە؟

 

دەوڵەتی ھەرێمی کوردستان، لە ھەر جۆرە ڕێکەوتنێکی ناوخۆیی لە سووریا پشتیوانی دەکات کە زامنی بەدیھێنانی مافەکانی ھەموو نەتەوەکان، ئایینەکان و کەمینەکانی سووریایە. ھەروەھا دەوڵەتی ھەرێم لە گۆڕانکارییەکانی سووریا، لایەنی ھیچ گرووپ ناگرێت. چونکە گرینگترین ویستی دەوڵەتی ھەرێمیش ڕاگرتنی خونڕێژییەکان و چارەسەرکردنی خێرای قەیرانی سووریایە بە ڕاگرتنی یەکێتی و یەکپارچەیی ئەم وڵاتە و بەردەوامیش بۆ نێوبژیوانی لە نێوان لایەنەکانی شەڕدا ئامادەیی خۆی ڕاگەیاندووە. لە کۆتاییدا من وەکوو کوردێکی عێراقی دەتوانم بڵێیم کە عێراق ڕازی نییە کە ھیچ وڵاتێک بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانی سووریا دەستێوەردانی نیزامی بکەن و وەکوو وڵاتێک کە لە دراوسێی سووریاین لەوبڕوایەدام کە لەم وڵاتەدا دەبێت ھەموو شتێک بە پێی پاراستنی یەکێتی وڵات پێکبێت و ئەگەریش بڕیاروایە باسی گواستنەوەی دەسەڵات یا ھەر شتێکی دیکە لە ئارادابێت دەبێت بە پێی یاسای بنەڕەتی و لە چوارچێوەی ویست و دەنگی خەڵکیدا بێت.

 

گۆڤاری حەوتەنامەی ئاسمان، شەممە ٢ی ئازەری ١٣٩٢، ژمارە ٦٦، لاپەڕەی ٧٥.  

 

 

 

 

 

 

 

Read کد خبر: 272

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی