پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان بەریتانیاو هەرێمی کوردستان دووپاتی لێکرایەوە

  • پێنج شەممە, 22 ک دووەم 2015

لە هۆلی شەهید سەعد عەبدوللا، بەمەبەستی زیاتر بەهێزکردنی پەیوەندی هەرێمی کوردستان و بەریتانیا، لە نێوان قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بۆریس جۆنسن شارەداری لەندەن، مێزگردێک  لەبارەی هەماهەنگی لەنێوان بەریتانیاو هەرێمی کوردستان ئەنجامدرا.

لەو مێزگردەدا کە کۆنسولی گشتی بەریتانیا لە هەولێرو ژمارەیەک لە وەزیرانی حکومەتی هەرێم و کەسایەتی و دیپلۆمات و نوێنەرانی کەرتی تایبەتی کوردستان و بیانی یەکان، ئامادەبوون، باس لە پەیوەندی دامودەزگا کارگێرییەکانی لەندەن و ناساندن و دروستکردنی پردی پەیوەندی نێوان هەردوولا کراو، هەروەها باس لە دەرفەتەکانی وەبەرهێنان و هاندانی کۆمپانیاکانی بەریتانیا بۆ هەرێمی کوردستان کرا، بەتایبەتی لەبواری خزمەتگوزاری خوێندن و پەروەردەو دارایی و کولتوری و رۆشنبیری.

 

لەبەشێکی دیكەی مێزگردەکەدا، شارەداری لەندەن باسی لەشەرانگێزییەکانی تیرۆریستان کرد ودووپاتیكردەوە ئەوان شانبەشانی هەرێم لەشەڕدان لەدژی ئەم تیرۆریستانە.

هاوكات باسی لەو پێشکەوتنانەش کرد کە هەرێمی کوردستان لەدوای گۆڕانگارییەکانی رژێمی پێشووی بەغدا لە ساڵی 2003، توانیوویەتی سوود لەو دەرفەتە وەربگرێت و لە هەرێمی کوردستان پێشکەوتنی گەورەی بەدەست بهێنێت.

هەر لەو مێزگردەدا، قوباد تاڵەبانی ، سوپاسگوزاری خۆی و حکومەتی هەرێمی کوردستانی بە بۆریس جۆنسن شارەداری لەندەن و حکومەتی بەریتانیا بەگشتی گەیاند و پاڵپشتی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان بەریتانیاو هەرێمی کوردستان دەربڕی.

Read کد خبر: 1130

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی