نێچیرڤان بارزانی: لە چەند هەفتەی داهاتوودا، قۆناغی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەستپێدەكات

  • هەینی, 16 ت یەکەم 2015

دەقی وتاری تەلەفزیۆنی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لەبارەی ڕەوشی ئەمڕۆی كوردستان.

 

هاووڵاتیانی به‌ڕێز، ئه‌م كاته‌تان باش

 

ئێستا كاتی خۆیه‌تی هه‌ڵسه‌نگاندێك بۆ وڵاته‌كه‌مان بكه‌ین.

 

وه‌ك سه‌رۆ‌ك وه‌زیران، ده‌مه‌وێت ڕوونكردنه‌وه‌یه‌ك ده‌رباره‌ی ڕووداوه‌كانی هه‌فته‌ی ڕابردوو بده‌م، و پاشان باس له‌وه‌ بكه‌ین كه‌ چی بكه‌ین؟ له‌م ڕۆژانه‌دا خۆپیشاندانی ئاشتیانه‌ و ڕه‌وا، له‌ لایه‌ن به‌رژه‌وه‌ندیی ته‌سكی سیاسییه‌وه‌ ڕفێندرا. ئه‌و ده‌سته‌ نابه‌رپرس و بێ لێپرسینه‌وانه،‌‌ هه‌وڵیان دا پێكهاته‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌به‌ریه‌ك هه‌ڵوه‌شێننه‌وه‌.

 

ئه‌گه‌رچی ئه‌مه‌ بۆته‌ هۆی دروستبوونی تووڕه‌یی لای گرووپێكی بچووك، به‌ڵام بڕیاری به‌رپرسانه‌ و میانڕه‌وانه‌ی زۆرینه‌ سه‌ركه‌وت. چونكه‌ ئێمه‌ به‌ قۆناغێكی سه‌ختی ژیانی سیاسیماندا تێده‌په‌ڕین، جێی سه‌رسوڕمان نییه‌ كه‌ هه‌ندێك كه‌س ده‌یانه‌وێت ده‌نگی ناڕه‌زاییی خۆیان به‌رز بكه‌نه‌وه‌. ئه‌وه‌ی جێی خۆشحاڵییه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌ره‌ زۆرینه‌ی گه‌لی هه‌رێمی كوردستان، له‌ هه‌مان كاتدا په‌یامی خۆڕاگری دووباره‌ ده‌كاته‌وه‌.

 

ئێمه‌ له‌ ڕابردووی دوور و نزیكماندا به‌ قۆناغی زۆر له‌مه‌ سه‌ختتردا تێپه‌ڕیوین. له‌و باوه‌ڕه‌دام ئه‌گه‌ر نه‌هامه‌تیی ئێمه‌ به‌سه‌ر میلله‌تێكی دیكه‌دا بهاتبایه،‌ چۆكی پێداده‌دان. ئێمه‌ كاراونی خۆڕاگریمان هه‌ر به‌رده‌وامه‌.

 

ده‌مه‌وێت ده‌ربا‌ره‌ی خۆپیشاندانه‌كانی‌ هه‌فته‌ی ڕابردوو، ڕاشكاو بم‌.

ڕاده‌ربڕین له‌ ڕێی خۆپیشاندانی ئاشتیانه‌وه‌،‌ مافی بنه‌ڕه‌تیی هاووڵاتییه‌ و به‌شێكی گرنگی دیموكراسیی هه‌رێمه‌. به‌ڵام منیش، وه‌ك گشت هاووڵاتی و سه‌رۆكایه‌تیی به‌رپرس، زۆر دڵته‌نگم به‌ ڕووداوه‌كانی قه‌ڵادزێ، كه‌لار و شار و شارۆچكه‌كانی دیكه‌.

 

له‌ ناخی دڵمه‌وه‌ سه‌ره‌خۆشی له‌ خێزانی ئه‌و شه‌هیدانه‌ ده‌كه‌م هیوای چاكبوونه‌وه‌ بۆ برینداره‌كان‌ ده‌كه‌م كه‌ به‌ بێ گوناه كه‌وتنه‌ به‌ر هێرشی ناڕه‌وا. ئه‌م جۆره‌ هه‌ڵسوكه‌ته‌ گه‌ل دابه‌ش ده‌كات. دوژمنه‌كامان، كه‌ به‌ ئاشكرا پیرۆزباییان له‌ خۆیان و له‌و نابه‌رپرسانه‌ ده‌كرد، زیاتر خۆشحاڵ ده‌كات. به‌ڵام من به‌ ئاشكرا ده‌بینم كه‌ هاووڵاتی و سه‌ركردایه‌تیی به‌رپرس ده‌ڵێن ده‌بێت ژیرانه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م باره‌ودۆخه‌ ناسكه‌دا بكه‌ین. فیتنه‌گێڕی، له‌ هه‌ر لایه‌ك و كه‌سێكه‌وه‌ سه‌رهه‌ڵبدات، نابێت ببێته‌ هۆی زیاده‌ڕۆیی.

 

زۆر سوپاسی فه‌رمانده‌ییی هێزی پێشمه‌رگه‌، ڕێكخراوه‌ ناحكوومه‌یه‌كان و پیاوانی ئایینی بكه‌م، كه‌ داوای پاراستنی ئارامی و ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن. سوپاسی‌ ئه‌و كه‌سانه‌ش ده‌كه‌م كه‌ خۆیان له‌ به‌شداریی شه‌ڕی میدیایی و تۆڕی كۆمه‌ڵاتی دوور ده‌خه‌نه‌وه‌، تا ڕێ له‌ دابه‌شكردنی پتری هاووڵاتیان بگرن. به‌ڵام ناكرێت ئه‌و‌ هێز و به‌رژه‌وه‌ندیه‌ سیاسیانه‌ له‌بیر بكه‌ین كه‌ به‌مه‌به‌ستی سوودی كورتخایه‌نی خۆیان، ئاگریان هاویشته‌ ماڵی هاوبه‌شمان.

 

كاتی پێكهێنانی ئه‌م كابینه‌یه،‌ به‌وپه‌ڕی باوه‌ڕه‌وه‌ كارم بۆ به‌هێزكردنی یه‌كڕیزیمان له‌ چوارچێوه‌ی ڕێككه‌وتنی حكوومه‌تێكی هاوبه‌شدا كرد. به‌داخه‌وه‌، ئه‌وانه‌ی قسه‌ی شیرینیان بۆ پاراستن و پته‌وكردنی دیموكراسی و چوارساڵی حكومڕانیی ئارام و به‌رپرسانه‌ ده‌كرد، له‌ ڕێككه‌وتنی هاوبه‌شمان لایان دا.

 

هه‌ندێكیان نائارامییان گه‌یانده‌ ئه‌وپه‌ڕی نابه‌رپرسی و بڵاوكردنه‌وه‌ی ده‌نگوباسی بێ بنه‌ما و دوور له‌ ڕاستی. هه‌روه‌ك ده‌زانن بارودۆخی نائارام و هێرشی ناڕه‌وا وای كرد داوا له‌ چوار وه‌زیر بكه‌م كه‌ حكوومه‌ت جێ بهێلن. له‌ ڕاستیدا ئێمه‌ هاوكاریمان له‌گه‌ڵ خودی وه‌زیره‌كاندا زۆر باشبوو، به‌ڵام هه‌ڵسوكه‌وتی سه‌ركردایه‌تیان به‌رده‌وام خه‌ریكی بنكۆڵكردنی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بوو. وه‌ك سه‌رۆك وه‌زیران، نه‌ده‌كرا ئه‌و بڕیاره‌ نه‌ده‌م‌.

 

من ده‌زانم و تێده‌گه‌م خه‌ڵك نائومێده‌ له‌ وه‌ی سیاسییه‌كانمان كاتێكی زۆریان به‌سه‌ربردووه‌ له‌سه‌ر ورده‌كاریی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم، له‌وه‌ی كه‌ ئێمه‌ له‌ بری حكومڕانی، پتر سیاسه‌ت ده‌كه‌ین. هه‌ندێك ده‌ڵێن ده‌بێ له‌سه‌ر گشت ورده‌كارییه‌ك ڕێكبكه‌وین، هه‌ندێك ده‌ڵێن با هاووڵاتی بڕیار بدات.

 

هه‌موومان نیگه‌رانی ئه‌م دۆخه ناله‌باره‌ین‌. حیزبی ئێمه‌ش به‌وپه‌ڕی توانای خۆیه‌وه‌ هه‌وڵده‌دات بۆ دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سی گونجاو له‌م بواره‌دا، به‌ڵام نه‌ك هه‌ر چاره‌سه‌رێك له‌ قه‌یرانێكه‌وه‌ بمانخاته‌ قه‌یرانێكی تر. من باوه‌ڕی ته‌واوم هه‌یه‌ كه‌ ده‌بێت هاووڵاتی به‌ ده‌نگی خۆی بڕیار له‌سه‌ر پرسی سه‌رۆكایه‌تی بدات. ئه‌مه‌ مافی بنه‌ڕه‌تیی هه‌موومانه‌. ئه‌گه‌ر نا، له‌ ڕاستیدا ده‌سه‌ڵاتی بڕیاردان ده‌ده‌ین به‌ كه‌سانێك كه‌ گه‌ل ناتوانێت لێیان بكۆڵێته‌وه‌.

 

منیش وه‌ك ئێوه‌ له‌و باوه‌ڕه‌دام كه‌ خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان سه‌ركردایه‌تیه‌كی به‌هێزی ده‌وێت. به‌هێزی، نه‌ك به‌و مانایه‌ی كه‌ خۆمان له‌ گرفت و كێشه‌كان گێل بكه‌ن. نه‌ به‌و مانایه‌ش كه‌ گرفت و كێشه‌كان‌ له‌ هه‌موو شوێنێدا بدۆزینه‌وه‌، بێ ده‌سنیشانكردنی چاره‌سه‌ر‌ی گونجاو و بنیادنه‌رانه‌. به‌هێزی، واته‌ بوێرانه‌ ‌و‌ به‌ باوه‌ڕبه‌خۆبوونه‌وه‌، دان به‌ گرفت و كێشه‌كانماندا بنێین، ڕووبه‌ڕوویان ببینه‌وه‌ و چاره‌سه‌ر‌ی گونجاویان بۆ دیاری بكه‌ین. بێگومان له‌ ماوه‌ی چه‌ند مانگی ڕابردوودا، ده‌نگی ناڕه‌زاییی خه‌ڵكم بیستووه‌. ئێمه‌ به‌رده‌وام گوێمان لێ گرتوون‌.

 

ده‌زانین كه‌ فه‌رمانبه‌ران و كارمه‌ندانی به‌وه‌فای حكوومه‌ت، چه‌ندین مانگه‌ مووچه‌ی ڕه‌وای خۆیان وه‌رنه‌گرتووه‌. سه‌رباری مه‌ترسی و هێرشی ده‌ره‌كی، به‌وپه‌ڕی توانامانه‌وه‌ هه‌وڵمانداوه‌ سه‌رچاوه‌ی پێویست بۆ هه‌رێمی كوردستان دابین بكه‌ین. ئامانجی سه‌ره‌كیی من وه‌ك سه‌رۆك وه‌زیران سه‌ربه‌خۆیی ئابووریی هه‌رێمی كوردستانه‌، تا ئێمه‌ به‌هێزه‌وه‌ له‌سه‌ر پێی خۆمان بوه‌ستین.

 

هه‌ندێك سیاسه‌تمه‌دار هه‌وڵیاندا ئه‌م گه‌شته‌مان سه‌ختتر بكه‌ن، به‌ڵام به‌ دڵیناییه‌وه‌ ده‌ڵێم سه‌رباری دروستكردنی ڕێگری له‌ گه‌شه ‌و گۆڕانكاریمان، ئێمه‌ هه‌ر ده‌گه‌ینه‌ ئامانجمان.

 

ئا له‌م كاته‌ ناسكه‌دا ئێمه‌ پێویستمان به‌ حكوومه‌تێكی سه‌قامگیر و كارا هه‌یه‌ بۆ به‌ڕێكردنی خزمه‌تگوزاری و كاری ڕۆژانه‌ی هاووڵاتیان. له‌ چه‌ند هه‌فته‌ی داهاتوودا قۆناغی دووه‌می حكوومه‌ت و كاره‌ سه‌ركییه‌كانی ده‌ستنیشان ده‌كه‌ین. هه‌روه‌ها به‌ ئاسانی واز له‌ داخوازیی یه‌كڕیزیی گه‌له‌كه‌ما‌ن ناهێنم.

 

خوێنی پشمه‌رگه‌ نه‌ زه‌رده‌ و نه‌ سه‌وزه‌. ئه‌وان هه‌رێمی كوردستان به‌ گشت پێكهاته‌كانیانه‌وه‌ ده‌پارێزن‌. شه‌ونخوونی و ژیانبه‌خشیی هێزی پێشمه‌رگه‌ و ئاسایش و پۆلیس و ده‌زگا ئه‌منییه‌كان بۆ ئاینده‌یه‌كی گه‌شه‌ بێ جیاوازیی ئایدیۆلۆژی، حزبی و ناوچه‌گه‌ری، كۆمه‌ڵایه‌تی و ئایینی. وه‌ك زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆری خه‌ڵكی ئه‌م وڵاته‌ خۆشه‌یسته‌ ده‌زانم كه‌ به‌رژه‌وه‌ندی و خاڵی هاوبه‌شمان گرنگتره‌ له‌ جیاوازیی بچووكمان.

 

مێژووی خه‌بات و قوربانیمان هاو‌به‌شه‌، داهاتووی گه‌شمان پێكه‌وه‌ به‌هێزتره‌ له‌ خواستی ناحه‌زانمان. با پێكه‌وه‌ هه‌موومان هه‌لومه‌رجی سه‌ختی ئه‌مڕۆمان به‌كار بهێنین بۆ دروستكردنی ئایینده‌یه‌كی گه‌ش و هاوبه‌ش بۆ خۆمان و نه‌وه‌ی نوێمان.

 

 

له‌ قووڵاییی دڵمه‌وه‌ سوپاسی خۆڕاگریتان ده‌كه‌م.

Read کد خبر: 1606

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی