لە دیدارەكەدا كونسوڵی گشتی ئەڵمانیا ئامانجی سەردانی شاندەكەی ژووری ئەندازیارانی هەرێمی بادن ووتمبێرگی ئەڵمانی بۆ هەرێمی كوردستان روونكردەوە كە لە چوارچێوەی هەوڵەكانی ئەڵمانیای فیدڕاڵە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندیەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان لە بوارە جیاجیاكان.
رێینەر وولێ سەرۆكی ژووری ئەندازیارانی هەرێمی بادن ووتمبێرگ بە ناوی شاندی یاوەری خۆشحاڵی خۆی بۆ ئەو سەردانە خستەڕوو و ئاماژەی بەوەدا كە ئەوان دەتوانن رۆلی بەرچاو ببینن لە پرۆسەی ئاوەدانكردنەوەی هەرێمی كوردستان پاڵپشت بە ئەزموونی زۆرو بوونی چەندین ئەندازیاری بە توانا لە بوارەكانی شارستانی و كارەباو ماستەرپلان و ئۆتۆمبێل.
هەروا گووتی ئەمڕۆ لە كۆنفڕانسێكی هاوبەشدا لەگەڵ بەرپرسانی حكومەتی هەرێم زۆر پرسمان تاوتوێ كرد هیوادارین ببێتە مایەی سوودو بەرژەوەندی بۆ هەردوولا.
فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت وێڕای بەخێرهێنانی شاندی میوان، دەستخۆشی ئەم هەنگاوەی لێكردن و هیوای خواست ژووری ئەندازیارانی هەرێمی بادن ووتمبێرگی ئەڵمانی لە پەیوەندی و هەماهەنگی بەردەوام بن لەگەڵ لایەنە پەیوەندارەكانی حكومەتی هەرێم.
هەروا گووتی هەرێمی كوردستان لە قۆناغی گەشەسەندن و بوژانەوەی خێرایە، بۆیە پێویستیمان بە ئەزموون و شارەزایی ئەندازیارانی وڵاتێكی پێشكەوتووی وەك ئەڵمانیا هەیە. هاوكات باسی لە سیاسەتی حكومەتی هەرێم كرد لەڕووی پەرەپێدانی پەیوەندیەكان بە تایبەت هەرێم و شارو زانكۆو ژوورە بازرگانیەكان لەگەڵ یەكتری.
هەروا گووتی حكومەتی هەرێم وێڕای پشتگیری كردن لە كەرتی تایبەت و گەشەپێدانی ئابووری بایەخی تەواو بە كواڵیتی بەرز بەگوێرەی ستانداردی جیهانی دەدات لە هەر كارو پڕۆژەیەك كە لە داهاتوو ئەنجام بدرێت.
هەروەها بیروڕا ئاڵوگۆڕكرا لەسەر بایەخی بەردەوامبوونی ئەو سەردانانەو دانانی میكانیزمی گونجاو بۆ چۆنیەتی هەماهەنگی كردن و كاركردن لەسەر ئەو بوارانەی جێگەی مەبەستی هەردوولایە.