فەلاح مستەفا سیمینارێك لەبارەی بارودۆخی سیاسی و پەیوەندیە نێودەوڵەتیەكانی هەرێم پێشكەش دەكات

  • سێ شەممە, 12 ت دووەم 2013

 

فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەكانی حكومەت لە سیمینارێكدا كە لەهۆڵی كۆبوونەوەكانی فەرمانگە بەئامادەبوونی خاتوو سوهام جەبەلی یاریدەدەری بەرپرسی فەرمانگە و ژمارەیەك لە بەڕێوەبەر و كارمەندان ئامادەی بوون، بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە بەخێرهاتنی ئامادەبوانی كرد و رونكردنەوەیەكی لەبارەی پێگە و رۆڵی هەرێمی كوردستانی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی پێشكەشكرد.

 

فەلاح مستەفا نیشانیدا هەرێمی كوردستان بەوپێیەی تا ئێستا سەربەخۆ نیە بەnone state actor واتا ئەكتەری نا سەربەخۆ دەبینێت، ئاماژەی بەوەشدا بزاڤی رزگاریخوازی كورد بە چەند قۆناغێكدا تێپەڕی تا بەئەمڕۆ گەیشت ولەقۆناغەكانی پێشووتردا بۆ سەلماندی مافی نەتەوەیی خۆی خەباتی دەكرد و پەیوەندیە نێودەوڵەتیەكانی ئەوكات لەڕێگەی رێكخراوە نێودەوڵەتیەكانەوە بوە بۆ راكێشانی سۆزی نێودەوڵەتی بۆ ئاگاداربوون لە مافی كورد ، دوای پێكهێنانی یەكەمین كابینەی حكومیش لەدوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەساڵی 1992 هەرێمی كوردستان بەرەو قۆناغیde factoهەنگاوی نا و توانی حكومەتی خۆی بگرێتە دەست لە ئەزموونێكی دەگمەندا كە تەواوی دەسەڵاتی لە پەیوەندی نێودەوڵەتی و پەیوەندی بازرگانی و دانی نووسراوی داخڵبوون لەجیاتی ڤیزا دا هەبوو و تەنانەت ئەو شاندانەی دەهاتنە هەرێمیش لەڕێگەی بەغداوە نەدەهاتن بەڵكو لەڕێگەی توركیا و سوریا وكەمێك لەرێگەی ئێرانەوە دەهات و كەمێك وەكو دەوڵەت رەفتاری دەكرد بەڵام هەرێم پێناسەی یاسایی نەبوو.

بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە هاتە سەر باسی بارودۆخی هەرێمی كوردستان لە دوای قۆناغی 2003 هەرێمی كوردستان پێگەیەكی یاسایی ودەستووری وەرگرت و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش دانی پێدانا و ئاماژەی بەوەشدا ئەوەی كوردستان لەو ماوەیە توانی بیكات زۆر لە دەوڵەتە بچووكەكان نەیانتوانی بیكەن ئەمەش بۆ هەبوونی سەركردایەتی بەهێز و بوونی ئەگەری بەهێزبوون لەڕووی ئابووری و سەربازیەوە هەروەها فاكتەری جیۆپۆلۆتیكی ناوچەكە وایكردووە كورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ببێتە یاریكەرێكی سەرەكی لە ناوچەكە و حیسابیش بۆ قسەكانی دەكرێت.

هاوكات بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە هاتە سەر باسی دامەزراندنی فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوە بۆ بەستنی پەیوەندی لەگەڵ دەوڵەتانی دەرەوە بە شێوەیەكی فەرمی و دامەزراوەیی بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەكانی هەرێم ئەگەرچی پێش ئەو فەرمانگەیەش پەیوەندی هەبوو بەڵام لەچوارچێوەی دەزگایەكدا رێك نەخرابوون ، ئاماژەی بەوەشدا دانانی ئەم فەرمانگەیە كارێكی وا ئاسان نەبوو بەو پێیەی عیراق لە حوكمێكی مەركەزیدا دەژیا كە كۆنترۆڵی هەموو شتێكی كردبوو بۆیە پرسی مەركەزیەت هێشتا بەسەریانەوە زاڵ بوو.

هەروەها ئاماژەی بەوەدا ئێستا حكومەتی هەرێم دیپلۆماسیەتی كولتووری و دیپلۆماسیەتی وزە و وەبەرهێنانی گرتۆتە بەر و لەم رێگەیەوە دەیەوێ هەرێم بە خەڵك بناسێنێت بەتایبەتی لەرووی وزەوە بەو پێیەی ئێستا هەرێمی كوردستان لەسەر نەخشەی وزەیە وئەمڕۆ كۆمپانیای وەكو ئیكسۆن مۆبیل و شیڤرۆن وتۆتاڵ وگاز پرۆم واتا لە ئەمەریكا و رووسیا و فەڕەنساوە لەكوردستاندا كار دەكەن وبڕیارەكەشیان ئەوە بوو تەنها لە هەرێمی كوردستان كار بكەن و نەكەونە ژێر باری هەڕەشەكانی بەغدا.

هەروەها فەلاح مستەفا سروشتی پراكتیكی كاری دیپلۆماسی رونكردەوە و ئاماژەی بەوەشدا وڵاتانی دونیا بەپەرۆشن بۆ ئەوەی پەیوەندیان لەگەڵ هەرێمدا هەبێت و هەموو وڵاتێكیش بۆ هەرێم گرنگە.

بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە ئاشكرایكرد لە میانەی بەشداریكردنی لەم دواییەدا لەچوارچێوەی شاندی عیراقی لە دانیشتنەكانی كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان و دانیشتە دووقۆڵیەكان وڵاتان دیدی ئیجابیان لەبارەی هەرێمی كوردستانەوە هەیە و هەستیاریەكەی جاران كاڵ بۆتەوە، ئەوەیشی نەشاردەوە یەكێك لە ئامانجە هەرە گرنگەكانی هەرێمی كوردستان پاڵپشتیكردنی دۆزی رەوای كوردە لە هەموو پارچەكانی كوردستان و چارەسەركردنی ئاشتیانەی دۆزی كورد لەو پارچانەدا.

هەرەوەها تیشكی خستەسەر پێشكەوتنی پەیوەندیەكانی هەرێم لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بەتایبەتی لەگەڵ توركیا وقۆناغی پێشكەوتنی ئەم پەیوەندیانەی لەگەڵ توركیای خستەڕوو.

هەر لەم سیمینارەدا فەلاح مستەفا تیشكی خستەسەر بارودۆخی سوریا و بارودۆخی كورد لەم وڵاتە و خۆشحاڵی خۆی بەوە نیشاندا كە هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ رۆڵ لە چارەسەركردنی ئەم كێشەیە دەبینێت و نیشانیدا سەقامگیری سیاسی هەرێم وایكردوە ئەمڕۆ 27 كونسوڵگەری و نوێنەرایەتی وڵاتانی بیانی تیایدا هەبێت و 10 وڵاتی دیكەش بۆ كردنەوەی كونسوڵگەری لەگەڵ هەرێم لەپەیوەندیدان هەروەها 14 نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێمیش لەدەرەوە هەن كە لەكاركردندا سەربەخۆن و بە فەرمانی بالیۆزخانەكانی عیراق لەم وڵاتانەدا ناجوڵێنەوە.

پاشان قوتابیان پرسیار و بۆچوونی خۆیان ئاراستەی بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە كرد و ئەویش یەكە بەیەكە وەڵامی دانەوە.

 

Read کد خبر: 228

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی