كونسوڵگەری گشتی بەریتانیا لە هەرێم رێوڕەسمێكی بە بۆنەی وەستانی شەڕی یەكەمی جیهان سازكرد

 بە ئامادەبوونی ژمارەیەك لە وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و هەردوو كونسوڵی گشتی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمەریكا و بەریتانیا و بەرپرسی نوسینگەی نوێنەرایەتی نەتەوە یەكگرتوەكان لە هەرێمی كوردستان ، كونسوڵگەری گشتی بەریتانیا لە هەرێم رێوڕەسمێكی بۆ یادكردنەوەی وەستانی شەڕی جیهانی یەكەم و دەستپێكردنی ئاگربەستی بەڕێوەبرد.

 لەم رێوڕەسمەدا چەندین وتە لەبارەی ئەو مێژووە پێشكەشكران وهۆكاری دەستنیشانكردنی ئەو رۆژە بۆ ئەم یادە بۆ ئامادەبووان رونكرایەوە.

عەمید پاوڵ بەیكەر پاشكۆی سەربازی باڵیۆزخانەی بەریتانیا لە عیراق ئاماژەی بەوەدا ئەم رێوڕەسمە ساڵانە لە بەریتانیا ئەنجامدەدرێت بۆ یادكردنەوەی ئەوانەی خزمەتی وڵاتیان كرد ولەپێناو وڵاتدا گیانی خۆیان بەختكرد و ساڵانە لە 11ی نۆڤەمبەر ئەم رێوڕەسمە دەكرێت كە لەگەڵ وەسانی شەڕی یەكەمی جیهان هاوكاتە.


رونیشیكردەوە ئەم پێشنیارە لەلایەن رۆژنامەنوسێك لە میلبۆڕنەوە پێشكەشكرا كە ناوی ئیدوارد جۆرج هانی بوو لە 1919/5/8 لە هەواڵەكانی ئێوارەی لەندەن بڵاوكرایەوە ولەسەردەمی پادشا جۆرجی پێنجەم و لە لە 1919/11/7 بڕیاردرا ساڵانە لەم یادەدا دوو خولەك وەستانی ماتەمینی هەبێت.

هەر لەم رێوڕەسمەدا جێگری كونسوڵی گشتی بەریتانیا لە هەرێمی كوردستان و كونسوڵی گشتی ئەمەریكا لە هەرێم و بەرپرسی نوسینگەی هەولێری نەتەوە یەكگرتووەكان وتەیان پێشكەشكرد.

لە كۆتاییدا هیو ئیڤانز كونسوڵی گشتی بەریتانیا سوپاسی ئامادەبووان كرد بۆ بەشداربوون لەم رێوڕەسمە و نیشانیدا هەنگاونان بەرەو ئاشتی ئامانجی سەرەكی هەمو لایەكە كە پێویستە كاری لەسەر بكرێت.

دواتر رێوڕەسمی دانانی تاجە گوڵینە لەسەر هێمای ئەوانەی لە و شەڕەدا گیانیان لەدەستدا داندرا.


شیاوی باسە لە 1918/11/11 شەڕی یەكەمی تەواو بوو لە ئەنجامی ئەم شەڕەدا 15 ملیۆن كەس كوژرا و 20 ملیۆنیش بریندار بوون.

 

Read کد خبر: 229

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی