سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراقی فیدڕاڵ دەكات

  • سێ شەممە, 12 ت دووەم 2013

 پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەكشەممە 27ـی 10ـی 2013 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە دۆنی گۆئێغ باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراقی فیدڕاڵ و شاندێكی یاوەری كرد.


لە دیدارێكدا سەرەتا باڵیۆزی فەڕەنسا خۆشحاڵیی خۆی بۆ ڕەخساندنی ئەم دیدارە و سەردانی بۆ كوردستان بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند و كەشوهەوای ئەمنی و سیاسیی هەرێمی كوردستانی بە بابەتێكی زۆر جیاواز لە بەغدا وەسف كرد و پیرۆزبایی خۆی و وڵاتەكەیشی بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند بە بۆنەی سەركەوتنی پڕۆسەی هەڵبژاردنی پارلەمانی كوردستان و هاوخەمیی خۆیشی بۆ ڕووداوە تیرۆریستییەكەی مانگی ڕابردووی شاری هەولێر نیشاندا و گوتی: "تیرۆر لە هەموو شوێنێكدا هەیە بەڵام ئێوە توانیوتانە تەناهیی وڵاتەكەتان بپارێزن". هەروەها لەبارەی هەڵبژاردنی پارلەمانی كوردستانیش باڵیۆزی فەڕەنسا بە هەڵبژاردنێكی زۆر باش و سەركەوتووی لە قەڵەمدا. سەبارەت بە ڕەوشی سیاسیی عێراق باڵیۆزی فەڕەنسا ئاماژەی بەوەدا كە لە نەخشەی سیاسی و ئەمنیی عێراقدا گەشەسەندێكی بەرچاو نابنیرێت و هەرچەندە عێراق هەڵبژاردنی لە پێشە بەڵام هێشتا یاسایەك بۆ هەڵبژاردن نییە و بۆ وڵاتی فەڕەنسا ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە عێراقدا گرنگە بۆ ئەوەی سەرەتایەكی نوێ دەست پێ بكات.

لە بەرانبەردا سەرۆك بارزانی وێڕای بەخێرهێنانی شاندی میوان سوپاسی باڵیۆزی فەڕەنسایشی كرد و لەبارەی هەڕەشەكانی تیرۆر هێمای بەوەدا كە لە هیچ شوێنێكی جیهاندا ئاساییشی ڕەها نییە بەڵام ئێمە لەوە دڵنیاین كە هەرێمی كوردستان هیچ كاتێك نابێتە پێگەیەك بۆ تیرۆریستان. پەیوەست بە بابەتی هەڵبژاردنی عێراق و یاساكەی سەرۆك بارزانی گوتی: " یاسای هەڵبژاردنیش وەك بابەتە سیاسییەكانی دیكەی عێراق كێشەی هەیە و كەموكورتی تێدایە.

هیچ سەرژمێرییەك نییە كە بتوانرێ پشتی پێ ببەستین و بەشی ڕاستەقینەی پارێزگاكان دیاری بكرێت". هەر لەبارەی یاسای هەڵبژاردنەوە سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەوەدا كە یاسای هەڵبژاردنی ساڵی 2010 دادپەرەوەری تێدا نەبوو و زوڵمێكی زۆر لە كورد كرا و بەڵێنی ئەوەش درا كە سەرژمێری بكرێت و یاساكەش هەموار بكرێت و مادەی 140 و یاسای نەوت و گاز جێبەجێ بكرێن و مەسەلەی پێشمەرگەش یەكلایی بكرێتەوە بەڵام نە بەڵێنەكان جێبەجێكران و نە یاساكەش هەموار كرا. سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە درێژەی قسەكانیدا سەبارەت بە یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق گوتی: "هەرێمی كوردستان حەز دەكات هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا ئەنجام بدرێت بەڵام بە مەرجێك كە زوڵم لە كوردستان نەكرێت و ئەو كورسییانەی بۆ بگەڕێتەوە كە لە ئەنجامی پشتبەستن بە یاسای ساڵی 2010 لە دەست كورد چووە و ئەگەر بێتوو دیسان یاسای پێشوو جێبەجێ بكرێت ئەوە هەرێمی كوردستان بەشداری هەڵبژاردن نابێت".

بارودۆخی سیاسیی ناوچەكە و قەیرانی سووریا تەوەرێكی دیكەی دانیشتنەكە بوو.

 

Read کد خبر: 232

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی