بەناوی خودای گەورە و میهرەبان
ماوەیەكە لە میدیاكانی كوردستاندا چەند قسەوباسێك بڵاو دەكرێتەوە كە یەكپارچەیی هەرێمی كوردستان دەكاتە ئامانج و دەستكەوتەكانی گەلی كوردستان ڕووبەڕووی مەترسی و تەحەدا دەكاتەوە و لەگەڵ ئاڕاستەی نەتەوەیی و بەرژەوەندیی باڵای نەتەوەكەمان ناگونجێت.
ئەم جۆرە قسەوباسانە لە چوارچێوەی هەوڵێكی تێكدەرانەیە بۆ جیاكردنەوەی سلێمانی لە هەرێمی كوردستان. ئەوە لە كاتێكدایە سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان لە هەوڵی بەردەوامدایە بۆ جێبەجێكردنی مادەی 140 و گەڕاندنەوەی كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی تری دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بۆ هەڵكەوتی سرووشتیی خۆی وەك بەشێكی ڕەسەن لە هەرێمی كوردستان.
ئێمە ئەمجۆرە قسەوباسانە تەنیا وەك وەهم یان خەونێكی ئەهریمەنی دەبینین كە لە خەیاڵی هەندێ كەسە و پێچەوانەی ئیرادەی گەلی كوردستانە. زۆر بە ڕوونی و توندی جەخت دەكەینەوە كە یەكپارچەیی هەرێم هێڵی سوورە و ناكرێ لەژێر هیچ بارودۆخێك و بە هیچ ئامرازێك دەستی بۆ ببردرێت.
لە هەمانكاتدا ڕایدەگەیێنین كە لەگەڵ هەموو جۆرە ئاڕاستەیەكی چاكسازیداین بۆ پتەوكردنی دیموكراسی و بەرزكردنەوەی پێگەی هەرێم لە گۆڕەپانی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی و فەرهەنگیدا. هەروەها داوا لە حكوومەتی هەرێم دەكەین كە ئەوەی پێویستە بكرێت بۆ ئەوەی بێ دواكەوتن هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان ئەنجام بدرێت كە بە خاڵی یەكلاییكەرەوە و بڕیاردەر دادەندرێت بۆ ئەنجامدانی ئەم جۆرە چاكسازییانە لە سلێمانی و شوێنەكانی دی و هەروەها پتەوكردنی دامودەزگا یاساییەكانی هەرێم لەهەموو بوارەكاندا.
مسعود بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
11ـی 11ـی 2013