فەلاح مستەفا پێشوازی لە باڵیۆزی سوید لە عیراق كرد

  • چوار شەممە, 13 ت دووەم 2013

 

ئەمڕۆ فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت پێشوازی لەیۆرگن لیندسترۆم باڵیۆزی سوید لە عیراق و خاتوو جیسیكا سڤارت جێگری باڵیۆز و بەرپرسی نوسینگەی باڵیۆزخانە لە هەولێر و شاندێكی یاوەریان لە وەزارەتی دەرەوەی سوید كرد.
 
لە دیدارێكدا باس لە پەیوەندیەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتی سوید و میكانیزمی زیاتر پێشخستنی ئەو پەیوەندیانە كرا. بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە بایەخی پتەوكردنی پەیوەندیەكانی بۆ شاندی میوان روونكردەوەو ئاماژەی بەسەردانەكەی بۆ وڵاتی سویدو كۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە كرد. 
 
باڵیۆزی سوید لە عیراق خۆشحاڵی خۆی بە ئاستی پەیوەندیەكانی نێوان هەردوولا نیشانداو ستایشی تێڕوانینی حكومەتی هەرێمی كرد لە رووی بەرەوپێشبردنی پەیوەندیە دەرەكیەكان و گەشەپێدانی هەرێمی كوردستان، هاوكات ویستی وڵاتەكەی دووپاتكردەوە بۆ بەشداربوون لە پرۆسەی گەشەپێدانی   هەرێم و پتەوكردنی پەیوەندی ئابووری و دامەزراوەیی. 
 
فەلاح مستەفا تیشكی خستە سەر پرۆسەی سیاسی هەرێم و ئاكامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و هەنگاوەكانی پێكهێنانی كابینەی تازە و بەرەوپێشچوونی پرسی دیموكراسی لەهەرێم.
هەر لەم دیدارەدا بیروڕا ئاڵوگۆڕكرا لەبارەی پەیوەندی نێوان هەولێر و بەغدا و هەڵبژاردنی داهاتووی عیراق و بارودۆخی سوریا و كاریەگەریەكانی بەسەر ناوچەكەو رۆڵی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ چارەسەركردنی قەیرانی سوریاو كۆمەك كردنی ئاوارەكانی سوریا لە هەرێم.
 
هەردوولا كۆك بوون لەسەر بەردەوامیدان بەسەردانە فەرمیەكان و دروستكردنی پردی پەیوەندی زیاتر لە نێوان هەردوولا و یارمەتیدانی كارمەندانی هەرێم لە بواری پەرەپێدانی توانا مرۆییەكان.

 

Read کد خبر: 240

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی