سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان كۆبوونەوە

ئەمڕۆ بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان ‏ لە شاری هەولێر پێشوازی لە بان كی مۆن سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان و شاندی یاوەری كرد.

‏ لەم دیدارەدا كە بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و عیماد ئەحمەد جێگری سەرۆكی حكوومەت و ژمارەیەك بەرپرسی حكوومی و سیاسیی هەرێمی كوردستان ئەنجام درا، بان كی مۆن خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی ‏هەرێمی كوردستان نیشان دا و سوپاسی سەرۆك بارزانیشی كرد بۆ ئەو پێشوازییە گەرمەی لێیكراوە.

سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان شانازیشی بە پێشكەوتن و ئارامی و سەقامگیری و بووژانەوەی هەرێمی كوردستان كرد و ڕایگەیاند كە هەرێمی كوردستان ‏رێگەیەكی درێژی لە بواری بنیاتنانەوە و خزمەتگوزاری و تەلارسازی و ژێرخانی ئابووریدا بڕیوە.‏

 


لە تەوەرێكی دیكەی دانیشتنەكەدا، سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان سوپاسی گەلی ‏كوردستان و سەرۆك بارزانی و حكوومەتی هەرێمی كوردستانی كرد بۆ هاوكاری و ‏بەدەنگەوەهاتنی ئاوارەكانی سووریا و كردنەوەی دەروازە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان بەڕووی پەنابەرانی سووریا و جەختیشی لەوە كردەوە كە ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان ‏هەوڵ دەدات ئەوەی لە دەستی بێت بیكات بۆ گەیاندنی هاوكاری بۆ ئاوارەكان. بان كی مۆن سوپاسی حكوومەت و دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستانی ‏كرد لە پێشكەشكردنی كارئاسانی و یارمەتیدانی رێكخراوەكانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ درێژەپێدانی ئەرك و كارەكانیان.‏

 

 

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لەبارەی ڕەوشی عێراق دوا و، هێمای بەوەدا كە زۆر پرس هەیە و پێویستە كاری بۆ بكرێت بە تایبەت لە شێوازی ‏دابەشكردنی داهات، هەروەها جەختیشی کردەوە کە پێویستە خەڵكی عێراق سیستەمێكی فیدراڵ و دیموكراتی دەستەبەر بكەن.‏
لە بارەی دۆخی سوریایشەوە بان كی مۆن ئەوەی خستەڕوو كە چارەسەری قەیرانی سووریا كارێكی ئاسان نییە و بڕوایشی وابوو كە ڕێگەی سەربازی هیچ ئەنجامی نابێت و تەنیا ڕێگەچارەی سیاسییە ئەنجامی لێ دەكەوێتەوە. هەر پەیوەست بەم باسەوە سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان هیوای خواست كە لە كۆنفڕانسی ژێنێڤ 2 ـدا دەنگی كورد بە باشی ببیسترێت و ڕێگە بە هەموو دەنگ و خواستەكانی نێو سووریا بە كوردیشەوە بدرێت.

لە بەرانبەردا سەرۆك بارزانی زۆر بە گەرمی بەخێرهاتنی سكرتێری ‏گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان و شاندە یاوەرەكەی بۆ هەرێمی كوردستان و شاری هەولێر كرد و ئاماژەی ‏بەوە دا، كە لەوە دڵنیایە گەلی كوردستان خۆشحاڵە بە هاتنی سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ وڵاتەكەیان.‏

سەرۆك بارزانی لە بارەی دۆخی سووریا ئەوەی بۆ بان كی مۆن و شاندی یاوەری باس كرد كە هەر لە سەرەتای دەستپێكی ئاڵۆزییەكانی سووریا هەرێمی كوردستان سنوورەكانی خۆی بەسەر خەڵكی سووریا بە بێ جیاوازی كردەوە و پێشوازی لە ئاوارەكان كرد. سەرۆك بارزانی ئەوەشی ڕوونكردەوە كە گەلی كورد زۆر باش لە دەردی ئەو میللەتانە دەگات كە دەكەونە ژێر شاڵاوی ڕژێمێكی دڕندە. هەر لەبارەی دۆخی ئاوارەكانی سووریا سەرۆك بارزانی ڕایگەیاند كە بۆ خەڵكی ئێمە یارمەتیدانی پەنابەران ئەركێكی نەتەوەیی و مرۆڤییە، ئێستا ڕێژەیەكی زۆری پەنابەر لە هەرێمی كوردستاندا نیشتەجێن و لە تواناكانی هەرێمی كوردستان تێپەڕیوە و پێویستمان بە یارمەتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان هەیە. سەرۆك بارزانی هیوایشی خواست كۆنفڕانسی ژێنێڤ 2 ئەنجامی باشی هەبێت و دۆخێك بێتە ئارا كە پەنابەران بگەڕێنەوە وڵاتی خۆیان و كۆتایی بە نەهامەتییەكانی گەلی سوریا بێت و خەڵكی ئەو وڵاتە ‏لە ئارامیدا بژین.‏

سەبارەت بە كێشەكانی عێراق و پەیوەندیی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدڕاڵ، سەرۆك بارزانی ئەوەی بۆ سكرتێری نەتەوە یەكگرتووەكان ڕوون كردەوە كە لە عێراقدا دەستورێك هەیە کە سرووشتی پەیوەندی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدای پێناسە كردووە و ئەرك و مافەكانی هەموو لایەكی ‏دەستنیشان كردووە. ئێمە ‏پابەندین بەو دەستوورەوە و پابەندبوون بە دەستوور گەرەنتییەكە بۆ مانەوەی عێراق و داوا لە گشت لایەك دەكەین پابەندی دەستوور بن. سەرۆك بارزانی جەختی ‏لەسەرئەوەش كردەوە، ئێمە هەوڵدەدەین بە دیالۆگ و لەسەر بنەمای دەستور كێشەكان ‏چارەسەر بكەین.‏

لە كۆتایی كۆبوونەوەكەدا سەرۆك بارزانی ئەوەی دووپات كردەوە كە هەرێمی كوردستان ئامادەیە هەموو جۆرە هاوكاری و هەماهەنگییەك لەگەڵ ڕێكخراوەكانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان بكات و بوونیان لە كوردستان جێگەی دەستخۆشی و مایەی دڵنیاییە.

جێی باسە ئەمڕۆ سێشەممە 14/1/2014 بان كی مۆن سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان ‏گەییشتە هەرێمی كوردستان و لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، لەلایەن نێچیرڤان ‏بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێشوازی كرا و دواتر سەردانی كەمپی ‏ئاوارەكانی ڕۆژئاوای كوردستانی لە كەورگۆسك كرد.‏ دوای دیدار و كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆک بارزانی، سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان كۆتایی بە گەشتەكەی بۆ هەرێمی كوردستان هێنا و لە لایەن سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بەگەرمی بەڕێ كرا.



 

 

 

 

 

 

Read کد خبر: 305

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی