دوای سەردانەكەی بۆ بەغدا ، ئەمڕۆ بان كی مۆن سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە رێگەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە گەیشتە پایتەخت و لەلایەن نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و ژمارەیەك لە وەزیرانی حكومەتەوە پێشوازی لێكرا .
دوای دانیشتنێكی كورتیش سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان بە یاوەری كەریم سنجاری وزیری ناوخۆ و نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر و ژمارەیەك لە بەرپرسانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و نەتەوە یەكگرتووەكان سەردانی كامپی كەورگۆسكی پەنابەرانی كوردی سوریای لە هەرێمی كوردستان كرد و لە لایەن بەرپرسانی كامپ و خودی پەنابەرانەوە بە سروودی ئەی رەقیب و فڕاندنی كۆتری سپی وەكو نیشانەی ئاشتی پێشوازی لێكرا .
پاشان لە وتەیەكدا نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر وێڕای بەخێرهێنانی میوانان ، سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان و ئەنتۆنیۆ گۆتیێریس كۆمیسیاری باڵای پەنابەران وخاتوو ڤالێری ئامۆس ، ئاماژەی بەوەدا ئەو كامپە بە پاڵپشتی تەواوی حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی ناوخۆو دامو دەزگاكانی پارێزگا و زێرەڤان بەشێوەیەكی خێرا لە ماوەی سێ رۆژدا دامەزرا بۆ ئەوەی بۆ پێشوازیكردن لە پەنابەرانی كوردی سوریا رێكخرا .
پارێزگاری هەولێر سوپاسی خۆی ئاراستەی رێكخراوەكانی WFP و WHO یونیسێف و یونیسیكۆ و دەزگای خێرخوازی بارزانی كرد كە هەموولایەك وەكو یەك تیم بۆ خزمەتگەیاندن بە كوردی سوریا لە و كامپە كاریان كرد .
هاوكات ئاماژەی بەوەدا ئەو خزمەتگوزاریەی پێشكەش بەئاوارەكان كرا لەو كامپەدا تاڕادەیەك رۆڵی هەبوو لەوەی ژیانیان تۆزێك باشتر بكات و هاتنی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكانی وەكو پاڵپشتیەكی دیكەی حكومەت و ئاوارەكان لە قەڵەمدا بۆ باشتركردنی ژیانی ئەم ئاوارانە و ئاماژەی بەوەشدا حكومەتی هەرێمی كوردستان و ئاوارەكان چاوەڕوانی پاڵپشتی زیاترە لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات بۆ باشتركردنی رەوشی ژیانیان تا ئەو كاتەی دەگەڕێنەوە وڵاتی خۆیان .
دوای گەشتێكیش بۆ نێو خیوەتگەی ئاوارەكاندا ، بان كی مۆن سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە وتەیەكدا كە چەند وشەیەكی بە زمانی كوردی دەستپێكرد ، خۆشحاڵی خۆی بە ئامادەبوون لە كامپی كەورگۆسك و بەسەربردنی چەند كاتژمێرێك لەگەڵ ئەم پەنابەرانە نیشاندا و پاڵپشتی تەواو و بەهێزی نەتەوە یەكگرتووەكانی بۆ ئەم پەنابەرانە نیشاندا و ئاماژەی بەوەشدا ئەوان هاتوون گوێ لەنیگەرانی و هیوا و ئاواتەكانی ئەم پەنابەرانە بگرێت .
بان كی مۆن نیشانیدا ژمارەیەكی زۆری خانەوادە پەنابەرەكان بە هەبوونی منداڵ و نەخۆشەوە سەرمای ئەم زستانە بەسەر دەبەن و دووپاتیكردەوە ئەو خانەوادانە دەیانویست ئایندەیەكی گەشتریان هەبێت بەڵام ئەوان لە ئایندەی خۆیان دڵنیا نین و نیگەرانن ولەناخی دڵەوە سوپاسی حكومەتی هەرێمی كوردستانی كرد بەرامبەر بە وەرگرتنی 200 هەزار پەنابەر لە سوریاوە.
هەروەها نیشانیدا حكومەتی هەرێمی كوردستان چەندین كامپی بۆ ئەم مەبەستە دروستكردووە و كۆمیتەی كارگوزاریشی بۆ هەماهەنگی كارەكانیان پێكهێناوە و دەستخۆشی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان كرد بەرامبەر بە پابەندبوونیان بۆ بە دەنگەوەچوونی ئەم ئاوارانە وسوپاسی پارێزگاری هەولێر و هەموو بەرپرسانی ئیداری و رێكخراوە ناحكومیەكان كرد بۆ خزمەتگەیاندن بەم ئاوارانە.
سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان نیشانیدا ئەم ئاورانە پێویستیان بە ئازادی و دادپەروەری و كەرامەتەوە هەیە بۆیە شوێنی خۆیان جێهێشتووە بۆیە دووپاتیكردەوە ئەو بەیاوەری ئەخزەر ئیبراهیمی نێردراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و كۆمكاری وڵاتانی عەرەبی كاری بەردەوام دەكەن بۆ پاڵپشتیكردنی ئەم ئاوارنە تاوەكو دەگەرێنەوە وڵاتی خۆیان .
هەروەها راشیگەیاند سبەی كۆنفڕانسێك بۆ هاوكاری مرۆیی لە كوێت بەڕێوەدەچێت بۆ هاوكاریكردنی ئەم پەنابەرانە بە دابینكردنی هەموو هاوكاریەك لە هەموو روێكەوە راشیگەیاند هەفتەی داهاتوو كۆنفڕاسێكی تایبەت لە بارەی سوریاوە بەڕێوە دەچێت هیواشی خواست بە زووترین كات ئاشتەوایی لە سوریا بێتەدی و ئاوارەكان بگەڕێنەوە وڵاتی خۆیان و تائەو كاتەش نەتەوە یەكگرتووەكان رابەرایەتی ئەم هەڵمەتە دەكات بۆ گەڕانەوەی ئەم ئاوارانە .
پاشان ئەنتۆنیۆ گۆتییرس كۆمیسیاری باڵای پەنابەران پاڵپشتی پەیڤەكەی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكانی كرد وسوپاسی حكومەت و خەڵكی هەرێمی كوردستان كرد بۆ خزمەتگەیاندن بەم ئاوارانە ونیشانیدا حكومەتی هەرێم توانیویەتی كەرامەت و مافی ئەم پەنابەرانە لەڕووی تەندروستی و پەروەردە و فێركردن و خزمەتگوزاریەوە دابینكردووە و هیوای خواست وڵاتانی دیكەش هەمان هەنگاو بنێنەوە .
هەروەها راشیگەیاند سبەی لە كوێت هەڵمەتێك بۆ كۆكردنەوەی 542 ملیۆن دۆلار بۆ خزمەتگوزاری پەنابەران لە هەرێمی كوردستان بەڕێوە دەچێت و نیشانیشیدا هاوكاری دارایی بۆ ئەو پەنابەرانە بەس نیە و ئاماژەی بەوەشدا هەرێمی كوردستان باشترین كاری بەوە كرد كە سنوورەكانی خۆی بۆ ئەم پەنابەرانە كردەوە .
نیگەرانی خۆیشی بەوە نیشاندا كە خەڵكی سوریا بەهۆی گرتنەبەری رێگەی قاچاغەوە لە ئاوی دەریاكاندا دەخنكێن كاتێك وڵاتی خۆیان بەجێدەهێڵن وداواشیكرد سنوری وڵاتانی دیكە وەكو هەرێمی كوردستان لەبەردەم ئاوارەكانی سوریا واڵا بێت و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش كار بۆ دابینكردنی پێدوایستیەكانی بكات .
پاشان لەوەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووساندا بان كی مۆن نیگەرانی خۆی بە بارودۆخی هەنووكەیی سوریا نیشاندا كە تا ئێستا زیاتر لە نیوەی دانیشتوانی كاریگەری نەهامەتی ئەم بارەیان پێوە دیارە و زیاتر لە 100 هەزار كەس كوژراوە و ئەمەش بۆتە هۆی قەیرانی سیاسی ومرۆیی بۆ هەموو جیهان و هۆكاری نەبوونی چارەسەری بۆ ئەم پرسەی بۆ هەبوونی دابەشكاری لەنێو خودی گەلی سوریادا نیشاندا و دووپاتیشیكردەوە هیچ كاتێك چارەسەری سەربازی كۆتایی بەم قەیرانە ناهێنێت و ئاماژەی بەوەشدا هەفتەی داهاتوو لە كۆنفڕانسی جنێف 2 دا هەموو ئەو پرسانە دەخرێنە روو و هەوڵدەدرێت راسپاردەكانی جنێف 1 جێبەجێبكرێن و ئەمەشی بە خاڵی گرنگی كۆنگرەكە دانا وداوای لە هەموو لایەنەكان كرد توندوتیژی رابگرن بۆ ئەوەی قسە لەسەر ئاشتی بكرێت .
هەروەها لەبارەی كاتی دیاریكراو بۆ كۆنگرەی جنێف 2 و بەشداریكردنی وڵاتان تیایدا دووپاتیكردەوە ئەو داوەتنامەی بۆ بەشداریكردن بۆ هەموولایەك ناردووە بە هەردوو لایەنی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنی سوریاشەوە و حكومەتی سوریاش بەشداری خۆی دووپاتكردۆتەوە و هیواشی خواست ئەحمەد جەربا سەرۆكی ئەنجومەنی نیشتیمانی سوریا بەشداری بكات ئەمە جگە لە 30 وڵاتی دیكە بە هەر پێنج وڵاتی ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشەوە .
لەبارەی بەشداری ئێرانیش لە كۆنگرەكەدا بان كی مۆن بە باشی زانی ئەم وڵاتە بەشداری تیادا بكات ئەگەرچی ئەو مەسەلەیە هێشتا یەكلایی نەبۆتەوە و لەگەڵ ئەخزەر ئیبراهیمی قسەی لەسەر ئەو مەسەلەیە كردووە .