سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ سه‌رۆكى ئيستۆنيا كۆبووه‌وه‌

ئێواره‌ى ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ 2024/1/17 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌ ئۆفيسى خۆى له‌ هه‌ولێر پێشوازى له‌ به‌ڕێز ئالار كاريس سه‌رۆكى كۆمارى ئيستۆنيا و شاندێكى ياوه‌رى كرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا كه‌ به‌ڕێزان جێگرانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و وه‌زيرى پێشمه‌رگه‌ ئاماده‌ى بوون، هه‌ردوولا خواستى بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى ئيستۆنيا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستانيان دووپات كرده‌وه‌، به‌تايبه‌تى له‌ بوارى بازرگانى و كه‌رتى تايبه‌ت و له‌و بوارنه‌دا كه‌ هه‌رێمى كوردستان ده‌توانێت سوود له‌ ئه‌زموون و پسپۆڕيى ئيستۆنيا وه‌ربگرێت، وه‌ك بوارى ئايتى و حكوومه‌تى ئه‌له‌كترۆنى و بيناكردنى دامه‌زراوه‌كان.

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى سوپاس و پێزانينى هه‌رێمى كوردستانى بۆ پشتگيرى و ڕۆڵى ئيستۆنيا له‌ هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تيى دژى داعش و ئه‌ركى تيمى ڕاوێژكاريى سه‌ربازييان و هاوكارييان له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌دا ده‌ربڕى و هيواى خواست له‌ بواره‌كانى ديكه‌ى سه‌ربازيدا هاوكاريى پێشمه‌رگه‌ بكه‌ن.

لاى خۆيه‌وه‌ سه‌رۆك كاريس خۆشحاڵيى خۆى به‌ يه‌كه‌م سه‌ردانى بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان و به‌سه‌ركردنه‌وه‌ى تيمى سه‌ربازيى وڵاته‌كه‌ى له‌ هه‌رێمى كوردستان نيشان دا، هه‌روه‌ها دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ وڵاته‌كه‌ى ئاماده‌يه‌ له‌ هه‌موو بواره‌كاندا، زياتر بره‌و به‌ په‌يوه‌ندييه‌كان و هاريكاريى هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستاندا بدات.

له‌ ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، دۆخى سياسى و ئه‌منيى عێراق و هه‌رێمى كوردستان، هێرشى سه‌ر هه‌ولێر، شه‌ڕ له‌ غه‌ززه‌ و دۆخى ئاڵۆزى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست، شه‌ڕ له‌ ئۆكراينا و لێكه‌وته‌كانى، تاوتوێ كران.

پاشان هه‌ردوو سه‌رۆك له‌ لێدوانێكى ڕۆژنامه‌وانيى هاوبه‌شدا، باسيان له‌ ناوه‌ڕۆكى كۆبوونه‌وه و گفتوگۆكانيان كرد.

سه‌ره‌تا سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى گوتى:

به‌خێر بێن..

زۆر خۆشحاڵم كه‌ ئه‌مڕۆ له‌ هه‌ولێر پێشوازى له‌ جه‌نابى سه‌رۆك (كاريس) ده‌كه‌م. به‌ گه‌رمى به‌خێرهاتنى جه‌نابیان ده‌كه‌م بۆ هه‌رێمى كوردستان و عێراق، جێى خۆشحاڵى و پێزانينه‌ كه‌ له‌ يه‌كه‌م سه‌ردانيدا بۆ عێراق، سه‌ردانى هه‌رێمى كوردستانيش ده‌كات، دواى ئه‌وه‌ى هاوينى ڕابردوو به‌ڕێز وه‌زيرى به‌رگرييان هاته‌ هه‌ولێر.

كۆبوونه‌وه‌يه‌كى باشمان له‌گه‌ڵ جه‌نابى سه‌رۆك هه‌بوو ئه‌مڕۆ. باسمان له‌ بره‌ودان به‌ په‌يوه‌نديی ئيستۆنيا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، ده‌رفه‌ته‌كانى هاريكاريى هاوبه‌ش و گرنگيى پاراستنى ئارامى و سه‌قامگيرى له‌ ناوچه‌كه‌ كرد. هه‌روه‌ها ده‌ر‌باره‌ى هێرشه‌كانى سه‌ر هه‌ولێر، پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه‌، دۆخى مرۆيى له‌ غه‌ززه‌ و شه‌ڕ له‌ ئۆكراينا، بيروڕامان ئاڵوگۆڕ كرد‌.

سوپاس و پێزانينمان بۆ گه‌ل و حكوومه‌تى ئيستۆنيا دووپات كرده‌وه‌ كه‌ له‌ چوارچێوه‌ى هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تيى دژى داعش، هاوكاريى عێراق و هه‌رێمى كوردستانيان كردووه‌. ئێستاش هێزێكى سه‌ربازييان له‌ هه‌رێمى كوردستان له‌ ئه‌ركدان و ڕاوێژ و يارمه‌تى پێشكه‌ش به‌ پێشمه‌رگه‌ ده‌كه‌ن، سوپاس و ده‌ستخۆشييان لێده‌كه‌ين.

جگه‌ له‌ هاوبه‌شيمان له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تيرۆر، ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ده‌مارگيرى وتوندڕه‌وى، ئێمه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان خوازيارين له‌ پسپۆڕى و ئه‌زموونى سه‌ركه‌وتووى ئيستۆنيا له‌ چه‌ند بوارێكدا سوود وه‌ربگرين. وه‌ك: بوارى ئاى تى و حكوومه‌تى ئه‌له‌كترۆنى كه‌ ئه‌وان له‌م بواره‌دا پێشه‌نگن.

بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ كاتى خۆى چه‌ند جارێك شاندى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان سه‌ردانی ئيستۆنيای كردووه‌، هه‌روه‌ها له‌ بوارى شه‌فافيه‌ت و بيناكردنى دامه‌زراوه‌كان و له‌ هه‌ر بوارێكى ديكه‌دا‌ كه‌ ئێمه‌ بتوانين سوود له‌ ئه‌زموونى ئه‌وان وه‌ربگرين.

لێره‌دا دووباره‌ زۆر سوپاسی جه‌نابى سه‌رۆك ده‌كه‌ین بۆ ئه‌م هاتنه‌ی. هاتنیان نيشانه‌ى بايه‌خدان و پشتگيريیه‌ له‌ عێراق و له‌ هه‌رێمى كوردستان و بۆ ئێمه‌ گرنگه‌. هيوادارم بتوانين له‌ هه‌موو ئاست و بواره‌كاندا، بره‌و به‌ په‌يوه‌ندييه‌كان و هاريكاريى هاوبه‌شى داهاتوومان بده‌ين.

دیسانه‌وه‌ جه‌نابی سه‌رۆك به ‌خێر بێی.

زۆر سوپاس..

پاشان له‌ لێدوانه‌كه‌يدا سه‌رۆك ئالار كاريس گوتى:

جه‌نابى سه‌رۆك، سوپاس بۆ پێشوازیى گەرم و میوانداریتان، سوپاس بۆ گفتوگۆى ورد و ڕاشکاوانه‌مان. شانازییەکی گەورەیە کە یەکەم سەرۆکی ئیستۆنیا بم سەردانێکی فەرمی بۆ هەرێمی کوردستانی عێراق بکات.

خۆشحاڵم کە شانسێكی كه‌سيم هه‌بوو ئەو گۆڕانکارییە ئەرێنییە مه‌زنانه‌ى گەلی کوردستان ببينم ئه‌وانه‌ى لە بواری سیاسی، ئابووری و ئەمنیدا کردوویەتی. هەندێ له‌ دینامیکييه‌كان زۆر ئەرێنین، وەک پەرەپێدانی فرەیی لە ژیانی سیاسیدا.

لە په‌يوه‌نديى دوولايه‌نه‌شدا، بە خۆشحاڵییەوە ئاماژە بەوە دەکەم کە ئێمە لە بواری دیجیتاڵکردندا هاوکارییەکی باشمان هەیە. هیوادارم لە داهاتوودا بتوانین ئەم هاوكارييه‌ بۆ بوارەکانی ديكه‌ش فراوان بکەین.

هەروەها لە پرسە ئەمنییەکاندا هاوکارین. ئیستۆنیا بە درێژایيی ساڵان چالاکانە بەشداری لە ڕێكارى نێودەوڵەتيی جۆراوجۆردا کردووە بۆ ئەوەی بەشداری لە ئاسایش و سەقامگیريی عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بکات.

سەربازەکانمان لێره لە هەولێرن، ستایشی میوانداری و میهرەبانيی خەڵکی ناوچەکە دەکەن. سوپاس جەنابی سەرۆک بۆ میوانداریکردنیان. ئێمە لێرەین بۆ پشتگیری و یارمەتیدانتان، بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان لەوەى هه‌يه‌ زیاتر ئاوەدان و ئارامتر بێت و گەشە بکات.

هۆکاری ديكه‌ى گرنگ بۆ هاتنمان‌ ئەوەیە کە ئێمە خوازیارين له‌ جیهاندا ئاشتى هه‌بێت، هه‌روه‌ها بۆ ئێمە دیموکراسی و ئازادی زۆر بايه‌خدارن، ئه‌وانه‌ ئه‌و به‌هايانه‌ن کە هەوڵ ده‌ده‌ين به‌ديبێن و بپارێزرێن.

ئیستۆنیا بە توندی هەموو جۆرە ئەگەرێكى تیرۆر سه‌ركۆنه‌ دەکات، چونکە مەترسییەکی گه‌وره‌يه‌ بۆ سەر ئاسایش و ئاشتيی نێودەوڵەتی. ئێمە لەگەڵ هەموو هاوپەیمانەکانمان لە شەڕی دژی تیرۆردا پێکەوە وەستاوین، هەروەها بە توندی سه‌ركۆنه‌ى هێرشە بەردەوامەکانی سەر هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق دەکەم و سەرەخۆشيی قووڵم بۆ خەڵکی ناوچەکە کە لە هێرشی دوێنێدا لێرە لە هەولێر خۆشه‌ويستانيان لەدەستداوە.

ئەمڕۆ ئاڵنگارييه‌كانى چۆنيه‌تيى مامەڵەکردنمان لەگەڵ بارودۆخى ئەمنیی ئاڵۆزدا تاوتوێ كرد كه‌ چ لە ئەوروپا و چ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، له‌ ئارادان‌. بارودۆخی غەززە بۆ ئێمە مايه‌ى نیگەرانییەکی گەورەیە، پشتیوانی له‌ هەموو هەوڵێك دەکەین بۆ چارەسەركردنی ئاشتیانەی ئەم ململانێیە.

هەروەها باسمان لە دەستدرێژيی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا کرد. ئیستۆنیا دڵنیایە ئەگەر ڕێگە بدەین دەستدرێژکار ئامانجه‌كانى بپێكێت، ئه‌وه‌ ده‌بێته‌ هانده‌ر بۆ هەموو دەوڵەتە شەڕانگێزەکانی دیکە بۆ ئه‌وه‌ى كار بۆ به‌ديهێنانى ئامانجە ئیمپریالیستەکانیان بكه‌ن.

ناتوانین ڕێگە بدەین ئەمە ڕووبدات، ناتوانین ڕێگە بە هیچ دەوڵەتێک بدەین بنەماکانی سستمى نێودەوڵەتی تێکبدات. بۆیە ده‌بێ هەموو وڵاتانی دیموکراسی و ئازادیخواز، پێکەوە کار بکەن بۆ پاراستنی جیهانێک كه‌ هەمووان تيايدا بتوانن سەرفراز بن و بە ئارامی بژین.

جەنابی سەرۆک، دووباره‌ زۆر سوپاس بۆ گفتوگۆى ڕاشکاوانە و بۆ ئەو میواندارییە گەرمەی له‌ خۆم و شاندەکەم کرا. هیوای ئارامی و سەرفرازیتان بۆ دەخوازم!

 

https://presidency.gov.krd/president-nechirvan-barzani-meets-with-president-of-estonia/

 

Read کد خبر: 3163

هەواڵی زیاتر لە تویتەر

راپۆرتە پڕ بینەرەکان

حالت های رنگی